مەرجەکانی بەتاڵبوونەوەی ڕۆژوو

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-26-23:03:00 - کۆدی بابەت: 3752
مەرجەکانی بەتاڵبوونەوەی ڕۆژوو

ناوه‌ڕۆك

بەتاڵبوونەوەی ڕۆژوو

ئەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ ئەکەنەوە، دە مەرجن، هەر یەکێک لەو دەیانە ڕوویدا، ئەبێ ڕۆژووەکەی قەزا بکاتەوە:

1- گەیاندنی شتێکە بە قەسدی بۆ ناو بۆشایی لەش، وەک: سینگ و زگ و میزدانە، یان بۆشاییەکانی سەری وەک: گەروو لووت و گوێ و ناو مێشکدان، ئینجا ئەو شتە خواردن و خواردنەوە بێ، یان دەرمان بێ، یان شتێکی تر بێ وەک: قووتدانی دوکەڵی جگەرە و، تێنانی پەنجەی دەست و داروچکە... هتد.
بەڵام ئەگەر یەکێکی لەوانە بە هەڵە کرد، یان بە زۆر پێیان کرد، یان لەبیری چووبوو کە بەڕۆژووە، ئەوە ڕۆژووەکەی بەتاڵ نابێ و قەزاکردنەوەی ناوێ (عن أبي هريرة رضي الله عنه قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: مَن نسِي وهو صائم فأكَل أو شرِب، فليُتِمَّ صومه، فإنما أطعَمه الله وسقاه) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کەسێک لە بیری چوو کە بەڕۆژووە و شتێکی خوارد، یان شتێکی خواردەوە، با ڕۆژووەکەی تەواو بکا، چونکە خوای گەورە ئەو خواردن و خواردنەوەی داوەتێ.

(ئاگاداری): مەرجە شتەکە لە کونێکی کراوەڕا بچێتە ناو بۆشایی، کەواتە: هەر شتێک لە ڕێگای دەمارەوە، یان لە ڕێگای پێستەوە بچێتە ناو لەشی مرۆڤ -جگە لە بۆشایی- ئەوە ڕۆژووی پێ بەتاڵ نابێ، هەرچەند تێنووەتی و برسییەتیش لاببا وەکو دەرزی لێدان و خۆ چەورکردن و خوێن تێکردنی دەمار و ئاو تێکردنی دەمار (قال بعض أصحاب النبیصلى الله عليه وسلم: لقد رأیت النبي صلى الله عليه وسلم يَصُبّ على رأسهِ الماءَ وهو صائمٌ من الحرِّ أو العطَشِ) رواه أبوداود، واتە: پێغەمبەرم ﷺ بینی بەڕۆژوو بوو، لەبەر گەرما، یان تینووەتی ئاوی بە سەری خۆیدا ئەکرد.

هەروەها بە تێچوونی پێشوولە و دوکەڵ و تۆزی خۆڵ و تۆزی ئارد و بۆنکردن و تف قوتدان و دەرمانی چاو -بە هیچێیان- ڕۆژوو بەتاڵ نابێ.

2- تێکردنی شتێکە بە ترومپا لەناو یەکیک لە کونی پێشەوە، یان پشتەوە، جا دەرمان بێ، یان نا، وەک پەنجە تێنان لە کاتی تارەتکردن، ئەوە ڕۆژوو بەتاڵ ئەکات.

3- خۆ ڕشاندنەوە بە قەسدی (عن أبی هریرة رضي الله عنه: قال النبی صلي الله حلیه وسلم: من ذرعه القيء وهو صائم فلیس عليه قضاء، ومن استقاء فلیقض) رواه أصحاب السنن والحاکم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کەسێک بەڕۆژوو بێ و بە دەست خۆی نەبوو ڕشاوە، قەزاکردنەوەی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر بە خۆی خۆی ڕشاندەوە، با ڕۆژووەکە قەزا بکاتەوە.

4- جیماع کردنە بە قەسدی، واتە: ئەگەر نەیزانی بەڕۆژووە، یان نەیزانی حەرامە، ڕۆژووەکەی بەتاڵ نابێ.

