چپسی پەتاتە

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-03-18-15:23:00 - کۆدی بابەت: 7996
چپسی پەتاتە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چپسە پەتاتە کە بە ئینگلیزی پێیدەگوترێت (Potatoes chips) بریتییە لە پارچە پەتاتەی تەنک کە بە ڕێژەیەکی زۆر لە ناو ڕۆندا سووردەکرێتەوە یاخود دەبرژێنرێت تاکوو ڕەنگەکەی دەگۆڕدرێت، لەوانەیە چپس بە شێوەیەکی باو وەک خواردنێکی بەتام و هەرزان بەردەستبێت، بەڵام ئەو کاریگەرییەی کە ئەوان لەسەر تەندروستی ئێوە بەجێیدەهێڵن لە ماوەیەکی درێژدا لەوانەیە مەترسیدارتر بێت لەوەی کە ئێمە دەتوانین بیهێنینە بەرچاو، بەڵام ئەگەر تۆ کەسێک بیت کە پەیڕەوی پڕۆگرامێکی خواردنی تەندروست بکەیت، ئەوا خواردنی چەند پارچەیەکی کەمی چپس نابێتە هۆی هەبوونی کاریگەرییەکی زۆر خراپ، بەڵام دەبێت لەوە دڵنیاببیتەوە کە تۆ چپس وەک خواردنێکی سەرەکی ڕۆژانە بەکارناهێنیت یاخود بەسەر خواردنە تەندروستەکاندا هەڵینابژێریت.

لایەنە خراپەکانی خواردنی چپسی پەتاتە

مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە

جگە لە پەتاتە، چەندین پێکهاتەی تر هەن کە زیاد دەکرێن بۆ چپسەکان کە بەشێکن لە پڕۆسەی دروستکردنی چپسەکان، خۆراکی دەوڵەمەند بە کاربۆهایدرات دەبێتە هۆی دروستبوونی شێرپەنجە کە هۆکارە بۆ ژەهراویبوونی دەمارەکان، بەتایبەتی کاتێک دەگەنە پلەی گەرمی بەرز لەکاتی پڕۆسەی چێشتلێنان وەک سوورکردنەوە و برژاندن و ڕووکەشێکی قاوەیی-زەرد دروست دەکەن لە کاتی گەرم بووندا.

بەرزی ڕێژەی کالۆری

بە نزیکەیی هەر دە پارچەیەک لە چپسی پەتاتە نزیکەی ١٤٥ کالۆری تێدایە، کە ئەمەش ڕێژەیەکی بەرزی کالۆرییە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە هەرگیز بە یەک چپسە پەتاتەوە ناوەستین، کاتێک دەست بە خواردنیان دەکەین بە ئاسانی ناتوانین دەستبەرداریان ببین، لەبەرئەمە پێویست دەکات کە بەشێوەیەکی گشتی لە چپسەکان دووربکەویتەوە، بەشێوەیەکی گشتی هەموو جۆرە جیاوازەکانی چپسە پەتاتە هەمان کاریگەرییان لەسەر تەندروستی جەستە هەیە، ئەم چپسانە دەبنە هۆی دروستبوونی مەترسی بۆ دڵ و پەیدابوونی کێشەکانی وەک لاوازبوونی دڵ و مەیینی خوێن، هەروەها وازهێنان لێیان یارمەتی کەمبوونەوەی چەوری ورگ دەدات.

هەبوونی پێکهاتەی چەوری بەرز

چپسەکان ڕێژیەکی بەرز لە چەوری تێرکراو لە پێکهاتەکەیاندا هەیە کە ئەوەش بۆ تەندروستی باش نییە، ئەگەر بێت و تەماشای خشتەی پێکهاتەکانی ناو چپسەکان بکەن ئەوا بۆتان دەردەکەوێت کە ڕێژەی لە ٢٠% بۆ لە ٣٠% پێکهاتەی چپسەکان بریتییە لە چەوری.

هەبوونی بڕێکی زۆر خوێ

کاتێک کە دەڵێین خوێی زۆر مەبەستمان ئەو خوێیە نییە کە دەکرێتە ناو خواردنەکانی ڕۆژانەوە، زۆرینەی کات ئەو خوێیەی کە ئێمە هەموو ڕۆژێک لە کاتی چێشتلێناندا بەکاری دەهێنین بۆ بڕێکی پێشنیارکراوی بەکارهێنانی خوێ ئاساییە، بەڵام بەکارهێنانی خوێی زیادە لەو خواردنانەدا خۆی دەبینێتەوە کە سوردەکرێنەوە لەناو ڕۆندا، کە چپسی پەتاتەش یەکێکە لەو خۆراکانە.

هەبوونی شەکر

چپسەکان بە یەکێک لە ژەمە لاوەکییەکان دادەنرێن کە خۆراکێکی بەتام و تا ڕادەیەک سوێرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر پاکەتە چپسێک شەکر لەپێکهاتەکەیدا هەیە کە ئەمەش بەگشتی بۆ بەتامکردنیان بەکاردەهێنن، هەر پاکەتە چپسێک بە ڕێژەی لە ٣% بۆ ٥% شەکری تێدا بەکارهاتووە کە ئەمەش بۆ تەندروستی باش نییە.

زیادبوونی مەترسییەکانی مردن

لە کاتێکدا ئەمە لەوانەیە یەکلاکەرەوە نەبێت، بەڵام توێژینەوەیەک کە لەلایەن ڕۆژنامەی پزیشکی خۆراکی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە دەڵێت ئەو کەسانەی کە چپس بە شێوەیەکی زۆر و وەک خۆرکی سەرەکی بۆ ماوەیەکی درێژ دەخۆن دوو جار مەترسی مردنیان هەیە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانی تر، توێژینەوەکە بە درێژایی ٤٤٠٠ نەخۆش ئەنجام دراوە کە تەمەنیان لەنێوان ٤٥ بۆ ٧٩ ساڵیدایە.


سەرچاوەکان



597 بینین