شۆڕشی سمکۆی شکاک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-29-23:28:00 - کۆدی بابەت: 3921
شۆڕشی سمکۆی شکاک

ناوه‌ڕۆك

سمكۆی شكاك كێبوو؟

ئیسماعیل ئاغا (سمکۆی شکاک) لە دوای مردنی باوکییەوە بوو بە سەرۆک عەشرەتی شکاک. یەکێکە لە ناسراوترین ئەو سەرکردە کوردانەی کە پێش جەنگی یەکەمی جیهان دژی دەسڵاتی قاجاری لە ئێران جەنگاوە و لە ساڵانی دوای جەنگیش لە خەباتێکی بێوچان دا بووە بۆ بە دیهێنانی مافەکانی کورد لە خۆرهەڵاتی کورد دەسەڵاتی سمکۆ لە ناوچەکانی ئاوەی دەریاچەی ئورمیە (مەڵبەندی سەرەکی عەشرەتی شکاک) فراوان بوو، هەروەها شێخ عەبدولسەلام بارزانیش کە لەدەست عوسمانییەکان ڕایکردبوو، ماوەیەک لە نێو ئەم عەشیرەتە مایەوە و دواتریش لەگەل سمکۆی شکاک چوون بۆ دیدەنی جێگەری کۆنسوڵی ڕوسییا لە قەفقاس تا داوای پشتیوانی و کۆمەکی بۆ بزووتنەوەی کوردی لێبکەن، جگە لەمانە سمکۆ کچێکی (شێخ محەمەد سدیق)ـی هێنابوو، شێخ محەمەد سدیق کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و باوکی (سەید تەها) بوو، کە یەکێکە لە سیاسەتمەندار و شۆرشگێرەکانی ئەو سەردەمە بوو، ئەم خزماییەتییە هاوکاری نێوان بنەماڵەی شەمزینان بە تایبەی سەید تەها و سمکۆی شکاک پتەوتردەکرد. لە ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهان دا، ناوچەی دەسەڵاتی سمکۆ کەوتە بەر شاڵاوی عوسمانییەکان، بەڵام کاتێک ڕووسەکان عووسمانییەکانیان تێکشکان ژمارەیەکی زۆری سەربازە کوردەکانی ناو سوپای عوسمانی بە خۆیان و چەکەکانیانەوە پەیوەندیان بە سمکۆی شکاکەوە کرد و هاتنە ڕیزی لەشکرەکەیەوە بەهەڵگیرسانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ز و پاشەکشەی هێزەکانی ڕووس لە ناوچەکە،

شۆڕشەكەی چۆن بوو؟

بەدەست بەسەرداگرتنی بەسەر ناوچەی تردا دەسەڵاتی سمکۆی شکاک فراوانتر بوو. دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش جێنشینی والی ئازەرباینجان لە تەبرێز پیلانێکی بۆ کوشتنی سمکۆ داڕشت، هەرچەندە سمکۆ لە پیلانەکە ڕزگاری بوو، بەڵام برایەکی و چەند کەسێکی تر لە ناوچوون و شەهید کران، ئەم کارە زیاتر سمکۆی شکاکی ڕق ئەستوور کرد لە بەرامبەر عەجەمەکان، چونکە ساڵێک پێش شۆڕش دەستووری ئێران (نیزام سەلتەنە)ـی والی ئازەرباینجان لە تەبرێز بە ناوی دەعوەتەوە (جەعفەر ئاغا)ـی برای گەورەی سمکۆی شکاک و دوو هاوڕێی کۆشت دوای ئەوەی سمکۆ بۆی دەرکەوت قاجارییەکان دەست لە پیلان گێران و دووژمنایەتی هەڵناگرن کەتن و هاندانی کورد بۆ ڕاپەڕین و شۆرش لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی. سمکۆی شکاک شآرەکانی (خانە، شنۆ، نەغەدە، بۆکان، مەهاباد، میاندواو، سەردەشت)ـی ڕزگارکرد، هەروەها جگە لە ڕزگارکردنی شارەکانی (خوی، سەلماس، ماکۆ) گەمارۆی شاری (ئورمیە)ـیشی دا، دوای گەمارۆیەکی ٢٥ ڕۆژی هێزەکانی کورد بەشێکی شارەکەیان ئازاد کرد، بەڵام ئینگلیزەکان و ئەمریکیەکان بەهانای حاکمی شارەکەوە هاتن و نەیانهێشت تەواوی شارەکە بکەوێتە دەست سمکۆی شکاک.

