چاکسازیی ڕەچەڵەک

له‌لایه‌ن: - نەهرۆ ستار - به‌روار: 2022-02-09-19:32:00 - کۆدی بابەت: 7785
چاکسازیی ڕەچەڵەک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاکسازیی ڕەچەڵەک (بە عەرەبى: تحسين النسل، بە ئینگلیزی: Eugenicsبریتییە لە دیاریکردنی تایبەتمەندیی ویستراو بە مەبەستى باشترکردنى نەوەکانى داهاتوو، بە تایبەتی لە مرۆڤدا، دەستەواژەى "چاکسازیی ڕەچەڵەک" سەرەتا لەلایەن فڕانسیس گاڵتۆنى زاناى سروشت لەساڵى ١٨٨٣ بەکارهێنرا، کە لە ژێر کاریگەریی سروشتە هەڵبژاردنى چارلس داروینى ئامۆزایدا، پێشنیارى سیستەمێکى کرد کە دەڵێت "نەژاد یاخود ڕەچەڵەکە گونجاوترەکان دەرفەتێکى باشتریان هەیە بۆ زاڵبوون بەخێرایی بەسەر ئەوانەى کەمتر گونجاون".

داروینیزمى کۆمەڵایەتیی کە بیردۆزێکى بەناوبانگ بوو لە کۆتاییەکانى سەدەى ١٩ـدا، ئاماژەى بەوە دەدا ژیانى مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا بەپێی یاساى "مانەوەى گونجاوترین" دەبێت، ئەمەش بووە هۆکارى ئەوەى چاکسازیی ڕەچەڵەک ببێتە زانستێکى گرنگ لە سەرەتاى ١٩٠٠ـەکان. لە کاتى جەنگى جیهانی یەکەم زۆرێک لە دەسەڵاتدارە زانستییەکان و سەرکردە سیاسییەکان پاڵپشتیی چاکسازیی ڕەچەڵەکیان کرد. بەڵام لە ساڵى ١٩٣٠ بۆ ٤٠ـەکان بەتەواوى ڕەتکرایەوە وەک زانستێک، لەو کاتەى ڕەخنەیەکى زۆرى ئاڕاستە کرا و نازییەکان بۆ لەناوبردنى نەژادەکانى دیکە بەکاریان هێنا.

مێژووى سەرهەڵدانى

هەرچەندە چاکسازیی ڕەچەڵەک لە ئەمڕۆدا وەکو ڕووداوێکى کۆتاییەکانى سەدەى ١٩ دادەنرێت کە دیاریکردنى یەکگرتنى باوانە بۆ درووستبوونى نەوەیەکى هەڵگری سیفەتى ویستراو، ئەم هەوڵە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە دێرینەکان، دایەلۆگى "کۆمارى"ـى ئەفلاتوون لە ٣٧٨ پێش زایین باسى کۆمەڵگەیەک دەکات کە هەوڵ دەدرێت مرۆڤەکان باشتر بکرێن لەڕێگەى دەستگرتن بەسەر وەچەخستنەوە. دواى ئەوە، هۆزانڤان و فەیلەسووفى ئیتاڵى تۆماس کامپانیڵا لە بەرهەمى "شارى خۆر ١٦٢٣"ـدا باسى کۆمەڵگەیەکى یوتۆپیا دەکات کە تەنها نەژادێکى دیاریکراو ڕێگەیان پێدەدرێت وەچە بخەنەوە. گاڵتۆنیش، لە پەڕتووکى بلیمەتى بۆماوە لە ساڵى ١٨٦٩، ئاماژەى بە سیستەمێک کردووە کە ئەنجامدانى هاوسەرگیری لەنێوان پیاوانى تایبەت و ئافرەتانى تەندروست دەبێتە هۆى درووستبوونى نەژادێکى نموونەیی.

