سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-08-21-22:06:00 - کۆدی بابەت: 9945
سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (بە عەرەبی: السلطان عبد الحميد الثاني، بە ئینگلیزی: Abdul Hamid II) ٣٤ـەمین سوڵتان و دەسەڵاتداری عوسمانییەکان و کۆتا سوڵتانی عوسمانییەکان بوو کە دەسەڵاتی فراوان و دەستڕۆیشتوو بوو. هەندێک لە پاڵپشتیکارانی سوڵتان عەبدولحەمید وەکوو سوڵتانە سەرسەختەکه و دڵسۆزی خاکی فەڵەستین دەناسێنن، چونکە ئەو سوڵتانە بوو کە ڕێگری لە کۆچی جوولەکەکان کرد بۆ سەر فەڵەستین.

لەلای نەیارانیشی بە "سووڵتانە سوورەکە" یان "بکوژی ئەرمەنەکان" ناسراوە. لە سەردەمی دەسەڵاتیدا دەوڵەتی عوسمانی بووژانەوەیەکی تەواوی بەخۆیەوە بینی، گرنگی بە چاکسازی لە بوارە جیاجیاکانی وڵات داوە، بە پەرۆش بووە کە بیری ڕۆژاوا لە وڵاتەکەیدا زۆر زاڵ نەبێت، ئەو هەوڵیدا پێشکەوتنەکانی ئەورووپا لەگەڵ بەها و دابوونەریتی ئیسلامی تێکەڵ بکات، ماوەی دەسەڵاتەکەی ٣٣ ساڵی خایاندووە.

ناساندن

سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم کوڕی سوڵتان عەبدولحەمیدی یەکەمی عوسمانییە و لە ساڵی ١٨٤٢ لە شاری ئیستەنبووڵ لەدایکبووە، دایکی کە هاوژینی سێیەمی باوکی بووە ناوی "شاژنە تیرموژگان" بووە بە ڕەچەڵەک لە شەرکەسییەکان بووە، کاتیک عەبدولحەمید تەمەنی دەگاتە دە ساڵی دایکی بەهۆی نەخۆشی سیلەوە کۆچی دوایی دەکات، "پەریستۆ خانم" وەکوو بەخێوکەری دیاریکرا و بووە بەرپرسی پەروەردەکردنی، بۆ ماوەی ٢٨ ساڵ بە دایکی مەعنەوی دانراوە و نازناو و پێگەی شاژنی دایکی عەبدولحەمیدی وەرگرتووە.

ئەزموونی خوێندن و تەمەنی لاوی

هەر لە سەردەمی لاوییەوە گرنگی بە خوێندن و فێربوون داوە، توانییەتی جگە لە زمانی تورکی زمانەکانی فەڕەنسی و عەرەبی و فارسی فێرببێت. هەریەک لە بوارەکانی هونەری خۆشنووسی، وێژەی عوسمانی، زانستە ئیسلامییەکان و تەسەوفی لەلای زاناکانی سەردەمی خۆی خوێندووە. هاوکات سەحیحی بووخاری لە زانستی فەرموودە خوێندووە، ڕامیاری و ئابووری لەلایەن وەزیری مەعاریفی ئەو سەردەمە پێوتراوەتەوە.

لە سەردەمی دەسەڵاتی "عەبدولعەزیزی یەکەم" کە مامی بووە و تاکە سوڵتانی عوسمانی بووە کە سەردانی وڵاتانی ئەورووپا و میسری کردووە، عەبدولحەمید لەگەڵ مامی سەردانی فەڕەنسا، ئینگلتەرا، بەلجیکا، ئەڵمانیا و نەمسای کردووە، لە ماوەی دەسەڵاتەکەی زۆر کاریگەر بووە بەو گەشتانەی کە لە تەمەنی لاوی کردوویەتی.
ئارەزووی زۆری بۆ ئەسپسواری و وەرزش و دارتاشی هەبووە، هاوکات لە تەمەنی لاوی شیعری ڕێکخستووە و چەندان شیعریشی لەبەرکردووە، هەروەها کەسێکی پەیوەست بووە بە ئایینی ئیسلام و نوێژی کردووە، لایەنگیری سۆفییەت بووە.

سەردەمی دەسەڵاتی

وەرگرتنی دەسەڵات و ڕاگەیاندنی دەستوور

لە ٣١ـی ئابی ساڵی ١٨٧٦ دوای لەکارلابردنی "سوڵتان موڕادی پێنجەم"ـی برای کە تۆمەتی شێتی بۆ هەڵبەسترا، بە فەرمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بووە ٣٤ـەمین سوڵتانی عوسمانییەکان. لە هەمان ساڵدا سوڵتان عەبدولحەمید دەستوورێکی نوێی ڕاگەیاند کە ئازادییە شارستانییەکانی تێدا دەستەبەر دەکرد، هاوکات حکوومەتێکی لەسەر بنەمای بوونی پەرلەمان دروستکرد.

