نەخۆشی کواشێرکۆر 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-03-12:15:00 - کۆدی بابەت: 5728
نەخۆشی کواشێرکۆر 

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی کواشێرکۆر چییە؟

نەخۆشی کواشێرکۆر یەکێکە لە نەخۆشییەکانی بەدخۆراکی کە لە ئەنجامی کەمی پڕۆتینی ناو سیستمی خۆراکی پەیدا دەبێت، زیاتر لەو ناوچانە بەربڵاوە کە بەدەست هەژاری زۆر و برسێتییەوە دەناڵێنن، ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی کواشێرکۆر بوون بەدەست زۆر لاوازییەوە دەناڵێنن لە هەموو بەشەکانی جەستەیاندا جگە لە پاژنەکان و پێیەکان و سکیان، کە دەئاوسێن بەهۆی پەنگخواردنەوەی شلەکان، نەخۆشی کواشێرکۆر لەو منداڵانەدا بەربڵاوترە کە تەمەنیان لە ٤ ساڵ کەمترە و لە ناوچە هەژار نیشینەکان دەژین، بەتایبەتیش لە ئەفریقا باشوری بیابانی گەورە، کە زۆرجار ئەم نەخۆشییە ڕوودەدات بەهۆی دەستنەکەوتنی هەمان ئەو ماددە خۆراکی و پڕۆتینانەی کە لە شیری دایکیاندا دەستیان دەکەوێت. 

نیشانەکانی نەخۆشی کواشێرکۆر 

بەزۆری منداڵانی توشبوو بە نەخۆشی کواشێرکۆر دەناڵێنن بەدەست لاوازییەوە، ڕەنگە نیشانەکان لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی تر جیاواز بێت، نیشانەکان لە دەرئەنجامی زۆر کەمبوونەوەی پڕۆتینەکانی جەستەیە، لەو نیشانانەش: 

  • لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و شەکەتی و ماندووی. 
  • گۆڕانکاری لە ڕەنگی قژدا، کە ڕەنگی قژەکە دەگۆڕێت بۆ زەردی کاڵ.
  • ئاوسان، کە زۆرجار لە پێیەکان و لاقەکاندا ڕوودەدات لە ئەنجامی پەنگخواردنەوەی شلەکان، بە جۆرێکە جێگەی پەنجەکان جێدەمێنێت پاش پەستان خستنە سەر پێستەکە
  • کەمی شانە ماسولکەیی و چەورییەکان و زیادبوونی شلەکان لە لەشدا. 
  • هەوکردنی پێست، وە دەرکەوتنی نەخۆشی لەسەر پێستەکە کە زۆرجار شەقبوونی پێستەکەیە. 
  • لە هەندێک کاتدا، دەکرێت پەنگخواردنەوەی شلەکان کاریگەری بکاتە سەر لاواز دەرکەوتنی منداڵەکە، بە جۆرێک کە منداڵەکە ڕەنگە وا دەربکەوێت کە کێشی ئاساییە و بگرە جەستەی زۆر پڕە، بەڵام ئەم دەرکەوتنە تەنها ئاوسانێکە بەهۆی شلەکانەوە و هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر هەبوونی بارستەیەکی ماسولکەیی یان چەوری لە جەستەدا.

هۆکارەکانی نەخۆشی کواشێرکۆر

نەخۆشی کواشێرکۆر دەرئەنجامی زۆر کەمبوونەوەی پڕۆتینەکانە لە سیستمی خۆراکیدا، لەبەر ئەوەی کە هەر خانەیەک پڕۆتین لەخۆ دەگرێت وەکو پێکهێنەرێکی سەرەکی خانەکە، بۆیە جەستە پێویستی بە پڕۆتینە بۆ چاککردنەوەی خانەکان و دروستکردنی خانەی نوێ، کە خانەکان هەمیشە بەم جۆرە خۆیان نوێ دەکەنەوە، هەروەها پڕۆتین ڕۆڵی باشی هەیە بۆ گەشەی کۆرپەلەکە لەکاتی دووگیان و لەکاتی منداڵیشدا، بۆیە کەمی پڕۆتین دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی پڕۆسەی گەشەکردن و تەنانەت وەستاندنی پڕۆسەکەش. 

نەخۆشی کواشێرکۆر لەو ناوچانەدا زۆر بەربڵاوە کە کێشەی کەمی دەستکەوتنی خۆراکیان هەیە، بۆیە ئەم نەخۆشییە لە کۆرپەلە و منداڵانی تازە لەدایکبووی ناوچەکانی ئەفریقا باشوری بیابانی گەورە و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمریکای ناوەڕاستدا بەربڵاوە، ئەویش بەهۆی ئەو هۆکارانەی وا لەم ناوچانە دەکەن لە برسێتییەکی بەردەوامدابن، ئەم هۆکارانەش کارەساتە سروشتییەکان دەگرێتەوە وەکو وشکبوونەوە و گەردەلوول و تێکچوونە سیاسییەکان و جەنگەکان و پێکدادانە خوێناوییەکان، هەروەها دەکرێت کەمی پڕۆتین هۆکارەکەی نەزانینی تایبەتمەندی خۆراک و وردەکارییەکانی بێت، بۆ نمونە ئەو سیستمە خۆراکییانەی کە بە شێوەیەکی سەرەکی و تەنها پشت بە گەنمەشامی دەبەستن وەکو لە ویلایەتەکانی ئەمریکای باشور ڕۆڵیان هەیە لە زیادبوونی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی کواشێرکۆر. 

