ئایینی سیخ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-13-14:32:00 - کۆدی بابەت: 9815
ئایینی سیخ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئایینی سیکیزم یان سیخیزم (بە ئینگلیزی: Sikhism، بە عەرەبی: السيخية) ئایینێکی یەکتاپەرستیی دارمی هیندییە لە دەوروبەری کۆتایی سەدەی پازدەهەم لە ناوچەی پەنجاب لە نیمچەکیشوەری هیندستان سەرچاوەی گرتووە. یەکێکە لە نوێترین باوەڕە ڕێکخراوە سەرەکییەکان و پێنجەم گەورەترین ئایینە لە سەرانسەری جیهاندا و کە نزیکەی ٢٥-٣٠ ملیۆن لایەنگری هەیە کە بە سیخەکان ناسراون.

ئایینی سیخ لە فێرکارییە ڕۆحییەکانی گورو ناناک (١٤٦٩-١٥٣٩) و نۆ گوروی سیخی تر کە شوێنیان گرتەوە پەرەی سەندووە. گوروی دەیەم، گۆبیند سینگ (١٦٦٦-١٧٠٨)، پەرتووکی پیرۆزی سیخەکانی بەناوی "گورو گرانت ساهیب" وەک جێنشینی خۆی ناونا، ئەوەش بووە هۆی کۆتاییهێنان بە هێڵێ گوروە مرۆڤەکان و پەرتووکەکەی وەک ١١ـەمین گوروی هەمیشە زیندوو دانرا، کە بووە پەرتووکی ڕۆحی و کۆمەڵایەتی و ڕێنمایی بۆ سیخەکان.

وشەی "سیخیزم" لە وشەی "سیخ"ـەوە هاتووە، کە لە بەرانبەردا لە ڕەگی سانسکریتەوە هاتووە بە واتای شاگرد و لە زمانی پالیدا بە واتای شاگرد یان شوێنکەوتوو دێت. بیروباوەڕە سەرەکییەکانی ئایینی سیخ کە لە پەرتووکە پیرۆزەکەیاندا گورو گرانت ساهیبدا هاتووە، بریتین لە باوەڕ و قووڵبوونەوە بەناوی یەک خوای بەدیهێنەر، یەکێتی و یەکسانی خوایی بۆ هەموو مرۆڤایەتی، سەرقاڵبوون بە خزمەتکردن بەبێ خۆپەرستی، هەوڵدان بۆ دادپەروەری بۆ سوود و خۆشگوزەرانی هەمووان و هەڵسوکەوتی ڕاستگۆیانە لە ژیاندا.

نیشتمانی سیخەکان لە باکووری ڕۆژاوای هیندستانە و نزیکەی دوو ملیۆن سیخ لە وڵاتانی دراوسێی هیندستان دەژین کە پێشتر بەشێک بوون لە ویلایەتی پەنجابی پێشووی هیندستان. هۆکاری بڵاوبوونەوەی لە جیهاندا وابەستەیی ئینگلیزەکانە بەوان لە هەندێک شەڕ و کۆچی سیخەکان بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان، بەتایبەت کە کۆچی سیخەکان لە هیندستانی بەریتانی لە ماوەی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمدا دەستی پێکرد، کاتێک بەریتانییەکان پەنجابیان داگیر کرد.

ئایینی سیخ لەسەر بنەمای فێرکارییە ڕۆحییەکانی دامەزرێنەری ئایینەکە، گورو ناناک و نۆ گورو مرۆییە جێنشینەکانیەتی. ناونیشانی گورو بە زمانی هیندی بە واتای مامۆستا دێت، بەڵام گورو گۆبیند سینگ کە نازناوی دەیەمی لێنراوە، بەشدارییەکی زۆری لە ئایینی سیخدا کردووە و یەکێک لە کاریگەرترینەکانیەتی. ئایینی سیخ لە سەردەمی دژایەتی ئایینیدا پەرەی سەند. دوو سیخ بە ناوەکانی گورو ئارجان و گورو تێگ بەهادور لەلایەن فەرمانڕەوا مەغۆلەکانەوە ئەشکەنجە دراون و لە سێدارە دران دوای ئەوەی ڕەتیانکردەوە ببنە موسڵمان. دژایەتی سیخەکان بووە هۆی دامەزراندنی خالسا وەک داواکارییەک بۆ پاراستنی ئازادیی ویژدان و ئایین.

