یۆرک

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-07-18:42:00 - کۆدی بابەت: 9742
یۆرک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یۆرک (بە ئینگلیزی: York، بە عەرەبی: یورک)، شارێکە لە باکووری یۆرکشایەر لە وڵاتی ئینگلتەرا، ٥٥ کیلۆمەتر لە کەناری ڕۆژهەڵاتەوە دوورە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ـدا ٢١٠٫٦١٨ کەس بوو، هەروەها ڕووبەری ڕووی شارەکە ٢٧١٫٩٤ کیلۆمەتر دووجایە.

مێژووی شارەکە

مێژووی یۆرک‌ دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەزارەی یەکەمی زایینی، بەڵگە شوێنەوارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مێژووی جێگیربوونی مرۆڤەکان لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ٨٠٠٠ بۆ ٧٠٠٠ ساڵ پێش زایین، بەڵام نازاندرێت کە ئایا ئەم مرۆڤانە بە کاتی لەوێ نیشتەجێ بوون یان بە هەمیشەیی. بەو پێیەی یۆرک لە سەردەمی ڕۆمەکاندا شارۆچکەیەک بوو، ناوە سێڵتییەکەی لە سەرچاوە ڕۆمییەکان بە (Eboracum و Eburacum) تۆمارکراوە؛ دوای ساڵی ٤٠٠، ئینگلیز دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرت و ناوی شارەکەیان لەگەڵ ئینگلیزی کۆن Eoforwīc یان Eoforīc گونجاند، کە بە واتای "شارۆچکەی بەرازە کێوی" یان "دەوڵەمەند بە بەرازی کێوی" دێت. ڤایکینگەکان کە دواتر دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرت، ناوی شارەکەیان لەگەڵ وشەی Jórvík ـی نەرویجی گونجاند کە بە واتای "کەنداوی بەرازە کێوی" دێت، (jór) کورتکراوەی وشەی نەرویجی کۆن (jǫfurr) بوو بۆ بەرازە کێوی.

دانیشتووان

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٠١، ژمارەی دانیشتووانی شاری یۆرک ١٨١٫٠٩٤ کەس بوو، لەنێویاندا ٩٣٫٩٥٧ـیان مێ و ٨٧٫١٣٧ کەسیان نێر بوون، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە ٢١٠٫٦٢٠ کەس خەمڵێندرا، بەمەش دەبێتە ٨٧هەمین شاری قەرەباڵغی ئینگلتەرا. چڕی دانیشتووانەکەی ٤٫٣٦٨ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە

سپی پێست: ٩٤٫٣٪
ڕەگەزی تێکەڵ: ١٫٢٪
ئاسیایی: ٣٫٤٪
ڕەش پێست: ٠٫٦٪
نەتەوەکانی تر: ٠٫٥٪

ئایین

مەسیحی: ٥۹٫٥٪
بێ ئایین: ٣٠٫١٪
ئیسلام: ۱٪
بوودی: ۰٫٥٪
هێندۆسی: ۰٫٥٪
جوولەکە: ٠٫١٪
سیخی: ٠٫١٪
ئایینەکانی تر: ٠٫٤٪ ، ٠٫٣٪ ، ٠٫٤٪
ئەوانەی ئایینی خۆیان دەرنەخستووە: ٧٫٨٪

کەشوهەوا

شاری یۆرک کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت. هەروەها ڕێژەی دابارین لە شارەکەدا زۆر بەرزە بەڵام لەڕادەبەدەر نییە، ئەمەش بەهۆی ئەو زنجیرە شاخە نزمەوەیە کە لە باکوورەوە بۆ باشوور وەک بڕبڕەی پشت بەناو ئینگلتەرادا دەڕوات.

زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە و باراناوییە. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ نزیکەی ٦- و ٧- پلەی سەدی دادەبەزن، هەروەها هەندێک جار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو

لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ـدا ١٧- پلەی سەدی بوو، هەروەها لە شوباتی ٢٠١٢ـدا ١٠٫٥- پلەی سەدی بوو.

بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارەکە لە وەرزی هاویندا مامناوەند یان فێنکە. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەڵام کەمتر لەو ڕێژەیەی کە لە وەرزی زستاندا دەبارێت. سەرەڕای ئەوەش، ڕێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و شەپۆلەکانی گەرما ناگیردرێت کە بەزۆری کورتخایەنن، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی ئابی ٢٠٠٣، لە تەممووزی ٢٠٠٦ و تەممووزی ٢٠١٥ـدا ٣١ پلەی سەدی و لە تەممووزی ٢٠١٩ـدا ٣٥ پلەی سەدی بوو.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە وەرزی هاوینە، یان بەگشتی لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول، پلەکانی گەرما لەم کاتەدا بەگشتی خۆشن.

ڕێژەی دابارینی ساڵانە لەم شارەدا ٦٣٥ مللیمەترە، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگی شوبات و ئازارە ٤۰ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگی ئابە ٦٥ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٥٥٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شاری یۆرکەوە دەدرەوشێتەوە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

١. کڵێسای یۆرک

٢. تاوەری کلیفۆرد

٣. مۆزەخانەی قەڵای یۆرک

٤. مۆزەخانەی هێڵی ئاسنینی نەتەوەیی

٥. قەڵای هۆوارد

٦. باخچە و مۆزەخانەکانی یۆرکشایەر

٧. فیستیڤاڵی مۆسیقای کۆنی یۆرک


سەرچاوەکان



230 بینین