شۆک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-10-21:06:00 - کۆدی بابەت: 5263
شۆک

ناوه‌ڕۆك

شۆک چییە؟

بوونی کێشە لە گەیاندنی خوێن بە ئەندامەکانی جەستە و وەڵامدانەوەیان پێی دەوترێت شۆک، لە ڕاستیدا ئەگەر لەماوەی چەند خولەکێکدا خوێن نەگات بە هەموو خانەکانی جەستە، ئەوا خۆراکی خانەکان کەم دەکات و ئەم حاڵەتە مەترسیدارە و ئەگەر ڕێکاری خێرا زوو نەگیرێتە بەر لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی کەسەکە.

نیشانەکانی دروستبوونی شۆک و جۆرەکانی

کەمی هاتوچۆی خوێن ئەندامە گرنکەکانی وەک دڵ و مێشک لەماوەی چەند خولەکێکدا دەکرێت زیانی زۆری پێ بگات، لەڕاستیدا شۆک کێشەیە لە کۆئەندامی سووڕاندا کە کۆئەندامێکی گرنگی جەستەیە و فەرمانی ئەوەیە کە ئۆکسجین و ماددەی خۆراکی جەستە بگەیەنێت بە ئەندام و خانەکانی تر.

کۆئەندامی سووڕان لە سێ بەش پێکهاتووە

١- دڵ

ئەندامێکی ماسولکەی شێوە قوچەکییە کە وەک پەمپێکە وادەکات خوێن بە ناو دەمارەکاندا بێت و بچێت و پەمپی دەدات.

٢- دەمار

دەمارەکانی جەستەی مرۆڤ پۆلێن دەبن بۆ سێ دەستە (خوێنهێنەر، خوێنبەر، ملوولەکان)، خوێنی ڕوون و ئۆکسجیندار کە لەناو خوێنهێنەرەکاندایە کە خێرایی خوێنەکەی زیاترە لە هی دەمارەکانی دیکە، کاتێک کە خوێنهێنەرەکان خەریکی خۆراک پێدانی خانەکانن، و خوێنی ڕوون دەگۆڕێت بۆ خوێنی تۆخ و دەنێردرێت بۆ دڵ تا پاکبکرێتەوە، ملوولەکانیش هەندێک دەماری بچووکن کە کاریان پێدانی خۆراکە بە خانەکانی خوارەوەی جەستەیە.

٣- خوێن

پێکهاتەیەکە کە پێکهاتووە لە دوو بەش

١- پلازما یان پێکهاتەی خوێن کە خڕۆکەی سوور و سپی و پەڕەکانی خوێن و ئاو و چەوری و پڕۆتین و شەکر و هتد...

٢- خانەکانی خوێن 

ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی ڕوودانی شۆک

کەمی بڕی خوێن لەناو دەمارەکاندا

نزیکەی ٪٦٠ـی جەستە پێکهاتووە لە شلەمەنی کە نزیکەی ٪٥ ـی ئەم شلەمەنیانە خوێنە، ئێستا ئەگەر ئەم بڕە خوێنە لە جەستەدا جوان هاتوچۆن نەکات یان بە هەر هۆیەک لەدەست بڕوات، جەستە دووچاری کەمی بڕی خوێن دەبێتەوە و تووشی شۆک دەبێت، کەمی خوێن دەکرێت بەهۆی (سکچوون، ڕشانەوە، ئارەقکردنەوەی زۆر، کەم ئاوی یاخود سووتان)ـەوە بێت.

کێشە لە کارکردنی دڵدا

بەهۆی هەندێک نەخۆشی، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان یاخود ژەهراویبوون، ئەگەر کارکردنی دڵ و پەمپی خوێن بۆ ناو دەمارەکان تووشی کێشە ببێتەوە، و دڵ نەتوانێت کە پەمپ بکات ئەوا شۆک ڕوودەدات.

گۆڕانکاری لە پانی دەمارەکاندا

شۆکی عەسەبی، شۆکێکە کە سەرچاوەکەی هەستیاری (Anaphylaxis) یاخود شۆکی وەک هەوکردن، هەندێک هۆکار هەیە کە دەزانرێت دەمارەکان لەخۆوە پان بوون، ڕێگرە کە خوێن لە دیوارەکانەوە بڕواتە دەرەوە و لەکۆتایدا فشاری خوێن دادەبەزێت و کە ئەمەش دەبێتە هۆی ڕوودانی شۆک.