مێژوو

یەکەم هێمای ئایینی سیخ لە سەدەی پانزەهەمدا لە ناوچەی پەنجاب لە باکووری نیمچەکیشوەری هیندستان سەری هەڵداوە. مێژووی ئایینی سیخ پەیوەندییەکی نزیک بە مێژووی ناوچەی پەنجاب و دۆخی کۆمەڵایەتی-سیاسی باکووری ڕۆژاوای نیمچەکیشوەری هیندستان لە سەدەی شازدەهەمدا هەیە. لە دەسەڵاتی مەغۆلەکان لە هیندستان لەلایەن ئیمپراتۆر جەهانگیرەوە (١٦٠٥-١٧٠٧)، ئایینی سیخ لەگەڵ یاساکانی ئیمپراتۆریەتی مەغۆلەکان ناکۆک بووە. زۆرێک لە سیخە دیارەکان لەلایەن فەرمانڕەوا مەغۆلەکانەوە کوژران، بەهۆی ڕەتکردنەوەی گوێڕایەڵی فەرمانەکانیان، و دژایەتی ستەمکردن لە سیخەکان.

سەرهەڵدانی کۆنفیدڕاسیۆنێکی سیخەکان لە سەردەمی شازادەکان و سیخەکان لە سەردەمی مەهاراجا ڕەنجیت سینگدا بە لێبوردەیی ئایینی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و فرەیی لەگەڵ مەسیحییەکان و موسڵمانان و هیندۆسەکان لە پۆستەکانی دەسەڵاتدا دیار بوو. دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی سیخەکان بەزۆری لوتکەی ئایینی سیخەکانە لەسەر ئاستی سیاسی، لەم قۆناغەدا ئیمپراتۆریەتی سیخەکان هاتە ناو کەشمیر (باکووریترین بەشی نیمچەکیشوەری هیندستان)، لاداخ (خاکێکی فیدراڵی کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت)، و پیشاوەر (پایتەخت و گەورەترین شاری پارێزگای خەیبەر پاختونخوای پاکستان). ئەوکات ژمارەیەک جووتیاری موسوڵمان و هیندۆس بوونە سیخ. هاری سینگ نالوا، فەرماندەی گشتی سوپای سیخەکان بەدرێژایی سنووری باکووری ڕۆژاوا، سنوورەکانی ئیمپراتۆریەتی سیخەکانی تاوەکوو دەروازەی خەیبەر گەیاند. لەو سەردەمەدا بەڕێوەبەرایەتی عەلمانی ئیمپراتۆریەتی سیخەکان چاکسازییە سەربازی و ئابووری و حکوومییە داهێنەرەکانی لەخۆگرتبوو.

مانگەکانی پێش دابەشبوونی هیندستان (دابەشکردنی هیندستانی بەریتانی بۆ دوو دەوڵەتی سەربەخۆ، هیندستان و پاکستان) لە ساڵی ١٩٤٧ ململانێیەکی توندی بەخۆیەوە بینی لەنێوان سیخ و موسڵماناندا. کە بووە هۆی کۆچکردنێکی گەورەی ئایینی سیخەکان لە ڕۆژاوای پەنجابەوە و لە بەرانبەریشدا کۆچێکی ئایینی موسڵمانانی ڕۆژهەڵاتی پەنجاب. لە سەدەی بیست و یەکەمدا زۆرینەی سیخەکان لە پەنجابی هیندستان دەژین.

بیرۆکە و بیروباوەڕەکان

  • یەکتاپەرستی: بانگەوازی یەکتاپەرستی و ڕەتکردنەوەی فرەیی، بە بڕوای ئەوان هیچ جیاوازییەک لە نێوان وشەی خوادا نییە لەگەڵ ئەو خودایەی کە بە پێی هیندۆسەکان دەپەرسترێت، خوداکەیان بەرجەستە نییە و هیچ مێشکێک ناتوانێت لێی تێبگات.
  • پانتێیزم یان یەکتایی بوون: پانتێیزم (وحدة الوجود) لە ئایینی سیخیدا بوونی هەیە و باوەڕ وایە کە خوا بەرجەستە نییە و هیچ شێوەیەکی دیاریکراوی نییە.
  • هاوسەرگیری: تەنها لەگەڵ یەک ژن.
  • قەدەغەکردنی خانەقایەت: شوێنکەوتووانی ئایینەکە دەبێت هەوڵ بدەن بەدوای ڕزق و ڕۆزیدا بگەڕێن، جیاواز لە بیروباوەڕی هیندۆسی، کە شوێنکەوتووانی ئارەزووی خانەقایەتی دەکەن و کار و کردەوەی ژیانی ئەم دنیا بەجێدەهێڵن.
  • پێنج یاساکە: پاراستنی پابەندبوون بە پێنج یاساکە، کە ڕێنمایی ڕواڵەتین بۆیان، و بە “٥ کافەکە” هێما دەکرێن (چونکە هەموویان بە پیتی "ک" دەست پێدەکەن)، کە بریتین لە:
  1. درێژکردنەوەی قژ.
  2. هەڵگرتنی شانە.
  3. لەبەرکردنی پانتۆڵێکی پان و شل.
  4. لەبەرکردنی تەوقەی مەچەکی پۆڵا.
  5. هەڵگرتنی خەنجەر.
  • یەکسانی: یەکسانی نێوان ژن و پیاوە لە مامەڵە و میراتدا، هەروەها یەکسانی نێوان ڕەگەز و ڕەنگەکانی جیهانە، باوەڕیان بەوە نییە کە گەلێک هەبێت کە خوا پێی باشترە بەسەر ئەوانی تردا.