هەڵبژاردن بەپێی ئەو دەستوورە ئەنجام درا، موسڵمانان ٧١ کورسی و مەسیحییەکان کە بە نەساڕاکان ناسرابوون ٤٤ کورسی و جوولەکەکان ٤ کورسیان بەدەست هێنا. یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکی لە ساڵی ١٨٧٧ کۆبووەوە، بەڵام ئەو پەرلەمان و ئەنجوومەنە زۆری نەخایاند و شکستی هێنا.

شۆڕشەکانی بالکان

لە سەردەمی دەسەڵاتی سوڵتاندا شۆڕشی هەردوو هەرێمی بۆسنە و هەرسک لەگەڵ بولگاریا نوێ بووەوە تاکوو چەند ساڵێک بەردەوام بوو، هەردوو وڵاتی مۆنتینێگرۆ و سڕبیاش دژی عوسمانییەکان لە جەنگدا بوون، وڵاتانی ئەورووپا بارودۆخی جەنگەکانیان لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنا و بە بیانووی بەرقەرارکردنی ئاشتی بارودۆخەکەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆستەوە. بۆیە هەریەک لە ڕووسیا و نەمسا وڵاتانی مۆنتینێگرۆ و سڕبیایان دژی عوسمانییەکان هاندەدا و پاڵپشتیان دەکردن. دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوانیان دەوڵەتی عوسمانی توانی سەرکەوتوو بێت و جەنگەکەی بردەوە و کۆتایی بە شۆڕشەکان هێنا.

جەنگی ڕووسیا و دەوڵەتی عوسمانی

وڵاتانی ئەورووپا لیستێک داواکاریی تایبەتییان بۆ ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی نارد، بە بیانووی پارێزگاری کردن لە هاونیشتمانییە مەسیحییەکان کە لەو سەردەمەدا بە نەساڕاکان ناسرابوون چەندان داواکارییان کردبوو، سوڵتان عەبدولحەمید ڕاوێژی بە ئەنجوومەن کرد و داواکارییەکانیان ڕەتکردەوە چونکە پێیان وابوو ئەو وڵاتانە بە ئاشکرا دەست وەردەدەنە بارودۆخی ئیمپراتۆریی عوسمانی. ڕووسیا ئەم هەلەی قۆستەوە و جەنگی دژی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ڕاگەیاند، وڵاتانی بالکانی داگیرکرد و هێزەکانی ڕووسیا بە دووریی ٥٠ کیلۆمەتر لە ئیستەنبووڵ مانەوە و توانیان زۆرێک لە ناوچەکانی ئەنادۆڵیش داگیر بکەن. ئەم جەنگە لە نێوان ساڵی ١٨٧٧ تاکوو ١٨٧٨ بەردەوام بوو. دواتر لە ڕێگەی بەستنی پەیماننامەی "سان ستیڤانۆ" لەسەر داوای سوڵتان عەبدولحەمید جەنگی نێوان هەردوولا ڕاگیرا.

لەدەستدانی هەرێمەکان

لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمید بەهۆی کێشە ناوخۆییەکان و کەڵەکەبوونی قەرز و دروستبوونی شۆڕشی ناوخۆ، دەوڵەتی عوسمانی چەندان ناوچەی گرنگی لەدەستدا، تونس کەوتە بەر داگیرکاری فەڕەنسا، قوبڕس و میسر و سوودان لەلایەن بەریتانیاوە داگیر کران، ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و حەبەشەش لەلایەن ئیتاڵیاوە داگیرکران.

جەنگی یۆنان و دەوڵەتی عوسمانی

یۆنان هاوشێوەی فەڕەنسا و ئیتاڵیا و بەریتانیا دەیویست هەردوو ویلایەتی یانیا و کریتی داگیر بکات و جەنگی دژی عوسمانییەکان ڕاگەیاند. بەڵام هێزی عوسمانییەکان تا ئەسینا نەوەستان و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەو کاتەی یۆنان هێنرا. بۆیە قەیسەری دەسەڵاتداری ئەو سەردەمە دوای شکستهێنانی یۆنان لە جەنگەکە داوای لە سوڵتان عەبدولحەمید کرد جەنگ ڕابگرێت، سوڵتانیش بە مەرجی قەرەبووی دە ملیۆن لیرەی عوسمانی و گەڕاندنەوەی چەند ناوچە و هەرێمێک بۆ ژێردەسەڵاتی عوسمانییەکان ڕازی بوو جەنگ ڕابگیرێت، لە ڕێگەی "پەیماننامەی ئیستەنبووڵەوە" لەسەر داوای سوڵتان عەبدولحەمید جەنگ ڕاگیرا.

