ئابووریی ئیماڕات

له‌لایه‌ن: - ماریا عەبدولڕەحمان - به‌روار: 2022-02-10-09:12:00 - کۆدی بابەت: 7793
ئابووریی ئیماڕات

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیماڕات دەکەوێتە کیشوەری ئاسیا، هاوسنوورە لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیە و عومان، لە باکوور هاوسنوورە لەگەڵ گەرووی هورمز کە کەنداوی عەرەبی بە کەنداوی عومانەوە دەبەستێتەوە، لە ڕووی فراوانی ڕووبەرەوە لە جیهاندا بە پلەی 115ـەیەم هەژماردەکرێت.

مێژووی ئیماڕات گرێدراوە بە بازرگانی و ئیسلامەوە، لە ساڵی 630ـی زاینیدا بەهۆی شوێنە دیار و گرنگەکەیەوە کاری بازرگانی چووە ناو هەرێمەکەوە، لە سەدەی نۆزدەیەم هەرێمەکە کەوتە ژێر فەرمانی بەریتانیا، تاکوو ساڵی 1971 سەربەخۆیی بەدەستهێنا، لەگەڵ ڕاگەیاندنی کشانەوەی بەریتانیا لە کەنداوی عەرەبی، ڕێککەوتنێک لەنێوان فەرمانڕەواکانی ئەبوزەبی، دوبەی، شاریقە، ئومولقوین، فوجیرە و عەجمان کرا لە دووی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ یەکێتییەکیان دامەزراند کە ناسراوە بە میرنشینی عەرەبی یەکگرتوو و ساڵی دواتر میرنشینی حەوتەم بەناوی ڕەئسلخەیمە زیادبوو.

ئەبوزەبی پایتەختی نەتەوەیی، فیدراڵی، سیاسی، کارگێڕی میرنشینی عەرەبی یەکگرتووە، گەورەترینی حەوت میرنشینەکەیە و سەنتەری پیشەسازی نەوتی وڵاتە، ئەبوزەبی لە ٪60ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت، شارێکی گرنگی جیهانە و بە درێژایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە ناوەندێکی جیهانی لە بواری گەشتی ئاسمانی و بازرگانیکردن و گواستنەوە، ئیماڕات بەگشتی و ئەبوزەبی بەتایبەتی زۆرترین ڕێژەی سەرمایەداری جیهانیان تێدایە کە زیاتر لە 75000 ملیۆنێر کە دەکاتە 8.8٪، لە ساڵی 2003دا ئیماڕات ڕۆژانە 2.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، لە 85٪ی بەرهەمهێنان لە ئەبوزەبی بووە ئەوانی تریش بە شێوەیەکی سەرەکی لە دوبەی و شاریقە بوون، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە هەوڵدایە سیاسەتی پشت بەستن بە سامانی سروشتی کەم بکاتەوە بەڵام لە ساڵی 2021دا  هەناردەکردنی نەوت و گاز بەردەوام بووە بە تایبەتی لە ئەبوزەبی.
دوبەی پایتەختی ئابووری میرنشینی عەرەبی یەکگرتووە و پێشکەوتووترین شانشینە، بە گەوهەری جیهان ناودەبرێت، کەناراوەکانی دوبەی یەکێکن لە گرنگترین ناوەندە بازرگانی و داراییەکانی ناوچەکە، زۆرێک لە کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانی تێدایە، ناوەندی بازرگانی و کارە، لە ڕووی شارستانییەوە گەشەی بەردەوامی هەیە، ڕاپەڕینێکی بەرچاوی ئابووری بەخۆیەوە بینیوە، لەسەدەی 21دا دوبەی چەندین وەبەرهێنانی بیانی و پیشەسازی ڕاکێشاوەتە وڵاتەکەوە، وەک بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و چیمەنتۆ و ئەلەمنیۆم.

دراوی ئیماڕات

درهەمی ئیماڕات دراوی فەرمی دەوڵەتەکەیە و بە هێمای AED یان Dhs  هێمادەکرێت، لە ساڵی 1973ـەوە وەک دراوێک بۆ ئیماڕات بەکارهاتووە، یەکێکە لە سەقامگیرترین دراوەکانی جیهان، لە پارەی کاغەزیدا (1، 5، 10، 20، 50، 100، 500، 100، 1000) درهەمی هەیە، ئەم دراوە لەلایەن بانکی ناوەندی ئیماڕاتەوە دەردەچێت.