پێنج کافەکە

ئەو پێنج ڕێسایەیە کە پێداگری دەکەن لەسەر پابەندبوون پێیەوە، بەڵام کەسانێکیان هەیە کە پابەند نین بە پێنج کافەکە و بە پاتیت ناویان دەبەن، واتە لادەر.

  • کیسا (بە پەنجابی: ਕੇਸ) واتە درێژکردنەوەی مووی سەر و سمێڵ و لانەبردنی.
  • کانگاها (بە پەنجابی: ਕੰਘਾ): شانەیەکە کە سیخێک لەکاتی پێویستدا و هەرکاتێک بیەوێت قژی دابهێنێت بەکاری دەهێنێت.
  • کاشا (بە پەنجابی: ਕਛੈਰਾ) واتە لەبەرکردنی پانتۆڵێکی شل و پان کە لە ژێر ئەژنۆکان کۆتایی دێت، هاوشێوەی شۆرتێکی سەربازی.
  • کارا (بە پەنجابی: ਕੜਾ): ملوانکەیەکی پۆڵایە کە بە مەچەک دەپێچرێتەوە، هەروەها لەبەرکردنی هەموو جۆرە زێڕ و گەوهەرێک قەدەغەیە.
  • کیربان (بە پەنجابی: ਕਿਰਪਾਨ): خەنجەرێکە کە لە پۆڵا دروستکراوە، سیخێک هەڵیدەگرێت بۆ ئەوەی خۆی پێی بڕازێنێتەوە، بۆ ئەوەی خۆی لە دوژمنەکانی بپارێزێت و بەکارهێنانی لە دژی سیخێکی تر قەدەغەیە.

گوروی سیخ

گورو وشەیەکە بە واتای مامۆستا دێت، سیخەکان دە گوروی ئایینییان هەیە بریتین لە:

ڕیزبەندی

گورو

لەدایکبوون

کۆچی دوایی

یەکەم

گورو ناناک

١٤ نیسانی ١٤٦٩

٢٢ ئەیلوولی ١٥٣٩

دووەم

گورو ئەنگاد

٣١ ئازاری ١٥٠٤

 ٢٩ ئازاری ١٥٥٢

سێیەم

گورو ئەمار داس

٥ ئایاری ١٤٧٩

١ ئەیلوولی ١٥٧٤

چوارەم

گورو رام داس

٢٤ ئەیلوولی ١٥٣٤

 ١ ئەیلوولی ١٥٨١

پێنجەم

گورو ئارجان

١٥ نیسانی ١٥٦٣

 ٣٠ ئایاری ١٦٠٦

شەشەم

گورو هارگۆڤیند

١٩ حوزەیرانی ١٥٩٥

٢٨ شوباتی ١٦٤٤

حەوتەم

گورو هارای

١٦ کانوونی دووەمی ١٦٣٠

٦ تشرینی یەکەمی ١٦٦١

هەشتەم

گورو هارکریشان

٧ تەممووزی ١٦٥٦

٣٠ ئازاری ١٦٦٤

نۆیەم

گورو تاج بەهادور

١ نیسانی ١٦٢١

١١ تشرینی دووەمی ١٦٧٥

دەیەم

گورو گۆبیند سینگ جی

٠٥ کانوونی دووەمی ١٦٦٦

٧ تشرینی یەکەمی ١٧٠٨

پەرستگای سیخەکان

ئەو شوێنەی کە سیخەکان خواپەرستی تێدا دەکەن پێی دەوترێت گوردوارە یان پەرستگای زێڕین، کە پەرستگای سەرەکی سیخەکانە و دەکەوێتە هیندستان و یەکەم شوێنی پیرۆزیانە. دەکەوێتە شاری ئەمریتسار لە ویلایەتی پەنجاب. بینایەکی مەڕمەڕیی چوارگۆشەیە و قوبەیەکی مسی زێڕینی هەیە، چوار دەرگای لە هەر چوار لا هەیە. لە ساڵی ١٦٠٤ دروستکراوە.

جەژنەکان

  1. فێستیڤاڵی بیساکی: فێستیڤاڵی سەرەکی بۆ سیخەکان بریتییە لە بیساکی کە ساڵی نوێی سیخەکانە و دەکەوێتە ١٥ی نیسانی هەموو ساڵێکەوە. ماوەی شەش ڕۆژ دەخایەنێت.
  2. ڕۆژی لەدایکبوونی گورو ناناک: هەرچەندە گورو ناناک لە ١٥ی نیسانی ١٤٦٩ لەدایکبووە، بەڵام هەموو ساڵێک لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا ئاهەنگی بۆ دەگێڕن.
  3. ڕۆژی لەدایکبوونی گورو گۆبیند سینگ: هەموو ساڵێک لە ٥ی کانوونی دووەمدا ئاهەنگ دەگێڕدرێت.

