چیرۆکی میهرەبانی

له‌لایه‌ن: - محمد علی - به‌روار: 2019-08-27-20:09:00 - کۆدی بابەت: 87
چیرۆکی میهرەبانی

ناوه‌ڕۆك

چیرۆكی میهره‌بانی

له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ک دوو نه‌خۆشی به‌ته‌مه‌ن له‌ یه‌ک ژووردا بوون ، نه‌خۆشی هه‌ردووکیان درێژخایه‌ن بوو..
پزیشک ڕێگه‌ی به‌ یه‌کێکیان دابوو له‌ پاش عه‌سران ته‌نها یه‌ک سه‌عات دابنیشێت ، هه‌موو کاته‌کانی تر پێویست بوو ڕابکشێت . له‌خۆش به‌ختی ئه‌م نه‌خۆشه‌ جێگاکه‌ی له‌ ته‌نیشت تاکه‌ په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌وه‌ بوو !
به‌ڵام نه‌خۆشه‌که‌ی تر دانیشتنی بۆ نه‌بوو. لێی قه‌ده‌غه‌ کرابوو ، ده‌بوو به‌به‌رده‌وامی له‌سه‌ر پشت ڕاکشێت ، ڕێنمایی پزیشکه‌که‌ی به‌و چۆره‌ بوو .


ئه‌م دوو نه‌خۆشه‌ زۆربه‌ی کاته‌کانیان به‌ قسه‌کردن به‌سه‌ر ده‌برد : باسی که‌س و کار ، ماڵه‌وه‌یان ، ڕابردوویان ... به‌درێژایی ماوه‌ی پێکه‌وه‌بوونیان له‌ نه‌خۆشخانه‌ ، هه‌موو سه‌رگوزشته‌ی یه‌کترییان ده‌زانی .
هه‌موو ڕۆژێک له‌پاش عه‌سر نه‌خۆشه‌که‌ی لای په‌نجه‌ره‌که‌ سه‌عاتێک له‌جێگاکه‌ی داده‌نیشت ... هاوڕێکه‌یشی به‌په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌م سه‌عاته‌ی ده‌کرد..!


چوونکه‌ له‌م سه‌عاته‌دا هاوڕێکه‌ی وه‌سفی دونیای ده‌ره‌وه‌ی بۆده‌کرد : له‌باخچه‌که‌ی ئه‌وبه‌ره‌وه‌ حه‌وزێکی گه‌وره‌ی ئاو هه‌یه‌...هه‌ندێ مراوی تێدایه‌ ، مناڵه‌کان به‌کاغه‌زو کارتۆن به‌له‌می بچووک درووست ده‌که‌ن و له‌ ئاوه‌که‌دا یاری پێده‌که‌ن ... ژنه‌کان قۆڵیان به‌قۆڵی پیاوه‌کانیانه‌وه‌و له‌گه‌ڵ مناڵه‌کانیان له‌ نزیک ئاوه‌که‌ پیاسه‌ ده‌که‌ن ... هه‌ندێکی تر له‌ژێر سێبه‌ری داره‌کان دانیشتوون ... کابرا ڕاکشاوه‌که‌ زۆر به‌په‌رۆشه‌وه‌ گوێی له‌ هاوڕێکه‌ی ده‌گرت و چێژێکی له‌ڕاده‌ به‌ده‌ری لێ وه‌رده‌گرت ... پاش ئه‌وه‌ی هاوڕێکه‌ی کاته‌که‌ی ته‌واو ده‌بوو دووباره‌ له‌سه‌ر پشت ڕاده‌کشایه‌وه‌ ...


ئه‌میش چاوی لێک ده‌ناو به‌خه‌یاڵ تێکه‌ڵی دیمه‌نه‌کانی ده‌ره‌وه‌ ده‌بوو ...!!
چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک به‌م شێوه‌یه‌ له‌ هه‌مان ئه‌و ژووره‌دا مانه‌وه‌ ، زۆر دڵیان به‌ یه‌کتری خۆش بوو ....
به‌یانی یه‌ک سسته‌ره‌که‌ هاته‌ ژووره‌که‌یان بۆ جێبه‌جێکردنی پێویستی یه‌کانیان .....
یه‌کسه‌ر چووه‌ لای نه‌خۆشی نزیک په‌نجه‌ره‌که‌ ..
کابراکه‌ی تر هێشتا خه‌وتبوو ...، له‌ ده‌نگی سسته‌ره‌که‌ خه‌به‌ری بووه‌وه‌ : به‌ ته‌له‌فۆن داوای یارمه‌تی ده‌کرد بۆ بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی ته‌رمی هاوڕێ که‌ی ... ئه‌و هاوڕێ یه‌ی که‌ هه‌موو عه‌سرێک ده‌بوو به‌ چاوی و دونیای ده‌ره‌وه‌ی پێ ده‌بینی ...، زۆر خه‌فه‌تی خوارد بۆ له‌ده‌ستدانی تاکه‌ هاوڕێ که‌ی ...