دروستبوونی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی

لە ساڵی ١٨٨٩ لە سەدەمین ساڵیادی شۆڕشی فەڕەنسی، کۆمەڵەیەکی نهێنی بە ناوی "کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی" لەلایەن چەند خوێندکارێکی خوێندنگە سەربازییەکانەوە دامەزرا، ئامانجی سەرەکی لە دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە بریتی بوو لە لەکارلابردنی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، چەند کەسایەتییەکی ماسۆنی و ئەورووپی پاڵپشتی ئەم کۆمەڵەیەیان کرد، بۆیە ئەندامانی کۆمەڵەکە بەخێرایی زیادی کرد، زۆرێک لە ئەندامەکانی خوێندکار و لاوی ناوخۆ لەگەڵ ئەو شۆڕشگێڕانە بوون کە لە وڵات دوورخرابوونەوە بۆ جنێف و قاهیرە و پاریس. ڕێکخراوەکە یەکەمین گۆڤاری فەرمی خۆی لە جنێف دەرکرد و بیرۆکە و بۆچوونەکانی بە ئاشکرا ڕادەگەیاند. ڕێکخراوە ماسۆنییەکان و جووەکان و وڵاتانی زلهێزی ئەورووپی و ڕووسیا پاڵپشتی ئەم کۆمەڵەیەیان کرد.

لە ساڵی ١٨٩٧ کۆمەڵەکە ئاشکرا بوون و زۆرێک لە ئەندامەکان یان دووخرانەوە یان زیندانی کران، بەشێکیشیان بەرەو پاریس و وڵاتی میسر هەڵهاتن. سوڵتان عەبدولحەمید داوای لە ئەندامەکانی ئەم کۆمەڵەیە کرد بگەڕێنەوە و پلە و پۆستی گرنگی پێشکەش کردن، بەڵام ناڕازی بوون و زۆر ناوچەی ئەورووپی نموونەی "سالونێک" لە یۆنان بووە مۆڵگەی ئەندامانی کۆمەڵەکە. هەر ئەم کۆمەڵەیە بوونە هۆی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم.

دۆسیەی ئەرمەنییەکان

دوای بەستنی پەیماننامەی بەرلین لە نێوان سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم و ئەڵمانیا، چەند بەندێکی ئەو ڕێککەوتنە بریتی بوو لە دابینکردنی مافی ئەرمەنەکانی دانیشتووی ناوچەکانی تورکیا. دەسەڵاتی عوسمانی پابەندی بەندەکانی ئەو پەیماننامەیە نەبوو، بۆیە هێزە ئەورووپییەکان بە تایبەت فەڕەنسا و ڕووسیا چەکیان بۆ ئەرمەنەکان دابین کرد، ئەوانیش پشێوی و ئاژاوەیان دروست کرد بە تایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و داوای جیابوونەوەیان دەکرد لە دەوڵەتی عوسمانی.

ئەرمەنەکان هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچە موسڵماننشینانەی کە کورد بوون و ناوچەکانیان وێران بوو و کوشتارگەیان لە چەند ناوچەیەکی کوردنشین دروستکرد، بۆیە عوسمانییەکان بە قورسی بەرپەرچیان دانەوە. هەرچەندە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەم دۆسیەیە ڕۆڵی نەبووە، بەڵام بەپێی چەند بەڵگەیەکی مێژوویی بە ڕازیبوونی ئەو بڕیارەکان دەرچووە. یەکەمین کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە سەردەمی ئەوەوە دەستی پێکردووە، هەروەها "کۆمەڵکوژی حەمیدییە" کە ژمارەیەکی زۆر قوربانی هەبوو لە سەردەمی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمید ڕوویدا.

لە نێوان ساڵانی ١٨٩٤ بۆ ١٨٩٦ چەند زنجیرەیەکی کۆمەڵکوژی ئایینی دژ بە ئەرمەن و ئاشوورییەکان لە چەند ناوچەیەکی تورکیا ڕوویدا، ئەو ناوچانەی کە لە ئەمڕۆدا دەکەونە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و باکووری عێراق، نموونەی ناوچەکانی بەدلیس و دیاربەکر و تەڕابزۆن و وان. ژمارەی کوژراوانی ئەم دۆسیەیە ڕاجیایی لەسەرە، هەندێک لە تۆمارەکان ژمارەی قوربانییان لە نێوان سەد هەزار بۆ سێ سەد هەزار کەس دەخەمڵێنێت، هەندێکی تر بە ملیۆنێک قوربانی خەمڵاندنی بۆ ئەم ڕووداوە کردووە.