پەرتووکی پیرۆز

یەک پەرتووکی پیرۆزی سەرەکی بۆ سیخەکان هەیە بەناوی گورو گرانت ساهیب. هەندێک جار بە ئادی گرانت ناودەبرێت. بەڵام لە ڕووی کرۆنۆلۆژییەوە، ئادی گرانت بە واتای وشەیی واتە بەرگی یەکەم، ئاماژەیە بۆ ئەو وەشانەی ئەو پەرتووکە پیرۆزەی کە لەلایەن گورو ئارجانەوە لە ساڵی ١٦٠٤دا دروست کراوە. گورو گرانت ساهیب دوا وەشانی فراوانکراوی پەرتووکی پیرۆزە کە لەلایەن گورو گۆبیند سینگەوە کۆکراوەتەوە. هەروەها پەرتووکێکی تر بەناوی داسام گرانت هەیە، کۆدەنگییەکی گشتگیری لەسەر نییە، بەڵکوو لەلایەن زۆرێک لە سیخەکانەوە بە پەرتووکێکی لاوەکی دادەنرێت.

ئادی گرانت

واتە یەکەم پەرتووک، کە پیرۆزترین و یەکەمین پەرتووکە بۆ سیخەکان، لەلایەن گوروی پێنجەم واتە ئارجانەوە نووسراوە، کە تێیدا هەموو فێرکارییەکانی ئایینی سیخی کۆکردۆتەوە. کە لە یەک پەرتووکدا تۆمار نەکرابوو تاوەکوو سەردەمی ئەو. هەروەها هەندێک دەقی پیرۆزی بۆ زیاد کرد کە بریتیبوون لە ڕێوڕەسمەکانی نوێژ و هاوسەرگیری و لەدایکبوون و مەعمودیەت و پرسە، لەگەڵیشیدا پێنج دەقی بۆ زیادکرا، واتە زیاتر لە هەزار گۆرانی گورو رامداسی چوارەم، دواتریش گوروی دەیەم گۆبیند سینگ، مێژووی ئایینی سیخی زیاد کرد کە بە زمانی کورموک نووسراوە.

داسام گرانت (گرانت ساهیب)

هەروەها پێی دەوترێت گرانت ساهیب و پەیڕەوی لە پەرتووکی پیرۆزی ئادی گرانت دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ گوروی دەیەم گۆبیند سینگ و ئاداب و نەریتەکانی خالسا لەخۆدەگرێت، هەروەها پێنج کافەکە لەخۆی دەگرێت. شوێنکەوتووانی بە سینگ ناسراون، کە کۆمەڵێک گەنجی پابەندن بە سیستەمێکی ڕەفتاری توندەوە، کە تێیدا خۆیان تەرخان دەکەن بۆ پەرستن و خەباتکردن بۆ ئەو ڕاستی و دادپەروەرییەی کە باوەڕیان پێیەتی.

سیخەکان وڵاتێکی پیرۆزیان هەیە کە تێیدا کۆبوونەوەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەویش شاری ئەمریتسارە لە پەنجابی هیندستان، کە گوردوارە دەکەوێتە ئەوێ.

بوونی سیخەکان لە سەرانسەری جیهان

ژمارەی دانیشتووانی سیخەکان لە سەرانسەری جیهان بە ٢٣ کۆمەڵگەی گەورەی سیخەکان لە ویلایەتەکانی تری هیندستان مەزەندە دەکرێت، سیخەکان ٢%ی دانیشتووانی هیندستان پێکدەهێنن، بە چڕییەکی کەمتر لە پاکستان و ئەفغانستان دەبینرێن. هەروەها سیخەکان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا وەک بەرەنجامێکی سروشتی کۆچ بوونیان هەیە. یەکەم کۆچی سیخەکان بۆ دەرەوەی ناوچە نەریتییەکانی بنەڕەتی خۆیان لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا دەستی پێکردووە، بەهۆیەوە سیخەکان لە جیهاندا دەبینرێن، وەک لە: کەنەدا (ئۆنتاریۆ)، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئیمارات، عوممان، کوەیت، بەحرەینشانشینی یەکگرتوو، ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا (کینیا)، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (مالیزیا). هەروەها لە ناوچەکانی ئەمریکا، فەرەنسا و هەندێک وڵات ئەورووپای ڕۆژاوا، ئوستورالیا، نیوزلەندا بە ڕێژەیەکی کەم هەن.


سەرچاوەکان



2153 بینین