چه‌ند ڕۆژێک تێ په‌ڕی ..، هیچ نه‌خۆشێکیان نه‌هێنایه‌ ژووره‌که‌ی . تا ڕۆژێکیان داوای له‌ سسته‌ره‌که‌ کرد که‌ بیگوازێته‌وه‌ بۆ جێگاکه‌ی لای په‌نجه‌ره‌که‌ . سسته‌ره‌که‌ داخوازی یه‌که‌ی بۆ جێبه‌جێ کرد ...
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ که‌ کاتی عه‌سر هات ، قسه‌کانی هاوڕێ که‌ی ، دونیای ده‌ره‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌ی بیر که‌وته‌وه‌ ... خۆی بۆ نه‌گیراو ده‌ستی کرد به‌ گریان . به‌کوڵ ده‌گریا بۆ هاوڕێ که‌ی . دوا هاوڕێ له‌ ژیانیدا .


پاشان له‌پڕ بڕیاری داو له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ وتی :
- چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر تۆزێک سه‌ر به‌رزکه‌مه‌وه‌ ..!! ؟ بزانم ده‌ره‌وه‌ چۆنه‌ ؟
به‌هێواشی و له‌سه‌ر خۆ ..، ورده‌ ورده‌ سه‌ری به‌رزه‌وه‌ کرد بۆ ئه‌وه‌ی دونیای ده‌ره‌وه‌ ببینێت...
به‌ڵام تووشی شۆک و سه‌رسووڕمان بوو ...!!
جگه‌ له‌ دیوارێک له‌ دیواره‌کانی نه‌خۆشخانه‌که‌ هیچی تر دیار نه‌بوو ، په‌نجه‌ره‌که‌ ته‌نها به‌سه‌ر حه‌وشه‌ی نه‌خۆشخانه‌که‌وه‌ بوو !!
پاش ئه‌وه‌ی سسته‌ره‌که‌ هاته‌وه‌ بۆ لای ..، کابرای نه‌خۆش به‌ سه‌رسووڕمانه‌وه‌ پرسی :
- ئه‌مه‌ جێگاکه‌ی هاوڕێ که‌مه‌ ؟ ئه‌و لای ئه‌م په‌نجه‌ره‌یه‌ بوو !!؟
- به‌ڵێ خۆیه‌تی ..، ژووره‌که‌ ته‌نها ئه‌م په‌نجه‌ره‌یه‌ی هه‌یه‌...، بۆ وا په‌شۆکاوی ؟ هیچ بووه‌ !؟


کابراکه‌ به‌چاوی پڕ فرمێسکه‌وه‌ به‌سه‌رهاتی خۆیی و هاوڕێ که‌ی بۆ سسته‌ره‌که‌ گێڕایه‌وه‌..
جار جاریش ده‌یپرسی : کوا ده‌ره‌وه‌ بۆ دیار نی یه‌ ؟ کوا شه‌قامه‌که‌ ؟ باخچه‌که‌ ...حه‌وزی ئاوه‌که‌ ..!!
سسته‌ره‌که‌ زۆر سه‌ری سووڕما به‌م به‌سه‌رهاته‌ ... ماوه‌یه‌ک بێده‌نگ بوو ..، به‌ناو له‌پی چه‌ند جارێک چاوه‌کانی سڕی یه‌وه‌ ... پاشآن به‌ نه‌خۆشه‌ پیره‌که‌ی وت :
هاوڕێ که‌ت ته‌نانه‌ت ئه‌م دیواره‌شی نه‌ده‌بینی ... ئه‌و کوێر بوو ، هه‌ردوو چاوی نه‌بوو ...


سسته‌ره‌که‌ ئه‌م قسانه‌ی کردو له‌ په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ ته‌ماشایه‌کی ده‌ره‌وه‌ی کرد ...پاشآن ده‌موو چاوی خۆی به‌هه‌ردوو ده‌ستی گرد ... ماوه‌یه‌ک بێ ده‌نگ بوو ..، له‌ دواییدا وتی :
- ڕه‌نگه‌ ویستبێتی تۆ دڵخۆش بکات ..، بۆ ئه‌وه‌ی تووشی نائومێدی نه‌بیت و مه‌رگی خۆت
بخوازی ...!!

 

ئایا دڵخۆش نابیت ئه‌گه‌ر که‌سانی تر دڵخۆش بکه‌یت ...!؟



1681 بینین