لیثیۆم – Li

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-05-28-15:06:00 - کۆدی بابەت: 5441
لیثیۆم – Li

ناوه‌ڕۆك

لیثیۆم

لیثیۆم كانزایەكی نەرمی ڕەنگ زیوی سپی باوە، هێما كیمیاییەكەی بریتییە لە (Li)، سێهەم توخمی كیمیاییە لە خشتەی خولیدا، كە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە لە ناوكەكەیدا سێ پڕۆتۆنی تێدایە و سێ ئەلیكترۆن بە چواردەوریدان، گەردیلە ژمارەی لیثیۆم 3 و كێشی گەردیلەیی بریتییە لە 6.94، لیثیۆم دوو هاوتای هەیە كە بریتین لە (6Li  و 7Li)، 7Li باوترە و %92.5 لییثیۆم پێكدەهێنێت.
لیثیۆم كانزایەكی نەرمی زیوییە و زۆر چالاكە، زیاتر لە دروستكردنی باترییەكاندا بەكاردێت لەگەڵ هەندێك بەكارهێنانی تەندروستی.

تایبەتمەندییە گشتییەكان

شێوازی دەركەوتن زیوی سپی
گەردیلە بارستە 6.938
گەردیلە ژمارە 3
كۆمەڵە كۆمەڵەی 1 (كانزا ئەلكالییەكان)
خول خولی دووەم
خشتۆك   S
شێوگی ئەلیكترۆنی   2s1
ڕیزبوونی ئەلیكترۆنەكان بۆ هەر بەرگێك   1 ,2

سیفەتە فیزیاییەكان

دۆخ لە پلەی گەرمی و پەستانی پێوانەییدا (STP)  ڕەق
پلەی توانەوە   180.50 پلەی سیلیزی
پلەی كوڵان   1330 پلەی سیلیزی
چڕی لە پلەی گەرمی و پەستانی پێوانەییدا (STP)  0.534 گرام بۆ سانتیمەتر سێجا
پنتی شلۆق (مۆلەق)   3220 كێڵڤن، 67 مێگاپاسكاڵ
پلەی گەرمی توانەوە   3 كیلۆجوڵ/مۆڵ
پلەی گەرمی بەهەڵمبوون   136 كیلۆجوڵ/مۆڵ
دۆخی گەرمی مۆڵی   24.860 جوڵ/(مۆڵXكێڵڤن)

تایبەتمەندییە فیزیاییەكان

لیثیۆم یەكێكە لە كانزا ئەلكالییەكان و ڕەنگی زیوی هەیە، كانزایەكی زۆر نەرمە بۆیە بە ئاسانی دەتوانرێت بە چەقۆیەك لەت بكرێت، لە پلەی گەرمی نزمدا دەتوێتەوە، هەروەها كێشی وەك تەختە وایە كە زۆر كەمە. لیثیۆم لە هەموو توخمەكان چڕی كەمترە لە هەردوو دۆخی ڕقی و شلیدا، هەروەها لە هەموو توخمە ڕەقەكان زیاتر گەرمی هەڵدەگرێت و بەباشی گەرمی و كارەبا دەگەیەنێت.

تایبەتمەندییە كیمیاییەكان

لیثیۆم لەگەڵ ئاودا كارلێكدەكات و هایدرۆجین بەهەمدەهێنێت و تێكەڵەیەك پێكدەهێنێت كە پێیدەوترێت هایدركسیدی لیثیۆم، بەبۆنەی ئەمە لیثیۆم دەبێت لەناو جێڵی نەوتیدا (petroleum jelly) هەڵبگیرێت، سۆدیۆم و پۆتاسیۆم دەكرێت لەناو نەوتدا هەڵبگیرێت بەڵام ڵیثیۆم ناتوانرێت چونكە كێشی زۆر سووكە و سەر نەوتەكە دەكەوێت و پارێزراو نابێت.

ئاوێتە كیمیاییەكان

لیثیۆم ئاوێتەی كیمیایی پێكدەهێنێت لە یەك باری ئۆكساندا 1+، كە زۆربەی ئەم ئاوێتانە ڕەنگیان سپییە و جێگیرن و ڕەنگێكی سووری درەوشاوەیان هەیە كاتێك دەسوتێنرێن و كەمێك ژەهراوین، هەروەها زۆربەیان لە ئاودا دەتوێنەوە، كاربۆناتی لیثیۆم كەمتر لە ئاودا دەتوێتەوە لەچاو ئاوێتەكانی تری وەك كاربۆناتی سۆدیۆم.

  • كاربۆناتی لیثیۆم، لە بواری دەرمانسازیدا بەكاردێت.
  • كلۆریدی لیثیۆم، كریستاڵی ڕەقی بێڕەنگە، كاتێك گەرم دەكرێت ئاگرێكی سووری هەیە.
  • هایدرۆكسیدی لیثیۆم، تفتێكی بەهێزە، بەكاردێت بۆ لێكردنەوەی دوانە ئۆكسیدی كاربۆن لە ناو كەشتییە ئاسمانییەكان.
  • نیتراتی لیثیۆم، تفتێكی بەهێزە.
  • ئۆكسیدی لیثیۆم، لە ناو ئاودا دەتوێتەوە بۆ پێكهێنانی هایدرۆكسیدی لیثیۆم.
  • لیثیۆم پێرۆكساید، لەگەڵ ئاودا كارلێك دەكات و ئۆكسجین پێكدەهێنێت.

