تەمەنی پێگەشتن - باڵغبوون

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-04-07:38:00 - کۆدی بابەت: 4152
تەمەنی پێگەشتن - باڵغبوون

ناوه‌ڕۆك

گۆڕانکاریە جەستەیی و دەرونییەکانی تەمەنی پێگەشتن

تایبەتمەندییەکانی گەیشتن بە قۆناغی پێگەشتن بریتییە لە گەشەیەکی دیار و بەرچاو و بەردەوام بەرە و پێگەیووی لەلایەنی ڕوخسار و کەسایەتی، بەرە و پێشەوە چوون و پێگەیووی جەستەیی و عەقڵی، پێگەیووی لە کار و کردەوە و سەربەستی هەڵسوکەوت، تیکەڵاوی کۆمەڵایەتی و وەرگرتنی بنەماکانی سلوک و پشت بەخۆبەستن و هەستی لێپرسراویەتی، دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی نوێ و هەستان و چوونە ناو تاقیکردنەوەکانی ژیانی ڕۆژانە، دەرکردنی هەندێک بڕیاری چارەنووسی دەربارەی خوێندن و هەڵبژاردنی پیشە و هاوسەری ژیان و دانای پلانی دواڕۆژ.

پێگەشتن دەست پێدەکات لە نێوان ١٢-١٣ ساڵ، بەرزترین دیاردەکانی گەشەی کۆئەندامی زاوزێ و زیادبوونی قەبارە و دەرکەوتنی کارەکانیان، دەرکەوتنی سیفەتە دووەمیەکانە وەک دەرکەوتنی ڕیش و سمێڵ و زیادبوونی چڕی موو لە لەش بەتایبەتی لەسەر سنگ و سک، کەمبوونی چڕی موو لە ناوچەی پێشەوەی سەر، گۆڕانی دەنگ بەهۆی گەشەی قوڕگ و درێژبوونی ژێیە دەنگیەکان، دەرکەوتنی دەنکۆڵەی گەنجیەتی، فراوانبوونی ناوشان و زیادبوونی بارستەی ماسولکەکان، ئەو گۆڕآنکاریانە گشتیان لە هەموو هەرزەکارێکدا دەرناکەوێت و هەمووشیان بەیەک کات دەرناکەون، بەڵکو لە نێوانیان ماوەیەکی تەواو هەیە، لەوانەیە بگاتە چەند مانگێک.

هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریە جەستەییانە گۆڕانکاری سلوکیش ڕوودەدات وەک زیاد بوونی چالاکی جەستەیی، دیارکەوتنی نیشانەکانی پیاوەتی لە قسە و کردار، ئامادەکاری بۆ کێشە و ناخۆشیەکانی ژیان، ئامادەکاری بۆ خۆگرتن و ئارامی، گرنگیدان بە ڕەگەزی بەرامبەر (کە پێشتر نێرینە زیاتر ئارەزووی بەرە و هاوەڵای خۆی دەچوو لە هەمان ڕەگەز، بەڵام ئێستا زیاتر ئارەزووی بەلای ڕەگەزی مێینە، مێینەش بە پێچەوانەوە ئارەزووی بەلای نێرینە دەچێت)، نێرینە و مێینە بە هەمان خێرای گەشە دەکەن تاوەکو ١٠ ساڵی تەمەن، بەڵام مێینە ١-٢ ساڵ بە پێش نێرینە دەکەوێت لە گەیشتنە ئاستی پێگەشتنت تەواو، چونکە هۆرمۆنی ئیسترۆجینی مێینە وادەکات کەوا کڕکڕاگەی سەر ئێسکەکان زووتر بە ئێسکەکەوە بلکێن، تاوەکو لەگەشە بوەستێت، ئەم کردارەش ٥ ساڵی دەوێت، لە ژێر کاریگەری هەردوو هۆرمۆنی ئیسترۆجین و ئەندرۆجین مەمکەکان دەست بە گەوورەبوون دەکەن لە ماوەی ٢-٥ ساڵ تاوەکو دەگاتە ئاستی ڕژێنێکی تەواو بەرهەم هێنەر، دوای ئەمە بە ٦-١٢ مانگ مووی ناوچەی موسلدان دیار دەکەون، پاشان گەشيەکی خێرای ئەندامەکانی تری زاوزێ و کەوتنە بێ نوێژی و دەرکەوتنی مووی بن باڵ و ڕەق بوونی ئێسکەکانی بە تەواوی.

