ئایا دەزانیت ئەکسۆزی ئۆتۆمبێلەکەت لە زێڕ بە بەهاترە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-13-03:16:00 - کۆدی بابەت: 1302
ئایا دەزانیت ئەکسۆزی ئۆتۆمبێلەکەت لە زێڕ بە بەهاترە؟

ناوه‌ڕۆك

ئایا ده‌زانیت ئه‌كزۆسی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت له‌زێر به‌ به‌هاتره‌؟

له‌ئێستادا بازرگانیكردن به‌كانزای (پلادیۆم) كه‌ له‌ئه‌كزۆسی ئۆتۆمبێلدا داده‌نرێت، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی كاربۆن ‌و گازه‌ ژه‌هراویه‌كانی دیكه‌، په‌ره‌یسه‌ندوه‌ به‌جۆرێك له‌ئێستادا نرخی ئه‌و كانزا ده‌گمه‌نه‌، له‌نرخی زێر به‌رزتره‌. 

ڕه‌نگه‌ پرسیاری ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ بۆچی له‌ئێستادا نرخی ئه‌م كانزا ده‌گمه‌نه‌ به‌و جۆره‌ له‌جیهاندا به‌رزبووه‌ته‌وه‌؟، هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ساڵی (2014) یه‌كێتی ئه‌وروپا كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری نوێی دانا، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رهاویشته‌ ژه‌هراوه‌یه‌كان‌و كاربۆن له‌دوكه‌ڵی ئۆتۆمبێلدا، ئه‌مه‌ش وایكرد خواست له‌سه‌ر كانزای پلادیۆم زیاد بكات له‌پیشه‌سازی دروستكردنی ئۆتۆمبێلدا، به‌جۆرێك نرخی یه‌ك ئۆنسه‌ پلادیۆم گه‌یشتووه‌ته‌ (2590) دۆلار له‌كاتێكدا یه‌ك ئۆنسه‌ی زێڕ ده‌كاته‌(950) دۆلار. 

له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی ئندپێندنتی به‌ریتانی له‌نوێترین ڕاپۆرتیدا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ئێستادا له‌به‌شێك له‌وڵاتانی جیهان، بازرگانی كانزای پلادیۆم په‌ره‌یسه‌ندوه‌ بۆ نموونه‌ له‌لیبیا سه‌ره‌ڕای جه‌نگ‌و برسیه‌تی، لیبیه‌كان ده‌ستیان كردوه‌ به‌فرۆشتن‌و كڕینی (كاتالایتك كۆنڤێرته‌ر) (Catalytic converter) كه‌ له‌ئه‌كزۆسی ئۆتۆمبێلدا هه‌یه‌‌و كانزاكانی (پلادیۆم، ڕودیۆم‌و پلاتین)ی تێدایه‌، كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رهاویشته‌ ژه‌هراویه‌كانی ئۆتۆمبێله‌.

ڕۆژنامه‌ به‌ریتانیه‌كه‌ی ئه‌وه‌شی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و كانزا گرانبه‌هایانه‌ له‌خاوه‌ن ئۆتۆمبێله‌كان ده‌كڕدرێنه‌وه‌‌و دواتر له‌ڕێگه‌ی نوێنه‌ره‌وه‌ ده‌فرۆشرێنه‌وه‌، به‌كۆمپانیا ئه‌ڵمانی‌و به‌ریتانی‌و ئه‌مریكیه‌كانی بواری پیشه‌سازی ئۆتۆمبێل. 

كارمه‌ندێكی یه‌كێك له‌وه‌رشه‌كان له‌لیبیا كه‌ كاره‌كه‌ی له‌ئێستادا كڕینه‌وه‌ی ئه‌و كانزا ده‌گمه‌نه‌ گرانبه‌هایه‌یه‌ ئه‌وه‌ی ئاشكراكردوه‌، ڕۆژانه‌ نزیكه‌ی (100) ئۆتۆمبێل سه‌ردانیان ده‌كه‌ن‌و نرخی كانزای پلادیۆمی ئۆتۆمبێله‌كان له‌(370) دۆلاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو ده‌گاته‌ (4430) دۆلار، ئه‌ویش نرخه‌كه‌ی به‌گوێره‌ی كوالێتی‌و كێشی كانزاكه‌ زیاد‌و كه‌مده‌كات. 

هاوكات كه‌ناڵی یۆرۆنیوز بڵاویكرده‌وه‌، زیادبوونی خواست له‌سه‌ر پلادیۆم‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی وایكردووه‌ له‌جیهاندا، دزینی ئه‌وه‌ كانزایه‌ له‌ئۆتۆمبێله‌كان زیاد بكات، به‌تایبه‌تی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌شه‌قام‌و ڕێگه‌وبانه‌كان پاركده‌كرێن.  

له‌كۆتاییدا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌مه‌ترسی ده‌رهێنانی ئه‌و كانزایانه‌ له‌ئه‌كزۆسی ئۆتۆمبێل بده‌ین، بۆ سه‌ر ژینگه‌‌و ته‌ندروستی مرۆڤ كه‌ به‌گوێره‌ی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، زیادبوونی ده‌رهاویشته‌ ژه‌هراویه‌كان، ده‌بێته‌ هۆی پیسبوونی ژینگه‌‌و تووشبوونی مرۆڤه‌كان به‌كۆمه‌ڵێك نه‌خۆشی له‌وانه‌، شێرپه‌نجی سییه‌كان‌و هه‌ستیاری سنگ "حه‌ساسیه‌تی سنگ"‌و نه‌خۆشیه‌كانی دڵ‌و ده‌ماركان. 


سەرچاوەکان



822 بینین