کفن کردن

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-29-23:39:00 - کۆدی بابەت: 3920
کفن کردن

ناوه‌ڕۆك

باسی کفن کردن

بزانە ئەگەر مردووەکە ماڵی خۆی نەبوو، ئەوە تەنها یەک پارچە کفن واجبە کە هەموو لەشی دابپۆشێ، جا خزمی خۆی بۆی بکات، یان کەسێکی تر، بەڵام خێریان ئەگاتێ هەر سێ پارچەی بۆ تەواو بکەن. واجبە مردوو کفن بکرێت لەناو سێ پارچە جلدا، ئەگەر ماڵی خۆی هەبوو، سوننەتە ئەو سێ پارچانە سپی بن، سوننەتە ئەو سێ پارچانە نەکرێنە کراس، وە نەیشکرێنە مێزەر، یان لەچەک، بەڵکو هەرسێکیان یەکە یەکە لە مردووەکە بپێچرێن (عن عائشة رضي اللَّه عنها قالت: كُفِّنَ رسول اللَّه ﷺ في ثلاثةِ أَثْوَابٍ بيضٍ سَحُوليَّةٍ مِنْ كُرْسُفٍ، لَيْسَ فيهَا قَمِيصٌ وَلا عِمامَةٌ) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ لەناو سێ پارچە جلی سپیدا کفن کرا، هیچیان لەو سێ جلانە نەکرانە کراس و مێزەر. ئەگەر مردووەکە میراتگری یەتیم و شێتی نەبوو، دروستە پێنج پارچە کفنی بۆ بکرێن، جا ئەگەر پیاو بوو، چوارەمیان ئەکرێتە مێزەر و پێنجەمیان ئەکرێتە کراسێک لە شانییەوە تا قاچی. وە ئەگەر ئافرەت بوو، سێیەمیان ئەکرێتە لەچکە و چوارەمیان ئەکرێتە پەشتەماڵی نێوان ناووک و ئەژنۆ و پێنجەمیان ئەکرێتە کراس. ئەگەر کەسێک لە ئیحرامی حەج و عەمرەدا مرد، ئەوە ئەگەر پیاو بوو، نابێ سەری دابپۆشرێ و ئەگەر ئافرەت بوو، نابێ ڕوخساری دابپۆشرێ. هەر جۆرە جلێک هەبێت و هەر ڕەنگێک هەبێ، دروستە بکرێتە کفن، جا ئەگەر هیچ جل دەستنەکەوت، ئەو کاتە نایلۆن و شتی وەک پێستە دروستە، جا ئەگەر ئەمەیش نەبوو، ئەبێ بە ووش و گیا کفن بکرێت، جا ئەگەر نەبوو، ئەو کاتە قوڕ لە لاشەی ئەدرێت (عن خطاب رضي الله عنه: استشهد مصعب ولم یترک إلا ثوبا: کانوا إذا غطوا به رأسه خرجت رجلاه، وإذا غطی به رجلاه خرج رأسه، فقال ﷺ: غطوا رأسه واجعلوا علی رجلیه الإذخر) رواه الترمذي، مصعبی کوڕی عمیر لە غەزای أحد شەهید بوو، تەنها یەک پارچە جلی هەبوو، ئەگەر سەریان داپۆشیبایە قاچی دەرئەکەوت، ئەگەر قاچیان داپۆشیبا سەری دەرئەکەوت، جا پێغەمبەر ﷺ فەرمووی سەری بە جلەکە دابپۆشن و قەچەکانیشی بەو گیایە دابپۆشن کە ناوی ئیزخیرە.


سەرچاوەکان



1549 بینین