شۆڕشی ئاگری داخ (ئارارات) ١٩٢٧-١٩٣١ز

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-31-00:30:00 - کۆدی بابەت: 3958
شۆڕشی ئاگری داخ (ئارارات) ١٩٢٧-١٩٣١ز

ناوه‌ڕۆك

شۆڕشی ئاگری داخ

پاش سەرکوتکردنی شۆرشەکەی شێخ سەعیدی پیران، کەمالییەکان توندتر لە جاران دەستیان دایە سیاسەتی ڕاگواستن و بەزۆرکردن بە تورک و تواندنەوەی کورد. بۆیە ڕۆشنبیران و نیشتیمانپەروەرانی کورد بە  یەکخستنی دەنگیان و وەستانەوە لەبەرامبەر ئەو سیاسەتە پڕ لە ستەمە نەتەوەییی کەمالییەکان، ساڵی ١٩٢٧ لە ناوچەی (بیحەمدون) لە لوبنان کۆنگرەیان بەست و تیایدا بڕیاری دامەزراندنی کۆمەڵەی (خۆیبوون) درا. خۆویبوون بڕیاریدا چیای ئاگری داغ لە باکووری کوردستان بکرێتە مەڵبەندی هەڵگیرسانی شۆرش دژی کەمالییەلان و سەرکردایەتی شۆرشەکەش بە جەنەڕاڵ ئیحسان نوری پاشا سپێردرا، کە ئەفسەرێکی کورد بوو لە سوپای عوسمانی خەڵکی شاری بەدیلس بوو. لە ٢٨ تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٢٧ دا سەربەخۆیی کوردستان لە چیای (ئاگری داغ)ـەوە ڕاگەیاندراو ئاڵای کوردستان هەڵکرا، دوای ئەوەی پارتیزانەکانی کورد بە سەرۆکایەتی ئیحسان نوری پاشا توانیان ناوچەکە ئازاد بکەن، لە سەربازی تورک. دواتر هێزەکانی تورک لە هەموو لایەکەوە پەلاماری ئەو ناوچە سەختەی کوردستانیدا، بەڵام کوردەکان زەبرێکی کوشندەیان لێوەشاندن و زیانی سەدەها کوژراو بریندار و دیلیان لێدان، وێڕای خستنە خوارەوەی (١٢) فڕۆکەی جەنگی، دەست بەسەرداگرتنی (٦٠) ڕەشاش و (٦٠) تۆپ و (٥٠) مەترە لۆز و (١٥٠) چادر و (٣) هەزار تفەنگ و (٥٠) بار ئازووقە، زیاتر لە (٤) هەزار سەبازیش لە ڕیزەکانی سوپای تورکیادا ڕایانکرد. بەمجۆرە ناوچەیەکی فراوان لە (وان و ئاگری و ئیغیدیر و بایەزید و قارس و موش) کەوتە دەست شۆرشگێڕان.

بەرپەرچدانەوە

کاتێک حکوومەتی تورکیا سەیری کرد بینی تەنها دوو فەیلەقی (٨،٧) و پاشماوەی چەند فەیلەقێکی تر لە ناوچەکە مابوونەوە بۆیە بڕیاریدا. لە دایکبووانی ساڵانی (١٩٠١-١٩٠٦) بۆ خزمەتی سەربازی بانگێشت بکات، هەروەها تورکەکان ڕایانگەیاند کە ئەم ‌هێزانەیان بۆ لێدانی دز و چەتە و ڕێگرەکانە لە دیوی سنووری ئێرانەوە دزەیان کردووە و هاتونەتە نێو سنووری تورکیا. دوای ئەوەی هێرشێکی بەربڵاوی تورک دەستی پێکرد، هەرچی گوند و کێڵگەی کشتووکاڵی هاتە سەر ڕێیان ئاگریان تێبەردا و سووتاندیان، بەڵام بەمەش نەیانتوانی بەسەر شۆرشگێڕاندا زاڵ بن. بۆیە دواجار کەمالییەکان پەنایان بردە بەر حکومەتی ڕەزا شای پەهلەوی لە ئێران و ئەویش ڕەزامەندی خۆی لەسەر بەکارهێنانی خاکی ئێران لەلایەن تورکەکانەوە پیشاندا بۆ لێدان و گەمارۆدانی شۆرشگێڕان، بەمجۆرە دوای شەڕێکی نابەرامبەر دەستەویەخە، هێزەکانی تورک لە هەموو لایەکەوە گەمارۆی بنکەی شۆرشگێرانیان لە چیای (ئاگری داغ)دا و داگیریان کردەوە و خەڵکێکی زۆریشیان کوشت.

 


سەرچاوەکان



2095 بینین