پەیوەندی سوڵتان عەبدولحەمید لەگەڵ جوولەکەکان

له مێژووی دەسەڵاتدارە ئیسلامییەکان سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم کەسێک بووە هەموو دانووستان و هاوکاری و پاڵپشتیکردنی جوولەکەکانی ڕەتکردووەتەوە، بەهەموو شێوەیەک کۆچی جوولەکەکانی بۆ سەر خاکی فەڵەستین ڕەتکردووەتەوە و ڕێگری لێکردوون.

گەورە بازرگان و سیاسەتمەدارانی جوولەکە نموونەی دامەزرێنەری بیرۆکەی ماسۆنییەت "تیۆدۆر هێرتزل" چەندان پێشنیاریان پێشکەش کرد تاکوو هاوکاریان بێت لە جێبەجێکردنی پلانی داگیرکردنی خاکی فەڵەستین، پێشنیاری دانەوەی قەرزی کەڵەکەبووی دەوڵەتی عوسمانییان کرد، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە و وتەیەکی بەناوبانگی هەیە و لەو بارەیەوە وتویەتی: "تاکوو من لە ژیاندا مابم ناهێڵم جەستەی خاکەکەمان پارچە پارچە بکرێت". بۆیە ئەم هۆکارە یارمەتیدەر بوو کە جوولەکە و هێزەکانی ئەورووپا دژی بووەستنەوه و هۆکارێک بوو کە کۆتایی بە دەسەڵاتی هێنا.

گرنگترین کارەکانی

  1. بە بەکارهێنانی سامانی تایبەتی خۆی سوڵتان توانی "نەخۆشخانەی شیشیلی" و خەڵوەتگەیەکی پیران دابمەزرێنێت، کە تا ئێستا لە تورکیا دەستبەکارن.
  2. هەر لەسەر ئەرکی خۆی و بە بەکاهێنانی سامانی خۆی توانی هێڵەکانی تەلیگراف بۆ هەموو ناوچەکانی دەوڵەتی عوسمانی دابین بکات.
  3. گرنگی زۆری بە وەرزش داوە و لە سەردەمی دەسەڵاتی و بەفەرمانی ئەو چەند یانەیەکی ناوداری تورکی نموونەی "گڵەتە سەرای" و "بیشکتاش" دامەزراون.
  4. لە ساڵی 1900 بە مەبەستی دابینکردنی ئاساییش بۆ ئەو حاجییانەی کە سەردانی ماڵی خوایان دەکرد، بڕیاری دامەزراندنی هێڵی ئاسنیدا، کە شارەکانی مەککە و مەدینە لە ڕێگەی شاری دیمەشقەوە دەبەستەوە بە ئیستەنبووڵ و بە پڕۆژەی "هێڵی ئاسنی حیجاز" ناسرا، تێچووی ئەو پڕۆژەیە بە چوار ملیۆن لیرەی تورکی خەمڵێندرا، ئەو بڕە پارەیە لە دەوڵەت نەبوو و هیچ وڵاتێکی ئەورووپیش ئامادە نەبوون قەرز بدەنە دەوڵەتی عوسمانی، بۆیە لە ناوخۆ کۆمەک و هاوکاری بۆ کۆکرایەوە بەڵام بەهۆی زۆری تێچوو و تێکچوونی بارودۆخی ناوخۆی عوسمانییەکان پڕۆژەکە تەواو نەکرا.

کۆتایی دەسەڵاتەکەی و دوورخستنەوەی و کۆچی دوایی

بۆ جوولەکەکان و نەیارانی لە ئەورووپا ڕوونبوو کە ناتوانن سوڵتان عەبدولحەمید بۆ مەبەستە تایبەتییەکانیان بەکاربهێنن، بۆیە چەندان پیلانی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی بە چەندان شێوە داڕێژرا. هاوکات سەرباری نەیارانی دەرەکی چەندان جووڵانەوە لە ناوخۆ نموونەی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی دژی سوڵتان دروستبوو.

لە ٢٧ـی نیسانی ساڵی ١٩٠٩ دوای ٣٣ ساڵ لە فەرمانڕەواییکردن لەکارلابرا دوورخرایەوە، برا بچووکەکەی "محەمەدی پێنجەم" بووە جێگرەوەی کە خاوەن کەسایەتییەکی لاواز بوو و دەسەڵاتەکەی سست و بێهێز بوو. لە دوای لەکارلابردنی ڕاستەوخۆ سوڵتان عەبدولحەمید دوورخرایەوە و نێردرایە ناوچەی سالۆیک لە یۆنان. دوای سێ ساڵ لە یەکی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٢ گەڕێنرایەوە بۆ ئیستەنبووڵ. له ١٠ـی شوباتی ساڵی ١٩١٨ بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



695 بینین