تاقیگەی سێرن

له‌لایه‌ن: - دڵگەش حەسەن - به‌روار: 2022-03-09-14:55:00 - کۆدی بابەت: 7947
تاقیگەی سێرن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سێرن (بە ئینگلیزی: CERN) کورتکراوەی ناوی تاقیگەکەیە کە (بە فەڕەنسی: Conseil Européen pour la Recherche Nucléaire، بە ئینگلیزی: European Organization for Nuclear Research)، بە کوردیش بریتییه‌ له‌ (ڕێکخراوی ئەورووپی بۆ لێکۆڵینەوەی ناوکی). ڕێکخراوی زانستی نێودەوڵەتی بە مەبەستی هاریکاری توێژینەوە بۆ فیزیای تەنۆلکەیی لە ساڵی ١٩٥٤ دامەزراوە و گەورەترین تاقیگەی زانستییە لە جیهاندا. ڕێکخراوەکە بارەگاکەی لە نزیک جنێفە و بەتایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەوشی زانستی و بنەڕەتی بێگەرد کار دەکات. وەک یەکێک لە یەکەم کارە هاوبەشەکانی ئەورووپا دانراوە، لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا ئەندامیەتی ٢٠ دەوڵەتی ئەورووپای هەبوو، جگە لە چەندین وڵات کە باری چاودێرییان هەبوو و ئێستا ٢٣ وڵاتی ئەندامی هەیە. لەماددەی ٢ـی پەیماننامەی سێرندا، جەخت لەسەر ئەو ژینگە ئازادە کراوەتەوە کە سێرن تێیدا دامەزراوە، توێژینەوەی زانستی سێرن نوێنەرایەتی گەورەترین ئامێرەکانی جیهان دەکات، خێراکەری گەردیلە تەرخان کراوە بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بچووکترین تەنەکانی گەردوون و گەردیلە لاوەکییەکان، له‌ ئێستادا لە هەموو جیهانەوە مۆڵگه‌ی هەزاران زانایه‌.

دەستکەوتی توێژینەوەكان لە سێرن، دۆزینەوەی زانستی براوەی خەڵاتی نۆبڵ و پێشکەوتنە تەکنەلۆجییه‌کان دەگرێتەوە وەک تۆڕی ئینتەرنێتی جیهانی.

لە ماڵپەڕی فەرمی تاقیگەکەدا وەک پێناسەی کاری خۆیان نووسیویانە “لە سێرن، ئێمە لە پێکهاتەی بنچینەیی ئەو گەردیلەی کە هەموو شتێک لە دەوروبەرمان پێکدەهێنن دەپشکنین. ئێمە ئەم کارە دەکەین بە بەکارهێنانی جیهان (گەورەترین و ئاڵۆزترین ئامێرە زانستییەکان).”

سێرن نموونەیەکی زیندوو و جوانە بۆ پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان، زیاتر لە ١٠ هەزار زانا لە ١١٠ وڵاتی جیاواز کاردەکەن لە پێناو ئامانجێکی هاوبەش کە ئەویش زانستە. یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی سێرن فێرکردنە، فێرکردن و پەروەردەکردنی زانا و ئەندازیارەکانی داهاتوو.

دامەزراندنی تاقیگەی سێرن

دامەزراندنی سێرن بەلایەنی کەمەوە هەوڵێک بوو بۆ دووبارە گه‌ڕانه‌وه‌ی فیزیکزانانی ئەورووپی کە بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە کۆچیان کردبوو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئەنجامی جەنگی جیهانی دووەم. رێکخراوی کاتی کە لە ساڵی ١٩٥٢ وەک (کۆنسێل ئیوروپێن پور لا ڕیچەرچە نوکلێیر) دامه‌زراوه‌، لە ساڵی ١٩٥٠ لەلایەن فیزیکزانێکی ئەمریکی ئایزیدۆر ئیسحاق ڕابی لە پێنجەمین کۆنفرانسی گشتی یونسکۆدا پێشنیار کراوە. لە ساڵی ١٩٥٤دا، پاش پەسەندکردنی فەرمی دەستووری گرووپەکە، وشەی رێکخراوەکە ناوی کۆنسێلی گۆڕی، بەڵام ڕێکخراوەکە بەردەوام بوو لە ناسراوبوونی بەو جۆرەی ناوی پێشتری.
سێرن وەک گەورەترین تاقیگەی وزەی ناوکی لە ساڵی ١٩٦٥ـەوە زیاتر لە ١٠٠ هێکتار (٢٥٠ دۆنم)ـی لە سویسرا و ٤٥٠ هێکتار (١١٢٥ دۆنم)ـیشی لە خاكی فەڕەنسا داپۆشیوە، شەپۆلدۆزە (دیتێکتەر) ناوکییەکان و تاودەرە (ئەکسێلەرەیتەر) گەورەکانی دەکەونە ١٠٠ مەتر ژێر زەویەوە.

