هاوتا ئەسعەد

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-08-15:10:00 - کۆدی بابەت: 8166
هاوتا ئەسعەد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

(هاوتا ئەسعەد) لە ساڵی 1961 لە شاری هەولێر لەدایکبووە، برای هونەرمەندی ناوداری کورد (زیاد ئەسعەد)ە، لە ساڵی 1983 چووەتە ناو بواری هونەرییەوە، خێزاندارە و شەش منداڵی لەدوای خۆی بەجێهێشت بە ناوەکانی (ئەحمەد، هەستی، هاودەنگ، یوسف، محەمەد و کەژێ).

ژیانی هونەری

یەکەم گۆرانی هاوتا کە بۆ تەلەفزیۆنیش تۆمارکرا، گۆرانی (هەی شیرینێ و خانم) بوو لە نیوەی دەیەمی هەشتایەکاندا. هاوتا ئەسعەد ماوەیەکی باش لە گۆڕەپانەکە دوورکەوتەوە، تاکوو چەند گەنجێکی خوێنگەرمی تیپی (پاشای گەورەی ڕەواندز)ی ناسی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کاسێتێکی بۆ تۆماربکەن لە ڕواند، کە بە یەکێک لە کاسێتە زیندووەکان لە ئەرشیفی هونەری کوردیدا دادەنریت، لەدوای ئەو کاسێتە هاوڕێیەتیی لەگەڵ ئەندامانی ئەو تیپە بەردەوام بوو، لەگەڵ (ئامانج غازی) بوون بە دووانەکی دانەبڕاو.

هاوتا ئەسعەد نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بوترێت قوتابخانەیەکی هونەری بووە، بەڵام دەکرێت بوترێت خاوەنی ڕێچکەیەکی تایبەت بەخۆی بووە کە نەك هەر شارەزایانی ئەو بوارە، بەڵکوو زۆرجار گوێگری ئاست مامناوەندیش ڕێچکەکەی دەناسێتەوە، هەر گۆرانیەک یان لاوکێکی وتبێت مۆرک و شێوازی خۆی پێوەلکاندووە، زۆر جار بەهۆی ئەو شێوازەی کە لە کاری هونەری گرتوویەتییەبەر، کەوتووەتە بەر ڕەخنەی ڕەخنەگرەکان و پێیان وابووە کە هەندێک لە کارەکانی بۆ گوێگری دەستەبژێر ئەنجامداوە، گوێگری ئاسایی لێ بێبەشکردووە، بۆ نمونە گۆرانی (کۆچ و باران) کە هۆنراوەی (کەریم دەشتی) و ئاوازی (ئامانج غازی)ـیە.

هەر لەسەرەتای دەسپێکی کاری هونەری کاریگەرییەکی بەرچاوی هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی لەسەربووە، چەند گۆرانیەکی ڕۆژهەڵاتی بە دەنگە پڕسۆزەکەی وتووە، خۆشحاڵانە هاوتا ئەسعەد بە کۆششی بەردەوامی خۆی و هاوکاری پۆلێک هونەرمەندی دەورووبەری توانی زۆر زوو ببێتە خاوەن ڕەنگ و ستایل و دەنگی خۆی، ئەو پەیوەندییە پتەوەی لەگەڵ ئاوازدانەرەکاندا هەیبوو بە سوودی گوێگر شکاوەتەوە، جوانترین گۆرانی لێ هاتووەتە بەرهەم، بۆ نموونە کە باسی خەرمانی هونەریی هاوتا دەکرێت، ناکرێت ڕۆڵی مامۆستا (ئامانج غازی) فەرامۆش بکرێت، هاوتا و ئامانج هەریەکەیان ئەوی تریانیان کامڵ کردووە.

هاوڕێیەتی هاوتا لەگەڵ ئاوازدانەر (ئارەزوو ئیسماعیل) کە ئاوازەکانی بۆن و بەرامەی ڕەسەنایەتییان لێدێت، هۆکاربوو بۆ ئەوەی کە (ئارەزوو) هەست بەو نۆتانەی گەرووی هاوتا ببات کە هاوتا خۆی هەستی پێنەکردبوو، دواتر لە تیپی (ڕەوایان) لەگەڵ مامۆستا (نایف شێخانی، مامۆستا تەڵعەت) گۆرانی (قسەت بۆ دەکردم شەوان و چامەی بەیان) و زۆر بەرهەمی تری بڵاوبوویەوە.

مامۆستا (نایف شێخانی)ـیش یەکێک بووە لەو ئاوازدانەر و هاوڕێیانەی هەستی بە لێهاتوویی قوڕگی هاوتا کردووە، بە چەند ئاوازێکی خەرمانی هونەری هاوتای بە پیتتر کردووە، لەوانە: گۆرانی (نەرمینەکەم) کە لە سوید تۆماری کرد، گۆرانی (ئێستای جاران و گوناهی ئێمە ) لەگەڵ ئامادەکردنی دوو لاوک و دوو سروود، گۆرانی (هەرمن ڕەنجەڕۆم) کە ئاوازی مامۆستا (چەتۆ نەورۆز) بوو، لەگەڵ مامۆستا (سەید ئەحمەد) کە زۆر لە گۆرانیەکانی بۆ دابەش و ئامادە دەکرد، بۆ نموونە گۆرانی (ئەی کچ) و (ڕیفراندۆم) و چەندین بەرهەمی تر.

بەو تەمەنە پڕ بەخشش و کۆششە بەردەوامەی گوێگرانی سەرەڕای جیاوازیی بیروڕایان لەگەڵیدا دەستبەرداری سۆزی دەنگی نابن، دەکرێت بوترێت هاوتا هەورەبانێکی سەرنجڕاکێشی هونەری کوردییە، زۆرن ئەو هونەرمەندانەی کە جەستە دەخەنە سەما، بەڵام کەمن ئەوانەی ڕۆح دەخەنە سەما، نهێنیی مانەوەی هونەری ڕەسەنی هاوتا بە نەمری ئەوەیە كە بەرهەمەکانی ڕۆح دەهێننە سەما.

کۆچی دوایی

لە ٠٧\٠٤\٢٠٢٢ بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



497 بینین