سان ئانتۆنیۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-15-17:00:00 - کۆدی بابەت: 10673
سان ئانتۆنیۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سان ئانتۆنیۆ (بە ئینگلیزی: San Antonio، بە عەرەبی: سان أنطونيو)، بە فەرمی شاری سان ئانتۆنیۆ، حەوتەم قەرەباڵغترین شارە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دووەم گەورەترین شارە لە باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکان، هەروەها دووەم قەرەباڵغترین شاری ویلایەتی تەکساسە و ١٢هەم قەرەباڵغترین شاری ئەمریکای باکوورە، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٫٤٣٤٫٦٢٥ كەس بوو. ئەم شارە کۆنترین شارەوانی ویلایەتەکەیە، لە ١ـی ئایاری ٢٠١٨ـدا یادی ٣٠٠ ساڵەی دامەزراندنی کردەوە.

هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا چەندین دامەزراوەیان لە سان ئانتۆنیۆ و دەوروبەری هەیە؛ فۆرت سام هاوستۆن تاکە دامەزراوەیە لە سنووری شارەکەدا. بنکەی هێزی ئاسمانی لاکلاند، بنکەی هێزی ئاسمانی ڕاندۆڵف، بنکەی هێزی ئاسمانی کێلی، کەمپی بوڵیس و کەمپی ستانڵی لە دەرەوەی سنووری شارەکەن. شارەکە شوێنی چوار کۆمپانیای فۆرچن ٥٠٠ و سەنتەری پزیشکی باشووری تەکساسە کە تاکە کۆمپانیای توێژینەوە و چاودێری پزیشکییە لە ناوچەی باشووری تەکساس. هەروەها سان ئانتۆنیۆ گەورەترین شارە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە زۆرینەی هیسپانییەکانی تێدایە و بە ڕێژە ٦٤٪ـی دانیشتووانەکەی هیسپانین. سەرەڕای ئەوەش ساڵانە نزیکەی ٣٢ ملیۆن گەشتیار سەردانی ئەم شارە دەکەن.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی سان ئانتۆنیۆ لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٫٤٥٦٫٠٦٩ کەس بوو، ئەم شارە لە دوای شاری هاوستۆنەوە دووەم گەورەترین شاری ویلایەتی تەکساس و حەوتەم گەورەترین شاری ئەمریکایە. لە ئێستادا گەشەی ساڵانەی سان ئانتۆنیۆ بە ڕێژەی ٠٫٧٥٪ ـە، بەڵام لە دوایین سەرژمێرییەوە ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ڕێژەی ٤٫٧٨-٪ کەمیکردووە. ڕووبەری شارەکە ٤٩١ میلە و چڕی دانیشتووانەکەی ٣٫٠٠٢ کەسە لە هەر میل چوارگۆشەیەکدا. هەروەها ڕێژەی هەژاری ١٧٫٥٦٪ و تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی سان ئانتۆنیۆ ٣٣٫٦ ساڵییە، نێرەکان ٣٢٫٣ ساڵی و مێیەکان ٣٤٫٩ ساڵی. سەرەڕای ئەوەش، ژمارەی مێیەکان لەم شارەدا کەمێک زیاترە لە نێرەکان، ژمارەی مێیەکان ٧٧٤٫٣١٨ کەسە کە بە ڕێژە ٥٠٫٦٤٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن و ژمارەی نێرەکان ٧٥٤٫٨١٥ کەسە کە بە ڕێژە ٤٩٫٣٦٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی شارەکە بریتین لە:

  1. سپی پێست: ٧١٫٩٠٪
  2. ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ١٠٫١٣٪
  3. ڕەگەزەکانی تر: ٧٫٤٣٪
  4. ئەمریکی ڕەش پێست یان ئەفریقی: ٦٫٧٨٪
  5. ئاسیایی: ٢٫٩٨٪
  6. ئەمریکی ڕەسەن: ٠٫٧٠٪
  7. هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠٫٠٨٪

زمان

٥٨٫٢٠٪ـی دانیشتووانی شاری سان ئانتۆنیۆ تەنیا بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا ٤١٫٨٠٪ـی دانیشتووانەکەی بە زمانەکانی تر دەدوێن، گەورەترین گرووپ کە بە زمانی نائینگلیزی قسە دەکەن ئیسپانییەکانن کە بە ڕێژە ٣٧٫٩٠٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن.

