خۆپیشاندانی مەیدانی تیانانمێن - 1989

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-21-06:50:00 - کۆدی بابەت: 4697
خۆپیشاندانی مەیدانی تیانانمێن - 1989

ناوه‌ڕۆك

خۆپیشاندانەكە بۆچی بوو؟

خۆپیشاندانی مەیدانی تیانانمێن، یاخود ڕووداوی چواری تەمموز بریتییە لە كۆمەڵێك خۆپیشاندانی گەل لە كۆماری چینی میلـلی، لە نێوان 15ـی نیسانی 1989 بۆ 4ـی حوزەیرانی ئەو ساڵە لە مەیدانی تیانانمێن بە تایبەت لە پەكینی پایتەخت كە لەلایەن قوتابیانی زانكۆوە گیرابوو و داوای دیموكراسی و چاكسازییان دەكرد.

لە ساڵی 1978، سەرۆك دینگ زیاوپینگ چەند چاكسازییەكی ئابووری و سیاسی ئەنجامدا كە بووە هۆی بوژانەوەی ئابووری و كەمبوونەوەی چڕی چاودێری سیاسی لەسەر گەل وەك ئەوەی لەسەردەمی ماو هەبوو، ئەم چاكسازییانە بووە هۆی دروستبوونی دوو جۆر خەڵكی ناڕازی لە سەرەتاكانی 1989.

بەشێكیان خوێندكاران و بیرمەندەكان بوون و پێیانوابوو ئەم چاكسازییانە بەس نین، و دژی داگیركاری میلـلی حیزبی دەسەڵاتداری شیوعی بوون لەسەر گەل لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە.

بەشی دووەمیش پێیانوابوو چاكسازییەكان لە سنوور دەرچووە و دەستپێكردنی ئابووری پیشەسازی و هەڵاوسانی ئابووری ژیانی تێكداون.

زۆرێك لە خوێندكارانی پەكین بەشداری خۆپیشاندانەكەیان كرد بە پێشڕەوی زۆرێك لە مامۆستایان و بیرمەندەكانیان، خوێندكاران پەیوەندییەكانی حیزبی شیوعییان ڕەتكردەوە و پەیوەندی نوێیان دروستكرد.

خوێندكاران خۆیان وەك هاوڵاتی چینی دەبینی و وەك جێنشینانی بزوتنەوەی (ڕۆژی چواری ئازار) بۆ "زانست و دیموكراسی" كە لە ساڵی 1919 بوو، هەروەها ئەو خۆپیشاندانانەی كە لە مەیدانی تیانانمێن ڕوویدا لە 1975 كە داوای دیموكراسی تێداكرا،

خۆپیشاندانەكان بە ڕێزلێگرتن لە (هۆ یاوبانگ) دەستی پێكرد كە قوتابیان وەك داواكارێكی دیموكراسی دایاندەنا لە خۆپیشاندانی دژی گەندەڵی و داوای ئازادی ڕۆژنامەنووسی و كۆتایی هێنان بە حیزبی شیوعی چینی و دینگ زیاوپینگ كە ئەندامێكی كۆنی حیزبە دەكرد، خۆپیشاندانەكەش بەشێوەیەكی باش بڵاوبوویەوە و تەشەنەی كرد.

هەرچەندە قوتابیان دەیانوت چاكسازییەكان بەپێی پێویست نەبوون، بەڵام خۆپیشاندانەكە بە زوویی چینی كرێكارانیشی هێنایە ناوەوە كە دەیانوت چاكسازییەكان زۆر لە سنوور دەرچوون، ئەمەش لەبەر ئەوەبوو هەردوولا دژی گەندەڵی بوون و ئەمەش وایكرد ببن بە یەك.

بە پێچەوانەی خۆپیشاندانەكانی 1987 كە لە قوتابی و بیرمەند پێكهاتبوو، خۆپیشاندانی ساڵی 1989 پێكهاتبوو لە ڕێژەیەكی زۆر كرێكاران كە بێزاربوون لە هەڵاوسانی ئابووری وڵات، لە پەكین خۆپیشاندانەكە خەڵكێكی زۆری هێنایە ناو بازنەكەوە و لە ئاستی زۆری گەیشتە ملیۆنێك كەس و لە شارەكانی دیكەش هەزارانی دیكە دەستیان پێكرد.

زۆرێك لە قوتابیان لە شارەكانی دیكەوە گەشتیان دەكرد بۆ پەكین بۆ بەشداری لە خۆپیشاندانەكە، قوتابیان لەگەڵ خۆپیشاندان گۆرانی یەكبوونی كرێكارانیان دەوتەوە، دواتریش دەستیان كرد بە مانگرتن لە خواردن، سەرەتا لە سەدانەوە دەستی پێكرد و دواتر بە هەزاران كەس گەیشت، ئەم هەڵسوكەوتەش بە زوویی لەناو خەڵكی بڵاوبوویەوە و دووپاتیان دەكردەوە، دەوترێ هەندێك لە خۆپیشاندەران لە برسان مردوون.

لەبەرئەوەی میخائیل گۆرباتشۆف لە مانگی ئازار گەشتی بۆ چین كردبوو، زۆرێك لە تۆڕە هەواڵیە جیهانییەكان لەوێ ئامادەبوون ئەمەش هەلێكی باشبوو بۆ ئەوەی جیهان خۆپیشاندانی ملیۆنی گەل ببینێت، تۆڕە هەواڵییەكانیش ئەوەیان دەگواستەوە كە قوتابیان دەیانویست، دواتریش لە 30ـی ئازار پەیكەری خوداوەندی دیموكراسی هێنرایە مەیدانەكە، بۆ ئەوەی ببێتە نیشانەیەك بۆ بینەرانی تەلەفزیۆن.

