منداڵ و جگەرەکێشان

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-01-28-21:07:00 - کۆدی بابەت: 1746
منداڵ و جگەرەکێشان

ناوه‌ڕۆك

منداڵ و جگەرەکێشان

زۆرجار منداڵ لە تەمەنێکی بچووک بەر لە قۆناغی هەرزەکاری یان قۆناغی سەرەتایی پەنا بۆ جگەرە کێشان دەبات، کاتێک دایکەکە هەست پێدەکا و دەزانێ، کە کوڕە نۆ ساڵانەکەی یا دە ساڵانەکەی جگەرە دەکێشێ، ڕادەچڵەکێ و ڕەنگە بە توندی سزای بدات بۆ ئەوەی واز لەو خووە خراپەی بێنێ و لە هۆکارەکەی دەپرسێت؟؟


منداڵ لەبەر چەند هۆکارێک پەنا بۆ جگەرە کێشان دەبات

یەکەم: خێزان

ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێ لە پەنابردنی منداڵان بۆ جگەرە کێشان، ئەمەش بەهۆی بوونی بۆشایی و نەبوونی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان  باوکان و دایکان و منداڵەکانیاندا، بۆیە منداڵان پاڵ دەنرێن بۆ ئەنجامدانی زۆر کاری هەڵە و نابەجێ لە پشت خێزانەوە، لەوانەش جگەرە کێشان لە ترسی ئەوان، هەروەها لە ئەنجامی فشارەکانی خێزان و مامەڵەی توند و سوربوون و تێنەگەیشتن لە ژیان و داواکاریەکانی منداڵان و بە پێچەوانەش بە ناز پەروەردەکردن پاڵ بە منداڵەوە دەنێت، وەکو یاریکردن جگەرە بە دەستەوە بگریت و لە کەس و کاری هەڵبگەڕێتەوە، لەوانەشە پەنا بۆ جگەرە کێشان ببات، وەکو جۆرێک لە قەرەبوو کردنەوە بەهۆی ناڕێکی جەستەیی، یاخود سەرنەکەوتنی لە خوێندن یان شکست هێنانی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

دووەم: لاسایی کردنەوە و هۆکارەکانی ڕاگەیاندن و هاوڕێی خراپ

لاسای کردنەوەی باوک، یان یەکێک لە ئەندامانی خێزان، یان لاسایی کردنەوەی هاوڕێیەک یاخود جۆرێک لە بەریەککەوتن کە لە دامو دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەبینرێ لە بانگەشەکردنیان بۆ ئەو جگەرانە یا ئەوەی لە کەناڵە ئاسمانییەکانەوە دەبینرێ (زنجیرە تەمسیلی و فلمەکان)، کە تیایدا پاڵەوان جگەرە دەکێشێ و ئەم وێنەیەش لە مێشکی منداڵەکە تۆمار دەبێ و دەست دەکات بە لاسایی کردنەوەی ئەو پاڵەوانە و قوتدانی دووکەڵی جگەرەکە، و بەستەی هێز و پاڵەوانیەتی دەکات، تاد.

لەوانەیە ئەم دیاردەیە لە تەمەنێکی زۆر بچووکی چوار ساڵی یان پێنج ساڵی دەست پێبکات، کە لەم قۆناغەدا منداڵ هەرچییەک ببینێ بەبێ ئاگایی لاسایی دەکاتەوە بێ ئەوەی بزانێ ئەوە بەسوودە و ئەوی تریان زیانی هەیە، کاتیك واز لەو خووە دەهێنێ دووچاری دژایەتیەک دەبێتەوە و سەرسام دەبێ، چۆن واز لە شتێک بهێنێ کە دایک و باوکی ئەنجامی دەدەن؟ لەوانەشە پێی بگوترێت، جگەرەکێشآن بۆگەورەکان و پێگەیشتوان گری دەدەات، کاتێک ئەویش گەورە بوو ئەوسا ئەنجامی دەدات، تاوەکو هەست بە پێگەیشتن و پیاوەتی خۆی بکات، هەروەها لەوانەشە منداڵ لاسایی مامۆستاکەی بکاتەوە کە پێی وایە ئەو نموونەیەکی پڕشنگدارە و دەبێت قوتابیان لاسایی ئەو بکەنەوە.

چارەسەر

  • دەبێ دایک لە کەسایەتی کوڕەکەی بگات و بواری گفتوگۆ کردنی لەگەڵدا بۆ بڕەخسێنێ و هاوڕێیەتیش لەسەر بناغەی ڕاشکاوی و ڕێزگرتن بێت.
  • نابێ دایک هەوڵ بدات خراپ مامەڵە لەگەڵ منداڵەکەی بکات، لە هەر هەڵوێستێک نیشآنی دەدات، تاوەکو متمانەی بەخۆی لەدەست نەدات.
  • دەبێ بەسۆز  وخۆشەویستیەکی زۆرەوە ئاگاداری بکاتەوە، لە مەترسی ئەو کارەی ئەنجامی دەدات، و ئەو جۆرە ڕەفارانە ئەنجام نەدات، چونکە قەدەغە کراوە و زیانی پێدەگات.
  • پاڵنەری ئاینی لە دڵدا بچێنی و ئاگاداری بکاتەوە هەر کەسێک ئەوە ئەنجام بدات لە لایەن خوداوە سزا دەدرێت.
  • زیانەکانی جگەرە کێشانی بۆ ڕوون بکرێتەوە، لە ڕووی تەندروستیەوە و بەردەوام بوون لەسەر ئەو خووە دەبێتە بەربەست لەبەردەم زۆر شت، کە ئەو پێی خۆشە، وەک یاریکردن.
  • لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆکەوە ئەو زیانانەی بۆ ڕوون بکەوە، چونکە منداڵ حەز لە هونەری چیرۆک دەکات، لەوانەیە بە بیستنی چەند چیرۆکێک واز لە جگەرەکێشان بێنێت.
  • خۆ دوور گرتن لە توند و تیژی و لێدان و سوکایەتی کردن بە منداڵ یاخود شکاندنی لەبەردەم برادەر و هاوڕێکانیدا.
  • خەڵاتکردنی لە کاتی وازهێنانی جگەرەکێسان، ئەویش بە پێدانی شتیک کە حەزی لێدەکات، یان بردنی بۆ سەیرانێکی بچووک.


سەرچاوەکان



997 بینین