پەرەسەندنى چاکسازیی ڕەچەڵەک هاوتا بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەى گریمانەى گۆڕان یاخود پەرەسەندنى داروین لە کۆمەڵگەدا، کە لە ئێستادا پێی دەوترێت "داروینیزمى کۆمەڵایەتیی". داروین گەیشتە ئەو ئەنجامەى گەورەترین هەنگاو کە مرۆڤایەتى دەتوانێت بیگرێتە بەر لە مێژووی خۆیدا ئەو کاتەیە کە هەست دەکەن بەتەواوى لەلایەن حەز و ئارەزووەکانیانەوە جڵەو ناکرێن بەڵکو لە ڕێی زۆربوونى دیاریکراوەوە، مرۆڤ تواناى ئەوەى هەیە جڵەوى پەرەسەندنى داهاتووی خۆى بکات.

لە سەرەتاکانى ١٩٠٠ـەکاندا چاکسازیی ڕەچەڵەک بووە زانستێکى گرنگ کە لەلایەن زیندەزانەکانەوە دەخوێندرا. دەیانویست بزانن چ تایبەتمەندییەکى مرۆڤ دەگوازرێتەوە، گرنگترین سەرنجیان لەسەر زیرەکی و ڕەفتاری لادەرانە بوو. چاکسازیی ڕەچەڵەک، هەر لەنێو تاقیگەکان و دەزگا ئەکادیمییەکاندا نەمایەوە، بەڵکو لەتەواوى جیهاندا بڵاوبووەوە، لەنێویاندا وڵاتەکانى ئەسکەندەناڤیا، زۆرینەى وڵاتە ئەورووپییەکان، ئەمریکاى باکوور، ئەمریکاى لاتین، ژاپۆن، چین و ڕووسیا. هەروەها جووڵانەوەى چاکسازیی ڕەچەڵەک لە ئەمریکا لە سەردەمى پێشکەوتنخوازیدا سەریهەڵدا و تا ساڵى ١٩٤٠ بەردەوام بوو.

چاکسازیی ڕەچەڵەک لە ئەمریکا

لە کۆتاییەکانى سەدەى نۆزدەیەم، گاڵتۆنى ئامۆزاى داروین، هیواى دروستکردنى مرۆڤایەتییەکى باشترى هەبوو لەڕێی وەچە خستنەوەى دەستەبژێرێکى بەریتانی. پلانەکەى لە وڵاتەکەى خۆى ڕەتکرایەوە، بەڵام لە ئەمریکا بەشێوەیەکى بەرچاو بڵاوبووەوە. سەرەتاى دەرکەوتنى چاکسازیی ڕەچەڵەک لە مێژووى ئەمریکادا لەڕێی یاساکانى هاوسەرگیرییەوە بوو. لە ساڵى ١٨٩٦، ویلایەتى کۆنێتیکت لە یاسادا هاوسەرگیریی ئەو کەسانەى جێگیر کرد کە پەرکەمیان هەبوو یاخود مێشکیان تەواو نەبوو. کاتێک بیرۆکەى چاکسازیی ڕەچەڵەک ڕاگیرا، هاونیشتیمانییە دیارەکان، زاناکان و سۆسیالیستەکان بەرهەڵستییان کرد و نوسینگەى تۆمارى چاکسازیی ڕەچەڵەکیان دامەزراند. نوسینگەکە تۆمارى خانەوادەکان و سیفەتە بۆماوەییەکانیانى تێدابوو، زۆر کەس پێیان وابوو کە بۆ کۆچبەرەکان، کەمینەکان و هەژارەکان نەگونجاوە.

پاکژکردنەوەى بەزۆر

چاکسازیی ڕەچەڵەک لە ئەمریکا پێی نایە سەردەمێکى تاریکەوە لە سەرەتاکانى سەدەى بیستەم، کاتێک لەنێوان ساڵانى ١٩٠٩ بۆ ١٩٧٩ نزیکەى ٢٠ هەزار پاکژکردنەوە لە دامەزراوە دەروونییەکانى ویلایەتى کالیفۆڕنیا ئەنجام دران لەژێر ناوى پاراستنى کۆمەڵگە لە وەچەى ئەو کەسانەى نەخۆشی دەروونییان هەیە. زۆرینەى پاکژکردنەوەکان بەزۆر بوو و لەسەر کەمینەکان ئەنجامدەدرا، ٣٣ ویلایەت ڕێگەیان بە پاکژکردنەوەى بەزۆریی دا لەسەر ئەو کەسە یاسا شکێنانەى پێیان وابوو شایەنى وەچەنانەوە نین.