5- هێنانی ئاوی خۆیەتی، واتە: خۆ ڕەحەتکردنە بە هۆی دەستبازی لەگەڵ یەکیکی تر، یان بە هۆی دەست تێوەردانی عەورەتی خۆی (عن عائشة رضي الله عنها: کان النبی صلي الله علیه وسلم یقبل ویباشر وهو صائم، و کان أملککم لاربه) رواه الشیخان، حەزرەتی (عائشة) فەرموویەتی: پێغەمبەر ﷺ لەو کاتانەی بەڕۆژوو بوو، خێزانەکانی خۆی ماچ ئەکردن و دەستبازی لەگەڵ ئەکردن، بەڵام لە هەمووتان خۆڕاگرتر بوو، لەشی پیس نەئەبوو. واتە: ئەگەر مەترسی ئاو هاتنی هەبوایە وای نەئەکرد.

(ئاگاداری): ئەگەر کەسێک بە شەو جیماعی کرد، بەڵام تا دوای بانگی سبەینێ خۆی نەشۆرد، یان بە ڕۆژ نوست و تووشی جەنابەت بوو، واتە: لەشی پیس بوو، ئەوانە هیچیان ڕۆژوویان بەتاڵ نابێ (عن عائشة رضي الله عنها: کان النبی صلي الله علیه وسلم یدرکه الفجر من رمضان من غیر حلم فیغتسل ویصوم) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ لەشی بە جەنابەت دەبوو، بەیان دائەهات و بەڕۆژوو بوو، ئینجا خۆی ئەشۆرد و ڕۆژووەکەی تەواو ئەکرد.

6- هاتنی خوێنی حەیزە هەرچەند یەک پشکیش بێت.

7- هاتنی خوێنی دوای منداڵبوونە.

8- بە منداڵبوونیش ڕۆژوو بەتاڵ ئەبێ، هەرچەند خوێنیش نەبینێ (سَأَلْتُ عَائِشَةَ رضي الله عنها فَقُلتُ: ما بَالُ الحَائِضِ تَقْضِي الصَّوْمَ، ولَا تَقْضِي الصَّلَاةَ. فَقالَتْ: أحَرُورِيَّةٌ أنْتِ؟ قُلتُ: لَسْتُ بحَرُورِيَّةٍ، ولَكِنِّي أسْأَلُ. قالَتْ: كانَ يُصِيبُنَا ذلكَ، فَنُؤْمَرُ بقَضَاءِ الصَّوْمِ، ولَا نُؤْمَرُ بقَضَاءِ الصَّلَاةِ) رواه الشیخان، حەزرەتی (عائشة) فەرموویەتی: کاتێ تووشی حەیز ئەبووین، پێغەمبەر ﷺ فەرمانی پێ ئەکردین ڕۆژوو قەزا بکەینەوە، بەڵام فەرمانی نەئەکرد نوێژ قەزا بکەینەوە.

ئەگەر ئافرەت بە شەو پاک بۆوە لە حەیز، یان نیفاس، واجبە نیەت بێنێ و سبەینێ بەڕۆژوو ببێ، هەرچەند فریاش نەکەوێ خۆی بشۆرێ.

9- شێت بوونە، واتە: ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش شێت ببێ، ڕۆژووەکەی بەتاڵ ئەبێتەوە، بەڵام قەزاکردنەوەی لەسەر نییە.

ئەگەر کەسێک لە بەیانییەوە تا ڕۆژئاوابوون نوست، یان لە هۆش خۆی چوو، بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم بەهۆش هاتەوە، هەردووکیان ڕۆژووەکەیان دروستە.

10- کافربوونە، واتە: ئەگەر موسوڵمانی بەڕۆژوو یەک کوفر بکات، ڕۆژووەکەی بەتاڵ ئەبێ و واجبە قەزای بکاتەوە، بەڵام کافری بنەڕەتی -کە موسوڵمان ئەبێ- لەسەری واجب نییە ڕۆژووەکان قەزا بکاتەوە.


سەرچاوەکان



971 بینین