چۆنیەتی نوێژکردن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-23-23:20:00 - کۆدی بابەت: 3608
چۆنیەتی نوێژکردن

ناوه‌ڕۆك

ڕوکنەکانی نوێژ

ئەو بەشانەی نوێژیان لێ پێکدێ هەژدە بەشن، پێیان ئەگوترێ ڕوکنی نوێژ:

یەکەم: نیەتهێنانە (عن عُمَرَ بْن الْخَطَّابِ - رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ- قَالَ: سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ - صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ - يَقُولُ: إِنَّمَا الأَعْمَالُ بِالنِّيَّاتِ) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کردەوەیەکی خواپەرستی بێ، بە نیازی ناو دڵ نەبێ دانامەزرێ.

پێویستە بەو نیەتە هەموو نوێژێک لەیەکتری جیا بکەینەوە، ئایا فەرزە یان سوننەتە؟ وە ناوی نوێژەکە چییە؟ بۆ وێنە: بە دڵ بڵێ (نیازم وەیە نوێژی فەرزی نیوەڕۆ ئەکەم)، یان بڵێ: (سوننەتی پێش نیوەڕۆ ئەکەم). ئیتر نایەوێ بڵێ: ئەوەندە ڕەکعەتەیە، یان بڵێ: بۆ خوا ئەیکەم، بەڵکو سوننەتە، هەروەها سوننەتە پێش (الله أکبر):  نیەت بە زوبان بگوترێ، بۆ ئەوەی یارمەتی دڵ بدا.

دووەم: ڕاوەستانە بە پێوە لە نوێژە فەرزەکاندا بۆ فاتیحە خوێندن ئەگەر توانای هەبێ، وە سوننەتە بەقەد یەک بست قاچەکانی لێک دووربن (عن عِمرانَ بنِ حُصَيْنٍ رضي الله عنه: قال النبي صلى الله عليه وسلم: صَلِّ قَائِمًا ، فَإِنْ لَمْ تَسْتَطِعْ فَقَاعِدًا) رواه البخاری، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: نوێژ بە پێوە بکە، جا ئەگەر توانات نەبوو، بە دانیشتوویی بیکە.

سێیەم: بە گوتنی (الله أکبر) نوێژ داببەستێ (عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رضي الله عنه: قال رَسُولَ اللّهِ صلى الله عليه وسلم: إِذَا قُمْتَ إِلَى الصَّلاَةِ فَكَبِّرْ) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: کاتێ ویستت نوێژ داببەستی بڵێ: (الله أکبر).
(ئاگاداری): نیەتی نوێژ ئەبێ لەگەڵ گوتنی (الله أکبر) بێ، بەڵام زۆر لە زانایان فەرموویانە: دروستە لە پێش گوتنی (الله أکبر) نیەت بێنێ.

چوارەم: خوێندنی سورەتی فاتیحەیە لە هەموو ڕەکعەتێکدا (عن عبادة بن الصامت رضی الله عنه: قال انبی ﷺ: لا صلاة لمن لم یقرأ بأم القرآن) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: نوێژی ئەو کەسە دروست نییە کە فاتیحە لە ناو نوێژدا نەخوێنێ.
هەروەها خوێندنی (بسم الله الرحمن الرحیم) لە پێش فاتیحە واجبە و ئایەتێکی فاتیحەیە ( عن أبی هریرة رضی الله عنه: عن النبی ﷺ قال: (بسم الله الرحمن الرحیم) احدی آیتها) رواه الدارقطني، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: (بسم الله الرحمن الرحیم) ئایەتێکی فاتیحەیە.

پێنجەم: ڕکووع بردنە.

شەشەم: خۆڕاگرتنە لە ڕکوع، واتە: پشت و ئەستۆی وەک یەک ڕاست بێ و بە هەردوو دەستەکانی ئەژنۆیەکانی ڕابگرێ و پەنجەکانی دەستی بەرەو قیبلە بێ.

حەوتەم: هەڵسانەوەیە لە ڕکوع، ئەبێ لەو هەڵسانەوەیە ڕاست بووەستێ.

هەشتەم: خۆڕاگرتنە لەو هەڵسانەوەیە: تا هەموو ئێسقانەکانی ئەچنەوە ناو جومگەی خۆیان (عن أبی هریرة رضی الله عنه: قال انبی صلی الله علیه وسلم: ثم ارکع حتى تطمئن راکها، ثم رفع حتی تطمئن قائما)رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: دوای فاتیحە خوێندن ڕکووع ببە و خۆت ڕابگرە لە ڕکوع، ئینجا هەڵسەوە تا بە پێوە ڕاست ئەوەستی.

نۆیەم: سوجدە بردنە دووجار لە هەموو ڕەکعەتێکدا بەم جۆرەی کە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (أمِرْتُ أنْ أسْجُدَ علَى سَبْعَةِ أعْظُمٍ علَى الجَبْهَةِ، وأَشَارَ بيَدِهِ علَى أنْفِهِ واليَدَيْنِ والرُّكْبَتَيْنِ، وأَطْرَافِ القَدَمَيْنِ) رواه الشیخان، فەرمانم دراوەتێ: سوجدە ببەم لەسەر حەوت ئێسقان: لەسەر نێوچاوان و لووت و هەردوو دەست و هەردوو ئەژنۆ و پەنجەکانی قاچ.
جا بزانە: ئەبێ سوجدە لەسەر شتێکی وابێ کە لەگەڵ هەڵئەستێتەوە و ئەبێ لای خوارەوەی بەرزتر بێ لە لای سەری، واتە: ئەگەر پەڕۆیەک، یان مێزەرەکەی لەسەر نێوچاوانی بوو، سوجدەی دروست نییە.