لەبیرت بێت دەبێت بەجوانی جۆری شۆکەکە دیاری بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت بۆ چارەسەری بەرچاوو ڕوون بیت و هەنگاو بنێیت.

نیشانەکانی شۆک

١- یەکەمین نیشانە بریتیە لە بێهێزی و لاوازی لەگەڵ (بوورانەوە، دڵتێکچوون، ڕشانەوە، سەرگێژخواردن) بەهۆی ئەوەی خوێن کەم دەگات بە خانەکانی جەستە ڕوودەدات.

٢- گۆڕانی ڕەفتاری

هەندێک گۆڕانکاری لە ڕەفتاردا ڕووەدات وەک نائارامی، قەلەقی و ترس

٣- گۆڕانکاری لێدانی دڵ

لەڕاستیدا خودا وا جەستەی مرۆڤی دروست کردووە کە دڵ بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی خوێن گەیاندن خێرا لێدەدات و کار دەکات، کەواتە کەسێک کە تووشی شۆک بووەتەوە، لێدانی دڵی زۆرە، بەڵام کاتێک کە دەستی لێ دەدەیت لاوازە.

٤- گۆڕانکاری لە گەیاندنی خوێن بۆ پێست

نیشانەی تری شۆک لە پێستدا دەردەکەوێت، دەمارەکان خوێن کۆدەکەکەنەوە و دەیبەن بۆ سەرەکیترین و گرنگترین بەشەکانی جەستە لە ئەنجامدا ڕەنگی پێست سپی دەبێت و کاتێک کە دەستی لێ دەدەیت سارد و تەڕە.

٥- گۆڕانکاری لە هەناسەداندا

دوای ئەوەی کە دووچاری شۆک دەبیتەوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی بڕی ئۆکسجین چۆنیەتی هەناسەدان دەگۆڕدرێت، و لە حاڵەتێکی ئاساییەوە دەگۆڕێت بۆ حاڵەتێکی خێرا و پەلە.

٦- گۆڕانکاری لە فشاری خوێندا 

لەکاتی شۆکدا فشاری خوێن زۆر دادەبەزێت و بە ئاشکرا دەردەکەوێت

٧-  گۆڕانکاری لە هۆشیاری کەسەکەدا

بەهۆی کەمی خوێن گەیشتن بە مێشک کەسەکە تووشی گێژی و بێئاگایی و خەواڵووی دەبێت.

هەنگاوە سەرەکیەکان چییە بۆ کەسێک کاتێک تووشی شۆک دەبێت؟

١- ئارامی پێ ببەخشە و بە ئارامی کەسەکە بهێڵەوە

٢- لەسەر پشت بیخەوێنە و قاچەکانی بەرزکەرەوە نزیکەی ٢٠ تا ٣٠ سانتیمەتر لە زەوییەوە، بە جۆرێک کە قاچەکانی بەرزتربێت لەسەری، بەڵام ئەوە لەبیر مەکەن لەکاتێکدا کەسەکە شکانی مل و ستوونی فەقەراتی هەبێت، هەرگیز قاچەکانی بەرز مەکەرەوە، لەڕاستیدا واباشترە کە سەری کەسەکە بخەیت بەلایەکدا و لاری بکەیتەوە تاکوو بڕشێتەوە و تا نەبێتە هۆی خنکانی و نەخنکێت.

کاتێک کە کەسەکەت ڕاکێشاوە و قاچەکانیت بەرز کردووەتەوە، بە بەتانیەک دایپۆشە تاکوو پلەی گەرمی جەستەی دانەبەزێت و کاتێک کە بە هۆش هاتەوە شلەمەنی گەرمی پێ بدە و بۆ یارمەتی هەناسەدانی یەخەی کراسەکەی بکەرەوە و ئەگەر قایشی توندی پێوەیە ئەوەش بکەرەوە، هەر دە خولەک جارێکیش پشكنینی نیشانە سەرەتاییەکانی ژیانی بۆ بکە، و ئاگاداری کارکردنی دڵ و سییەکانی بە و لەبیری مەکە، ئەگەر بەم کارانە کەسەکە باش نەبوو بەدڵنییایەوە دەبێت بگەیەنرێتە نەخۆشخانە.

ئەمەشت لەبیر بێت کەسێک تووشی شۆکی دڵ بوو، فشاری خوێنی بۆ بگرە لەوکاتەدا فشاری خوێنی بەرزتربوو لە ڕێژەی ئاسایی خۆی ئەوا دەبێت هەندێک هەنگاوی تر بنێیت و بیگەیەنیتە نەخۆشخانە.


سەرچاوەکان



1151 بینین