ئابووری هەمووەکی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-03-23:53:00 - کۆدی بابەت: 9682
ئابووری هەمووەکی

ناوه‌ڕۆك

ئابووری هەمووەکی چییە؟

ئابووری هەمووەکی یان ئابووری گشتی (بە ئینگلیزی: Macroeconomics، بە عەرەبی: الاقتصاد الكلي) لقێکی ئابوورییە بریتییە لە لێکۆڵینەوە کردن لە ئابووری گشتی و بازاڕ لەگەڵ سیستمەکانی تری پەیوەست بە ئابووری کە بە قەبارەی گەورە کار دەکەن. ئابووری هەمووەکی لە دیاردە ئابوورییەکانی وەک هەڵاوسان، ئاستی نرخ، ڕێژەی گەشەی ئابووری، داهاتی نیشتیمانی، گۆڕانکاری لە بێکاریدا یان تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) دەکۆڵێتەوە.

هەندێک لەو پرسیارانەی کە ئابووری هەمووەکی ئاماژەی پێدەکەن بریتین لە: هۆکاری بێکاری چییە؟ هۆکاری هەڵاوسان چییە؟ چی گەشەی ئابووری دروستدەکات یان هاندەری دەبێت؟، ئابووری هەمووەکی دەیەوێت هەڵیسەنگێنێت کە ئابوورییەک چەندە باش کار دەکات، تێبگات کە چی هێزێک دەیباتە پێشەوە، هەروەها پێشبینی بکات چۆن بەڕێوەبردنی کارەکان دەتوانێت باشتربێت.

ئابووری هەمووەکی مامەڵە لەگەڵ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کارکردن و پێکهاتە و هەڵسوکەوتی تەواوی ئابووری دەکات، بە پێچەوانەی ئابووری هەندەکییەوە کە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر ئەو هەڵبژاردنەی تاک لە ئابووریدا ئەنجامی دەدەن، وەکوو تاکەکان، خێزانەکان و کۆمپانیاکان.

تێگەیشتن لە ئابووری هەمووەکی

خوێندنی ئابووری دوو لایەنی هەیە کە ئابووری هەندەکی و ئابووری هەمووەکییە، ئابووری هەمووەکی بە گشتی لە ئابووری دەڕوانێت. بە سادەیی سەرنج دەخاتە سەر شێوازی بەڕێوەبردنی ئابووری بە گشتی، پاشان شی دەکاتەوە کە چۆن کەرتە جیاوازەکانی ئابووری پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، بۆ ئەوەی لە کۆی گشتی تێبگات و بیخەمڵێنێت، ئەمەش بارگۆڕانەکانی وەک بێکاری و تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی و دەگرێتەوە.

هەروەها تیۆری ئابووری هەمووەکی دەتوانێت یارمەتی بازرگانی تاکەکان و وەبەرهێنەران بدات بڕیاری باشتر بدەن، لە ڕێگەی تێگەیشتنی وردتر لە کاریگەرییەکانی بازرگانی ئابووری فراوان و سیاسەتەکان لە پیشەسازییەکانیاندا.

ئابووریناسانی ئابووری هەمووەکی لە زۆر بواری گرنگ دەکۆڵنەوە، نموونەی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی، بێکاری و ڕيژەی بێکاری، داهاتی نیشتیمانی، پێوەرەکانی نرخ، بەرهەم، بەکاربردن، هەڵاوسان، پاشەکەوتکردن، وەبەرهێنان، وزە، بازرگانی نێودەوڵەتی و دارایی نێودەوڵەتی دەکۆڵنەوە.

بوارەکانی توێژینەوەی ئابووری هەمووەکی

ئابووری هەمووەکی بوارێکی تا ڕادەیەک فراوانە، بەڵام دوو بواری سەرەکی هەیە بۆ ئابووری هەمووەکی، بواری یەکەم ئەو هۆکارانەن کە گەشەی ئابووری درێژ خایەن یان زیادبوونی داهاتی نیشتیمانی دیاری دەکەن، کە گەشەی ئابووری ئاماژەیە بە زیادبوونی کۆی گشتی بەرهەم لە ئابووریدا.

بواری دووەم هۆکار و دەرەنجامەکانی هەڵاوسانی کورتخایەنە، کە داهات و دامەزراندنە نەتەوەییەکان دەگرێتەوە، کە بە خولی بازرگانیش ناسراوە. خولی بازرگانیش بریتییە لەو گۆڕانکارییە ئابوورییە دووبارەبووانەی کە لە وڵاتێکدا لە ماوەیەکی دیاریکراودا ڕوودەدەن، لە ڕێگەی گۆڕانکارییەکان لە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی و پێوەرەکانی تری ئابووری هەمووەکی دەستنیشان دەکرێن.

