ڕاپەڕینی بەردەکی سەرا لە سلێمانی ١٩٣٠

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-31-00:50:00 - کۆدی بابەت: 3960
ڕاپەڕینی بەردەکی سەرا لە سلێمانی ١٩٣٠

ناوه‌ڕۆك

ڕاپەڕینی بەردەکی سەرا

لە ٦ ئەیلوول ی ١٩٣٠ لە بەردەرکی سەرای حکومەت لە سلێمانی ڕاپەڕینێکی جەماوەری هەڵگیرسا کە تیایدا بە یەکەمجار بوو خوێندەواران و ڕۆشنبیران (مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان) شانبەشانی پیاوماقوڵان و کاسبکاران و بازرگان و جووتیاران و کرێکاران جڵەوی سەرکردایەتی ڕاپەڕینەکە بگرە دەست و بەشداری تێدا بکەن. 

هۆکارەکانی ڕاپەڕینەكە

گرنگترین هۆکارەکانی بریتیبوون لە:

١. پەیمانی عێراق، بەریتانی ساڵی ١٩٣٠ هیچ بەندێکی لە بارەی کورد و مافەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان تێدا نەبوو.
٢. ئەو کاتەی سیاسەتمەنداران ڕۆشنبیرانی عەرەب لە عێراق رێگەیان پێدرابوو پارت و رێکخراو و کۆمەڵەی سیاسی دابمەزرێنن، بەڵام لەو مافە بێبەش کرابوو.
٣. نائومێدبوونی کورد لەوەی کە مافەکانیان لە چوارچێوەی عێراق دا یان لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە دابین بکرێت.
٤. ئارەزووی کورد بۆ سەربەخۆیی و بەرێوەبردنی کوردستان لەلایەن کورد خۆیەوە بۆ نموونە لەو گەشتەی کە وەفدێکی حکومەتی عێراقی بۆ شارەکانی (کەرکووک و هەولێر و سلێمانی) کردی و لەگەڵ پیاوماقوڵان و نوێنەرانی شارەکان کۆبوونەوە بۆیان دەرکەوت کە خەڵکی کوردستان دەیانەوێ سەربەخۆ بن و لە عێراق جیاببنەوە.

٥. لادانی تۆفیق وەهبی لە پۆستی موتەسەریف (پارێزگار)ـی سلێمانی کە کەسێکی نیشتیمان پەروەرێکی ناودار و کورد پەروەرێکی تێکۆشەر بوو.

ڕۆژی ٦ ئەیلوول کە بڕیار بوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت، خۆپێشاندەران لەبەردەم دەرکی سەرا کۆبونەوە (فایەق بێکەس)ـی شاعیر و نیشتیمان پەروەر لە ڕیزی پێشەوەی ئەو کەسانەبوو کە قوتابیانی کۆکردبۆوە و دواتریش چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تریش هاتنە ڕیزی خۆپێشاندەران گەیشتە (٢ تا ٣) هەزار کەس. حکومەت بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکە هێزێکی ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کرد، ئەم هێزە کەوتنە گوللەبارانکردنی خەڵکەکە و ژمارەیەکیان لێکوشتن و ژمارەیەکیشیان بریندار کرد. 

ئەمرۆژە هەستی زۆر لە شاعیرانی کوردی ئەو سەردەمە جوڵاند بە تایبەتی (پیرەمێرد، حەمدی، بێکەس، گۆران، ئەخۆل) کە چەندین هۆنراوەیان بۆ هۆنیەوەتەوە و بە (ڕۆژە ڕەشەکە) ناویان بردووە.