لە ساڵى ١٩٢٧، دادگاى باڵاى ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیاریدا کە پاکژکردنەوەى بەزۆریی دەستگیرکراوان سەرپێچى یاساکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان نییە، لە ساڵى ١٩٤٢ یاساکە هەڵگەڕایەوە، بەڵام پاش ئەوەى بەسەر هەزاران کەسدا جێبەجێکرا، لە هەندێک باردا چاودێریی تەندروستیی منداڵان نەدەکرا ئەگەر دایکەکە بە پاکژکردنەوە ڕازى نەبووایە.

ئەدۆڵف هیتلەر و چاکسازیی ڕەچەڵەک

هەرچەندە پاکژکردنەوە بەزۆرییەکانى ئەمریکا زۆر سامناک بوو، بەڵام هیچ نەبوو بەراورد بە تاقیکردنەوەکانى چاکسازیی ڕەچەڵەکى ئەدۆڵف هیتلەر کە لە کاتى جەنگى جیهانی دووەم ئەنجامیدا. هیتلەر لە خۆیەوە بیرۆکەى ئەوەى بۆ نەهات کە نەژادى ئاری لە هەمووان باڵاترن. بەڵکو لەڕاستیدا، لە پەرتووکى "نەبەردى من"ـى ساڵى ١٩٣٤ـیدا ئاماژەى بە چاکسازیی ڕەچەڵەکى ئەمریکییەکان داوە.

لە پەرتووکەکەدا، هیتلەر جوولەکەکان و دۆمەکان و ئەو نەژادانەى کە ئارى نین، بە پلە نزمتر داناوە. پێی وابووە ئەڵمانییەکان پێویستە بتوانن هەموو شتێک بکەن، لەوانە کۆمەڵکوژیی، تاکو ڕەچەڵەکەکەیان بە خاوێنی بهێڵنەوە. لە ساڵى ١٩٣٣ـدا، نازییەکان یاسایەکیان دانا بۆ ڕێگریکردن لە وەچەى هەڵگری نەخۆشیی بۆماوەیی، کە ئەوەش بووە هۆى هەزاران پاکژکردنەوەى بەزۆریی.

لە ساڵى ١٩٤٠، شەیدایی هیتلەر بۆ باڵابوونى نەژادەکەى بووە هۆى ئەوەى سەدان هەزار ئەڵمانی کە ناتەواوى دەروونى یان جەستەییان هەبوو بکوژرێن لە ڕێگەى گاز یاخود دەرزی کوژەرەوە.

جۆزێف مینگێل

لەکاتى جەنگى جیهانی دووەم، زیندانییانى گرتنگەکان چەندین تاقیکردنەوەى پزیشکی سامناکیان لەسەر ئەنجام دەدرا لەژێر هەوڵەکانى هیتلەر بۆ درووستکردنى نەژادێکى تایبەت، جۆزێف مینگێل کە پزیشکێکی سەربازی بوو لە گرتنگەى ئاشویتز، چەندین تاقیکردنەوەى لەسەر کەسانى منداڵ و گەورەى دووانە ئەنجامداوە.

فرمێسکى کیمیایی بەکاردەهێنا بۆ درووستکردنى چاوى شین، تووشى نەخۆشیی مەترسیدارى دەکردن و بەبێ سڕکردن نەشتەرگەرى بۆ دەکردن. زۆرینەى کەسەکانى بەردەستى بەشێوەیەکى سامناک مردن، تاقیکردنەوە مەترسیدارەکانیشی بوونە هۆى ئەوەى نازناوى "فریشتەى مەرگ"ـى لێ بنرێت، بەگشتى نزیکەى یازدە ملیۆن کەس لە "هۆلۆکۆست" مردن، زۆرینەیان لەبەرئەوەى لەگەڵ پێناسەى هیتلەر بۆ نەژادى باڵا نەدەگونجان.


سەرچاوەکان



289 بینین