مافی ئەو ئافرەتەی لە عدة دایە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-13-17:54:00 - کۆدی بابەت: 4470
مافی ئەو ئافرەتەی لە عدة دایە
حوکمە شەرعییەکان

مافی ئافرەتی (عدة)

واجبە بۆ ئەو ئافرەتەی لە (عدة)ـی ڕیجعیدایە، واتە: بەبێ پارە تەڵاق درابێ، بە یەک تەڵاق، یان بە دوو تەڵاق، جا دووگیان بێ، یان نا، ئەبێ مێردەکەی مافی نیشتەجێکردنی بداتێ، واتە: یان خانووی بداتێ، یان کرێی بداتێ تا (عدة)ـی تەواو ئەبێ، وە ئەبێ مافی بەخێوکردنیشی بداتێ تا (عدة)ـی تەواو ئەبێ.

هەروەها واجبە بۆ ئەو ئافرەتەی لە (عدة)ـی (بائن)ـدایە، واتە: جیابوونەوە، لەبەرئەوەی سێ بە سێ تەڵاقی داوە، یان بە پارە تەڵاقی داوە، ئەبێ مێردەکەی مافی نیشتەجێکردنی بداتێ تا (عدة)ـی تەواو ئەبێ، وە دروستیش نییە بە یەکەوە لە یەک خانوودا بن، خوای گەورە فەرموویەتی: (أَسْكِنُوهُنَّ مِنْ حَيْثُ سَكَنتُم مِّن وُجْدِكُمْ) ئافرەتانی تەڵاقدراو نیشتەجێ بکەن لەو شوێنەی پێش تەڵاقدان تێیدا دانیشتبوون بە گوێرەی توانای خۆتان.
بەڵام ئەرکی بەخێوکردنی لەسەر مێردی تەڵآقدەر نییە مەگەر ژنەکە لە مێردە تەڵاقدەرەکە دووگیان بێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَإِنْ كُنَّ أُولاتِ حَمْلٍ فَأَنْفِقُوا عَلَيْهِنَّ حَتَّى يَضَعْنَ حَمْلَهُنَّ) ئەگەر ئافرەتانی تەڵاقدراو منداڵیان لە زگدا بوو، بەخێویان بکەن تا منداڵەکانیان دائەنێن.

ئافرەتی مێرد مردوو تا (عدة)ـی تەواو ئەبێ تەنها مافی نیشتەجێکردنی هەیە و ئەرکی بەخێوکردنی نادرێتێ، هەرچەند دووگیانیش بێ (عن جابر -رضي الله عنه- مرفوعا: لانفقه للحامل المتوفی عنها زوجها) أخرجه البیهقي والدارقطني، ئافرەتی دووگیانی مێرد مردوو ئەرکی بەخێوکردنی نادرێتێ.

واجبە لەسەر ئافرەتی مێرد مردوو تازیەداری بکا تا (عدة)ـی تەواو ئەبێ، هەروەها سوننەتیشە خۆی نەڕازێنێتەوە و جلی جوان و خشڵی زێڕ و زیو نەکاتە بەر، وە خۆی بۆنخۆش نەکا (عن أم عطیة -رضي الله عنها-: عن النبی ﷺ: لا تحد إمرأة علی میت فوق ثلاث علی زوج أربعة أشهر وعشرا ولا تلبس ثوبا مصبوغا ولا تکتحل ولا تلمس طیبا) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: نابێ ئافرەت بۆ هیچ مردووێک لە سێ ڕۆژان زیاتر تازیەداری بکا، تەنها بۆ مێردەکەی خۆی چوار مانگ و دە ڕۆژ تازیەداری ئەکا، جلی ڕەنگا و ڕەنگ ناکاتە بەر و کل ناکاتە چاوی و خۆی بۆنخۆش ناکا.

لە مەزهەبی شافیعیدا واجبە لەسەر ئەو ئافرەتەی بە یەکجاری تەڵاقدراوە بەردەوام هەر لەماڵەوە بن، واتە: دروست نییە -تا (عدة)ـیان تەواو ئەبێ- لە ماڵ بچنە دەرەوە، نە بۆ ماڵی باوک و خزم، نە بۆ حەجکردن، نە بۆ بازاڕ و شوێنەکانی تر، بەڵام لە مەزهەبەكانی دیكەدا كێشە نییە و ئاساییە.

مەگەر چوونە دەرەوەیان پێویست بێ بۆ کڕینی خواردەمەنی، یان مەترسی دز و بێ نامووس هەبێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (لا تُخْرِجُوهُنَّ مِن بُيُوتِهِنَّ وَلا يَخْرُجْنَ إِلا أَن يَأْتِينَ بِفَاحِشَةٍ مُّبَيِّنَةٍ) ئافرەتانی تەڵاقدراو لە ماڵەوە دەرمەکەن تا (عدة)ـیان تەواو ئەبێ، نابێ بە خۆیشیان لەماڵەوە دەربچن مەگەر ئیشێکی بێ نامووسانە بکەن.
(وعن فریعة -رضي الله عنها-: أن زوجها قتل، فأمرها النبی ﷺ: أن تمکث فی بیتها حتی یبلغ الکتاب أجله) رواه أصحاب السنن، (فریعة) فەرموویەتی: مێردم کوژرا و، پێغەمبەر ﷺ فەرمانی پێ کردم: هەر لە ماڵی خۆم بمێنمەوە تا (عدة)ـم تەواو ئەبێ.

هەر ئافرەتێک (ناشزة)، واتە: لامل بێ، ئینجا مێردی بمرێ، یان تەڵاقی بدا، ئەو مافانەی باسمان کردن هیچی نادرێتێ.


سەرچاوەکان



180 بینین