زەکات

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-31-22:57:00 - کۆدی بابەت: 4016
زەکات

ناوه‌ڕۆك

زەکات چییە؟

زەکات لە ئاینی ئیسلامدا ئەمەیە: موسوڵمان نەختێک ماڵی خۆی بداتە موسوڵمانێکی تر، بەو مەرجانەی باسیان ئەکەین. زەکات ڕوکنی سێیەمی ئیسلامە، لە مانگی (شوال) ساڵی دووەمی کۆچی واجب کراوە.
جا هەر کەسێک بڵێت: زەکات واجب نییە، کافر دەبێت، وە ئەو کەسەی زەکات نەدات، ئەبێت گەورەی موسوڵمانان بە زۆر لێی وەربگرێت، جا ئەگەر هەر نەیدا، جەنگی لەگەڵ دەکرێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ) نوێژ بە هەموو واجبیکەوە ئەنجام بدەن و زەکات بدەن. (عن ابن عباس -رضي الله حنهما-: قال رسول الله ﷺ لمعاذ -لما بعثه إلی یمین- أخبرهم: أن الله قد فرض علیهم صدقة تؤخذ من أغنیائهم فترد علی فقرائهم) رواه الشیخان، کە پێغەمبەر ﷺ (معاذ)ـی ناردە (یمن)، فەرمووی: پێیان بڵێ: خوای گەورە زەکاتی لەسەر دەوڵەمەندەکانیان واجب کردوە، لێیان وەرئەگیرێ و ئەدرێتە هەژارەکانیان.

زەکات واجبە لە پێنج جۆرە شتدا

ئەو شتانەی زەکاتیان تێدایە:

  • یەکەم: ئاژەڵە.
  • دووەم: پارە و پولە.
  • سێیەم: دەغڵ و دانە.
  • چوارەم: میوەیە.
  • پێنجەم: کەلوپەلی بازرگانییە.

جا هەرجی ئاژەڵە، زەکات واجبە هەموو ساڵێک یەک جار لە سێ ڕەگەزی ئاژەڵدا، یەکەم: ووشترە. دووەم: ڕەشە ووڵاغە. سێیەم: کارەگەلە، واتە: مەڕ و بزن.

مەرجەکانی واجببونی زەکات لە ئاژەڵانەدا

شەش مەرجن:

  • یەکەم: زەکاتدەرەکە موسوڵمان بێت، جا منداڵ بێت یان گەورە بێت، شێت بێت یان عاقڵ بێت.
  • دووەم: ئازاد بێت کۆیلە نەبێت.
  • سێیەم: ئاژەڵەکە بە تەواوی موڵکی خۆی بێت.
  • چوارەم: ئاژەڵەکان بگەنە ڕادەی زەکات، وەک لەمەودوا باسی دەکەین.
  • پێنجەم: ساڵێکی ئیسلامی بەسەردا بڕوا و هەر لە موڵکی خاوەنەکەیدا بێت.
  • شەشەم: ئەو ئاژەڵانە بلەوەڕێندرێن لە پووش و گیای گشتی، جا ئەگەر ماوەیەک خاوەنەکەی (ئاڵفی) ئەدانێ، یان بە پارە گەڵای دار و پوش و گیای بۆ ئەهێنان، ئەوە تێبینی ئەکەین، ئەگەر نرخی (ئاڵفەکە) کەمتر بوو لە بەروبومی ئاژەڵەکان، یان لە نرخی ئاژەڵەکان -ئەگەر بەروبومیان نەبوو- یان بە ئەندازەی یەکتری بوون، ئەوە واجبە زەکات بدا، بەڵام ئەگەر نرخی (ئاڵفەکە) زۆرتر بوو لە بەروبومەکە، یان لە نرخی ئاژەڵەکان -ئەگەر بەروبوم نەبوو- ئەوە زەکاتی لەسەر نییە.

مەبەست لە بەروبوم بێچووەکان و شیر و خوری و مووەکەیە بە تێکڕایی.

