هەستەوەرەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-02-01:09:00 - کۆدی بابەت: 4056
هەستەوەرەکان

ناوه‌ڕۆك

هەستەوەرەکان چین؟

هەستکردن لەو کاتە دەستپێدەکات کاتێک هەستەوەرەکان دەورووژێندرێت بە ورووژێنەرێکی دەرەکی یان ناوەکی و کاریگەری فسیۆلۆژی دروستدەکات و ئاگاداری جیهانی دەرەکی و ناوەکی دەبێت.

بۆیە دەتوانین بڵێین هەستکردن بە سادەترین پڕۆسە دەروونیەکان دەژمێردرێت، کە لە دەرئەنجامی کاریگەری شتەکان و دیاردەکان جیهانی دەرەکی و حاڵەتی ناوەوەی مرۆڤ دروستدەبێت و ڕەنگدانەوەی بەسەر مرۆڤدا دەبێت و پڕۆسەی هەستکردن لای مرۆڤ لە ڕێگەی کۆئەندامی دەمار سەرهەڵددات و بلیۆنەها دەمارەخانە لای مرۆڤ هەیە، دەناسرێت بە نێۆرۆسس کە بەشی زۆری لە مێشکی مرۆڤ کۆدەبێتەوە، و ئەرکی سەرەکی ئەم دەمارە خانانە گواستنەوەی هێماکانە و نامە دەماریەکانە کە لە دەرئەنجامی ورووژێنەرە دەرەکیەکانەوە دروستدەبێت و بۆ شوێنی تایبەت لە کۆئەندامی دەمار، بۆ ئەوەی مامەڵەی لەگەڵبکرێت و وەڵام دانەوە و ڕەفتاری گونجاوی بۆ بدرێت.

دەروازەی هەستکردن

کاتێک باسی هەستکردن دەکرێت، پرسیارێک خۆی دەورووژێنێت ئەویش ئایا مرۆڤ توانای هەستکردنی هەموو ورووژێنەرەکانی دەوروبەری هەیە؟ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە بە نەخێر دەبێت، وەڵامەکەشی بۆ تایبەتمەندیەکانی هەستەوەرەکانی مرۆڤ دەگەڕێتەوە، چونکە ئەم هەستەوەرانە ناتوانن هەموو هێما و نامە دەرەکیەکان وەربگرن کە لە ئەنجامی ورووژێنەرەکانەوە دروستدەبێت، بۆ ئەوەی هەر بەشێک لە هەستەوەرەکانی مرۆڤ هەست بە ورووژێنەر بکات پێویستە ئەم ورووژێنەرە توندیەکەی بگاتە ئاستێک کە دەناسرێت بە پایەی هەست (عیبة الاحساس)، واتە: دەتوانین بڵێین پایەی هەست، کەمترین ڕێژەیە لە ورووژێنەر بۆ ئەوەی هەستەوەرەکانی مرۆڤ هەستی پێ بکات. هەر بەهۆی ئەم مەبەستەیە زۆر لە ورووژێنەری فیزیکی هەن مرۆڤ ناتوانێت هەستی پێبکات، چونکە هیزەکانی نەگەیشتۆتە دەروازەی هەستی مرۆڤ.

گرنگی پڕۆسەی هەستکردن

لەگەڵ سادەیی پڕۆسەی هەستکردن بەڵام گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لە ژیانی دەروونی مرۆڤ، چونکە بەهۆی ئەو هەستەوەرانە بە جیهانی دەرەوە ئاشنا دەبین وەک (ڕەنگ، دەنگ، بۆنە جیاوازەکان، پلەی گەرمی و قەبارەی شتەکان).

جۆری هەستەوەرەکان

هەستەوەرەکان لە بنەڕەتدا وێنەی خودیە بۆ جیهانی دەرەوە، شێوازەکانی دەگۆڕیت بە گۆڕانی ژینگەی دەرەکی. مرۆڤ جەندین هەستەوەری هەیە یارمەتی وەرگرتنی زانیاریەکان دەدات، هەستەوەرەکانیش بریتییە لە:

١- هەستەوەرە دەرەکیەکان: ئەو هەستەوەرانە دەگریتەوە کە ڕوون و ئاشکرایە لە مرۆڤ، لە ڕێگەی ئەم هەستەوەرانە پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە دەکرێت، لە هەستەوەرەکانیش بریتین لە:

أ- هەستی بینین: ئەندامی بەرپرس لەم هەستە چاوە بە ئامیرێکی زۆر ئاڵۆز دەژمێردرێت، چاو ئەم کەناڵەیە کە مرۆڤ لە ڕێگەیەوە شت دەبینێت. شەش دەمار بەستراوە بەچاوی مرۆڤ و یارمەتی جوڵەی چاو دەدات، لەکاتی نوستنیش چاوی مرۆڤ توانای گونجانی هەیە لەگەڵ ڕادەی رووناکیەکان. بینین گرنگی تایبەتی خۆی لەژیانی دەروونی و درککردن و هەڵچوونەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ هەیە، لەگەڵ ئەوەی کە مرۆڤ توانای بینینی زۆر لە ڕەنگەکان هەیە، بەڵام ئەم توانینەی وەک هەستەوەرەکانی تر سنووردارە، چونکە شەپۆلەکانی موگناتیسی دەگاتە (١٠٠ ملیۆن مەتر درێژی)، بەڵام چاوی مرۆڤ تەنها توانای بینینی ئەو شەپۆلانەیە کە لەنێوان (٤٠٠ تا ٧٥٠) مللی میکرونە.