نیشانەكانی راپەڕین

ئەم ڕاپەڕینە چەند نیشانەیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو کە جیای دەکاتەوە لە شۆرش و ڕاپەڕینەکانی پێش خۆی لەوانە:

١. لە جیاتی شێخ و سەرۆک عەشیرەت و دەرەبەگە گەورەکان، ئەمجارەیان ڕۆشنبیران (مامۆستایان، فەرمانبەران، قوتابیان و پیاوماقوڵان و کاسبکاران و بازرگانەکان) سەرکردایەتی ڕاپەڕینەکەیان دەکرد.
٢. بەر لە شەڕ و بەیەکدادانی سەربازی، کاری سیاسی ئاشتیانە و شێوازی دبلۆماسیانە تاقیکرایەوە، وەک (خۆپیشاندان، مانگرتن، نووسین و یاداشت و داواکردنی گفتوگۆ).
٣. لە نێو ئەو یاداشتانەی بۆ کۆمەڵەی گەلان بەرزکرانەوە، ژنانی کورد ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی بۆ داواکردنی مافەکانی کورد. یاداشتەکەی حەپسەخانی نەقیب نموونەی ئەو ڕاستیەیە. 
٤. لە جیاتی ناوچە شاخاوییە سەختەکان، ئەمجارە ناوەندی شارەکان (قوتابخانە و بازار و دامودەزگا حکومییەکان) کرانە مەڵبەندی چالاکی شۆرشگێرانە و ڕاپەڕین، تا ئەو کاتەی شێخ مەحموود لە گوندی پیران لەسەر سنووری عێراق – ئێران نیشتەجێ بوو، دوای ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرا. ژمارەیەک لە کەس و کاری قوربانیانی ڕاپەڕینەکە چوونە لای شێخ و داوای لێکرد تۆڵەیان بۆ بستێنێتەوە، هەروەها ژمارەیەکیش لە خەڵک لە نێویاندا ئەفسەران و ڕووناکبیرانیش هەبوون پشتگیری  و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ سەرلەنوێ دەست پێکردنەوەی شۆڕش.

یاداشتنامەی شێخ

شێخ مەحمود یەکسەر دەستی نەدایە چەک، سەرەتا چەند برووسکە و یاداشتێکی ئاراستەی کاربەدەستانی حکومەتی عێراقی و مەندوبی سامی بەریتانی لە بەغدا و کۆمەڵەی گەلان کرد. لەو یاداشتانەدا شێخ کوشتارەکەی بەردەرکی سەرا و دەستگیرکردنی ڕۆشبیران و پیاوماقولانی کورد و ڕەفتاری خراپی سەرانی حکومەتی عێراقی ڕوون کردبۆوە. هەروەها داوایکرد بوو کە پێویستە حکومەت سەرجەم دەزگا مەدەنی و سیاسییە عەرەبییەکانی لە کوردستان هەر لە زاخۆ و تا خانەقین بکێشێتەوە و دامودەزگای کوردی لەو ناوچانەدا دابمەزرێنن جا لە ژێر سەرپەرشتی هەر دەوڵەتێکی گەورەی تر کە کۆمەڵەی گەلان دەست نیشانی بکات. کە شێخ مەحموود وەڵامی نەدرایەوە دەستی بەسەر بەشێکی زۆری ناوچەکانی سلێمانی دا گرت، ئینجا بۆ ئازادکردنی کەرکووک بەرە و گەرمیان پێشڕەویان کرد. سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٣١ز لە ئاوباریک شەڕ لە نێوان هێزەکانی شێخ و لەشکری عێراقی ڕوویدا. لەم شەڕەدا هێزی ئاسمانی بەریتانی و هێزەکانی پیادە و سوارەی حکومەت و هێزەکانی (لیڤی) بەشداریانکرد. دوای ئەوەی شێخ مەحموود شکستی خوارد جارێکی تر ڕوویکردەوە سەر سنووری ئێران، بەڵام ئەمجارەیان حکومەتی ڕەزا شای پەهلەوی بەپێی ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٢٩ ز لەگەڵ حکومەتی پاشایەتی عێراق ڕێکەوتبوو لەسەر لێدانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، بۆیە شێخ بەناچاری لە ١٣ مایسی ١٩٣١ز خۆیدا بە دەستەوە و بەدەست بەسەری نێردرا بۆ (سەماوە) لە باشووری عێراق. بەمەش جووڵانەوە سیاسییەکانی شێخ مەحموود کۆتاییان پێهات.


سەرچاوەکان



2802 بینین