تێکڕای ساڵانەی زیادبوون لە درێژی باڵا ٦.٥-١٠.٥ سم، لوتکەی زیادبوون لە درێژی باڵا لە تەمەنی ١١-١٢ ساڵیەوەیە، زیادبوونی درێژی لە نێرینە زیاترە لە مێینە و بارستەی ماسولکەکانی نێرینە ٪٥٠ـی زیاترە لە مێینە، بە شێوەیەکی گشتی درێژی باڵای ئادەمیزاد لە نێوان ١٠٣-٢٠٠سم بۆ نێرینە، ١٢٠-١٨٧سم بۆ مێینە، کێش و تەمەنی پێگەشتن بە ٥.٥-١٠.٥ کیلۆگرام زیاد دەکات، دەگاتە لوتکەی زیاد بوون لە تەمەنی ١٢-١٣ ساڵیەوەیە، زیادبوونی کێش دەستپێدەکات لەگەڵ زیادبوونی باڵا یان ماوەیەکی کورت دوای ئەو دەستپێدەکات.

دابەشبوونی ناوچەی موسلدان ئەم دابەشبوونە تایببەتمەندی خۆی هەیە، لە نێرینە زیاد دەکات بەرە و سەرەوە بە ئاراستەی ناوک دەڕوات، بەڵام لە مێینە ئاسۆییە، مووی بن باڵ زۆربەی جار هەندێک دوا دەکەوێت لە دەرچوون.

دابەشبوونی چەوری لەش ڕێژەی چەوری لە لەشی مێینە ٪٢٠-٢٢ ـە، لە لەشی نێرینەش٪١٥-١٨ ـیە، دابەشبوونی زیاتر دەردەکەوێت لە مێینە و وادەکات شێوە و ئاکاری لەش بگۆڕێت، وەک بەرزبوونی ناوچەی سنگ و خڕ دەرکەوتنی مەمکەکان و ناوچەی حەوز و ڕان، واتە ئەم چەوریە وادەکات کە مێینە زیاتر خڕتر دیاربێت، هەروەک لە توێژینەوەیەک لە ئەمریکا کراوە لە لایەن هەردوو پزیشک (Brown nell& Rodin) لە ساڵی ١٩٩٤ بۆیان دەرکەوت کەوا ڕێژەی قەڵەوی لە پیاوان ٪٣٥ و لە ژنان زۆر زیاترە و دەگاتە ٪٥٥.

ڕژێنەکانی پێست هەر لەو کاتەی مووەکانی ناوچەی موسلدان و بن باڵ دەردەکەون ڕژێنەکانی پێست زیاتر دەکەونە کار، ڕێژەی دەرهاوێشتنی چەوری و ئارەقە زیاد دەکات، بۆنی تایبەت بەو کەسە لەگەڵ دەردراوەکانی پەیدا دەبێت، پێویستی لەش بۆ پڕۆتین زیاد دەکات و دەگاتە٪١٥-١٢ کۆی گشتی ووزەی لەش، بەکارهێنانی ووزە لە نێرینە زیاترە لە مێینە چونکە بە شێوەیەکی گشتی درێژی و بارستەیی و کێشی نێرینە زیاترە لە مێینە.

تووشبوون بە کەم خوێنی لە هەردوو ڕەگەز چاوەڕوان کراوە، لە نێرینە لەبەر زیادبوونی بارستایی ماسولکەی لەشی بەشێوەیەکی خێرا و لە مێینەش لەبەر دەستپێکردنی سووڕی مانگانە.

شلۆقی باری دەروونی گۆڕانی ژیان لە قۆناغی منداڵی بۆ قۆناغی هەرزەکاری کارێکی سادە و ساکار نییە، بەڵکو کۆمەڵێک گۆڕانکاری زۆر گرنگی جەستەیی و دەروونییە، بەتایبەت لە مێینە بۆیە پێویستیان بە هاوکاری زۆر هەیە، چونکە خۆی بە بەناز دێتە بەرچاو، دڵی ناسک دەبێت، بە بچوکترین شت توڕە دەبێت، هەڵسوکەوتی دژایەتیەکی پێوە دیارە، وا هەست دەکات ژینگە و دەوروبەری لێی تێناگەن، زۆر جار دەست دەکات بە گریان یان تووڕەبوونێکی کاتی، ئارەزووی تەنهایی دەکات و هەست دەکات پێویستی بە هاوڕێیەکە لە ڕەگەزی خۆی کە متمانەی پێبکات و ئەو تەنهایی و بارە شلۆقە دەروونیەی بڕەوێنێتەوە.

لێرە بۆمان دەردەکەوێت کەوا پێگەشتن کۆمەڵێک گۆڕانکاری گرنگی تیادا ڕوو دەدات لە هەردوو ڕەگەزدا، دەتوانین بڵێین گشت ئەندامەکانی لەشی دەگرێتەوە بەتایبەتی کۆ ئەندامی زاوزێ و کۆئەندامی دەمار، واتە گۆڕینە لە قۆناغی منداڵیەوە بۆ پیاوێکی تەواو یان ئافرەتێکی تەواو.


سەرچاوەکان



1073 بینین