ئامانجەکانی ئابووری هەمووەکی

لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئابووری هەمووەکی بریتین لە ئاستی بەرزی ژیانکردن و بەدەستهێنانی گەشەی ئابووری جێگیر. هەروەها کەمکردنەوەی بێکاری، زیادکردنی بەرهەم و کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان.

ئابووری هەمووەکی وڵاتێک لەلایەن زۆر سەرچاوەوە کاریگەری لەسەرە، بەم پێیەش پێوەرە ئابوورییەکان بەبایەخن بۆ هەڵسەنگاندنی لایەنە جیاوازەکانی ئەدای کارکردن.

پێوەرە ئابوورییەکان

تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)

زۆرجار وەک پێوەرێکی ئابووری هەمووەکی بەکاردەهێندرێت، تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ڕەها لە خاڵێکدا نوێنەرایەتی قەبارەی ئابووری دەکات. بە گشتی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانە لەلایەن حکوومەتەوە هەژماردەکرێت و بڵاودەکرێتەوە. 

وەک یاسایەک خەرجکردن هاندەری گەشەکردنە، بەکارهێنەران بازرگانی بەرەوپێشەوە دەبەن، درێژە بە خەرجییەکانی حکوومەت خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی دەدەن.

هەڵاوسان

هەڵاوسان بریتییە لە بەرزبوونەوەی ئاستی گشتی نرخەکان، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کڕین. بە پلەی یەکەم بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر کاڵا و خزمەتگوزارییەکان ڕوو دەدات، لە ئەنجامدا نرخەکان بەرزدەکاتەوە.

هەڵاوسانی زۆریش زیانبەشە ئەگەر توانای کڕین زۆر زیاتر لە هەڵاوسانی نرخەکان کەم بێتەوە، خەرجییە گشتییەکانیش کەم ببێتەوە، لە ئەنجامدا بەهای دراوەکە دادەبەزیت.

بێکاری

بێکار ئەو کەسانە دەگريتەوە کە بەدوای کاردا دەگەڕێن بەڵام دەستیان ناکەويت، ئەو کەسانەی کە خانەنشین یان کەمئەندامن بە بێکار دانانرێن، بێکاری دیاردەیەکی سروشتییە و ناکرێت بە تەواوی نەهێڵریت.

ڕێژەی سوود

ڕێژەی سوود ئەو بڕە پارەیەیە قەرزوەرگر لە بەرانبەر قەرزەکەیدا بڕێک سوود دەداتە قەرزدەر، کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دانراوە. ڕێژەی سوود کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی بەکارهێنەران هەیە و ئامرازێکی بەسوودە بۆ کاریگەری لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان. کاتێک ڕێژەی سوود بەرزدەبێتەوە قەرزکردن قورستر دەبێت، بۆیە بەکارهێنەران هاندەدرێن بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان. بە پێچەوانەوە کاتێک ڕێژەی سوود کەمدەبێتەوە قەرزکردن ئاسانترە، بۆیە بەکارهێنەران خەرجی زیاتر دەکەن.

کاریگەری حکوومەت لەسەر ئابووری هەمووەکی

سیاسەتی دراو

سیاسەتی دراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە جێبەجێ دەکرێت، سیاسەتی دراو کردارێکە کاریگەری لەسەر خستنەڕووی پارە و ڕێژەی سوود هەیە. هەروەها خستنەڕووی پارە کاریگەری لەسەر ڕێژەی سوود هەیە، لەگەڵ زیادبوونی خستنەڕوو، ڕێژەی سوود دادەبەزێت. دوو جۆر سیاسەتی دراو هەیە:

  • سیاسەتی دراوی فراوان: لە کاتی داکشانەوەی ئابووریدا، حکوومەت دەتوانێت بە سیاسەتی دراوی فراوان هانی گەشەی ئابووری بدات. لە بازاڕی کراوە پشکەکان دەکڕن بەمەش هەل و مەرج ئاسان دەکەن بۆ زیادکردنی خستنەڕووی پارە، لەلایەکی تریشەوە ڕێژەی سوود دادەبەزێنن.
  • سیاسەتی دراوی چوونەوەیەک: لە بووژانەوەی ئابووریدا ڕێژەی بەرزی هەڵاوسان لە درێژخایەندا دەتوانێت کێشەی کەمبوونەوەی هێزی کڕین دروستبکات. بۆ دابەزاندنی هەڵاوسان حکوومەت دەتوانێت بە فرۆشتنی پشکەکان لە بازاڕی کراوەدا زیادکردنی ڕێژەی سوود و کەمکردنەوەی خستنەڕووی پارە فەراهەم بکات.


سەرچاوەکان



763 بینین