فاشیزم چییە؟

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-04-16-02:41:00 - کۆدی بابەت: 4544
فاشیزم چییە؟

ناوه‌ڕۆك

جیهان لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم

ئەوە شتێکی سروشتییە کە قەیرانی ئابووری و دەروونی و کۆمەڵایەتی تەنگ بە جیهان هەڵبچنێت لە دوای جەنگێکی گەورە وەک جەنگی جیهانی، یاسای مرۆڤایەتی کە لە ئەزەلەوە دانراوە وای داناوە کە قەیرانەکان و زیادبوونی کارەساتەکان بەردەوام دەبێت تەنانەت لە دوای تەواوبوونی جەنگ و ململانێکان، ئەمەش بە تەواوەتی هەمان شت بوو کە ڕوویدا لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، ئیتاڵیا لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم چووە نێو چەند قەیرانێکەوە، حکومەتی ئیتاڵیا دەستەوەسان وەستابوو لە بەردەمیاندا، مۆسۆلینی ئەم هەلەی قۆستەوە و هەستا بە دامەزراندنی حیزبی فاشی کە حوکمی ئیتاڵیای کرد لە ساڵی 1922ز ـەوە، دەربارەی ئەوەی فاشیزم چییە و مێژووی فاشیزم چۆنە، لەم بڵاوکراوەیەدا بە وردی باسی لێوە دەکەین:

فاشیزم چییە؟

لە وەڵامدانەوەی پرسیاری: ''فاشیزم چییە؟''، ئەوا وشەی فاشیزم وشەیەکی ئیتاڵییە کە گواسترایەوە بۆ زمانی ئینگلیزی، ماناکەشی بریتییە لە کۆمەڵێک داردەست کە لە بەردەم پادشاکاندا هەلدەگیران لە شآرستانییەتی ڕۆمای کۆندا، بۆ ئەوەی ئاماژە بۆ دەسەڵات و هێز و حوکم بکات، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا ئەم وشەیە دووبارە سەری هەڵدایەوە لە ئیتاڵیادا بۆ ئەوەی ئاماژە بکات بە کۆمەڵەیەکی سیاسی کە هاوبەشن لە کۆمەڵە بنەما و بیر و باوەڕێکی دیاری کراو، لە دواییدا وشەی فاشیزم بەکار هێنرا بۆ کۆمەڵە مانایەکی دوور لە وردییەوە، وەک بەکارهێنانی بۆ ناشرین کردنی بەرامبەر لە سیاسەتدا، کە بە مانای دیکتاتۆریە بەکار دەهێنرا و پێچەوانە بوو لەگەڵ دیموکراتیدا، ئیتر وشەی فاشی و دیکتاتۆر لە مانادا هاوبەش بوون، لە کاتێکدا ئەم دوو وشەیە لە ڕاستیدا لە یەکەوە دوورن لە ڕووی مانا و مەبەستەوە، ئەم یەکگرتنەوەیە لە تێگەیشتنی زۆر خەڵکدا لەوەوە هاتووە کە ئەو حکومەتانەی کە فاشیزمیان لەخۆ گرتووە هاوشێوەن و هاوکارن لەگەڵ حکومەتە دیکتاتۆرییەکاندا، باشترین نموونەش لەسەر ئەمە حکومەتی مۆسۆلینی بوو کە فەرمانڕەوایی ئیتاڵیای کرد لە نێوان ساڵەکانی 1922 و 1945 ـی زاینیدا.

لە وەڵامی پرسیاری: فاشیزم چییە، فاشیزم بەوە دەناسرێت کە سیستەمێکی سەرکوتکارییە کە پێچەوانەی بیر و ڕاکانی شیوعیەت و لیبڕاڵیزمە، فاشیزم ئامانجی ئەوەیە کە کۆمەڵگە پاک بکاتەوە لەو نزمییە ئەخلاقییەی کە تیایدایە، فاشیزم فەرمانڕەوایی گەل لە ڕێگەی سەربازەوە دەکات و پاڵی پێوە دەنێت بۆ هاوڕابوون لە بیرۆکەی تاکە حیزب و پاڵپشتی کردنی سەرکردەی حکومەت و پاشآن سەربازەکان، ئیدی بەم شێوەیە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ حوکمی دیکتاتۆری نییە، چەپەکان وای دەبینن کە فاشیزم جووڵەیەکی ڕاستڕەوە بەهۆی گرنگیدانی بە ڕەگەز و ناسنامە، لە کاتێکدا هەندێک ڕآستڕەو وای دەبینن کە فاشیزم جووڵەیەکی چەپڕەوە لەبەر ئەوەی کۆمۆنیزم (الأشتراکیة) ڕەت دەکاتەوە و ئابووری کۆنترۆڵ کردووە، لە کاتێکدا خودی فاشییەکان وای دەبینن کە تێکەڵەیەکە لە کۆمەڵە سیاسەتێک کە گەیشتوون بە دەسەڵات بۆ نوێکردنەوەی لاوێتی گەل و پەروەردەکردنی لەسەر بیری فاشی.

مێژووی فاشیزم

فیکری فاشییەکان دەستی بە دەرکەوتن کرد لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، کاتێک بیرۆکەی گۆڕینی کۆمەڵگا و پاککردنەوەی لە قەیرانەکانی دەستی بە بڵاوبوونەوە کرد لە ناو خەڵکدا، بۆیە فاشیزم دەرکەوت کە پێچەوانەی دیموکراسی بوو، پاشآن بیرۆکەی فاشی بەردەوام بوو لە پەرەسەندن و هەستانەوە هەتا سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەم کە هۆکاری ڕاستەوخۆ بوو بۆ دامەزراندنی حیزبی فاشی لە ئەوروپا و بە دیاریکراوی لە ئیتاڵیا، لە دوای دامەزراندنی حیزبی فاشی سەرکردەی فاشییەکان (بینیتۆ مۆسۆلینی)ـی بە ڕەگەز ئیتاڵی هاتە ڕیزەکانی جووڵانەوەیەک کە لە دژی ئەڵمانەکان دەوەستایەوە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، وە لە ساڵی 1915ز ئەم جووڵانەوەیە بە ناوی فاشیزم دەناسرا و دەستی هاوکاری و ناوبانگی خەڵکی بەدەستهێنابوو لە چواردەوری جیهاندا، لە ساڵی 1922ز دا پادشای ئیتاڵیا داوای لە مۆسۆلینی کرد حکومەتێکی نوێ دابمەزرێنێت کە مۆسۆلینی سەرکردایەتی بکات کە لە ساڵی 1925ز ڕاگەیەندرا بە ناوی دەوڵەتی فاشی.
لە دوای دامەزراندنی فاشیزم لە ئیتاڵیا دەسەڵاتدارانی فاشیزم دەستیان کرد بە کۆمەڵە کارێکی پاکتاوکردنی ڕەگەزی لە ئیتاڵیادا، ئەو شتەی کە سەرنجی سەرکردەی نازی ئەدۆڵف هیتلەر ـی ڕاکێشا و پەیماننامەیەکی لەگەڵ فاشییەکاندا بەست کە ناوبانگیان لە ئەوروپادا بڵاو بوبووەوە، بۆ ئەوەی یەکگرتنی فاشی و نازییەکان سەرەتای ئاگری جەنگی جیهانی دووەم پیشان بدات کە لە ساڵی 1939 هەڵگیرسا.


سەرچاوەکان



1446 بینین