لەم ماوەیەدا سمکۆی شکاک هەوڵیدا پشتگیری دەوڵەتە گەورەکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات، سەید تەهای نارد بۆ بەغداد بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بەریتانیا، سمکۆی شکاک خۆیشی نامەیەکی بۆ (ویلسن) حاکمی سیاسی بەریتانیای لە عێراق نارد، بەڵام ئەم هەوڵانە سەریان نەگرت. بۆیە ئەمجارە پەیوەندی بەکەمالیەکانەوە کرد کە تازە خەریکی چالاکییەکانیان بوون لە کوردستان. لەم کاتەنەدا ڕەزا شای پەهلەوی هاتە سەر حوکم و کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی قاجارییەکان هێنا، ڕەزاشا بە پشتیوانی وڵاتانی گەورەی دونیا توانی لە ماوەیەکی کورتدا دەسەڵات بەسەرتاسەری ئێراندا بەسەپێنێتەوە. جگە لە چەند ناوچەیەکی کوردستان کە یەکێک لەوانە ناوچەی دەسەڵاتی سمکۆی شکاک بوو. ڕەزاشا هێزێکی گەورەی لە تەبرێزەوە ناردە سەر سمکۆ، بەڵام بە هاوکاری هۆزەکانی کورد توانی زەبرێکی کوشندەیان لێبدات.

بەمەش ناوچەی دەسەڵاتی سمکۆ بۆ دەوروبەری (سنە) فراوانبوو سمکۆ توانی بۆ ماوەی چوارساڵ لەبەرامبەر هێرش و پەلامارەکانی ڕەزا شادا خۆی ڕابگرێت و لە زۆربەی شەڕەکاندا سەرکەوتووبوو بۆ ئازادکردنی شاری سنە سمکۆ پەیوەندی بە (مەحموود خانی کانی سانان) و (مەحمەد خانی دزڵی) و (سەردار رەشید)ـەوە كرد، هەموو لە لایەک بۆ ئەم مەبەستە هاو هەڵوێست بوون، بەڵآم پەلاماری لەناکاوی ‌هێزەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی عەشیرەتی شکاک، ڕێگای ڕزگاریکردنی سنە و ناوچەکانی بآشووری لە سمکۆ گرتم ئەمە و وێڕای ئەوەی عەشیرەتەکانی (لوڕستان)ـیش ئامادەییان نیشاندابوو بۆ هاتنە ڕیزی بزووتنەوەکەی سمکۆ و کوردانی بندەستی عێراق و تورکیاش پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ سمکۆ دامەزراند بوو. لە هاوینی ساڵی ١٩٢٢ز شەری گەورەی شەرکەیازی لە نێوان هێزەکانی سمکۆی شکاک و سوپای ئێران دا هەڵگیرسا، هەرچەندە کوردەکان بۆ ماوەیەک خۆیان ڕاگرت، بەڵام لە کۆتاییدا هێزەکانی سمکۆی شکاک شکستیان خوارد و ناوچەکەیان دەستی بەسەرداگیرا. سمکۆ پەنای بردە بەر تورکیا و لە ئەنجامی پەلاماری تورکەکانیش ژنەکەی کوژرا و کوڕێکی بەدیل گیرا، بۆیە ئەمجارە سمکۆ ڕوویکردە باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٢٣ز لەلایەن شێخ مەحموودەوە پێشوازییەکی شاهانەی لێکرا.

سمکۆ لەسەر داوای ئینگلیزەکان بڕیاریدا بگەڕێتەوە خۆرهەڵاتی کوردستان بەو پێ یەی ئینگلیز داوای لەدەسەڵاتدارانی ئێران کردووە لە سمکۆ خۆشبن پاش ئەوەی سمکۆ لە هاوکاری ئینگلیز و تورکە کەمالییەکان بێ ئومێد بوو، ئەمریکاش نەیدەویست تەرازووی هێزەکان لە ناوچەکە تێک بچێت بۆیە ئەم جارە سمکۆی شکاک ویستی هاوکاری ئەکێتی سۆڤیەت مسۆگەر بکات، بەڵام ئەمەشی بۆ جێبەجێ نەبوو، چونکە سۆڤیەت رێککەوتننامەی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ هەردوو ڕژێمی ڕەزاشای پەهلەوی و مستەفا کەمال ئەتاتورک مۆرکردبوو. بۆیە سەرئەنجام لەسەر داواکەی ئینگلیز دەگەرێتەوە بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان. بەڵام کاتێک ڕەزا شا نیازی پاک نییە لە ساڵی ١٩٢٥ ز و لە ژێر کاریگەری شۆرشەکەی شێخ سەعیدی پیران کە لە باکووری کوردستان دژی کەمالییەکان هەڵگیرسا، دەستدەکاتەوە بە شۆڕش، بەڵام ئەم جارەش ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە و پەراگەندەی سنوورەکانی تورکیا و عێراق و ئێران دەبێت تا لە ساڵی ١٩٣٠ ز ئەو کاتەی پەیامێکی لێبووردنی لە تەبرێزەوە پیدەگات، وێڕای بڕیاری دانانی بە حاکمی ناوچەی شنۆ. سمکۆی شکاک کەوتە هەڵەیەکی سیاسی گەورەوە کە بڕوای بەم بەڵێنی لێبووردنە کرد، چونکە هەر ئەمساڵە بەهەمان شیوەی جەعفەر ئاغای برای بە پلانێکی دارێژراو کوژرا. بە کۆتایی ژیانیشی کۆتایی بە جوڵانەوە سیاسیەکانی هات.


سەرچاوەکان



3121 بینین