ناوهڕۆك
ڕاپەڕینی ١٩٥٢ لە عێراق و رۆڵی کورد تیایدا
کۆمەڵێک هۆکار هانی گەلی عێراقیدا بۆ ئەم ڕاپەڕینە، لەوانە سەرکەوتنە گەورەکەی گەل بوو لە ڕاپەڕینەکەی کانوونی ١٩٤٨، سیاسەتی دەمکوتکردن و نەهێشتنی سەربەستی و باری ئابووری شڕ و گوزەران خراپی خەڵک لەلایەکەوە و ڕووداوەکانی ناوچە عەرەبییەکان لەلایەکی ترەوە وەکو سەرکەوتنی شۆرشی ٢٣ی تەمووزی ١٩٥٢ لە میسر و لەناوبردنی ڕژێمی مەلیکی و بڕیاردانی کۆماری بەسەرکردایەتی (جەمال عبدالناصر)، ڕاپەڕینی گەلی عەرەبی لوبنان و ڕووخاندنی حکومەتی (بشار الخوری) لەهەمان ساڵدا، سەر لە نوێ چالاکی جەماوەر کەوتەوە گوڕ.
داواكاری بزوتنەوەی نیشتمانی لە حكومەت
بزووتنەوەی نیشتیمانی داوای لە حکومەت کرد چەند چاکسازییەک بکات وەکو:
• هەڵبژاردنێکی گشتی و خێرا.
• پاککردنەوەی دەزگاکانی دەوڵەت.
• سنووردارکردنی خاوەندارێتی زەوی.
• چەک داماڵین لە عەشیرەتەکان.
• داشکاندنی نرخی شتومەکی بەکاربردن.
• چاوگێرانەوە بەدەستوور و سنووردارکردنی دەسەڵاتی مەلیک و لابردنی پەیمانی ١٩٣٠.
ڕاپەڕین چۆن بوو؟
بەڵام (عەبدولئیلا)ـی وەصی ئەم داخوازییانەی گەلی ڕەت کردەوە، چونکە هەڕەشەیان لە بەرژەوەندی خۆی و ئاغا و دارودەستەکەی دەکرد. مانگرتنی قوتابیانی زانستگای دەرمانسازی و کیماگەری لە بەغداد بوو بە پریشک و ئاگری ڕاپەڕینەکەی هەڵگیرساند. قوتابیان لە خانووی زانستگەکەدا خۆیان قایم کرد. بۆ بێزاری دەربڕین بەرامبەر دەستکارییەکی ستەمکارانەی پەیڕەوی زانستگەکە کە زیانی بە مافی قوتابیان دەگەیاند. خۆپیشاندەران بە شەقامەکانی بەغداد وەربوون و خۆپیشاندەرەکان بەرەنگاری هێزی حکوومەت بوون و ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەران و ڕۆڵەی گەل بریندار و شەهید بوون. هەروەها لە خۆپیشاندانەکان دا خوێندکارە کوردەکانی زانکۆی بەغداد ڕۆڵێکی بەرچاویان تیا بینی. پاش ئەوەی ڕاپەرینەکە هەموو جەماوەری گەلی عێراقی گرتەوە، حکومەت جڵەوی لەدەست چوو، مصطفی العمري وازی لە کارهێنا و دوابەدوای ئەو سوپا هاتنە سەر شەقام و لایەنگری داخوازییەکانی گەلی کرد. پاشان ئەرکانی سوپا نورالدین محمود بەیاننامەیەکی دەرکرد و بڵاوی کردەوە کەوا وەزارەتێکی نوێ بەسەرۆکایەتی خۆی پێکهێنا و داخوازییەکانی گەل بەدی دەهێنێ، بەڵام ئەمە پیلانێک بوو بۆ لەناوبردن و پووچەڵکردنەوەی ڕاپەڕینەکە، چونکە نورالدین محموود حوکمی عورفی بڕیاڕی دا خوێندنی قوتابخانە و زانستگەکانی ڕاگرت، سەرکردەکانی بزووتنەوەی نیشتیمانی لە بەندیخانە توند کرد و حزبەکانی داخست. لە پاش لابردنی حوکمی عورفی، حیزبی شیوعی بەجۆرێکی باش و چالاک خۆی کۆکردەوە لە تشرینی دووەمی سالی ١٩٥٢دا سەرکردایەتی ڕاپەڕینێکی تری کرد کە دوو وەزارەتی بە دوای یەکدا ڕووخاند، پەرلەمانیشی هەڵوەشاندەوە، ئەو ڕاپەڕینەش یەکێک لەو هۆیانە بوون کە حکومەتی ناچار کرد بڕیاری هەڵبژاردنی نوێ بدات و ڕێگای حزبە خاوەن موڵەتدراوەکانیش بدات بەشداری تیادا بکەن.