شەڕی چاڵدێران - 1514ز

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-31-16:09:00 - کۆدی بابەت: 3987
شەڕی چاڵدێران - 1514ز

ناوه‌ڕۆك

ململانێی عوسمانی – سەفەوی و کاریگەری لەسەر کورد

عوسمانییەکان لە دژی ئەو فراوانخوازییە وەستان کە شا عیسماعیل لە ناوچەکانی کوردستان و عێراق کردی، چونکە وەکو ئاشکرا بوو لەو کاتەدا عوسمانییەکان ئەو فراوان خوازییەیان بە دەست تێخستنی سنورەکانیان واتە (سنوری دەوڵەتی عوسمانی) دادەنا، جگە لەوەی کە سنوری کوردستان چێگر و ڕێک و پێک نەبوو. بەم جۆرە کێشەی سنور بووە هۆیەکی کاریگەر بۆ هەڵگیرساندنی شەڕو ناکۆکی لە نێوان عوسمانی و سەفەوی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەوانەی کە لە دەست دەسەڵاتی سوڵتان واتە سوڵتانی عوسمانی ڕایان دەکرد و پەنایان دەبردە بەر دەوڵەتی سەفەوی لە ڕێگای هاوبیرەکانییەوە کەوتنە هاندانی خەڵکی ئەنادۆڵ کە شۆڕش دژی عوسمانییەکان بەرپا بکەن.

کاتێ سوڵتانی عوسمانی (سوڵتان سەلیمی یەکەم) بەمەی زانی هەڵسا بە ڕاگواستنییان بۆ ئەوروپا لەوێ پرەش و بڵاوی کردنەوە.
هەروەها مەترسی بەرفراوانبوونی دەسەڵاتی سەفەوی هۆیەکی تر بوو کە پاڵی نا بە سوڵتانەوە تا لەشکرێکی گەورە بەرەو ئەنادۆڵ و کوردستان بنێرێت، ئینجا سوڵتان سەلیم هەلێکی باشی بۆ ڕەخسا کە زۆربەی میرنشینە کوردییەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت بۆ ئەوەی دژی شا ئیسماعیلی سەفەوی شەڕ بکەن.

شەڕی چاڵدێران

پاشان لە 23 ئابی 1514ز لە دۆڵی چاڵدێران کە دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژئاوای دەریاچەی ئورمییە شەڕی چاڵدێران لە نێوان لەشکری عوسمانی و سەفەوی دا ڕووی دا کە بە سەرکەوتنی عوسمانییەکان کۆتایی هات، ئەم شەڕە بە شەڕێکی مێژوویی گرنگ دادەنرێت، چونکە یەکەم شەڕ بوو لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا ڕووبدات و عوسمانییەکان توانییان سەفەوییەکان بە شکاوی ڕاوبنێن و شا ئیسماعیلی سەفەوی بە برینداری هەڵهات و تەورێزی پایتەختی دەوڵەتەکەی بەجێ هێشت و سوڵتان سەلیم داگیری کرد، پش ماوەیەک سوڵتان سەلیم تەورێزی بەجێ هێشت و گەڕایەوە بۆ ( ئەماسیە) لە ناوەڕاستی ئەنادۆڵ.

دوای گەڕانەوەی سوڵتان سەلیم بۆ ئەماسییە شا ئیسماعیلی سەفەوی گەڕایەوە تەورێز و دەستی کرد بە خۆ ئامادەکردن بۆ تۆڵەسەندنەوە لە عوسمانییەکان.

سەرکەوتنی عوسمانییەکان لە شەڕی چاڵدێران بەسەر سەفەوییەکاندا بە هاوکاری کوردەکان بوو، چونکە شا ئیسماعیلی سەفەوی خراپەی زۆری لەگەڵ کوردەکاندا کردبوو، لەبەر ئەوە کوردەکانیش لە ڕێگەی مەلا ئیدریسی بەدلیسیی یەوە پشتگیری دەوڵەتی عوسمانیان کرد دژ بە سەفەوییەکان. بەم شێوە عوسمانییەکان توانییان ناوچەیەکی زۆری کوردستان بخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە بە تایبەتی دوای ئەو لایەنگیرییەی کە پیشانییان دا بۆ دەوڵەتی عوسمانی، ئەم ناوچانە لە جیاتی داگیرکەری سەفەوی کەوتنە ژێر دەستی داگیرکەری عوسمانی تورک.

دەرەنجامەکانی شەڕی چاڵدێران(1514ز)

1- دابەشبونی کوردستان لەنێوان هەردوو دەوڵەتدا، بەشێکی کەوتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی سەفەوی (ئێرانی) و بەشەکەی دیکەی کەوتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی.
2- عوسمانییەکان بە هۆی داگیرکردنی بەشی زۆری کوردستان توانییان پارێزگاری لە سنووری ڕۆژهەڵاتی دەوڵەتەکەیان بکەن.
3- سەردەمێکی نوێ لە شەڕ و ناکۆکی لە نێوان دەوڵەتانی ئێران و دەوڵەتی عوسمانییدا دەستی پێکرد کە لەسەدەی شانزەهەمەوە بەو جۆرە مایەوە هەتا سەرەتاکانی سەدەی بیست.


سەرچاوەکان



3837 بینین