ڤایرۆسەکان 

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-03-12:42:00 - کۆدی بابەت: 4095
ڤایرۆسەکان 

ناوه‌ڕۆك

ڤایرۆسەکان چیین؟

لە ڕۆژێک پەڵەیەکی سوور لەسەر پێستت دەدۆزیەوە، پاشان بۆت دەردەکەوێ کە پەڵەکان زۆرتر و زۆرتر دەبن، پەڵەکانیش دەگۆڕێن بۆ زیپکەی وروژێنەر بەخوران. چیت تووش بووە؟ لەوانەیە پەڵەکان لە ئاوڵەی ئاوی سەرهەڵدابێ کە ئەمە نەخۆشییەکە هۆیەکەی ڤایرۆسە. ڤایرۆس تەنۆچکەیەکی وردبیینە دەچێتە خانەوە، و زۆر جار تێکیدەشکێنێ، زۆر لە ڤایرۆسەکان دەبنە هۆی نەخۆشییەکانی هەڵامەتی ئاسایی و ئەنفلەوەنزا و دیاردەی نەمانی بەرگری دەستکەوتوو (ئایدز) و کۆفید-١٩.  ڤایرۆسەکان زۆر بچووکن. ئەوانە بچووکترن لە بەکتریاش بچووکترن. یەک دڵۆپی خوێن توانای جێکردنەوەی پێنج ملیار ڤایرۆسی هەیە. ڤایرۆسەکان توانای گۆڕانی خێرایان هەیە. بۆیە کاریگەرییان لەسەر زیندەوەران دەگۆڕێ، وە لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەکان زۆر بچووکن و زۆر دەگۆڕێن، بۆیە زاناکان ناتوانن بزانن بەتەواوی ژمارەی جۆرەکانیان چەندە. هەر ئەم تایبەتمەندیانە وا لە ڤایرۆسەکان دەکات کە لەناوبردنیشیان زەحمەت بێت.

ئایا ڤایرۆسەکان زیندوون؟

ڤایرۆسەکان وەک زیندەوەران پڕۆتین و بۆماوە ماددەیان تێدایە، بەڵام ڤایرۆسەکان خانە نین و سایتۆپلازم و ئەنجامۆچکەکانیان نییە. ڤایرۆسەکان فرمانەکانی زیندەوەر بەجێناهێنن، چونکە لە ڕاستیدا ناتوانن خۆراک بخۆن یان شیبکەنەوە یان گەشە بکەن، یان ئۆکسجین بەکاربێنن. لە ڕاستیدا ڤایرۆس ناتوانێ زۆرببێ مەگەر لەناو خانەی زیندووەکە ڕۆڵی خانە خوێ دەبینێت. خانە خوێ زیندەوەرێکە ڤایرۆس یان مشەخۆرێک لەسەری یان لە ناوی دەژی، بە بەکارهێنانی خانەی خانە خوێیەکە وەک کارگەیەکی زۆر بچوک، ڤایرۆس خانە خوێیەکە ناچاردەکات ڤایرۆس دروست بکات لە بری ئەنجامدانی زیندە چالاکییەکانی خۆی.

پۆلێنکردنی ڤایرۆسەکان

دەتوانین ڤایرۆس لە کۆمەڵەی جیاوازدا پۆلێنیان بکەین بە پێی شێوەکانیان یان جۆری ئەو نەخۆشییانەی کە تووشی زیندەوەرانی دەکەن یان سوڕی ژیانیان یان جۆری ئەو ماددە بۆماوەییەی کە تێیاندایە، چوارجۆرە سەرەکییەکەی ڤایرۆس ئەمانەن (کریستاڵەکان وەک ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵ، تۆپەکان وەک ڤایرۆسی ئەنفلەونزا و ئایدزیش هەمان شێوەی ئەم ڤایرۆسەی هەیە، لوولەک وەک ڤایرۆسی نەخۆشی پەڵەبوونی ڕووەکی توتن، کەشتی ئاسمانی)، هەر ڤایرۆسێک لە ماددەیەکی بۆماوەیی پێکدێت کەلەناو بەرگێکی پڕۆتیندایە، بەرگە پرۆتینەکە ماددە بۆماییەکە دەپارێزێ و یارمەتی ڤایرۆسەکە دەدات لە چوونە ژوورەوەی بۆ ناو خانەی خانە خوێیەکە. زۆربەی ڤایرۆسەکان بەرگێکی پڕۆتینیان هەیە کە دەگونجێت لەگەڵ تایبەتیەکانی خانە خوێیەک. بۆماوە ماددەی ڤایرۆسەکان ناوکە ترشی کەم ئۆکسجینە DNA یان ناوکەترشی ڕایبۆزی RNA یە هەردوو جۆرە ناوکە ترشەکە زانیاریان تێدایە دەربارەی دروستکردنی پڕۆتینەکان. ڤایرۆسانەی  کە دەبنە هۆی دومەڵ و ئاوڵەی ئاوی DNAـیان تێدایە، وە ئەو ڤایرۆسەی کە دەبێتە هۆی ئایدز کە بە ڤایرۆسی نەمانی بەرگری دەستکەوتوو لە مرۆڤدا ناسراوە ئەویش هەر RNAـی تێدایە.

