محەمەد قوتب

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-08-15:09:00 - کۆدی بابەت: 7780
محەمەد قوتب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محەمەد قوتب (بە عەرەبی: محمد قطب) بیرمەند و نووسەری میسڕی و برای سەید قوتب، بە دەیان کتێبی کاریگەری لە بواری هزری ئیسلامیدا هەیە، لە ساڵی 1919 لە گوندێکی سەر بە پارێزگای ئەسیوتی میسڕ لەدایکبووە، لە خێزانێکی ئاست مامناوەند پەروەردە کراوە، لە پاش کۆچی دوایی باوکی لەگەڵ خێزانەکەی بۆ قاهیرە کۆچیان کردووە، لەوێ ژیانی خوێندنی دەستیپکردووە و خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی هەر لە قاهیرە خوێندووە، دواتر بۆ خوێندنی زانکۆ چووەتە زانکۆی قاهیرە، لە ساڵی 1940 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ئادابی ئینگلیزی بەدەستهێناوە، پاشان بەردەوامی بە خوێندنەکەی داوە و بڕوانامەی دیبلۆمی لە پەیمانگای مامۆستایان بەشی پەروەردە و زانستە دەروونییەکان وەرگرتووە.

پلە و پیشەکانی

ـ لە دوای دەرچوونی لە زانکۆ بۆ ماوەی شەش ساڵ لە بواری وانەوتنەوە و مامۆستایی کاری کردووە.
ـ پاشان بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە "وەزارەتی مەعاریف"ـی میسڕ وەکوو بەڕێوبەری وەرگێڕان کاری کردووە.
ـ پاشان بووەتە سەرپەرشتیاری نووسینگە و چاپەمەنی "دار الکتب المصرية"، چەندان پڕۆژەی گرنگی ڕاگەیاندووە نموونەی پڕۆژەی "هەزار کتێب" کە ئامانجیان بڵاوکردنەوەی کتێب بووە بە نرخی هەرزان.
ـ لە ساڵی 1972 لە پاش دەرچوونی لە زیندان، لە زانکۆی "مەلیک عەبدولعەزیز - ئوم لقوڕا" لە مەککە بووەتە مامۆستا، دواتر لە زانکۆی مەلیک فەیسەڵ وانەی وتووەتەوە.
ـ ڕۆڵی هەبووە لەپێگەیاندنی چەندان زانای ناوداری عەرەبی و ئیسلامی نموونەی "محەمەد حەربی"، "عەلی عەلیانی"، "سەعید قەحتانی" و چەندانی تر.
ـ لە ساڵی 1988 خەڵاتی مەلیک فەیسەڵی بۆ زانستە ئیسلامییەکان وەرگرتووە. 

ئەزموونی زیندان 

بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی سەید قوتبەوە، خێزانەکەی دووچاری زیندان و دەربەدەری بوونەتەوە، محەمەد قوتبیش بەدەر نەبووە لەو کێشانە، لە ساڵی 1954 لەلایەن دەسەڵاتدارانی جەمال عەبدولناسڕەوە زیندانی کراوە، پاش ماوەیەک ئازاد کراوە، هەروەها لە ساڵی 1965 دووبارە زیندانی کراوەتەوە و بۆ ماوەی شەش ساڵ زیندانی کراوە، لە ساڵی 1966 پاش لە سێدارەدانی سەید قوتب، خێزانەکەی دووچاری نەهامەتییەکی زۆر بوونەوە محەمەد قوتب و خوشکەکانی زیندانی کراون و خوشکەزایەکی لەژێر ئەشکەنجەدا کۆچی دوایی کردووە، لە دوای ئازادکردنی محەمەد قوتب کۆچی کردووە بۆ وڵاتی سعوودیە و بۆ ماوی پەنجا ساڵ لەوێ ژیاوە. 

ئەزموون و شێوازی نووسینی

شێوازی نووسینی کاریگەر بووە بەو ژینگەیەی لێی پەروەردە کراوە و تایبەتمەند بووە بە هزری ئیسلامی، هەروەها نووسینەکانی کاریگەر و پەیوەست بوونە بە قۆناغەکانی ژیانی، لە سەرەتای ژیانی سێ کەسایەتی گرنگ کاریگەرییان بەسەر ژیانییەوە هەبووە، سەید قوتبی برای کە ڕێنیشاندەری بووە و کاریگەری باڵای لەسەری هەبووە، پاشان خاڵی بە ناوی "ئەحمەد حسێن مووشی" کە نووسەر و ڕۆژنامەنووس بووە، لە ڕێی ئەوەوە بە بەرهەمەکانی "عەباس مەحموود عەقاد" ئاشنا بووە و کاریگەر بووە بە نووسینەکانی عەقاد کە گەورە نووسەری میسڕ بووە، پاشان قۆناغی زیندانی، دواتر کۆچکردنی بۆ سعوودیە، هەموو ئەمانە فاکتەری سەرەکی ژیانی بوونە و ڕۆڵیان هەبووە لە بەرەوپێشچوونی نووسین و بەرهەمەکانی.
بە گشتی ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی تایبەتمەند بووە بە ڕەخنەگری زانستی لە ڕۆژئاوا و خستنەڕووی چارەسەری کێشە باوەکانی کۆمەڵگا لە ڕێگەی ئیسلامەوە، لە چەندین بواردا نووسیویەتی، گرنگترین ئەو بوارانەی کە محەمەد قوتب بەرهەمی تێدا نوسیوە بریتیین لە:
ـ بواری شیعر و ئەدەب: سەرەتای ئەزموونی نووسینی و لە تەمەنی سی و چل ساڵیدا شیعر و بەرهەمی ئەدەبی نووسیوە، لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ناودارەکانی ئەوکاتەی میسڕ بابەت و شیعرەکانی بڵاوکردووەتەوە نموونەی گۆڤار و ڕۆژنامەی "الرسالة - پەیام"، "الثقافة - ڕۆشنبیری".
ـ لە بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان و بابەتە دەروونییەکان: محەمەد قوتب بواری دەروونی پەیوەست کردووە بە ئیسلامەوە و لەو بوارەدا چەندان بابەتی گرنگی نووسیوە.
ـ لە بواری پەروەردە و فێرکردن چەندان بەرهەمی هەیە.
ـ لە بواری هزر و بنەما ئیسلامییەکان بەرهەمی کاریگەر و بەپێزی هەیە. 

گرنگترین بەرهەمەکانی

خاوەن 37 کتێبە و بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی وەرگێڕانی زمانی فارسی و کوردی و ئینگلیزیان بۆ کراوە، و بەرهەمەکانی تا ئێستاش کاریگەرییان هەیە و ژمارەی لەبەرگیراوەکانیان لە هەموو جیهاندا هەیە، ناودارترین بەرهەمەکای:
ـ جاهلية القرن العشرين
ـ الإنسان بين المادية و الإسلام 
ـ دراسات قرآنية
ـ هل نحن مسلمون؟
ـ شبهات حول الإسلام
ـ في النفس والمجتمع
ـ حول التأصيل الإسلامي للعلوم الاجتماعية
ـ دراسات فی النفس الإنسانیّة
ـ مغالطات
ـ المستشرقون و الٳسلام 

کۆچی دوایی

لە بەیانی ڕۆژی هەینی 4/4/ 2014 لە نەخۆشخانەی "سەنتەری پزیشکی نێودەوڵەتی" پارێزگای جەددەی وڵاتی سعوودیە لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



342 بینین