بڕوانامەی دکتۆرا

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-17-15:37:00 - کۆدی بابەت: 7619
بڕوانامەی دکتۆرا

ناوه‌ڕۆك

بڕوانامەی دکتۆرا چییە؟

بڕوانامەی دکتۆرا (بە عەرەبی: الدكتوراه، بە ئینگلیزی: PhD degree) بەرزترین پلەی ئەکادیمی و زانستی خوێندنی باڵایە لە بواری پسپۆڕییەکی دیاریکراودا، لەدوای بەدەست هێنانی هەریەک لە بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بڕوانامەی ماستەر دەکرێت بڕوانامەی دکتۆرا بەدەست بهێنرێت، ماوەی خوێندنی سێ ساڵە لە هەندێک وڵات دەگاتە چوار ساڵ، پسپۆڕی و بواری خوێندنی دکتۆرا تا ڕادەیەک بەندە بەو پسپۆڕیەی کە لە ماستەر خوێندراوە، هەروەها دەکرێت لەکاتی کار وفەرمانبەریدا ئەم پسپۆڕییە بخوێندرێت.

جۆرەکانی  بڕوانامەی دکتۆرا

ـ دکتۆرای زانستی: ئەم دکتۆرایە لە یەکێک لە بوارەکانی زانستە سروشتییەکان بەدەست دەهێنرێت، نموونەی: فیزیا، کیمیا، زیندەزانی، دیاردە سروشتییەکان، هەروەها زانستە مرۆڤایەتییەکان کە پەیوەستە بە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی ڕەفتار و هەڵسوکەوت و دیاردە مرۆڤایەتییەکان.
ـ دکتۆرای فەخری: ئەم دکتۆرایە دەبەخشرێتە چەند کەسایەتییەکی کاریگەر لە جیهاندا، کە لە بوارێک لە بوارەکان جێدەستیان دیارە و کەسێکی کارا بوونە لە بوارێک لە بوارەکانی ژیان، بۆیە وەکوو ڕێزلێنانێک ئەم بڕوانامەیەی پێدەبەخشرێت، ئەم جۆرە دکتۆرایە پێویستی بە توێژینەوەی زانستی و خوێندن نییە. 

هەلومەرجەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا

چەند هەلومەرج و فاکتەرێک هەن کە پێویستە ڕەچاو بکرێن لە بەدەسهێنانی ئەم بڕوانامەیە گرنگترینیان:
ـ پێویستە ئەو کەسەی کە هەوڵی بەدەسهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا دەدات، پێشتر بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری بەدەست هێنابێت.
ـ بڕی تێچووی ماددی کاریگەری هەیە لە وەرگرتنی ئەم بڕوانامەیە و پێویستە بڕی تێچووی دیاری بکرێت.
ـ دیاریکردن و هەڵبژاردنی زانکۆیەکی ناسراو و باش و باوەڕپێکراو.
ـ دیاریکردنی بوار و پسپۆڕییەکی گونجاو بۆ خوێندن و بەدەسهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا. 

بایەخ و سوودی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا

ـ بەدەستهێنانی پێگەیەکی زانستی تایبەت: دکتۆرا بەرزترین پلەی زانستییە، هەروەها ئەو کەسەی خاوەن پلەی دکتۆرایە بڕێکی زۆر لە ئەزموونی زانیاری و زانستی لەسەر پسپۆڕییەکەی وەردەگرێت و توانای گفتوگۆکردنی لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە پسپۆڕییەکەی دەگاتە لوتکە.
ـ وەرگرتنی ئەزموون و توانایی نوێ: کەسی خاون پلەی دکتۆرا توانای پەیوەندی کردن و گفتۆگۆکردنی لەگەڵ ئەوانی تردا باش  دەبێت، توانای ڕووبەڕووبوونەەی کێشە و ئاستەنگەکانی کارکردنی زیاتر دەبێت.
ـ ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر: بوون بە خاوەنی دکتۆرا هەل دەڕەخسێنێت بۆ دامەزراندن لە شوێن و بوارە جیاجیاکاندڵ، هەروەها بەرزکردنەوەی پلەبەندی پیشەیی بۆ بەڕیوبەر و بەرپرس لە کۆمپانیا و دەزگاکان، بەهەمان شێوە ڕۆڵی هەیە لە زیادبوونی بڕی مووچەی کاردا.
ـ ئاسانکاری لە دابینکردنی چەندان هەلی جیاواز و هەمەجۆری پلە و پۆستی باڵا لە پسپۆڕییەکەتدا.
ـ بەرزکردنەوەی ئاست و پلەبەندیی پیشەیی.
ـ دابینکردنی داهاتێکی باش و بەرز.
ـ هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا، دەتوانن لە زانکۆکان وانە بڵێنەوە و کاری مامۆستایی بکەن، هەروەها دەتوانێت وەکو پسپۆڕ و لێکۆڵەر لە زانکۆکان دابمەزرێن.

جیاوازی نێوان بڕوانامەی دکتۆرا و بڕوانامەی ماستەر

ـ ماوەی خوێندنی دکتۆرا سێ ساڵە، بەڵام ماوەی خوێندنی ماستەر دوو ساڵە.
ـ پلە و ئاستی بڕوانامەی دکتۆرا لە ئاستی بڕوانامەی دکتۆرا بەرزترە، بۆ بەدەسهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا پێویستە بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بڕوانامەی ماستەرت هەبێت.
ـ بەدەستهێنانی دکتۆرا بەراورد بە ماستەر قورستر و چڕ ترە لە ڕووی وەرگیران لە زانکۆکان، ئاست و شێوازی خوێندن، شێوازی ئامادەکردنی توێژینەوەی زانستی، هەروەها بڕ و جۆری ئەو وانانەی کە وەردەگیرێت و دەخوێنرێت.


سەرچاوەکان



878 بینین