ناوهڕۆك
چالاککردنی مێشکی منداڵان
دروستکردنی دونیایەکی فیزیکی و کۆمەڵایەتی بۆ منداڵ پەیوەستە بە دایک و باوکەوە، جیهانێک کە پڕ بێت لەو کارانەی کە سودیان بۆ منداڵ و پەیوەندییەکانی هەیە، لێرەدا ئاماژە بە حەوت خاڵ دەدەین کە بە یارمەتی دایک و باوک مێشکی منداڵ چالاک دەکات:
- باخەوان بن نەک دارتاشێک: دارتاشەکان بە دڵی خۆیان شێوە دەدەن بە دارەکان بەڵام باخەوانەکان بە یارمەتیدانی زەویەکە و دروستکردنی بارودۆخی لەبار یارمەتی ڕووەکێک دەدەن تا خۆی گەشە بکات، هەر بەم شێوەیە، دایکان و باوکان دەتوانن منداڵەکەیان بکەن بە کەسێکی تایبەت، بۆ نموونە بۆ پیانۆژەنێک کە ژینگەیەکی بۆ دابین بکەن تا بە تەندروستی گەشەی تێدابکات، ناچارکردنی منداڵ لەسەر کردنی شتێک بە پێچەوانەی ویستی خۆی دەکرێت وابکات منداڵەکە ڕقی لەو شتە ببێتەوە و لێی بێزار بێت.
- قسە لەگەڵ منداڵەکەتان بکەن و کتێبی زۆری بۆ بخوێننەوە: لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن تەنانەت کاتێک منداڵان تەمەنیان چەند مانگێکە و لە وشەکان تێناگەن مێشکیان وشەکان بەکار دەهێنێت، ئەمەش یارمەتییان دەدات بۆ فێربوون لە داهاتوودا بۆیە هەتا وشەی زیاتر ببیستن کاریگەری زیاتری لەسەریان دەبێت، ئەمە یەکێکە لە سوودەکانی خوێندنەوەی کتێب بۆ منداڵان.
- ڕوونکردنەوە بدەنە منداڵەکانتان: لەوانەیە لاتان ناخۆش و بێزارکەر بێت کە بەردەوام منداڵەکانتان پرسیار بکەن، بەڵام کاتێک شتێکیان بۆ ڕووندەکەنەوە پارچەیەکی نوێی جیهان دەخەنە بەردەستیان و دەتوانن پێشبینی بکەن، کاتێک مێشک بتوانێت بە باشی پێشبینی بکات باشتر کار دەکات، بۆی ڕوون بکەوە کە نابێت هەموو شیرینییەکان بخوات، چونکە گەدەی تووشی ئازار دەبێت یان خوشک و براکەی بێتاقەت دەبن چونکە هیچ بۆ ئەوان نامێنێتەوە.
- وەسفی کارەکە بکەن نەک کەسەکە: کاتێک کوڕەکەتان دەکێشێ بەسەری کچەکەتاندا پێی مەڵێن کوڕێکی خراپیت، باسی کارەکەی بۆ بکەن بۆ نموونە بڵێن مەکێشە بەسەری خوشکەکەتدا ئازاری پێدەگات، کاتی وەسفکردنیش هەر ئەوە بکەن، کچەکەتان بە کچی باش بانگ مەکەن، باسی کارەکەی بکەن و بڵێن تۆ کارێکی باشتکرد لە براکەتت نەدایەوە، ئەم جۆرە قسەکردنە یارمەتی مێشک دەدات دەربارەی کارەکان و کەسەکان تێگەشتنی باشتری هەبێت.
- یارمەتی منداڵەکەتان بدەن لاسایی ئێوە بکاتەوە: سەرنجت داوە لەوەی هەندێ لە کارەکانی ماڵەوە و ڕۆژانەت وەکوو (پاککردنەوەی ماڵەوە یان بڕینەوەی چیمەنەکانی باخچە) دەکرێت یاری بێت بۆ منداڵ؟ منداڵەکان سروشتیان وایە، بە سەیرکردن یان یاریکردن، له هەمووی گرنگتر بە لاساییکردنەوەی گەورەکان فێردەبن، بەم شێوەیە گسکێکی بچووک بدەنە دەستیان و بهێڵن لاساییتان بکەنەوە. دەبێت دایکان و باوکان ئاگاداربن چونکە منداڵی بچووک ڕەنگە لاسایی ڕەفتارە خراپەکانیشان بکاتەوە.
- منداڵەکەتان ڕووبەڕووی کەسانی زۆر بکەنەوە (بە ڕەچاوکردنی تەندروستی): جگە لەو کەسانەی کە بە هەمیشەیی منداڵەکەتان دەیانبینن وەکوو بابەگەورە، دایەگەورە، مام و خاڵ و پورەکان و هاوڕێکان، هەوڵبدەن ڕووبەڕووی کەسانی زیاتری بکەنەوە بەتایبەت لە قۆناغی کۆرپەلەییدا، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک دەرکەوتووە ئەو کۆرپەلانەی کە بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ کەسانێک کە زمانیان جیاوازە، پەیوەندییەکی مێشکی بەدەستدەهێنن کە لە داهاتوودا بۆ فێربوونی زمانی دیکە یارمەتیان دەدات، هەروەها ئەو کۆرپەلانەی کە ڕووخساری جۆراوجۆر دەبینن، لە داهاتوودا باشتر دەتوانن شێوە و ڕوخسارەکان بناسنەوە.
- هانی کارەکانی بدەن: منداڵان زۆر حەزیان لە تاقیکردنەوەی شتی جیاوازە بە تەنها و بەبێ یارمەتی، وەکوو لەبەرکردنی جل یان دروستکردنی مەتەڵ، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە تەنانەت ئەو کارانەی کە بە خراپ ناودەبرێت ڕەنگە هەوڵی منداڵ بێت بۆ تێگەیشتن لە کاریگەری کارەکە لەسەر جیهان، کاتێک منداڵێکی دوو ساڵان نانی بەیانییەکەی دەڕژێت و چاوەڕێ دەکات تا کۆیبکەنەوە ئازاری تۆ نادات بەو کارە، بەڵکوو هەوڵدەدات شتێک بزانێت دەربارەی هێزی ڕاکێشان. هەروەها دەزانێت و تێدەگات کە کارەکانی کاریگەری لەسەر دونیای چواردەوری هەیە، هەندێک کات لەدوورەوە بوەستن و ڕێگا بدەن منداڵەکانتان خۆیان گەشە بکەن و فێرببن، ئەمەش وادەکات توانای خۆگونجاندنیان باشتر ببێت و له کارەکانیان تێبگەن.
سەرچاوەکان
937 بینین