هەڵوێستی حكومەت

سەرەتا سەرانی حیزب وایاندانا خۆپیشاندانێكی كاتی بێت، و بەزۆری خۆیان لە توندوتیژی گرتەوە، سەرەتاش سوودیان لە تۆڕی هەواڵگری نهێنی خۆیان وەرگرت لە ناو خەڵكی بۆ ساردكردنەوەیان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوەندەكانی خوێندن، بەڵام زۆری داخوازییەكانی خۆپیشاندەران و چینەكانیان ڕێگری لەمە دەكرد بە ئاسانی ڕووبدات.

لەناو سەرانی سەرەكی حیزب، ڕێبەری گشتی زاو زیانگ داوایكرد بە ئاشتییانە لەگەڵ خۆپیشاندەران مامەڵە بكرێت، بەڵام لی بینگ داوای هێرش و بەگژداچوونەوەی كرد، و بە زۆرینەی دەنگ لەلایەن سەرانی دیكەوە پێشنیاری لی بینگ وەرگیرا، لەگەڵ ئەوەی پلەی فەرمییان نەبوو، بەڵام توانای دەستگرتن بەسەر سووپایان هەبوو، و ئەوكات دینگ زیاوپینگ بەرپرسی لیژنەی سەربازی مەركەزی بوو و باری حكومەتی سەربازی ڕاگەیاند، چونكە زۆرێك لە بەرپرسان خۆپیشاندانە ماوەدرێژە بەردەوامەكەیان بە مەترسی دادەنا بۆ ئاسایشی وڵات.

دەستپێكی خوێن ڕشتن

لە 20ـی ئازار، حكومەتی سەربازی دەست بەكاربوو، كە بارودۆخێكە تێیدا سووپا دەسەڵاتەكان دەگرێتە ئەستۆ چ بە فەرمانی دەوڵەت بێت یان نا بۆ ئاسایشی وڵات، هەرچەند ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی خۆپیشاندان بوەستێت، دوای چەند هەفتەیەك بڕیاردرا مەیدانەكە پاكبكرێتەوە لە خۆپیشاندەران بە زەبری هێز.

دانیشتوانی پەكین ڕێگرییان لە هاتنە ناوەوەی سووپا كرد و ئەوەش بووە هۆی گرژی زۆر و چەندین سەرباز بریندار بوون، لەگەڵ ئەوەی خەڵكەكە بەهۆی قەرەباڵغكردنی ڕێگاوبانەوە بوونە ڕێگر لەبەردەم سووپا، بەڵام شەوی 4ـی حوزەیران پاككردنەوەی مەیدانەكە ئەنجامدرا، لە ڕێگاوبانەكانی مەیدانەكە گرژی بەردەوام بوو، خەڵكیش بەرەو ڕووی سووپا دەهاتن لەگەڵ ئەوەی چەكیان پێنەبوو بەرامبەر بەو سووپای بە چەكی قورسەوە ئامادەبوو، وەڵامی سووپاش چەكی ئۆتۆماتیكی ئاگرین و هێرشی پێچەوانەبوو، لەم كاتەدا چەندین شۆفێری بارهەڵگر بە خۆبەخشی دەهاتن و خەڵكیان كۆدەكردەوە و دەیانبردنە نەخۆشخانە و ڕزگاریان دەكردن بەڵام زۆرێكی دیكە لەناوچوون، ئەم هەڵسوكەوتەی سووپا شتێكی ئاسان نەبوو، پێشتریش زۆرێك لە فەرماندە و سەربازانی ئاسایی سزادران بەهۆی ئەوەی ڕەتیان كردبوویەوە بەشداری ئەم هەڵمەتە بكەن.

بەپێی دۆكیۆمێنتارییەكانی بەریتانیا بێت، هاتنی سووپا و گرژی لەگەڵ خۆپیشاندەران بووەتە هۆی كوشتنی 10 هەزار كەس لە خەڵكی، ئەم ژمارەیەش پشتڕاستكراوەتەوە لەلایەن ئەندامێكی مەجلیسی دەوڵەت، ڕێكخراوی خاچی سووریش دەڵێت 26 هەزار كوژراو بوون، كە نزیكەی 500 كەسیان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە.

ئەنجامەكانی خۆپیشاندان

  • ڕاگەیاندنی حكومەتی سەربازی لە چەند بەشێك لە پەكین لە 3ـی حوزەیرانی 1989 بۆ تەمووزی 1990.
  • كوشتنی هەزاران قوتابی و كرێكاری خەڵكی مەدەنی خۆپیشاندەر و برینداركردنی هەزارانی دیكە.
  • مردنی لەناكاوی چەند ناڕازییەك لە 3ـی حوزەیران لە مەیدانی تیانانمێن.
  • چەند سەربازێك لە ڕۆژی چواری مانگ بەدەستی شۆڕشگێران كوژران.
  • ڕێبەرانی خۆپیشاندانەكە دەستگیركران و دوورخرانەوە.
  • هەندێك لە خۆپیشاندەران لە مانگەكانی دوایی لەسێدارەدران.
  • بەرزكردنەوەی پلەی جیانگ زمین.
  • گەمارۆی سەربازی و ئابووری لە بەشی ڕۆژئاوا.
  • دواخستنی چاكسازی ئابووری.
  • زیادكردنی سانسۆر بۆ بڵاوكردنەوەكان.
  • وەستاندنی چاكسازی سیاسی.

ڕووداوی گرنگ

پیاوی تانكەكە


سەرچاوەکان



838 بینین