ئابووریی ئیماڕات

بەشێوەیەکی گشتی ئیماڕات و بە تایبەت ئابوورییەکەی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر گەشەکردنی ئابووری جیهان هەیە، لە گرنگترین جیاکەرەوەکانی ئابووری ئەم وڵاتە بریتین لە: 

- شوێنی ستراتیجی: ئیماڕات شوێنێکی گرنگ و سەرنجڕاکێشی هەیە، ئەمەش وایکردووە ببێتە ناوەندێکی بازرگانی، لەگەڵ تۆڕێکی تایبەت بە گواستنەوەی ئاسمانی و زەمینی لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان.
- یەدەگی دارایی: ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی ئیماڕات ژینگەیەکی سەرمایەداری بەهێزی هەبێت، وایکردووە وەبەرهێنانی پێشکەوتوو دروست بکات، بەردەوام بووە لە دابینکردنی سەرمایەی گونجاو بۆ پرۆژەکان و پێدانەوەی هەر قەرزێکی دارایی کە حکوومەت کردبێتی.
- پشت بەستن بە هەمەجۆرکردنی ئابووری: ئیماڕات گرنگی بە جێبەجێکردنی ستراتیجی هەمەجۆر کردنی ئابووری دەدات، هانی کەرتە نانەوتییەکان دەدات بۆ ئەوەی بەشداریکردنیان لە ئابووریدا بەرزبکەنەوە، وەک فڕۆکەوانی، پیشەسازی، بانک، گەشتیاری، خزمەتگوزاری.
- پشتگیریکردن لە بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی بیانی: ئیماڕات سوورە لەسەر ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ بەرەو پێشبردنی کەرتی ئابووری، لە ساڵی 2014دا ئیماڕات لە نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕیزبەندیی یەکەمدا بوو کە توانیویەتی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەبەرهێنانی بیانی بهێنێتە وڵاتەکەوە.

لایەنە گرنگەکانی پێشخستنی ئابووریی ئیماڕات

ئابووریی ئیماڕات بە شێوەیەکی بەرچاو لە گەشەکردندایە، ئیماڕات پشت بە بنەمای ئابووری بازاڕی ئازاد و لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سروشتی دەبەستێت، زیاتر لە چارەکێک لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (الناتج المحلي الإجمالي) ئەو وڵاتە لە 20 ساڵی ڕابردوودا دروست کراوە، هەروەها چەندین کەرتی نانەوتی بوونیان هەیە کە ئێستا ڕێژەیەکی زۆر لە  بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنن وەک دروستکردن، بازرگانی، هۆتێل، خانووبەرە، بیناسازی، گواستنەوە، دارایی و بیمە، دامەزراندنی ناوچە بازرگانییە ئازادەکان وەک جەبەل عەلی لە دوبەی یارمەتی ڕاکێشانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی داوە وەک مایکرۆسۆفت و کۆمپانیاکانی تر، ئەم وڵاتە لە ساڵی 1950 وە لە دوای دۆزینەوەی نەوتەوە بەرەو پێشچوونێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و حکوومەتیش بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ گەیشتن بە ئابوورییەکی پشت بەستن بە زانست و هاندانی داهێنانکاری.

کەرتی نەوت

لە ساڵانی 1950ـەکانەوە، دوای دۆزینەوەی نەوت لە ئیماڕات، پەرەسەندنێکی گرنگ لە ئابووریدا سەریهەڵدا و لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕەنگی دایەوە، زۆربەی لایەنەکانی وڵات گەشەیان کرد  وەک: پشت بەستن بە گازی سروشتی و دەرهێنانی نەوت، پەرەپێدانی کەرتی خانووبەرە و دروستکردنی کۆمپانیا و گەشەکردنی پیشەسازییە هەمەجۆرەکانی تر، لەو ماوەیەدا کۆمپانیا نەوتییەکان هەستان بە هەڵکەندنی بیری نەوت، لە ساڵی 1962دا یەکەم بارە نەوتی خاو لە ئەبوزەبیەوە هەناردە کرا، دوای سی ساڵ لە گەڕان و هەڵکەندن و کارکردن داهاتی نەوت بۆ چاککردنەوەی ژێرخانی ئابووری و دامەزراندنی قوتابخانە و خانووبەرە و نەخۆشخانەکان بەکارهات، لە ساڵی 1969 دوبەی دەستی کرد بە هەناردەکردنی نەوت،  ئەم پێشکەوتنەش لە بوارە جیاوازەکان دەبینرێت و بووەتە هۆی ئەوەی ئابووری وڵاتەکە لە پلەی یەکەمدا بێت، وەک داهاتی تاکەکەسی و ڕێژەی بەکارهێنانی وزە لەلایەن تاکەکانەوە، لە ساڵی 2018دا داهاتی ناوخۆیی گەیشتە 414 ملیار دۆلار، بەپێی خەمڵاندنی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2018 لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە دوای سعوودیە و تورکیا بە پلەی سێیەم دێت، لە جیهانیشدا بە پلەی 29ـەم هەژماردەکرێت.