دەیەم: خۆڕاگرتنە لە سوجدەدا تا گرانایی سەری ئەگاتە شوێنی سوجدە، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (ثم أسجد حتی تطمئن ساجدا) رواه الشیخان، ئینجا سوجدە ببە و خۆت ڕابگرە لە سوجدەدا.

یانزەیەم: دانیشتنە لە نێوان هەردوو سوجدەکاندا.

دوانزەم: خۆڕاگرتنە و دانیشتنە تا بە تەواوی پشتی ياست ئەبێتەوە و دەستەکانی لەسەر ڕانەکانی دائەنێ و پەنجەی هەردوو دەستەکانی لە نزیک ئەژنۆیەکانی دائەنێ، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (ثم ارفع حتی تطمئن جالسا) رواه الشیخان، دوای سوجدە هەڵسەوە تا بە تەواوی دائەنیشی.

سێزدەم: دانیشتنە بۆ تەحیاتی دوایی.

چواردەم: خوێندنی تەحیاتی دواییە لەو دانیشتنەدا:
جا ئەمەش دەقی ئەو تەحیاتەیە کە (ابن عباس) -خوا لێیان ڕازی بێ- لە پێغەمبەر ﷺ گێڕاویەتیەوە (التحیات المبارکات،الصلوات الطیبات لله،السلام علیک أیها النبی و رحمة الله و برکاته، السلام علینا و علی عباد الله الصالحین،أشهد أن لا اله إلا الله و أشهد أن سیدنا محمدا رسول‌ الله) رواه مسلم.

پانزەم: سەڵاوات لێدانە لەسەر پێغەمبەر ﷺ لە تەحیاتی ئاخیردا، جا بە لای کەمی بڵێ: (اللهم صل علی محمد). بەڵام لەدوای تەحیات -پێش سەلامدانەوە- سوننەتە: بە درێژی سەڵاوات لێ بدا و بڵێ: (للَّهُمَّ صَلِّ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِ مُحَمَّدٍ كَمَا صَلَّيْتَ عَلَى إِبْرَاهِيمَ، و بَارِكْ عَلَى مُحَمَّدٍ وَعَلَى آل مُحَمَّدٍ كَمَا بَارَكْتَ عَلَى إِبْرَاهِيمَ في العالمین إِنَّكَ حَمِيدٌ مَجِيد)رواه مسلم عن ابی مسعود.
هەروەها لە پاش ئەو سەڵاواتە -پێش سەلامدانەوە- سوننەتە ئەم دوعایە بخوێنێ: (اللهم إني أعوذ بك من عذاب جهنم، ومن عذاب القبر، ومِن فتنة المحيا والممات، ومِن شر فتنة المسيح الدجال) رواه الشیخان.

شانزەم: سەلامدانەوەی یەکەمە بە لای ڕاستدا، چونکە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (تحرمها التکبیر وتحلیلها السلام) رواه أصحاب السنن، دابەستنی نوێژ (الله أکبر) گوتنە، وە دەرچوون لە نوێژ سەلامدانەوەیە. واتە: بڵێ (السلام علیکم ورحمة الله وبرکاته).

حەڤدەهەم: نییەتی دەرچوونە لە نوێژ، بەڵام فەرموودەی ڕاستتر ئەوەیە، کە ئەو نییەتە پێویست نییە.

هەژدەهەم: ڕیزکردنی ئەو ڕوکنانەیە بەو شێوەیەی باسمان کرد: کە لە پێغەمبەر ﷺ وەرگیراوە و فەرموویەتی: (صلوا کما رأیتمونی أصلی) رواه البخاری، نوێژ بکەن بەو شێوەیەی منتان بینیوە نوێژم دەکرد.
جا ئەگەر بە پێچەوانەی ئەو ڕیزە نوێژی کرد: وەک بە قەسدی سوجدە پێش ڕکوع ببا، ئەوە نوێژەکەی تێک ئەچێ و ئەبێ دووبارەی بکاتەوە.
بەڵام ئەگەر -بە قەسدی نەبوو- بە هەڵە سوجدەی پێش ڕکوع برد، یان تەحیاتی پێش فاتیحە خوێند، نوێژەکەی تێکناچێ، بەڵام هەرچی لەدوای ڕیز تێکدانەکە کردوویەتی بە بێ سوود ئەڕوا و ئەبێ بگەڕێتەوە سەر ڕیزەکەی خۆی، جا ئەگەر هەر نەهاتەوە بیری کە ڕیزی تێکداوە، تا گەیشتەوە هەمان ڕوکن -کە نەیکردووە- با هەر بەردەوام بێ و ئەو ڕوکنە لە جێی نەکراوەکە ئەژمێردرێ، ئەوەی بە هەڵەش کردبووی، دووبارە ئەیکاتەوە، ئینجا سوننەتە پێش سەلامدانەوە سوجدەی سەهوو ببا.


سەرچاوەکان



2302 بینین