میراتگرەکان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-07-02:56:00 - کۆدی بابەت: 4260
میراتگرەکان

ناوه‌ڕۆك

باسی میراتگرەکان

میراتگرەکان لە چینی نێرینە 

  1. کوڕی مردووەکەیە.
  2. کوڕی کوڕی مردووەکەیە، هەرچەند کوڕی کوڕ بەرەو خوارتریش بێ.
  3. باوکی مردووەکەیە.
  4. باپیرەی مردووەکەیە.
  5. برای مردووەکەیە، جا لە یەک دایک و باوک بن، یان دایک، یان باوکیان جیا بێ.
  6. کوڕی برای مردووەکەیە هەرچەند کوڕەبرایەکەش بەولاوە بەرەو خوارتر بێ.
  7. مامی مردووە، جا لە یەک دایک و باوک بن، یان هەر دایکیان جیا بێت.
  8. کوڕی مامی مردووەکەیە، هەر چەند مام و ئامۆزایەکە دووریش بن.
  9. مێردی ئافرەتەکە مردووەکەیە.
  10. ئازادکەری کۆیلە مردووەکە.

میراتگرەکان لە چینی مێینە 

  1. کیژی مردووەکەیە.
  2. کیژە کوڕی مردووەکەیە، هەرچەند کوڕەکە بەرەوخوارتریش بێ.
  3. دایکی مردووەکەیە.
  4. داپیرەی مردووەکەیە، هەرچەند داپیرەکە بەرەو سەرەتریش بێ.
  5. خوشکی مردووەکەیە، جا لە یەک دایک و باوک بن، یان دایک، یان باوکیان جیا بێ.
  6. ژنی مێردە مردووە.
  7. ئازادکەری کۆیلە مردووەکەیە.

ئەو میراتگرانەی بە هیچن کەسێک بێبەش نابن لە میرات

  1. مێرد.
  2. ژن
  3. باوک.
  4. دایک
  5. ڕۆڵەی مردووەکە، جا نێر بێ یان مێ بێ.

ئەو پێنجانە بە هیچ کەسێک بێبەش نابن، بەڵام وا ڕوو ئەدا بەشیان کەم ئەبێتەوە ژن و مێرد بە تەنها مارەبڕین و میرات لە یەکتری ئەگرن، کەوابوو مەرج نییە بلوغیان بووبێ، یان مێردەکە لێی ببێتە زاوا، بەڵام ئەگەر بە یەکجاری تەڵاقی دابوو، ئەوە هیچیان میرات لە یەکتری ناگرن، هەروەها کۆرپەی ناو زگ میرات ئەگرێ، بەو مەرجەی لە کاتی مردن لە ناو زگدابێ و بە زیندووییش بێتە دەرەوە.

ئەو جۆرە کەسەی میرات ناگرێ بە هیچ جۆرێک 

  1. کۆیلەیە.
  2. ئەو کۆیلەیە لە دوای مردن ئازادی دراوەتێ.
  3. ئەو کۆیلەیە کە لە گەورەی خۆی منداڵی.
  4. ئەو کۆیلەیە کە نوسراوی ئازادکردنی دراوەتێ.
  5. میراتگری کوندەیە، واتە هەر کەسێک یەکێکی یەکێکی تر بکوژێ، جا بە هەڵە بێ، یان بە قەسدی بێ، بە هەق بێ، یان بە ناهەق بێ، ئەوە نابێ میرات لە کوژراوەکە بگرێ.
  6. ئەو کەسەیە کە لە ئایین وەرگەڕابێ و بوبێتە کافر.
  7. ئەوانەی ئایینیان لێک جیاوازە میرات لە یەکتری ناگرن، وەکو موسوڵمان و کافر.

مەرجە بۆ میراتگرتن، ئەبێ میراتلێگیراوەکە پێش میراتگرەکە بمرێ، واتە ئەگەر بە یەکەوە مردن، یان نەمانزانی کامیان کامیان پێش کامیان مردووە، وەک مردنی بە کۆمەڵی بە لافاو و سوتان و ئۆتۆمبێل، ئەوانە هیچیان میرات لە یەکتری ناگرن، هەروەها ئەوەی زووتر ئەمرێ میرات لەو کەسە ناگرێ کە لە دوای خۆی ئەمرێ.

نزیکترین عەسەبە واتە ئەو میراتگرانەی بەشی دیاریکراویان بۆ دانەندراوە، کوڕی مردووەکەیە، ئینجا ئەگەر مردووەکە کوڕی نەبوو، کوڕی کوڕی مردووەکەیە، هەرچەند بەرەوخواریش بێ، ئینجا ئەگەر کوڕی کوڕ نەبوو، باوکی مردووەکەیە، ئینجا لە دوای باوک، باوکی باوکی مردووەکەیە، ئینجا لە دوای باپیر، برای مردووەکەیە کە لە دایک و باوک بێ، ئینجا برای مردووەکەیە کە تەنها لە باوکی بێ، ئینجا کوڕی برای مردووەکەیە لە دایک و باوکی، ئینجا کوڕی برای مردووەکەیە تەنها لە باوکی، ئینجا مامی مردووەکەیە، بەو شێوەیەی لە مامی کە تەنها لە باوکی بێ، ئینجا کوڕی مامی مردووەکە، بەو شێوەیەی لە کوڕی برادا باسمان کردن، ئەوانە گشتیان پێیان ئەگوترێ، عەسەبە، واتە یان گشت میراتەکە ئەبەن، یان ئەوەی لەبەر میراتگرەکان ئەمینتەوە، جا کەم بێ، یان زۆر (عن ابن عباس -رضي الله عنهما-: قال النبی ﷺ: ألحقوا الرائض بأهلها فما بقي فلأولی رجل ذکر) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی میراتگرەکان بەشی خۆیان بدەنێ، ئینجا ئەوەندەی مایەوە، بیدەنە نزیکترین میراتگری نێرینە، جا ئەگەر ئەو عەسەبانە نەبوون، ئەو گەورەیەی کۆیلەی ئازاد کردووە، عەسەبەیە ئینجا میراتگرە نێرینەکانی ئەو.

ئینجا ئەگەر ئەوانەی باسمان کردن هیچیان نەبوون، میراتەکە ئەدرێتە (بیت المال)، جا ئەگەر (بیت المال) نەبوو، یان کاربەدەستەکان خائین و ستەمکار بوون، ئەوەندە میراتەی ماوەتەوە، دووبارە ئەدرێتەوە ئەو میراتگرانەی بەشیان بۆ دیاریکراوە (جگە لە ژن و مێرد) جا ئەگەر هیچ میراتگرێک نەبوو، میراتەکە ئەدرێتە (ذوی الأرحام)، واتە خزمی لە بەرێ، وەکو باوکی دایک و، داپیرەی بێبەش لە میرات و، کیژ و کوڕی کیژ و، کیژەکانی برا و، کیژ و کوڕی خوشک و، کوڕەکانی برای لە دایکی و، کیژی مام و، خوشکی دایک و، خوشکی باوک و، خاڵی مردووەکە، ئینجا ئەگەر ئەو جۆرە خزمانەیش نەبوون، میراتەکە بۆ بەرژەوەندی موسوڵمانان سەرف ئەکرێ، کەوابوو دوو پیاوماقوڵی دادپەروەری ئەو شوێنە ئەم کارە ئەخەنە ئەستۆی خۆیان و جێبەجێی ئەکەن.


سەرچاوەکان



920 بینین