بەکافرکردن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-30-00:29:00 - کۆدی بابەت: 3925
بەکافرکردن

ناوه‌ڕۆك

هەندێک بۆچوونی دژ بە بنەماکانی گفتوگۆ

هەروەک باسمان کرد لەگەڵ ئەوەشدا کە گفتوگۆ بەهایەکی ئیسلامی و شارستانییە، وە ڕێگەی سەرکەوتنی گەلانی مسوڵمان و سەرجەم گەلانی دونیایە بەرەو لوتکەی شارستانی و پێشکەوتن بەڵام سەرەڕای ئەوە بەهۆی خراپ تێگەیشتن لە ئیسلام و هەندێک دەقی قورئان و فەرموودە، کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان و زۆرداری سیستمی سیاسی لە چەندین وڵاتی ئیسلامیدا و دواکەوتووی بیرەوە، چەندین بیروڕا و بۆچونی نامۆ و بە گیانی ئیسلام و بنەماکانی گفتوگۆ، لەناو بەشێک لە مسوڵماناندا بڵاوبۆتەوە، زیانێکی گەورەشیان لە کۆمەڵگاکانیان و ئیسلامیش داوە، کە ئەو بۆچونانەش لە بیروباوەڕی، بە کافرکردنی خەڵک و توندڕەویدا بەرجەستە دەبن و ئێمەش لە خوارەوە بەکورتی ئاماژەیان پێ دەکەین.

بەکافرکردن

بەکافرکردن (تکفیر) مسوڵمانان بە یەکێک لە مەسەلە مەترسیدارەکان دادەنرێت و بیرکردنەوەیەکی لەم جۆرەش جگە لەوەی لەگەڵ بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا ناگونجێت، پێچەوانەی گیانی گفتوگۆیە.

واتای بەکافرکردن

بەکافرکردن واتە دابڕینی ئاوەڵناوی (کفر) بەسەر مسوڵمانێکدا شایەتی هێنابێت، لەسەر بناغەی بیروباوەڕێک، وتەیەک یاخود کردارێک کە لێوەی دەبینرێت و دەردەچێت.

حوکمی بەکافرکردنی مسوڵمان لە ئیسلامدا

هەروەک گوتمان ئیسلام بیری بەکافرکردنی مسوڵمان ڕەتدەکاتەوە و لە چەندین ئایەت و فەرموودەشدا ئەم قەدەغەکردنە بەجوانی بەرجەستە بووە و باس کراوە:
١. خودای گەورە دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا ضَرَبْتُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ فَتَبَيَّنُوا وَلَا تَقُولُوا لِمَنْ أَلْقَىٰ إِلَيْكُمُ السَّلَامَ لَسْتَ مُؤْمِنًا تَبْتَغُونَ عَرَضَ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا ...) النساء:٩٤، واتە: ئەی باوەڕداران کاتێک چوون بۆ جەنگ لەپێناو خودادا شتەکان لەیەکدی جیابکەنەوە و بەرچاوڕوونانە مامەڵە بکەن، یەکێک لە مەیدانی جەنگدا سەلامی لێکردن ئێوە تۆمەتباری مەکەن بەوەی لە ترساندا ئەوە دەکات و ڕاست ناکات و باوەڕدار نییە، ئایا ئێوە بەدوای دەستکەوتی دونیاییەوەن (یاخود ڕێنوێنی کردنی خەڵک) لەم ئایەتەدا خودای گەورە ڕێنوێنی باوەڕداران دەکات هەرکەسێک خۆی بە مسوڵمان دانا و مسوڵمانبوونی خۆی ئاشکرا کرد ئاوەڵناوی کوفری مەخەنە شوێن و بە کافری دامەنێن.

٢. پێغەمبەر (دخ) لە فەرموودەیەکدا و بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی مسوڵمانان بۆ خۆپاراستن لە تاوانی بەکافر دانانی مسوڵمان دەفەرموێت: (من رمی مؤمنا بکفر فهو کقلتە) واتە: هەرکەسێک تۆمەتی کوفر بداتە پاڵ باوەڕدارێک وەک ئەوە وایە کوشتبێتی، کە ئەوەش بەڵگەیە لەسەر گەورەیی بە کافردانانی مسوڵمانێک.
لە سۆنگەی شوێنکەوتنی ئاینی ئیسلام و دەستگرتن بە ڕێنوێنیەکانی پێغەمبەری ئیسلامیشەوە (دخ) هاوەڵانی پێغەمبەر خۆیان دەبوارد لە بەکافردانان و بە فاسق دانانی مسوڵمانان و هەموو ئەوانەی کەعبە بە قیبلەی خۆیان دەزانن، لە ئەبو سوفیانەوە دەگێڕینەوە گوتویەتی: بە (جابری کوڕی عبداللەم)ـم گوت: ئایا ئێوە بە هیچ کەسێکتان لەوانەی ڕوودەکەنە قیبلە و مسوڵمانن گوتووە کافر؟ گوتی: نەخێر، گوتم ئەی پێتان وتووە هاوبەشی بۆ خودا پەیداکەر (مشرک)؟ گوتی: پەنا دەگرم بە خودا.

مەترسیەکانی بەکافرکردن

بەکافرکردن چەندین ئاسەواری خراپی لێدەکەوێتەوە هەر بۆیە ئیسلام قەدەغەی کردووە، لەو ئاسەوارانەش:

١. پارچە پارچە کردنی کۆمەڵگەیەکی مسوڵمان لەڕێی ئاژاوە و فیتنەنانەوە و بڵاوکردنەوەی بەغز و کینە و تەنانەت هەندێک جار کوشتن و تیرۆر و خوێنڕشتنیشەوە، لەکاتێکدا ئیسلام نەهی کردووە لە فیتنە و بەغز و ڕق و کینە.

٢. لاوازکردنی ئازادی بیروڕا بەتایبەتیش بۆ زانا بیرمەندەکان، لەترسی تۆمەتی بە کافردانان، ئەمەش وا دەکات هەندێک خەڵکی نەزان و کەم شارەزا لە ئیسلام بکەونە فتوادان و گومڕاکردنی خەڵک.


سەرچاوەکان



422 بینین