شوێنی لەدایکبوون

٨٦٫٠٥٪ـی دانیشتووانی سان ئانتۆنیۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایکبوون کە ٦٥٫٤٢٪ـیان لە ویلایەتی تەکساس لەدایکبوون. هەروەها ٨٫٣٣٪ـی دانیشتووان هاوڵاتی ئەمریکی نین، زۆرترین ڕێژەی ئەوانەی لە ویلایتە یەکگرتووەکان لەدایک نەبوون لە بە ئەمریکای لاتین لەدایکبوون.

گەشەی دانیشتووانی سان ئانتۆنیۆ

لە ساڵی ٢٠١٢ـدا ڕێژەی گەشەی شاری سان ئانتۆنیۆ گەشەی ١٫٨٧٪ بوو، بەڵام ئەم گەشەکردنە لە ساڵی ٢٠١٣ـدا بۆ ٢٪ بەرزبوویەوە، هەروەها ڕێژەی گەشەی کاریش ٢٪ بوو لە کاتێکدا ڕێژەی بێکاری بەرەو دابەزین دەڕۆشت. ئەمەش واتە گەورەشاری سان ئانتۆنیۆ دەتوانێت لە ساڵانی داهاتوودا لە گەشەی تەندروستی خۆی بەردەوام بێت. بەهۆی ئەوەی بە لێشاو خەڵک لە وڵاتانی دیکە و ناوچەکانی دیکەی وڵاتەوە ڕوو لە شارەکە دەکەن، ڕێژەی لەدایکبوون بەرزە و ڕێژەی مردن کەمە شارەکە گەشەیەکی سروشتی تەندروست بەخۆیەوە دەبینێت. سان ئا‌نتۆنیۆ لە دە ساڵی ڕابردوودا یەکێک بوو لە خێرا گەشەسەندووترین شارە گەورەکانی وڵات و دەکەوێتە ناوچەی سێگۆشەی تەکساسەوە.

مێژووی شارەکە

سان ئانتۆنیۆ یەکێکە لە کۆنترین جێگیرگە ئیسپانییەکان لە ویلایەتی تەکساس و بۆ ماوەی چەند دەیەیەک گەورەترین ناوچەی ویلایەتەکه بوو. ئەم شوێنە پێش داگیرکاری ئیسپانییەکان بۆ ماوەی هەزاران ساڵ لەلایەن چەندین گەلی ڕەسەنی کولتوورە جیاوازەکانەوە داگیرکراوە. هیندییەکانی پایایا (Payaya) لە سەرەتادا لە دۆڵی ڕووباری سان ئانتۆنیۆ نیشتەجێ بوون. گرووپێک لە موژدەبەرە‌کان و گەڕیدە ئیسپانییەکان لە ١٣ی حوزەیرانی ساڵی ١٦٩١ـدا کە ڕۆژی جەژنی سەینت ئانتۆنی (St. Anthony) بوو ناوچەکەیان دۆزیەوە و وەکوو ڕێزێک بۆ ئەو کابرا ڕووبار و ناوچەکەیان ناونا "سان ئانتۆنیۆ". ئەم شارە ماوەیەک بووە گەورەترین شوێنی نشینگەی ئیسپانی لە ویلایەتەکەدا.

دوای ئەوەی مەکسیک لە ساڵی ١٨٢١ـدا سەربەخۆیی بەدەستهێنا، نیشتەجێ ئەمریکییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە هاتنە ناوچەکەوە. پاشان لە ساڵی ١٨٣٦ـدا ئەمریکییەکان لە شەڕێکدا کۆنتڕۆڵی تەکساسیان کرد و کۆماری تەکساس سەربەخۆیی بەدەستهێنا. لە ساڵی ١٨٤٥ـدا خاکی تەکساس درا بەدەم خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە و کرا بە ویلایەتێک. بڕیاری دانەدەمی تەکساس و بوونە بەشێک لە یەکێتییەکە لە ساڵی ١٨٤٥ـدا بووە هۆی دروستبوونی شەڕی نێوان مەکسیک و ئەمریکا، کە بەهۆیەوە ژمارەی دانیشتووانی سان ئانتۆنیۆ بە ڕێژەی ٢/٣ کەمبوویەوە بۆ تەنها ٨٠٠ کەس، لەگەڵ ئەوەشدا تا کاتی شەڕی ناوخۆ کە لە ساڵی ١٨٦٠ـدا دەستی پێکرد ژمارەی دانیشتووان گەشەی کرد بۆ ١٥ هەزار کەس. ژمارەی دانیشتووانی سان ئانتۆنیۆ لە ساڵی ١٩٧٠ـەوە تا ساڵی ٢٠٠٥ نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە لە ٦٥٠ هەزار کەسەوە بۆ زیاتر لە ١٫٢ ملیۆن کەس. ئەمەش بەهۆی گەشەی دانیشتووان و دانەدەمی زەوییەوە بوو.