هەنگاوەکانی زۆربوونی ڤایرۆسەکان

سوڕی شیبوونەوە 

تاکە شت کە تێیدا ڤایرۆسەکان لە زیندەوەران دەچن، ئەوەیە کە ڤایرۆس ژمارەیەکی زۆر تاک بەرهەمدەهێنێت. ڤایرۆسەکان هێرش دەبەنە سەر خانە زیندووەکان و دەیانگۆڕێت بۆ کارگەی ڤایرۆسەکان. ئەم سووڕەش بە سوڕی شیبوونەوە ناودەبرێت. سوڕی شیبوونەوە رێگایەکە بۆ زۆربوونی ڤایرۆس کە بە خانەی خانە خوێیەکە دەنووسێت بۆماوە ماددەکەی دەخاتە ناوی وە دەیگۆڕیت بە شێوەیەک ڤایرۆس دروست بکات. هەنگاوەکانی سوڕەکە بەم شێوەیە:

  1. ڤایرۆس بە خانەی خانەخوێ دەنووسێت.
  2. ڤایرۆس بۆماوە ماددەکەی دەگوازێتەوە بۆ ناو خانەی خانەخوێیەکە.
    • لەو کاتەی بۆ‌هێڵەکانی ڤایرۆس دەچنە ناوخانەی خانەخوێیەکە دەست دەگرێت بەسەر چالاکییەکانی دەیگۆڕێت بۆ کارگەی ڤایرۆسی.
  3. ڤایرۆسە نوێیەکان دیواری خانەی خانە خوێیەکە تێک دەشکێنن پاشان سوڕەکە سەر لە نوێ دەست پێدەکاتەوە.
    (new heading)

سوڕی یەکبوون

 هەندێ لە ڤایرۆسەکان ڕاستەوخۆ ناچنە سوڕی شیبوونەوە، ئەم ڤایرۆسانەش بۆماوە ماددەکەیان دەکەنە ناو خانەی خانە خوێیەکە. لە سوڕی یەکبوون هەر خانەیەکی نوێ لەکاتی دابەشبوونی خانە خوێیەکە، لەبەرگیراوەیەک لەبۆهێڵەکانی ڤایرۆسەکە وەردەگرێت. دەکرێ بۆهێڵەکان بە سستی بمێنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ، بەڵام کاتێک چالاک دەبێتەوە سوڕی شیبوونەوە دەست بەکاردەکات وە لەبەرگیراوەی نوێ لە ڤایرۆسەکان دروست دەکەن.

چارەسەرکردنی تووشبوون بە ڤایرۆس

دژەزیندەییەکان ڤایرۆسەکان ناکوژن، بەڵام لەم دواییەدا زاناکان پەرەیان بە دەرماندا دژی ڤایرۆس. زۆر لەم دەرمانانە زۆربوونی ڤایرۆسەکان ڕادەگرن، وە لەبەر ئەوەی زۆر لە نەخۆشیە ڤایرۆسیەکان چارەسەریان نییە، بۆیە چارەسەری سەرەتایی خۆپاراستنە لە ڕوودانی تووشبوونی ڤایرۆسی. کوتان لە ساڵانی منداڵی مەودایەکی کاتی دەبەخشێ بە رژێمە بەرگریکاریەکەت بۆ زیادبوونی تواناکەت بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەکان، کوتاوە نوێیەکان دەتوانێت بتپارێزێت لە تووشبوونی ڤایرۆسی، وە لە هەڵسووکەوتە باشەکان شوشتنی دەستەکانتە لە زۆربەی کاتدا. وە دەست نەدان لە گیانەوەرە كێوەییەکان،ڤایرۆسی ئاوڵەی ئاوی (خوریکە) لە لەشتدا جێگیردەبێ، تەنانەت پاش نەمانی نیشانەکانی وەک پەڵە سوورەکانی نەخۆشییەکە. وە ئەگەر نەخۆش کەوتی بە ڤایرۆس، ئەوا چاکتر وایە پشووبدەیت و زیاتر شلە بخۆیتەوە و وە پێویستە  وەک تووش بوون بە هەر نەخۆشییەک پزیشک ئاگادار بکەیتەوە.


سەرچاوەکان



2112 بینین