هەروەها نەخۆشی کواشێرکۆر دەگمەنە لەو ناوچانەی خەڵکی دەستیان دەگات بە بڕی پێویستی خۆراک و خواردنگ بڕی پێویستی پڕۆتین، توشبوون بەم نەخۆشییە لە وڵاتە گەشەسەندووەکان دەگەڕێتەوە بۆ پشتگوێخستنی خۆراکی یان ڕژێمی خۆراکی هەڵە، هەروەها دەکرێت نیشانەی توشبوون بە نەخۆشی درێژخایەن بێت وەکوو توشبوون بە ئایدز.

دەستنیشانکردنی نەخۆشی کواشێرکۆر 

لە ئەگەری گومانکردن لە توشبوون بە نەخۆشی کواشێرکۆر سەرەتا پزیشکەکە پشکنینی جێگەیی ئەنجامدەدات بۆ نەخۆشەکە بۆ دڵنیابوونەوە لە گەورەبوونی جگەر و ئاوسانی، دواتر ڕەنگە داوای پشنینی ڕۆتینی خوێن و میز بکرێت بۆ پێوانی ئاستی پڕۆتین و شەکر لە خوێندا، دەکرێت تاقیکردنەوەی تریش ئەنجام بدات لەسور خوێن و میز بۆ پێوانی نیشانەکانی بەدخۆراکی و کەمی پڕۆتین، ڕەنگە لەم تاقیکردنەوانەدا بگەڕێت بۆ شیبوونەوەی ماسولکەکان و هەڵسەنگاندنی ئەرکەکانی گورچیلەکان و تەندروستی گشتی و گەشە، لەو تاقیکردنەوانەش:

  • پێوانەی گازەکانی ناو خوێنبەرەکان. 
  • ئاستی نایترۆجین یوریا لە خوێندا. 
  • ئاستی کریاتینین لە خوێندا. 
  • ئاستی پۆتاسیۆم لە خوێندا. 
  • شیکردنەوەی میز. 
  • هەژماری تەواوی خوێن.

چارەسەری نەخۆشی کواشێرکۆر

ئەگەر زوو نەخۆشییەکە دەستنیشانکرا دەکرێت چارەسەر بکرێت لە ڕێگەی پێکهاتەی شیری ئامادەکراوی تایبەت یان خۆراکی چارەسەریی ئامادە بۆ بەکارهێنان "RUTF" زۆرجار ئەم خۆراکە ئامادەکراوە تایبەتانە لە کەرەی پاقلەی سودانی و گیراوەی شیر و شەکر و ڕۆنی ڕووەکی و ڤیتامینەکان و کانزا زیادکراوەکان پێک هاتووە، ڕەنگە حاڵەتە قورسەکان پێویستی بە چاودێری وردی پزیشکی بێت لە نەخۆشخانە یان لە حاڵەتی دەرکەوتنی لێکەوتەی خراپتر وەکو هەوکردنی زۆر، هەنگاوەکانی چارەسەریش لە نەخۆشخانە پێکهاتووە لە: 

  • کۆنترۆڵکردنی ئاستت گلوکۆزی خوێن و ڕێگری لەکەمبوونەوەی.
  • پارێزگاریکردن لە گەرمی جەستەی نەخۆشەکە لە ئاستی ئاسایی خۆیدا.
  • چارەسەری وشکبوونەوە لە ڕێگەی تێکەڵەی ناو خوێنەوە. 
  • چارەسەری هەوکردن لەڕێگەی دژە زیندەییەکانەوە، کە کواشێرکۆر ئەگەری توشبوون بە هۆکارەکانی نەخۆشی زیاتر دەکات. 
  • چارەسەری کەمی ڤیتامین و کانزاکان، کە زۆرجار ڤیتامینی پێویست لە شیری تایبەت بە منداڵەوە دەست دەخرێت.
  • بڕێکی کەمی خۆراک دەدرێت بە نەخۆشەکە و پاشان هێواش هیواش زیاد دەکرێت، کە ڕەنگە ئەم کردارە لە نێوان ٢ هەفتە بۆ ٦ هەفتە بخایەنێت.

لێکەوتە خراپەکانی نەخۆشی کواشێرکۆر

ئەگەر منداڵێک بناڵێنێت بەدەست بەدخۆراکی قورسەوە و چارەسەریش وەرنەگرێت دەکرێت نەخۆشی کواشێرکۆر کوژەر بێت، هۆکاری مردنەکەش زۆرجار بریتییە لە هەوکردنی زۆر و قورس کە منداڵ توشی دەبێت بەهۆی لاوازی کۆئەندامی بەرگرییەوە، لێکەوتەکانی تریش خۆیان دەبیننەوە لە: 

  • هەوکردنی چەندبارە بووەوە و نەخۆشییەکانی گەدە. 
  • بورانەوە و لەهۆشخۆچوونی دووبارەبووەوە. 
  • کێشە لە مێشکدا. 
  • ئیفلیجی جەستەیی و پوکانەوەی هەندێک ئەندام. 
  • تێکچوونی دەروونی کە هەندێک کێشەی دەماری و دەروونی لە کەسەکەدا ڕوودەدات.

خۆپارێزی لە نەخۆشی کواشێرکۆر

خۆپاراستن لە نەخۆشی کواشێرکۆر لەڕێگەی دڵنیابوونەوە لە وەرگرتنی بڕی پێویستی وزە و خۆراکی دەوڵەمەند بە پڕۆتینەوە دەبێت، ڕێکخراوی بنچینەکانی ڕێنمایی پێدانی خۆراکی (FAO) ڕێنمایی دەدات بەوەی نزیکەی لە سەدا ١٠ بۆ لە سەدا ٣٥ ی وزەی ڕۆژانە بۆ پێگەیشتووان لە پڕۆتینەوە دەست دەکەوێت، دەکرێت مرۆڤ لەم خۆراکانەوە بڕی باشی پڕۆتین وەربگرێت:


سەرچاوەکان



435 بینین