فەلسەفە لە شارستانێتی چین دا

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-24-20:52:00 - کۆدی بابەت: 3665
فەلسەفە لە شارستانێتی چین دا

ناوه‌ڕۆك

فەلسەفە لە شارستانێتی چین دا

فەلسەفە لە چینی کۆندا پێش هەزاران ساڵ دەرکەووتەوە و کەتبووە ژێر کاریگەری سێ ئاراستەی سەرەکی بیرکردنوە (بووزی، تاوی، کۆنفۆشیۆسی). هەموو ئەو بیروباوەڕە ئایینیانە بە شێوەیەک تێکەڵاوی لە نێوانیاندا هەبوو کە زۆر نزیک بوون لە یەکتری. 
ئاینی باو لە چین بریتی بوو لە تێکەڵاوبوونی بابەتە ئەفسووناوییەکان لەگەڵ هەرسێ بیری فەلسەفی (بووزی، تاوی و کۆنفۆشیۆسی) فەلسەفەی (کلاسیکی) چینی لە چەرخە کۆنەکان دەست پێدەکات و تا کۆتایی حوکمڕانی بنەماڵەی (چین)، ئەم ماوەیە بە گرنگترین قۆناغی گەشەکردنی هزری و داهێنان دادەنڕێت لە چین.

کۆنفۆشیۆس

لە ساڵی (٥٥١ پ.ز) لە دایکبووە و لە ساڵی (٤٧٩ پ،ز) کۆچی دوایی کردووە، واتە لە سەردەمی بنەماڵەی دووەمی حوکمڕانی چین ژیاوە و لە خێزانێکی خانەدان بووە و هەر لە مناڵییەوە ئارەزووی بەجێهێنان و بەشداریکردنی بۆنە ئایینییەکانی دەکرد لە پەرستگاکان و لە قۆناغی لاوی دا زۆر ئارەزووی لە زانست و زانیاری و ڕۆشنبیری دەکرد و هەر زوو شارەزایی زۆری لە بواری سیاسەت و زانست پەیداکردووە بۆیە لە ناو خەڵکدا ناوی دەرکردووە. چینییەکان پێش کۆنفۆشیۆس زۆر بایەخییان بە نووسینەوەو تۆمارکردنی رووداو بابەتەکان نەدەدا (تەنها چەند بۆنە و ئاهەنگێکی ئاینی دیاریکراو نەبێت)، بەڵام کۆنفۆشیۆس ئەم ڕێرەوەی شکاند و دەستی کرد بە نووسینەوە و تۆمارکردنی ڕووداوەکانی تایبەت بە دەسەڵات و بەڕێوەبردن و بیروباوەرە کۆمەلایەتی و داب و نەریتەکان، بەڵام کۆنفۆشیۆس بایەخی بە لێکۆڵینەوەی بابەتەکانی ئەودیو سروشت (میتافیزیک) و گەردوون و ماددە و پێکهاتەی ماددە و دیاردە سروشتییەکان نەداوە، بەڵکو زیاتر جەختی لەسەر بایەخدان بە لێکۆڵینەوەی مرۆڤ داوە.  نهێنی سەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی بیر و هزری کۆنفۆشیۆس بە هاووڵاتی ئاساییەوە هەیە لە (رەوشت و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و رامیاری و خۆشەویستی خەڵک و مامەڵەی باش لەگەڵیاندا و دەستپاکی و زمان پاکی و ڕێزگرتن لە کەسانی تەمەن گەورە لە کۆمەلگە و بە پیرۆز ڕاگرتنی خێزان و گوێڕایەڵی ئافرەت بۆ پیاوەکەی، لە هەمان کاتدا دژایەتی ستەم و زۆرداری دەکات و دەڵێت (دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی خەڵکە نەک بە پێچەوانەوە). بە پێی بیرو بۆچوونی کۆنفۆشیۆس ڕەفتار و مامەڵەکردنی دەسەڵاتدار لەگەڵ هاوڵاتییان خۆی لەمانە دەبینێتەوە:

بیرو بۆچوونی کۆنفۆشیۆس دەربارەی دەسەڵات

  •  رێزگرتن لەو کەسانەی کە شایەنی ڕێز و ستایشن.
  •  نزیکبوونەوە و پابەندبوون بە پەیوەندی باش لەگەڵ ئەو کەسانەی پەیوەندی خزمایەتی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ کاربەدەستان دایانبەستێتەوە. 
  •  مامەڵەی باش لەگەڵ بەرپرس و کارمەندان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە.
  •  بایەخدان بە پەیوەندی گشتی.

بنەما و بنچینەکانی بیرکردنەوەی کۆنفۆشیۆس

  • گوێڕایەڵبوون بۆ دایک و باوک.
  • گوێڕایەڵی برای بچووک بۆ برای گەورە.
  • گوێڕایەڵی دەسەڵاتی دادوەری.
  • دڵسۆزی هاوڕێ بۆ یەکتری. 
  • لەکاتی گفتوگۆ کەسانی دیکە بریندار نەکرێت.
  • قسە و کردار وەک یەک بن.

کۆنفۆشیۆس پێنج پەرتووکی داناوە کە پوختەی بیروباوەڕی تێدا هاتووە و کە سوودی لە پەڕتووک و سەرچاوە کۆنەکانی پێش خۆی وەرگرتووە

  • پەڕتووکی شیعر و گۆرانی.
  • پەڕتووکی مێژوو.
  • پەڕتووکی گۆڕانکارییەکان.
  • پەڕتووکی بەهار و پاییز.
  • پەڕتووکی بۆنە ئایینیەکان.


سەرچاوەکان



823 بینین