کاری تاقیگەکە

لە ساڵی ١٩٨٩ سێرن پێکدادانی گەورەی ئەلکترۆن-پۆسیترۆنی (LEP) بە نزیکەی ٢٧ کیلۆمەتر کردەوە، کە توانی هەردوو ئەلکترۆن و پۆسیترۆن خێراتر بکات بۆ ٤٥ جی ڤی بۆ هەر تەنێک. ئەو کاتەی تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدرێن لە هەر چرکەیەکدا دەیان ملیۆن پێکدادانی ناوکی ڕوودەدات لەناو دیتێکتەرەکاندا، و ساڵانە ملیۆنان گێگابایت زانیاری خەزن دەکرێت و زانا فیزیاییەکان لە سەرتاسەری جیهانەوە شیکاری داتاکان دەکەن.
ئەرکی دامەزراندنی سێرن بریتی بوو له‌ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری نێوان زانایانی چەندین وڵاتی جیاواز،  "تیم بێرنەرس لی" کە لە سێرن زانایەکی کۆمپیوتەری ئینگلیزی بوو، دەستی کرد بە کارکردن لەسەر سیستمی هایپەرمانت بۆ بەستنەوەی نووسراوە ئەلیکترۆنییەکان و پرۆتۆکۆلی گواستنەوەیان لە نێوان کۆمپیوتەرەکاندا. سیستمه‌کەی کە لە ساڵی ١٩٩٠ بە سێرنی ناساند و بە تۆڕی جیهانی ناسراو بوو، کە ئامڕازێکی پەیوەندی خێرا و کارا بوو کە نەک تەنها کۆمەڵگای فیزیای وزەی بەرز بەڵکوو هەموو جیهانەکەی گۆڕی.
گەورەترین و ئاڵۆزترین ئامێرە زانستییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە پێکهێنەرە بنەڕەتییەکانی ماددە و گەردیلە سەرەتاییەکان و گەردیلە لاوەکییەکان دروست کراون بۆ بەیەکگەیشتن لە نزیک خێرایی ڕووناکی.

پرۆسەکە دەربارەی چۆنیەتی کارلێککردنی گەردیلەکان بەڵگەمان پێدەبەخشێت، تێگەیشتنی یاسا بنەڕەتییەکانی سروشت دابین دەکات. سێرن دەیەوێت سنووری زانستخوازی مرۆڤ بەرەو پێشەوە ببەن بە شیكردنه‌وه‌ی وردترین و بچووكترین بنه‌ما و بنچینه‌ی بنیاتنانه‌كان یان دروستكراوه‌كان له‌ گه‌ردووندا. 

ئێڵ ئێچ سی LHC چییە؟

بەریەکخەری گەورەی هادرۆن (LHC) گەورەترین و بەهێزترین خێراکەری گەردیلەی جیهانە، یەکەم جار لە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٠٨ دەستی پێکرد. ئێڵ ئێچ سی بریتییە لە ئەڵقەیەکی ٢٧ کیلۆمەتری موگناتیسی سوپەر گەیەنەر لەگەڵ ژمارەیەک پێکهاتەی خێراکەر بۆ بەهێزکردنی وزەی گەردیلەکان.

تیرەکانی ناو ئێڵ ئێچ سی بۆ بەیەکگەشتن لە چوار شوێن لە دەوری بازنەی خێراکەرەکە دروست کراون، کە لەگەڵ شوێنی چوار پشکنەری گەردیلە - ATLAS، CMS، ALICE و LHCb دەگونجێت.

وڵاتانی ئەندام

ئەڵمانیا
ئیتاڵیا
ئیسپانیا
ئیسڕائیل
بەریتانیا
بەلجیکا
بولگاریا
پورتوگال
پۆڵەندا
چیک
دانیمارک
ڕۆمانیا
سڕبیا
سلۆڤاکیا
سوید
سویسرا
فینلەندا
فەڕەنسا
هەنگاریا
هۆڵەندا
نەرویج
نەمسا
یۆنان

وڵاتانی هاوپەیمان

ئۆکرانیا
ئیستۆنیا
پاکستان
تورکیا
سلۆڤینیا
قوبرس
کرواتیا
لاتڤیا
لیتوانیا
هیندستان


سەرچاوەکان



380 بینین