داکار

له‌لایه‌ن: - ئیبراهیم عومەر ئیبراهیم عومەر - به‌روار: 2022-07-11-21:21:00 - کۆدی بابەت: 9364
داکار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شاری داکار (بە ئینگلیزی: Dakar، بە عەرەبی: داکار) پایتەختی سەنیگالە و یەکێکە لە بەندەرە سەرەکییەکانی کەنارەکانی ڕۆژئاوای ئەفریقا. دەکەوێتە ناوەڕاستی نێوان دەمی ڕووبارەکانی گامبیا و سەنیگال لەلای باشووری نیمچە دوورگەى کەیپ ڤێردێ, نزیکە لە دوورترین خاڵی ڕۆژاوای ئەفریقا. بەندەری داکار یەکێکە لە باشترین بەندەرەکان لە ڕۆژاوای ئەفریقا کە پارێزراوە بە لاپاڵە بەردینەکانی دەریاچەکە و سیستمێکی شەپۆل شکێن. ناوی شارەکە لە داخارەوە هاتووە کە ناوێکی وڵافییە بۆ مانای دار تەمەرهیندی و ناوی گوندێکی کەناری لێبو کە دەکەوێتە باشووری ئەو شوێنەى کە ئێستا یەکەم شۆستەى لەنگەرگرتنی کەشتییە.

مێژوو

داکار بۆ یەکەمجار لە سەدەی پازدەیەم لەلایەن بازرگانە ئەوروپییەکانەوە کرایە شوێنی نیشتەجێبوون. لە سەدەى حەڤدەیەمدا, دورگەى گۆرێ چواردەوری بەشێکی بەندەری داکاری گرتووە بنکەیەکی گرنگی بازرگانی هۆڵەندییەکان بوو. دوورگەکە گەڕایەوە سەر فەڕەنسا لە ساڵی ١٨١٧. بۆ یەکەمجار داکار لە ساڵی ١٨٥٧ بە شێوەیەکی هەمیشەیی داگیرکرا. شوێنەکە وەک بەندەر و ناوەندێکی شەمەندەفەر گەشەى کرد. پاشان بوو بە بنکەیەکی دەریایی و جێگەى ساینت لویسی گرتەوە وەک پایتەختی ڕۆژاوای ئەفریقای فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٠٢. هەروەها پایتەختی یەکیەتی مالی کەمتەمەن بوو لە ساڵی ١٩٥٩ بۆ ١٩٦٠, پاشان بوو بە پایتەختی سەنیگال.

گەشەى دانیشتووان

لە ساڵانی ١٩٥٠ـەوە ژمارەى دانیشتووانی داکار لە بەرزبوونەوەیەکی بەردەوامدایە. لە ساڵی ١٩٥٠ ژمارەى  دانیشتووانی شارەکە تەنها ٢١٤٠٠٠ کەس بوو. ئەم ژمارەیە بەردەوام بووە لە ئاوسان لەوکاتەوە, تا گەیشتووە بەم گەشەیەی ئێستای کە دانیشتووانی پایتەخت ٣.١ ملیۆن کەسە بەپێی سەرژمێری ٢٠٢٠. پێشبینیکراوە کە ژمارەى دانیشتووان بەردەوام بێت لە فراوانبوون و ژمارەکە بە ٥.١ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت لە ساڵی ٢٠٣٥. لە کۆتا چوارساڵی ڕابردوو, ژمارەى دانیشتووان بە زیاتر لە ٢.٥% گەشەى کردووە لە هەر ساڵێکدا, لەگەڵ زیادبوونێکی %٢.٧٢ لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠.

ئایین

شوێنە ئایینییەکانی داکار زۆربەیان شوێنی موسوڵمان و مەسیحییەکانن, لەگەڵ ئەوەشدا شارەکە شوێنێکی گرنگە بۆ کولتووری ئیسلامی. لە ساڵی ٢٠١٧ ڕێکخراوی پەروەردە و زانست و کولتووری ئیسلامی (ISESCO) داکاری وەک پایتەختی کولتووری ئیسلامی بۆ دەڤەری ئەفریقا هەڵبژاردووە. زۆربەى دانیشتووانە موسوڵمانەکەى سەینگال بەشێکن لە برایەتی سۆفی, کە چەمکێکی فێرکردنی گیانی و ڕاهێنانێکی گیانییە کە ئەگەڕێت بۆ گەیشتن بە ڕاستی یان ئەوپەڕی ڕاستی.

شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکە

سەنیگال یەکێکە لە جێگیرترین وڵاتەکانی ئەفریقا لە ڕووی سیاسییەوە و داکاریش یەکێکە لە سەرەکیترین شارەکان کە جێگەى بایەخی ئەوانەیە کە گەشتی ڕۆژاوای ئەفریقا دەکەن. زۆربەى ئەو گەشتیارانەى سەردانی داکار دەکەن ئەوروپیین, لەوانیش زۆربەیان فەڕەنسین. زۆرێک لە گەشتیارە بیانییەکان دەچنە هاوینەهەوارەکانی وەک سالی و پێتیت کۆت و باشووری داکار کە کەنار دەریای پەرژینکراو و هۆتێلی تێدایە.

ئەو بۆنە گرنگانەى کە شارەکە میوانداری دەکات

داکار خاوەنی کولتوورێکی دەوڵەمەندە لە نەریت و شوێنەوار, هەروەها پایتەختێکی داهێنەرە کە میوانداری زۆر بۆنەى کولتووری گرنگ دەکات وەکوو فێستیڤاڵی جیهانی هونەری ڕەش و هونەری هاوچەرخی ئەفریقا هەموو دوو ساڵ جارێک. هەروەها شارەکە ماڵێکە بۆ چەندین مۆزەخانە و پێشانگە, لە نێویاندا مۆزەخانەی تیۆدۆر مۆنۆری هونەری ئەفریقی, گوندی هونەرەکان,  پێشانگەى نیشتیمانی هونەر, شانۆی نیشتیمانی دانیێل سۆرانۆ و گەورە شانۆی نیشتیمانی.


سەرچاوەکان



548 بینین