هەوی ناوپۆشی دڵ-ئێندۆکاردیت (Endocarditis)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-15-01:29:00 - کۆدی بابەت: 3290
هەوی ناوپۆشی دڵ-ئێندۆکاردیت (Endocarditis)

ناوه‌ڕۆك

هەوی ناوپۆشی دڵ-ئێندۆکاردیت (Endocarditis)

ئێندۆکاردیوم (ناوپۆشی دڵ- endocardium) تۆیخی ناو دڵە کە تەواوی ژووری دڵ، دەربیجەکان و دیوەکانی دادەپۆشێ. بە هەوی ناوپۆشی دڵ دەگوترێ ئێندۆکاردیت. دەربیجەکانی دڵ زۆرتر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن. ئێندۆکاردیت لە پەیوەندی لەگەڵ هۆیەکانی پێهێنەری بە دوو چەشنی بەکتریایی یا خاوێن دابەشدەکرێ. ئێندۆکاردیتی خاوێن بە نیسبەتی چەشنی بەکتریایی کەمتر دەبیندرێ.
بەکتریاکان سەرچاوەی سەرەکی ئێندۆکاردیتن. بەکتریاکانی گروپی ستافیلۆکۆک(Staphylococcus)و سترێپتۆکۆک(Streptococcus)و یا ئەو بەکتریانەی کە لە حاڵەتی سروشتی لە پێست و دەمی مرۆڤدا دەژین، بە هۆی ئازار و برینداربوونی پێست، جەراحی ددان و ناودەم، جێی دەرزی بە تایبەت لە خووەگەرەکان بە ماددەی سرکەر، ڕەوانەی خوێن دەبن و لە ڕێگای سیستەمی سووڕانی خوێن دەگەنە دەربیجەکانی دڵ و لەوێ جێگیر دەبن. 
پەرەگرتوویی ئێندۆکاردیت لە پەیوەندی لەگەڵ هێزی نەخۆشزایی بەکتریا و ئازار دیتنی ئێندۆکارد دەتوانێ توند و سەخت (ئێندۆکاردیتی کتوپر- ( acute endocarditis یا سووک و بە مەترسی کەمتر بێ (ئێندۆکاردیتی ژێر کتوپڕ- (subacute endocarditis).

ئێندۆکاردیتی کتوپڕ –acute endocarditis

چەشنی هێرشکەری بەکتریای پێست، بە تایبەت ستافیلۆکۆکاکان لە ڕێگای خوێنەوە ڕەوانەی دڵ دەبن و هێرش دەکەنە سەر دەربیجەکانی ساغی دڵ. ئەم بەکتریایانە پاش زۆربوونیان لە ناو دڵ، لە ڕێگای سیستەمی سووڕانی دڵ لە لەشی مرۆڤدا بڵاو دەبنەوە و دەبنە هۆی لاوازی ئەندامەکانی تر، بە تایبەت گورچیلەکان، سییەکان و مێشک. ریسکی ئەم نەخۆشییە لە خووگرەکان کە بەشێوەیەکی بەردەوام لە ڕێگای دەرزیووە مادەی سرکەر بەکاردێنن زۆرترە لە خەڵکی تر. ئەم نەخۆشییە ئەگەر دەرمان نەکرێ دەتوانێ لە ماوەی چەند ڕۆژ تا کەمتر لە ٦ هەفتە بە پێی پێشچوونی نەخۆشییەکە هۆی مردن بێ.

ئێندۆکاردیتی ژێر کتوپر –Subacute Endocarditis

گروپی بەکتریایەکانی سترێپتۆکۆک وەک (Mutants, Mitis , Miller، Streptococcus Sanguis) کە لە حاڵەتی سروشتیدا لە ناو دەم و گەرودا دەژین هۆی ئەم چەشنە نەخۆشییەن. ئەو دەربیجانەی دڵ کە پێشتر تووشی ئازار بوون زۆرتر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن. دەرمان نەکردنی ئەم نەخۆشییە دەتوانێ هۆی مردنی نەخۆش لە ماوەی ٦ هەفتە تا ساڵێکدا بێ.
لەم کەسانەدا ڕیسکی هەوی ناوپۆشی دڵ بەرزترە:
• ئەوانەی کە تووشی ئالۆزییەکانی تەواوکاری زگماکی دڵن وەک (نەبسترانی دیواری نێوان داڵانی دڵ).
• دەربیجەی دەستکردن و یا ماددەی بێگانە لە دڵ وەک پەیس مەیکەر(کوتە ساز).
• مەسرەفی ماددەی سڕکەر لە ڕێگای دەرزی لێدانەوە.
• نەخۆشییەکانی درێژخایەن کە دەبنە هۆی کزی سیستەمی بەرگری لەش وەک:نەخۆشی شەکرە، ئەلکهولی بوون، شێرپەنجە.
• نەشتەرگەری وەک: برین و دەر‌هێنانی ئاڵوو (لەوزەتێن)-( Tonsillectomy).

نیشانەکانی هەوی ناوپۆشی کتوپر

• ئازاری سنگ.
• کۆکە.
• پچرانی وردە ڕەگاکانی لەپی دەست و پێ.
• تەنگە نەفەسی.
• بەرزبوونەوەی تا.
• لە کاتی سەختبوونی ئازاری دڵ نەخۆش تووشی ڕاتەکان (شۆک) و بێهۆش دەبێ.
نیشانەکانی هەوی ناوپۆشی ژێرکتوپڕ
• عارەقەی شەوان.
• لەرز و تا.
• ئازاری ماسولکە و جومگە.
• هەستی بەردەوامی ماندوویی.
• تەنگە نەفەسی.
• سەرئێشە.
• بێ ئیشتیایی.
• لە دەستدانی کێشی لەش.
• بەرهەمهاتنی گرێی ورد و ئێشدار لە ژێر پێستی قامکەکانی لاق و دەست (Osler nodes).
• پچرانی وردە دەمارەکانی چاو، سنگ و نینۆکەکانی دەست و پێ.
ئاڵۆزییەکان و مەترسی:
• نارێک لێدانی دڵ.
• داماوی دڵ.
• سەکتەی دڵ (جەڵدەی دڵ).
• پریکاردیت.
• جیابوونەوەی دەڵەمەی خوێن لە دیواری دەمارەکان و ڕۆیشتنی بۆ مێشک، سییەکان و خوێنبەری کرۆنێری دڵ کە دەبێتە هۆی سەکتەی دڵ و مێشک.

چارەسەرکردن

لە ئێندۆکاردیتی بەکتریایی پێویستە بۆ ماوەی ٤ تا ٦ هەفتە ئەنتی بایۆتیک وەک (Penicillin, Cephalosporins, Gentamicin, Vancomycin) بە نەخۆش بدرێ.
لە حاڵەتەکانی خوارەوە پێویست بە جەرا‌حی دڵ هەیە:
• ئازاری دەربیجەکانی ئائۆرت  و میتریاڵ کە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی خوێن و داماوی دڵ (لاوازی دڵ).
• زۆربوون و بە یەک نووسانی ناسروشتی میکرۆبەکان کە دەبێتە هۆی بەرهەم هاتنی برین (vegetation) لە سەر دەربیجەی دڵ کە ئەندازەی پتر لە ١٠ میلی مەتر بێ.


سەرچاوەکان



564 بینین