هۆڵۆکۆست

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-09-16:00:00 - کۆدی بابەت: 4320
هۆڵۆکۆست

ناوه‌ڕۆك

هۆڵۆكۆست چییە؟

وشەیەكی یۆنانییە و بە واتای "سوتاو" دێت، یەكێكە لە كارەساتەكانی مێژوو لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا كە تێیدا زیاتر لە شەش ملیۆن جولەكە كوژران لەسەر دەستی ڕژێمی نازی ئەڵمانی و هاوپەیمانەكانیان، هەندێك لە مێژوونووسان پێنج ملیۆن مرۆڤی دیكە دەخەنە پاڵ ئەم جینۆسایدە كە كوژراون بەبێ تاوانی بەڵام جولەكە نەبوون بەمەش ڕێژەكە دەگاتە 11 ملیۆن مرۆڤ.

كوشتنی ئەم مرۆڤانە لە خاكی ئەڵمانیا و ئەو وڵاتانە بوون كە داگیری كردبوون، ئەڵمانیا بۆ كوشتنی جولەكەكان سیستمێكی ڕێكوپێكی دڕندانەی دانابوو لە ماوەی ساڵانی 1941 بۆ 1945، لە كۆتایی جەنگدا بەپێی ئامارەكان ئەڵمانیا لە هەر سێ جولەكەیەك دوو دانەی لێ كوشتبوون.

ئەوەی ئەڵمانیا دەستی پێكردبوو تەنیا جولەكەكان نەبوون، بەڵكو هەڵمەتی دروستكردنی "مرۆڤی ڕەسەن" بوو وەك خۆیان ناویان لێنابوو كە دەیانویست ئەو مرۆڤانەی بێسوودن بسڕێنەوە لەسەر زەوی، لەبەر ئەمەش 200 هەزار قەرەج و 200 هەزار مرۆڤی نەخۆشی دەروونی و شێتیان لەژێر ناوی هەڵمەتی "كوشتنی بەسۆز" لەناوبرد.

هەروەها كوشتنی 100 هەزار شیوعی و 20 هەزار هاوڕەگەزخواز و خەساندنی 400 هەزار كەس بۆ ئەوەی منداڵیان نەبێت كە بەڕای ئەڵمانیای نازی منداڵانێك لەدایك دەبوون كە "لەژێر مرۆڤ"ـەوەن و پلەیان نزمە.

ئەوەی لە هۆڵۆكۆست كرا چیبوو؟

ئەڵمانیا زۆرترین زانیاری دەربارەی جولەكەكان هەبوو لەو وڵاتانەی هێرشی دەكردنە سەر و ئەمەش هەمووانی تووشی سەرسوڕمان كردبوو.

ئەڵمانییەكان بۆ كوشتنی زۆرترین جولەكە بە كەمترین تێچوو تاقیكردنەوەیان لەسەر جولەكەكان دەكرد وەك:

  • ڕیزكردنی جولەكەكان و كوشتنیان بە یەك فیشەكی گەورە، كە ئەمە سەری نەگرت و زۆرێكیان بەریان نەدەكەوت.
  • نارنجۆكیان بۆ كۆمەڵێك هەڵدەدا كە پێكەوە بەسترابوونەوە، بەڵام سوودی نەبوو چونكە ژمارەی بریندار و پەلپەڕیوەكان لە كوژراوان زیاتربوون.
  • تاقیكردنەوەی گازی ئەكسۆزی ئۆتۆمبێل لە ژوورێكی داخراو.

یەكێك لەو ئۆردوگایانەی كە زۆرترین كارەسات تێیدا ڕوویدا و هیچ كەسێك لەوێ نەگەڕایەوە (ئۆردوگای زۆرەملێی ئۆشفیتز) بوو كە دكتۆر جۆزێف مێنجیل لەوێ تاقیكردنەوەی لەسەر جولەكەكان دەكرد.

تاقیكردنەوەكانی جۆزێف مێنجل

  • دانانی مرۆڤ لە ژێر ئامێری پرێسدا
  • ساردكردنەوەی مرۆڤ بۆ پلەی بەستن
  • گۆڕینی ڕەنگی چاو لە منداڵان بە دەرزی لێدان كە بووە هۆی كوێركردنی زۆربەیان
  • هەوڵدانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری مەلاریا بەهۆی كوتانی مرۆڤی ساغ بە مەلاریا و تاقیكردنەوە لەسەری.
  • نەشتەرگەری لكاندنی ئەندامەكانی جەستە یان لێكردنەوەیان
  • تاقیكردنەوە بۆ ڕێگری لە سكپڕی و خەساندنی پیاوەكان

ئۆردوگاكان

ئەڵمانیا لە ساڵانی 1933ـەوە چەندین ئۆردوگای زۆرەملێی هەبوون كە بۆ شیوعی و بەرهەڵستكارانی حكومەت بەكاردەهاتن و دوای جەنگیش ژمارەیان زیاتر بوو و جووەكانیش هاتنە پاڵیان، ئۆردوگاكان شوێنی تاقیكردنەوە و كوشتن و لەناوبردن بوون.

جیا لە ئۆردوگاكان شوێنی تایبەت هەبوو بەناوی "گێتۆ" كە بۆ جووەكان دروستكرابوو، بەناوبانگترینیان گێتۆی وارسۆ بوو كە 380 هەزار جوولەكەی لە خۆدەگرت، گێتۆكان شوێنی زۆر بچووك بوون وەك شوقە و بۆ هەر ژوورێك 9 كەسی تێدابوو كە هەموویان لەژێر چاودێری نازییەكان بوون، بەهۆی ئەم جەنجاڵی و قەرەباڵغییەوە زۆرێك لە دانیشتوانەكەی تووشی نەخۆشی گرانەتا و مردن بوونەوە.

لە 19/7/1942 هێنریك هیملەر فرمانی دەركرد بۆ ناردنی جووەكان بۆ ئۆردوگاكانی كوشتن و دوورخستنەوەیان لە گێتۆكان.

لە ئۆردوگاكاندا هەركەسێك نیشانەیەكی لە قۆڵ بوو كە بەپێی ڕەنگەكەی ڕوونی دەكردەوە بۆچی گیراوە و كێیە، نیشانەكەش ئەستێرەی داودی جوولەكە بوو.

نیشانەكان

  • نیشانەی ڕەش : ئەوانەی بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ پاكستانی و هیندیەكان، و شێتەكان و ژنە داوێنپیسەكان و هاوڕەگەزخوازەكان.
  • نیشانەی سەوز : تاوانباران
  • نیشانەی پەمەیی : هاوڕەگەزخوازە كوڕەكان
  • نیشانەی مۆر : مەسیحییەكان
  • نیشانەی سوور : شیوعی و زیندانی سیاسی
  • دوو نیشانەی زەرد : جولەكە
  • نیشانەی زەرد و ڕەش : ئەوانەی نەتەوەی ئاریایین بەڵام نزیكن لە تاوانباران

ژمارەی سەربازەكان گەیشتنە 47 سەربازگە و ئۆشفیتز خراپترین بوو كە 400 هەزار كەسی تێدا كوژرا بەهۆی گاز و كوشتنی دەستییەوە.


سەرچاوەکان



1550 بینین