مامەڵەکردن بە بەرتیل

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-09-00:05:00 - کۆدی بابەت: 5240
مامەڵەکردن بە بەرتیل

ناوه‌ڕۆك

مامەڵەکردن بە بەرتیل چییە؟

دەکرێت بەرتیل بەوە پێناسە بکرێت کە بڕێک پارەیە لەلایەن یەکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگەوە دەدرێت بە تاکێکی دیکە بە مەبەستی حەقپێدانی ناهەق، یاخود بە ناهەقکردنی حەق، یاخود پێدانی ئەو شتەی کە شیاو نییە لە بەرامبەر بڕێک کە هەردوولا لەسەری ڕێکدەکەون، بەرتیل یەکێکە لە گەورەترین دیاردەکان کە لە کۆمەڵگەکاندا دیارکەوتووە، بە تایبەت لەو مامەڵانەی کە لایەنێک تیایدا لە پۆستێکی دیاریکراودایە و دەسەڵاتێکی هەیە دەتوانێت لە ڕێگەیەوە بە قازانجی خەڵکی فەرمان بدات، ئیدی ئەم دەسەڵاتەی دەقۆزێتەوە بۆ سوودە تایبەتییەکانی خۆی لەسەر حسابی سوودی گشتی، چەندین هۆکاری بەرتیلدان هەیە کە بەرتیلدەر ناچار دەکات بۆ ئەم کارە پیسە یاخود وەرگر ناچار دەکات قبووڵی بکات.

هۆکارەکانی مامەڵەکردن بە بەرتیل

چەندین هۆکاری مامەڵەکردن بە بەرتیل هەیە کە لە نێو خەڵک و کۆمەڵگادا بڵاوە، بەهۆی ئەم هۆکارانەوە حاڵەتەکانی مامەڵەکردن بە بەرتیل بەرز بووەتەوە بۆ ئاستێک کە بووە بە شتێکی ئاسایی کە دەبێت لە هەندێک حاڵەتدا ئەنجام بدرێت.

دیارترین هۆکارەکانی مامەڵەکردن بە بەرتیل

لاوازیی باوەڕ

ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە لاوازیی لایەنی ئایینی کەسی بەرتیلدەر یان بەرتیلپێدراو، هەروەها نەشارەزایی هەردوولا بە مەترسیی پەیداکردن یان خەرجکردنی حەرام لە پێناو بەدەستهێنانی قازانجی دنیایی کاتیی و تەواوبوو.

حاڵەتە ئابوورییەکان

ئەو دۆخە ئابوورییە سەختانەی کە خەڵکی دەیگوزەرێنن کاریگەریی لەسەر شێوازی ژیان و مامەڵە ڕۆژانەکانی خەڵکی هەیە، بۆیە نزمبووونەوەی ئاستی ژیان دەبێتە هۆی هۆکارێک بۆ پەیداکردنی پارە لە لایەن تاکەکانەوە بە هەر شێوەیەک بێت، بۆیە بەرتلیدەر بڕێک پارە دەدات بە وەرگر تا قازانجێکی ماددی گەورە بکات، وەرگریش وەری دەگرێت تا ئەویش قازانجێک بکات.

چڵێسیی مرۆڤ

لەوانەیە تەماحی مرۆڤ یەکێک لە دیارترین هۆکارەکانی مامەڵەکردن بە بەرتیل بن، بەهۆی ئەوەی کە مرۆڤ بەخۆی دەگات تا قازانج و دەستکەوتی دارایی بەدەست بهێنێت لەسەر حسابی خەڵکی، لێرەدا بەرتیل ئاقارێکی دیکە وەردەگرێت کە بریتییە لە گرنگینەدان بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی، هەروەها لاوازیی کۆمەڵایەتی کە لەسەر ئەرزی واقیع خۆی دەبینێتەوە لە هەقدان بە ناهەق و بەفیڕۆدانی مافی خەڵکی.

کاریگەرییەکانی بەرتیل لەسەر کۆمەڵگە

  • بڵاوبوونەوەی فیتنە لە ناو خەڵکیدا، ڕوودانی ستەم، خواردنی خەڵکی بۆ ماڵی یەکدی بە ناهەق، بەفیڕۆدانی مافەکانی مرۆڤ، دەستدرێژی بۆ سەر ماڵی خەڵکی.
  • بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لەسەر هەموو ئاستەکان لە دەوڵەتدا لە ڕێگای ئەو ئاڕاستانەی کە ماف بە خاوەن پارە دەدات نەک خاوەن ماف.
  • کاریگەریی لەسەر سیستەمی ئەخلاقی دەکات، ئەخلاقیبوون لە کاردا نزم دەکاتەوە لە کۆمەلگادا و هەندێک چەمکی تایبەت بەم بابەتە دەگۆڕێت، لەبەر بڵاوبوونی ناهەقی و ڕەتکردنەوەی هەق و قەبووڵکردنی شتە پوچەکان.
  • دابەزینی ئاستی ئەو کۆمەڵگا مرۆڤایەتیانەی کە تیشک دەخەنە سەر وەرگرتنی بەرتیل و پێدانی بەرتیل، ئەمەش لە ڕێگای دڵسۆز نەبوون لە کاردا و پەکخستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی.
  • بڵاوبوونەوەی ڕق و کینە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا مرۆڤایەتییەکان بەهۆی ئەو ستەمەی لەسەر ئاستی کەرتەکان دروست بووە، ئیدی هاوڵاتی هەست بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی ناکات، بە جۆرێک هەموو مافەکانی لە دەستی خەڵکی دیکەیە، چونکە لەوانەیە خەڵکی بە پارە بتوانن مافەکان بکڕنەوە.


سەرچاوەکان



1951 بینین