سەرچاوە

لیثیۆم وەك توخمێك لە سروشتدا دروست نابێت، بەڵكو لە شێوەی ئاوێتەدا بەردەستە، زەریاكان ڕێژەیەكی زۆری لیثیۆمیان تێدایە، هەروەها هەندێك لە گرانایتەكاندا هەیە (گرانایت: جۆرێكی بەردە كە لە شلە گڕكانییەكانەوە دروستدەبن)، زۆربەی زیندەوەرەكان لیثیۆمیان تێدایە، هەروەها هەندێك لە سیلیكاتەكان لیثیۆمیان تێدایە.
لیثیۆم ئامادە دەكرێت لەڕێگەی بەدەستهێنانی كلۆریدی لیثیۆم لە حەوز و كانییەكاندا، پاشان كلۆریدی لیثیۆمەكە دەتوێنرێتەوە و شیكردنەوە كارەبایی لەسەر ئەنجامدەدرێت بۆ بەدەستهێنانی لیثیۆمی شل و كلۆراین.

مێژوو

لیثیۆم لە زمانی یۆنانیدا (lithos) بە واتای بەرد دێت، لەلایەن یۆهان ئارڤێتسن (johann arfvedson) لە ساڵی 1817 دۆزرایەوە، لە ساڵی 1818 كریستیان گێمیڵن (Christian Gmelin) چاودێری كرد كە خوێیەكانی لیثیۆم لە ئاگردا ڕەنگێكی سووری دروشاوەیان هەیە، دواتر هەمفری دەیڤی (humphry davy) و ویلیام تۆماس براندی (William Thomas Brande) شیكردنەوەی كارەباییان لەسەر ئۆكسیدی لیثیۆم بەكارهێنا بۆ ئەوەی توخمەكە جیا بكەنەوە، هەروەها لیثیۆم بەكاردەهێنرا بۆ ئەوەی ئاسانتر شوشە بتوێننەوە و لەگەڵ ئاسانكردنی توانەوەی ئۆكسیدی ئەلەمنیۆم بۆ دروستكردنی ئەلەمنیۆم، ئێستا لیثیۆم بەكاردێت لە دروستكردنی باتریدا.

بەكارهێنانەكان

وەك توخمێك

بەكارهێنای سەرەكی لیثیۆم لە باترییەكاندایە كە وەك ئانۆد بەكاردەهێنرێت لە باتری لیثیۆمدا و وزەی زیاتری تێدایە لە زینك، هەروەها بەكاردەهێنرێت لەو داڕشتانەی كە بەكاردەهێنرێن بۆ گواستنەوەی گەرمی. وەك بەكاردەهێنرێت لە دروستكردنی ئاوێتەی ئۆرگانۆلیثیۆم (organolithium) كە تفتی زۆر بەهێزن.
لیثیۆم بەكاردەهێنرێت بۆ دروستكردنی شوشە و سیرامیكە تایبەتەكان، وەك هاوێنەی تەلیسكۆبی شاخی پۆلۆمار كە پێنج مەتر دەبێت.
لیثیۆم سووكترین كانزایە كە داڕشتەی پێ دروستدەكرێت لەگەڵ ئەلەمنیۆم، مس، مەگنیزیۆم و كادیمیۆم بۆ دروستردنی كانزای بەهێز و سووك كە لە دروستكردنی فڕۆكەدا بەكاردێت.

لە ئاوێتەی كیمیاییدا

ئاوێتەی لیثیۆم لە ئاوێتە كیمیاییەكاندا وەك ڕێكخەرەوەی دەروونی بەكاردێن، لیثیۆم نیۆبەیت بەكاردێت لة پەخشكەرە ڕادیۆییەكان و هەندێك لە مۆبایلەكاندا، كلۆریدی لیثیۆم بەكاردێت بۆ هەڵمژینی ئاو لە پێكهاتەكانی تردا، هەروەها هەندێك لە ئاوێتەكانی لیثیۆم بەگاردێت لە دروستكردنی سابوون و گریسدا.

لە كیمییای ئەندامیدا

ئاوێتەی ئۆرگانۆلیثیۆم (organolithium) بەكاردێت بۆ دروستكردی پۆلیمەرەكان، هەندێك لە ئاوێتەكانی لیثیۆم وەك (lithium aluminium hydride) و (lithium triethylborohydride) وەك تفتی بەهێز بەكاردێن و پێیاندەوترێت تقتە زۆر بەهێزەكان (superbases).

سەلامەتی

لیثیۆم لەگەڵ ئاودا كارلێك دەكات و دووكەڵێكی بێزاركەر و گەرمی دروستدەكات، بەڵام وەك كانزا ئەلكالییەكانی تر زیانبەخش نییە، هایدرۆكسیدی لیثیۆم داخوورێنەر (ڕزێنەر)ـێكی زۆر بەهێزە.

هاوتاكان

لیثیۆم پێنج هاوتای هەیە كە بریتین لە (لیثیۆم-6، لیثیۆم-7، لیثیۆم-8، لیثیۆم-9، لیثیۆم-11)، باوترین هاوتای لیثیۆم بریتییە لە لیثیۆم-7 كە %92.58 لیثیۆم پێكدەهێنێت، و لیثیۆم-6 %7.42 پێكدەهێنێت و هاوتاكانی تری بەڕێژەی كەم بوونیان هەیە.
هەروەها لیثیۆم-6 و لیثیۆم-7 جێگیرترین هاوتای لیثیۆمن.


سەرچاوەکان



1601 بینین