میلان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-02-17-22:15:00 - کۆدی بابەت: 7845
میلان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

میلان (بە ئینگلیزی: Milan، بە ئیتالی: Milano)، شارێکە لە باکووری ئیتالیا و پایتەختی هەرێمی لۆمباردییە، ئەم شارە لەدوای شاری ڕۆما دووەم ئاوەدانترین شاری ئیتالیایە، ژمارەی دانیشتوانی میلان نزیکەی 1.4 ملیۆن کەسە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکانی سەر بە پایتەخت 3.26 ملیۆن کەسە، لەڕووی جوگرافییەوە شاری میلان دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژئاوای دۆڵی پۆ، زەوی شارەکە تەختە و بەرزترین خاڵ 122 مەترە لە ئاستی دەریاوە.

گرنگی شارەکە

ڕۆڵی شارەکە وەکوو ناوەندێکی سیاسی گەورە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆن، ئەو کاتەی کە وەکوو پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمی ڕۆژئاوا خزمەتی دەکرد، لە کاتێکدا لە سەدەی 12 ـەوە تا سەدەی 16 میلان یەکێک بوو لە گەورەترین شارەکانی ئەورووپا و ناوەندێکی گەورەی بازرگانی و لە ئەنجامدا بوو بە پایتەختی دەوڵەتی دوکی میلان، کە یەکێک بوو لە گەورەترین هێزە سیاسی، هونەری و مۆدەکانی سەردەمی ژیانەوە، سەرەڕای لەدەستدانی بەشێکی زۆری گرنگییە سیاسی و کولتوورییەکانی لە سەرەتای سەردەمی هاوچەرخدا، شارەکە پێگەی خۆی وەکوو ناوەندێکی گەورەی ئابووری و سیاسی بەدەستهێنایەوە و ئەمڕۆ بە پایتەختی پیشەسازی و دارایی ئیتالیا دادەنرێت، شاری میلان نیشتیمانی دوو لە سەرکەوتووترین تیمەکانی تۆپی پێی ئەورووپایە، ئەی سی میلان و ئەنتەرمیلان، هەروەها یەکێک لە تیمە سەرەکییەکانی تۆپی سەبەتەی ئەورووپا بە ناوی ئۆلیمپیا میلانۆ لەخۆدەگرێت، ئەم شارە بۆ یەکەم جار و لە ساڵی 2026 پێکەوه لەگەڵ شارۆچکەی کۆرتینا دامپێتزۆ میوانداری یارییەکانی ئۆلۆمپی و پارالۆمپی دەکەن.

دانیشتوانی میلان

میلان شارێکی جیهانی و ئاوەدانترین شاری وڵاتی ئیتالیایە، ئەم شارە بە "پایتەختی بەهاکانی ئیتالیا" ناسراوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ساڵی 2016 ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکانی دەوروبەری شاری میلان 3.1 ملیۆن کەس بووە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی ناو شارەکە بە نزیکەیی 1.7 ملیۆن کەس خەمڵێنراوە و ناوچەکانی سەر بە پایتەخت دانیشتوانێکی زۆرتری لێیە و بە 10 ملیۆن کەس خەمڵێنراوە، ئەم شارە لە سەرتاسەری جیهاندا وەکوو شارێکی جیهانی ناوبانگی دەرکردووە کە پێشەنگی جیهان دەکات لە کەرتەکانی گەشتیاری، فاشیۆن، پیشەسازی، پەروەردە و هونەر، ڕووبەری ڕووی ئەم شارە 181.76 کیلۆمەتری چوارگۆشە داگیر دەکات و چڕی دانیشتوانەکەی لە ئێستادا نزیکەی 7,551.3 کەسە لە هەر کیلۆمەترێکی چوارگۆشەدا.

کەشوهەوای میلان

بەپێی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، ئاووهەوای شاری میلان هاوشێوەی زۆربەی ناوچەکانی باکووری ئیتالیایە، ئاوهەوای هەر چوار وەرزەکە نیمچە خولگەیی و شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا زستانی سارد و تەماوییە و هاوینی گەرم و شێدار، شاخەکانی ئەلپ و ئەپیناین بەربەستێکی سروشتی پێکدەهێنن کە شارەکە دەپارێزێت لەو لافاوانەی کە لە باکووری ئەورووپا و دەریاوە ڕوودەدەن، تێکڕای پلەکانی گەرما بەدرێژایی زستان سفر پلەی سەدییە و بەفرێکی زۆر دەبارێت و دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی بەفر لە ناوچەکەدا، وەرزی هاوین لە شاری میلاندا گەرم و شێداره، لەگەڵ ئەوەشدا پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە بۆ سەرووی 35 پلەی سەدی، بەهۆی بەرزی ڕێژەی شێ، کاریگەری گەرما و هەڵ نەکردنی باوە زۆرجار شەوگاری هاوین بە گەرمی و شێداری دەمێنێتەوە، بەگشتی ئاسمانی شار لە وەرزی هاویندا ڕوونە و بە تێکڕایی زیاتر لە 13 کاتژمێر ڕۆژە، هەروەها وەرزەکانی بەهار و هاوین کەشوهەوا خۆشن و پلەکانی گەرما لە نێوان 10 بۆ 20 پلەی سەدییدان، ئەم دوو وەرزە بەوە دەناسرێنەوە کە ڕێژەیەکی زۆر باران دەبارێت بەتایبەتیش لە مانگەکانی نیسان و ئایار، ئەم شارە بەهۆی شوێنە جوگرافییەکەیەوە کە لە سێ لاوە بە شاخ دەورەدراوە لەنێو ئەو شارانەی ئەورووپادایە کە کەمترین با و ڕەشەبای لێ هەڵدەکات.


سەرچاوەکان



340 بینین