کەشوهەوا

کەشوهەوای شاری سان ئانتۆنیۆ نیمچە خولگەییە، کەشی شارەکە لە مانگەکانی وەرزی زستاندا مامناوەندە و مانگەکانی وەرزی هاوین زۆر گەرم و شێدارە. شارەکە دەکەوێتە باشووری ویلایەتی تەکساس و نزیکەی ٢٠٠ کیلۆمەتر لە کەنداوی مەکسیکەوە دوورە.

وەرزی زستان لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی شوبات بەردەوام دەبێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا مامناوەندە، بەڵام لەوانەیە گۆڕانکاری لە پلەی گەرمیدا ڕووبدات و تەنانەت لە ناوەڕاستی زستانیشدا دەکرێت پلەی گەرمی بەرز بێتەوە و بگاتە ٢٥ پلەی سەدی یان زیاتر. تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگی ساڵدا کە مانگی کانوونی دووەمە ١١٫٢ پلەی سەدییە، هەروەها کەشی شارەکە بە شەودا زۆرجار سارد دەکات و دەشێت پلەی گەرمی بۆ خوار پلەی بەستن دابەزێت. ناوبەناو لەوانەیە شەپۆلەکانی سەرما هەڵ بکات، کە چەند ڕۆژێک دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا پلەی گەرمی دەتوانێت بۆ ١٠- پلەی سەدی یان بۆ نزمتر لە پلەیەش دابەزێت. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ١٨- پلەی سەدی بوو کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٩ـدا تۆمارکرا، لەم ساڵانەی دواییدا و لە مانگی شوباتی ٢٠٢١ـدا پلەی گەرمی بۆ ١٣- پلەی سەدی دابەزی. هەروەها بارینی بەفر لە شاری سان ئانتۆنیۆ دەگمەنە.

هاوینی سان ئانتۆنیۆ لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول دەخایەنێت، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و دروستبوونی شێ کەشێکی گەرمی زۆر ناخۆش دروست دەکات. پلەی گەرمی لە گەرمترین مانگی ساڵدا کە مانگی ئابە ٢٩٫٧ پلەی سەدییە. لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا، دەشێت پلەکانی گەرما بگەنە ٤٠ پلەی سەدی و دەکرێت ئەو پلەیەش تێ بپەڕێنن. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٤ پلەی سەدییە، کە لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٠٠ـدا تۆمارکرا. هەندێکجار زریان لە کەنداوی مەکسیک یان زەریای هێمنەوە دەگاتە شارەکە. بەگشتی زریانەکان لاوازن بەڵام هێشتا دەتوانن بارانێکی زۆر بهێنن. وەرزی زریانەکان لە مانگی حوزەیرانەوە تا تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.

ساڵانە ٨٢٠ مللیمەتر باران لە شارەکەدا دەبارێت، ئەم ڕێژەیەش ئاستێکی مامناوەندە. بەهۆی پێکدادانی بارستە هەواییەکانەوە وەرزەکانی بەهار و پاییز باراناویترین وەرزەکانی ساڵن. شاری سان ئانتۆنیۆ دەکەوێتە دەرەوەی ناوچەیەک کە پێی دەوترێت "ڕێڕەوی گەردەلوول یان کۆڵانی گەردەلوول"، بۆیە گەردەلوول دەتوانێت ناوبەناو لە ماوەی مانگەکانی نیسان-حوزەیراندا هەڵ بکات و بە دەگمەنتر لە وەرزی پاییزدا هەڵ دەکات. سەرەڕای ئەوەش ساڵانە نزیکەی ٢٫٦٣٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی

باشترین کات بۆ سەردانکردنی سان ئانتۆنیۆ وەرزەکانی بەهار و پاییزە، بەتایبەتی لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە تا ناوەڕاستی نیسان و لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم تا ناوەڕاستی تشرینی دووەم، چونکە لەم ماوەیدا لە گەرمای هاوین و سەرمای زستان بەدوور دەبیت.

شوێنە گەشتیارییەکانی

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە بریتین لە:

  1. ڕووباری سان ئانتۆنیۆ
  2. گۆڕەپانی بازاڕی مێژوویی
  3. باخچەی گوڵ و ڕووەکی سان ئانتۆنیۆ
  4. فیستیڤاڵی سان ئانتۆنیۆ
  5. مۆزەخانەی هونەری سان ئانتۆنیۆ و مۆزەخانەی هونەری McNay
  6. باخچەی ئاژەڵان و شاری یاری
  7. شارۆچکەی باندێرا
  8. یاریگای گۆڵف


سەرچاوەکان



243 بینین