ئەو ئاژەڵەی بە زەکات ئەشێ نابێ نەخۆش بیت و نابێ کەم و کوری هەبێت و نابێ نێرینە بێت، مەگەر هەر ئەو جۆرە ئاژەڵانەی هەبن، ئەو کاتە هەر لە وێنەکەی خۆیان زەکاتەکەیان ئەدات.
هەروەها ئەو کەسەی زەکات وەرئەگرێت، نابێ داوای ئاژەڵی بە بێچوو بکات و نابێ داوای ئاژەڵی ئاوس بکات و نابێ داوات دابەستەی خواردن بکات و نابێ داوای ئاژەڵێکی لە هەمووان باشتر بکات (عن ابن عباس -رضي الله عنهما-: قال النبی ﷺ لمعاذ: إیاك وکرائم أموالهم) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرموویە (معاذ): ئاگادار بە نەکەی ماڵە باشەکەیان -لە زەکات- لێ وەربگری. بەڵام ئەگەر خاوەنەکەی ڕازی بێت، ئەو کاتە دروستە باشەکە وەربگیرێ.

جۆرەكانی زەكاتی پارە

ئەو پارە و پولەی زەکاتی تێدایە لەبەر نرخی خۆی دوو جۆرە پارەیە: یەکەم: زێڕە. دووەم: زیوە. ئەو دووانە زەکاتیان تیدایە هەرچەندە نەشکرێنە پارە.

مەرجی واجببوونیان

ئەو مەرجانەی پێویستن بۆ واجببونی زەکات لە زێڕ و زیودا، هەموو ساڵێک یە جار، پێنج مەرجن:

یەکەم: زەکاتدەرەکە موسوڵمان بێت. دووەم: ئازاد بێت. سێیەم: بە تەواوی مولکی خۆی بێت. چوارەم: بگاتە ڕادەی زەکات.
پێنجەم: ئەبیت ساڵێکی ئیسلامی بەسەردا بڕوا و هەر لە موڵکی خاوەنەکەیدا بێت (قال النبی ﷺ: من استفاد مالا فلا زکاة علیه حتی یحول علیه الحول عند ربه) رواه الترمذي، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کەسێک ماڵێکی وەدەست هێنا، زەکاتی لەسەر نییە، تا ساڵێکی بەسەردا ئەڕوات لە لای خاوەنەکەی خۆی.

زەكاتی دەغڵ و دان

هەروەها دەغڵ و دان تەنها یەک جار زەکاتی تێدا واجبە، لە کاتی دروێنەیدا، بە سێ مەرج:

یەکەم: لەو جۆرە دانەوێڵەیە بێت کە ئادەمیزادان بۆ خواردن دایئەچێنن، هەرچەند لە کاتی هەرزانیش، هەرچەند لەکاتی هەرزانیش نەیخۆن وەکو جۆ و هەرزن.

دووەم: ئادەمیزاد پێی بژی -واتە: وەکو گوڵەبەڕۆژە نەبێت- هەم پاشەکەوتیش بکرێت، وەکو: گەنم و ماش و نیسک و نۆک و جۆ و برنج و گەنمەشامی و لۆبیا و...هتد، واتە: خەیار و گندۆرە و شووتی زەکاتی تێدا نییە.

سێیەم: بگاتە ڕادەی زەکات، ڕادەی زەکاتی دەغڵ و دان پێنج بارە م-واتە: چل تەنەکە- بەو مەرەی توێکڵەەی لەسەر نەبێت: وەکو چەڵتوک (عن أبی سعید -رضي الله عنهما-: قال النبی ﷺ: لیس فیما دون خمسة أوسق صدقة) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: لە پێنج بار کەمتر زەکاتی تێدا نییە.
جا ئەگەر توێکڵەکەی لەسەر بوو وەکو چەڵتووک، ئەو کاتە ڕادەی زەکات دەگاتە دە بار.

