کاریگەری نەرێنی ژێرخان لەسەر پیشەسازی

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-23-07:49:00 - کۆدی بابەت: 3592
کاریگەری نەرێنی ژێرخان لەسەر پیشەسازی
ئابووری

کاریگەری نەرێنی ژێرخان لەسەر پیشەسازی دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەکان

زاراوەی ژێرخان یان ژێر پەیکەر بریتییە لە ڕێگەی گواستنەوە و هاتوچۆ و دامەزراوی بەندەرەکان و فڕۆکەخانەکان و دەزگاکانی پەروەردە و فێرکردن و تەندروستی و پڕۆژەکانی ئاو و کارەبا و ماڵان و مەڵبەندەکانی لێکۆڵینەوەی زانیاری و دەزگاکانی تری کە خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەش بە کرداری بنیاتنانی ئابووری دەکەن. ئەگەر سەیرێکی کرداری پیشەسازیکاری بکەین بەوەی کە دروستکردنەوەی ئابووری نیشتیمانییە، بۆمان دەردەکەوێت کە دامەزراندنی ژێرخان و پێشخستنی بە گرنگترین نیشاندەری ئەم کردارە دادەنرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی پیشەسازی و مەلبەندە شارستانییە گەورەکان بە پێشکەوتنی بنچینەی ژێرخان جیادەکرێتەوە. ئەم پێشکەوتنە لە ئەنجامی ئەو قۆناغە مێژووییانەوە هاتووە کە میللەتان بڕیویانە. بەڵام وڵاتە تازە پێشکەوتووەکان دواکەوتن و لاوازی ژێرخان نیشانەی جیاکەرەوەیانە. لەبەر ئەوە ژێرخانەکانیان ناتوانێت خزمەتی خۆی لە پەرەپێدانی ئابووری نیشتیمانیدا بەجێ بهێنێ.
هەروەها یەکێکە لە هۆیەکانی زۆرکردنی کۆسپ و تەگەرەی ئەم وڵاتانە لە کرداری دووبارە کردنەوەی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریاندا، نموونە لە هیندستاندا کە ژمارەی گوندەکانی لە 500 هەزار گوند زیاترە، تەنیا یەک گوند لە نۆ گوند ڕێگای هەیە و دەتوانرێت بە درێژایی ساڵ بەکار بهێنرێت.
لە هەندێ وڵاتی ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتینیشدا کرداری ناردنی ماددەی خواردەمەنی بۆ ئەو ناوچانەی هەندێ ساڵ دووچاری کارەسات دەبن کارێکی زۆر ئاڵۆزە، یان ئەو پارەیەی کە تێی دەچێت لەوە زیاترە کە ئەگەر شتەکان لە دەرەوە بهێنرێت بەهۆی تەنگ و چەڵەمەی گواستنەوەی ناوخۆی، جا لەبەر دواکەوتنی کەرتی ژێرخانی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان، ئەم وڵاتانە ناچآر بوون بۆ بەرز کردنەوەی ئەو وەبەرهێنانەی بۆ دامەزراندنی ژێرخانیان دانراوە بەڵام ئەم ولاتانە لەبەر کەمی پارە دەناڵێنن بۆ ئەو پڕۆژانە کەچی وڵاتە نەوتدارەکان وەک عێراق و ئێران و ڤەنزوێلا خاوەنی سەرمایەی تەواون.
لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا داواکاری لەسەر هۆی گواستنەوە و پڕۆژەی ئاو و کارەبا و دەزگای فێرکردن و تەندروستی بەهۆی ئەو دواکەوتنە زۆرەیان زۆرتر دەبێت. بگرە پڕۆژەکانی گەشە پێکردنی پیشەسازی جێبەجێ ناکرێن ئەگەر لەسەر ئەو بنچینەیە بەند بن کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی کرێکار و دانیشتوانەوە هەیە بە شێوەیەکی گشتی و لە کاتی دامەزراندنی هەر دەزگایەکی پیشەسازیدا ڕەچاو دەکرێ. لە کاتێکدا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەمە لە پڕۆژەکەدا خەرج ناکرێ چونکە ئەو بنچینەیە هەیە، بەڵام لە وڵاتە تازە پێشکەوتووەکان و گەشەندەکان لە پڕۆژەکەدا خەرج دەکرێت. بۆ نموونەش ناوی کارگەی پەینی کیمیاوی دەبەین لە (سندری) لە هیندستاندا کە لە ساڵی 1952 دەستیکردووە بە بەرهەمهێنان و سەرمایەیەکی زۆری تێچووە و زۆر زیاترە لە سەرمایەی پڕۆژەیەکی هاوچەشنی خۆی لە هەر وڵاتێکی پێشکەوتوودا. چونکە ئەو مایەیە تەنیا بۆ کڕینی ئامێر و مەکینە و خانوبەرەی کارگەکە بەکار نەهێنراوە بەڵکو بۆ پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگەوبان و هێڵی ئاسنی پێویست بۆ کارگە و دامەزراندنی شارێکی تەواو بۆ کرێکاران کە قوتابخانە و نەخۆشخانە و کۆگا و هۆیەکانی تری خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی تێدایە.


سەرچاوەکان



777 بینین