کەرتی کشتوکاڵی

لە ڕابردوودا ئابووریی ئیماڕات پشتی بەستبوو بە ماسی گرتن، کشتوکاڵ، بازرگانی خورما و بازرگانی مرواری لە سەدەکانی 19 و سەرەتای سەدەی 20دا گەشەی کرد و لە هاویندا دەرفەتی داهات و دامەزراندن بۆ خەڵکی کەنداو دابین دەکرد، هاوکات چاندنی خورما لە زستاندا سەرچاوەی داهات بوو، ئەمە تاکوو سەرەتای 1930 بەردەوام بوو، دوای دامەزراندنی میرنشینی عەرەبی یەکگرتوو، لە ساڵی 1977 حکوومەتی ئەبوزەبی پلانی پەرەپێدانی سێلایەنەی خۆی لە ئەبوزەبی ڕاگەیاند، یەکێک لەو کەرتانەی کە حکوومەت تیشکی خستەسەر بریتی بوو لە گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و  پەرەپێدانی  بەردەوام لە ڕێگای ئاوەدانکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان، پێش ساڵی 1977 تەواوی خاکی ئیماڕات لە ٪1ی کشتوکاڵ بوو، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنەکانی کشتوکاڵدا، لە ساڵی 2011دا ئیماڕات توانی 50٪ پێداویستییەکانی خۆی لە ڕێگای بەرهەمی کشتوکاڵییەوە بەدەستبهێنێت و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئیماڕات چەندین بەرهەمی میوە و سەوزەی لەخۆگرتبوو.

کەرتی پیشەسازی

ئیماڕات بایەخێکی زۆر بە کەرتی پیشەسازی دەدات چونکە یەکێکە لە بنەماکانی سیستمی بەرهەمهێنان و بەشێکی گرنگی ئابوورییە، کەرتی پیشەسازی هەمەچەشنە و پرۆژی بچووک، مامناوەند، گەورەی تێدایە و بەشداری لە وەبەرهێنانی بیانی دەکات، لە نێوان ساڵانی 2001- 2015دا بەرهەمهێنان لە ئیماڕات بەڕێژەی 7.2٪ گەشەی کرد و چەندین پیشەسازی بە کوالیتی بەرز لە بازاڕی ناوخۆیی ئیماڕات دەرکەوتن، وەک: پیشەسازییەکانی ئەلەمنیۆم، کیمیایی، ئاسن، ئەم پیشەسازییانە بەشدارییان کردووە لە پێشخستنی وەبەرهێنانی گەورە و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و بەرزکردنەوەی پشت بەستن بە تەکنەلۆجیای مۆدێرن.

کەرتی گەشتیاری

ئیماڕات پێشکەوتنێکی بەرچاوی لەکەرتی گەشتیاریدا بەخۆوە بینیوە بووەتە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی، دوبەی پلەی چوارەمی لەبواری گەشتوگوزاری جیهانی بەدەستهێناوە، ئیماڕاتیش لەڕیزی وڵاتانی گەشتیاریدایە، وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاری وایکردووە چەندین هۆتێل، مۆڵ، بازاڕ، سەیرانگای گەشتیاری دروستبکرێت کە بەشداریان کردووە لە ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی و بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەکان: گوندی کەلەپووری بەناوبانگی ئیماڕات و بورجی ئەلعەرەب و بورجی خەلیفە و مۆزەخانەی عەجمان و چەندین شوێنی تر.

کەرتی دارایی

پەرەپێدانی کەرتی دارایی ئیماڕات پشتی بە بازاڕە داراییەکان و سیستمێکی بەهێزی بانکی بەستووە، دەوڵەت بەدوای بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ئابووری دیجیتاڵیدا دەگەڕێت، بە گەشەپێدانی بازرگانی ئەلیکترۆنی و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و زیادکردنی ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییەکانی تر،
ئەمە بەشداری کردووە لە پشتگیریکردنی زۆربەی کەرتەکان، وەک بەرهەمی هەمەجۆر، زێڕ، کاغەزە داراییەکان، و بوارەکانی تری دارایی،ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ ڕاکێشانی چەندین وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی و ڕێژەی گەشەسەندنی کەرتی دارایی لەنێوان ساڵانی 2001- 2015 دەگاتە نزیکەی 14.5٪ و چەند هۆکارێک بوونیان هەیە کە بەشدارییان لە گەشەکردنی کەرتی دارایی کردووە لەوانە:

- وەبەرهێنەران ئیماڕات بە یەکێک لەو ناوچانە هەژماردەکەن کە ئاسایش و سەلامەتی سەرمایەداری تێدایە، ئەمەش لە ئەنجامی سەقامگیری سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە، زیادبوونی پێداویستییە ئابوورییەکان لە کۆمەڵگای ئیماڕاتدا هانی بەرهەمی نوێیداوە، ئەمەش هۆکارێکی گرنگی ڕاکێشانی سەرمایە بووە.

- زیادبوونی پێداویستی و داواکارییە ئابوورییەکان لە کۆمەڵگای ئیماڕات پشتیوانی لە داخوازی ئابووری کردووە کە هۆکارێکی گرنگی ڕاکێشانی سەرمایە بووە.


سەرچاوەکان



770 بینین