ب- هەستی بیستن: لەڕێگەی گوێچکەکانەوە دەبێت، ئەم هەستە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ پاراستنی مرۆڤ لە مەترسیەکان، لەگەڵ ئەوەی گوێی مرۆڤ توانای بیستنی دنگە جیاوازەکانی هەیە ئەم توانایەی سنووردار دمێنێتەوە چونکە شەپۆلە دەنگیەکان کە مرۆڤ توانای بیستنی هەیە دەکەوێتە نێوان (٢٠ - ٢٠٠٠٠ لەرین) لە یەک چرکەدا، واتە ئەگەر دەنگەکان لەم ئاستە نزمتربێت یان بەرزتر مرۆڤ گوێی لێنابێت، بۆیە لە هەندێک حاڵەت مرۆڤ پشت بە ئامێری تایبەت دەبەستێت بۆ بیستنی دەنگەکان.

ت- هەستی بۆنکردن: ئەم هەستە لە ڕێگەی لوتی مرۆڤەوە دەبێت، بۆنکردن لای مرۆڤ ڕوودەدات کاتێک ورووژێنەرێک لە دوور یان نزیک بێت، لە ڕێگەی هەواوە دەگوێزرێتەوە بۆ لوتی کەسەکە، لە تایبەتمەندیەکانی ئەم هەستەوەرە جیا لە هەستی بینین، بەردەوام کار دەکات بە ڕۆژ و بە شەو، جیا لە هەستی بیستن کە پەیوەستە بە بوونی دەنگێک، لەلایەکی تر ئەگەر گیانەوەرێک مەبەستی بێت دەتوانێت دەنگ نەکات و هەستی پێ نەکرێت، بەڵام ناتوانرێت بەرگری لە بڵاوبوونەوەی بۆنی خۆی بکات، هەربۆیە کاتێک ڕاوچی بەدوای نێچیرێکدا دەگەڕێت پشت بە سەگ دەبەستێت بۆ دۆزینەوەی نێچیر لە ڕێگەی بۆنکردنەوە. ئەوەی شایەنی باسە ژمارەی خانەکانی لوتی مرۆڤ لە یەک ملم دوجا دەگاتە ١٠٠٠٠٠ خانە، هەربۆیەش لەگەڵ ئاڵۆزی ئەم هەستەوەرە، توانای مرۆڤ سنوردارە لە بۆنکردنی شتەکان. هەروەها کاتێک مرۆڤ بەردەوام بۆنی شتێک دەکات وای لێدێت هەستی بە بۆنەکە نەمێنێت.

پ- هەستی تامکردن: ئەم هەستەوەرە هەستەوەرێکی کیمیاویە لە دەرئەنجامی توانەوەی شتەکانەوە دێت لەسەر زمان، دوو جپر لە هەستی تامکردنمان هەیە، یەکێکیان (فسیۆلۆژیە) لە دەرەنجامی کارلێکردنی کیمیاوییەکانەوە دروستدەبێت، ئەوەکەی تریشیان (سایکۆلۆژیە) کە پەیوەستە بە شارەزاییەکانی پێشووی مرۆڤ، بۆیە کاتی هەندێ شت تام دەکەین هەست بە قێزەونی دەکەین. هەستی تامکردن پەیوەندی بە هەستی بۆنکردن هەیە، بۆیە ئەو کەسەی توشی هەڵامەت دبێت تام لە خواردنەکانی ناکات.

ج- هەستی دەست لێدان: ئەم هەستەوەرە لە ڕێگەی پێستەوەیە و دەبیتە چوار جۆر:

- هەستکردن بە پاڵەپەستۆ لەسەر پێست.

- هەستکردن بە ئازار.

- هەستکردن بە ساردی و گەرمی.

- هەستکردن بە ڕەقی و گەرمی.

ئەم هەستانە دابەشبوون لەسەر پێستی مرۆڤ بۆ نمونە ئەگەر ١ سم پێستی مرۆڤ وەرگرین دەبینین بەشێکی بەرپرسە لە هەستکردنی دەست لێدان و بەشێکی تایبەتە بە ئازار و بەشێکی بەرپرسە لە هەستکردن بە گەرمی ساردی.

٢- هەستی جوڵە:

شوێنی لە دەمار و جومگەکان و ئێسکی مرۆڤ دەبێت، هەستەوەری جوڵە زانیاری دەربارەی گرژبوونەوە و بارودۆخ و ڕادەی ئامادەبوونی دەمار دەدات بۆ ئەنجامدانی کارەکان.

٣- هەستکردن بە هاوسەنگی:

ئەم بەشەی بەرپرسیارە لە هەستکردن بە هاوسەنگی، دەکەوێتە گوێی ناوەوەی مرۆڤ، لەڕێگەی ناردنی بروسکە دەربارەی جوڵە و بارودۆخی سەری مرۆڤ، ئەم هەستەوەرەش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بەتایبەتی بۆ کارمەندانی بواری فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان.

٤- هەستەوەرە ناوەکیەکان:

بریتیە لە هەستکردن بە برسێتی و تێنویەتی و قێزەونی و هەستکردن بە ئێش و ئازار، کاتێک جەستەمان بەشێوەیەکی دروست کاردەکات هەست بە ئەندامەکانمان ناکەین، چونکە ئەم بەشانە لە کاتی بوونی هەر شکستێک بروسکە دەنێرێت بۆ مێشک بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە.


سەرچاوەکان



2107 بینین