زەكاتی میوە

هەروەها میوە تەنها یەک جار زەکاتی تێدا واجبە، لە کاتی بڕینەوەیدا، لە دوو جۆر میوەدا:

یەکەم: میوەی دارخورما. دووەم: میوەی دارمێوە، واتە: ترێ، چونکە ئەو دووانە ئادەمیزاد پێیان ئەژیێ و پاشەکەوت ئەکرێن، کەوابوو: جگە لەو دووە هیچ جۆرە میوەیەکی تر زەکاتی تێدا نییە.

مەرجەکانی واجببونی زەکات لە میوەدا چوار مەرجن، یەکەم: زەکاتدەرەکە موسوڵمان بێت. دووەم: ئازاد بێت. سێیەم: بە تەواوی موڵکی خۆی بێت. چوارەم: بگاتە ڕاددەی زەکات، کە پێنج بارە لە دوای ووشک کردنەوەی.
(ئاگاداری): بۆ واجببونی زەکات میوە و دانەوێڵە مەرج نییە ساڵێکی بەسەردا بڕوا، چونکە خوای گەورە فەرموویەتی: (وآتُوا حَقّه يَوْم حَصَاده) واتە: مافی ئەو ماڵە دەرکەن لەکاتی دروێنەیدا. کەوابوو: ئەگەر زەکاتی میوە و دانەوێڵە جارێک درا، ئینجا مایەوە بۆ ساڵێکی تر، ئەوە دووبارە زەکاتی تێدا واجب نییە.

بەڵام ماڵی بازرگانی زەکاتی تێدا واجبە هەموو ساڵێک یەک جار، بەو پێنج مەرجانەی گوتمان لە باسی پارە و پوولدا.

١- کافر بووبێ زەکاتی لە دونیادا لەسەر نییە چونکە زەکات ڕوکنی سێیەمی ئیسلامە و پێویستی بە نیەت هەیە، کەوابوو: ئەگەر بوووە موسوڵمانیش زەکاتی ڕابردووی لەسەر نییە.

٢- کۆیلە (عبد) بووبێ زەکاتی لەسەر نییە چونکە خاوەن ماڵ نییە، ئەو خۆی و ماڵەکەی ی گەورەکەیەتی.

٣- موڵکی گشتی وەکو وەقفی مزگەوتەکان و قوتابخانەکان و (بیت المال)، بۆیێ زەکاتی تێدا نییە چونکە خاوەنی تایبەتی نییە و بە تەواوی موڵکی کەس نییە.

٤- منداڵ و شێت زەکات لە ماڵەکەیاندا واجبە، چونکە موسوڵمانن، بەڵام ئەبێ ئەو کەسەی بەخێویان ئەکات، زەکاتەکەیان بۆ بدات (عن ابن عباس -رضي الله عنهما-: قال النبی ﷺ: أخبرهم: أن الله قد فرض علیهم صدقة تؤخذ من أغنیائهم) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: خوای گەروە زەکاتی لەسەر موسوڵمانان واجب کردووە لە دەوڵەمەندەکانیان وەرئەگیرێ. لەو فەرموودەیە هیچ جیاوازی نەکردووە لە نێوان دەوڵەمەندی گەورە و منداڵ و شێت و عاقڵدا.

٥- ئەو ماڵەی لێی زەوت کراوە، یان بە قەرزی داوە بەڵام قەرزدارەکە ون بووە، یان نەیبوو بیداتەوە، یان لەبەر زۆرداری نایداتەوە، ئەو جۆرە کەسانە تا ماڵەکەی خۆیان دەست نەکەوێتەوە واجب نییە زەکاتەکە بدەن، جا ئەگەر دەستیان کەوتەوە، ئەبێت ئەو ساڵانەی کە زەکاتەکەیان نەدراوە، هەمووی بەیەکەوە بدرێت.
هەروەها ئەگەر مارەیی ژن گەیشتە ڕادەی زەکات، واجبە زەکاتی لێبدات، وەکو ئەو قەرزەی باسمان کرد.


سەرچاوەکان



2299 بینین