بەهاکانی هەواڵ

له‌لایه‌ن: - یاد نوره‌دین - به‌روار: 2021-06-01-19:40:00 - کۆدی بابەت: 5650
بەهاکانی هەواڵ

ناوه‌ڕۆك

به‌هاكانی هه‌واڵ

ئه‌وه‌ بهێنه‌ره‌به‌ر چاوت له‌ ماوه‌ی ڕۆژێكدا چه‌ند ڕووداوت بینیوه‌ تۆ كاتێك ده‌چێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ كام له‌م ڕووداوانه‌ بۆ خێزانه‌كه‌ت باس ده‌كه‌یت ئه‌وه‌ خاوه‌نی زۆرترین به‌های هه‌واڵه‌ ئێستاش پێكه‌وه‌ باس له‌ به‌هاكانی هه‌واڵ ده‌كه‌ین له‌بیرتان بێت كه‌ نابێت هیچ كاتێك ئه‌م به‌هایانه‌ فه‌رامۆش بكه‌یت.

له‌خۆگری

یه‌كه‌مین به‌ها بۆ هه‌ڵبژاردنی ڕووداوێك بۆ هه‌واڵ له‌خۆگرییه‌ واتا ئه‌و ڕووداوه‌ بۆ ژماره‌یه‌كی به‌رفراوانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا شیاوی بایه‌خپێدان بێت بۆ نمونه‌ وه‌ك ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن.

ناسراویی

به‌های دواتر (ناسراوی)یه‌. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر ڕووداوێك كه‌ سه‌باره‌ت به‌ كه‌سێكی ناسراو ڕووبدات، به‌های بوونه‌ هه‌واڵی هه‌یه‌.

تێكچڕژان كێشمه‌كێش و لێكدان

هه‌ر ڕووداوێك كه‌ تیایدا تێكچڕژان، لێكدان، جه‌نگ، دزی و تاوانی تیادا بێت به‌های بوونه‌هه‌واڵی هه‌یه‌، تێكچڕژان ڕه‌نگه‌ به‌ شێوازی جۆراوجۆر ڕوو بدات كه‌ ئاماژه‌ بۆ هه‌ندێكیان ده‌كه‌ین:

1- لێكدانی مرۆڤ له‌گه‌ڵ مرۆڤ وه‌ك شه‌ڕ و كوته‌ككاریی نێوان دوو كه‌س یاخود دوو ده‌سته‌.

2- لێكدانی مرۆڤ له‌گه‌ڵ سروشتدا، وه‌ك ئافاته‌ سروشتییه‌كانی نمونه‌ی لافاو، تۆفان و بومه‌له‌رزه‌.

جیاوك و سه‌رسوڕهێنی

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، ئه‌و ڕووداوه‌ نایاب و ده‌گمه‌نانه ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ بۆ هه‌مووان جێی سه‌رنجه‌و بۆ ئه‌وانیتری ده‌گێڕینه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌م فاكته‌ره‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌، واتا جیاوك و سه‌رسوڕهێنه‌ریی یه‌كێكه‌ له‌ به‌هاكانی هه‌واڵ بۆ هه‌ڵبژاردنی ڕووداوێك بۆ هه‌واڵ.

گه‌وره‌یی و فراوانی ژماره‌ و بڕ

به‌رچاوركردنی ئه‌م به‌هایه‌ ده‌كرێ له‌وه‌ بگه‌ین كه‌ هه‌ر كاتێك ڕووداوێك به‌سه‌ر ده‌سته‌یه‌ك و یاخود ژماره‌یه‌كی زۆرتری خه‌ڵكدا ڕووبدات، شایسته‌یی بوونه‌ هه‌واڵی هه‌یه‌.

نزیكی (جوگرافی – مه‌عنه‌ویی)

هه‌ر كاره‌سات یاخود ڕووداوێك بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ نزیك ڕووداوه‌كه‌وه‌ ده‌ژی، خاوه‌نی زۆرترین به‌ها ده‌بێت له‌ لای له‌مڕووه‌وه‌یه‌ هه‌واڵنێرانی میدیایه‌ك، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌واڵی ئه‌و ڕووداوانه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ سنوری چالاكییه‌كانی ئه‌و میدیاییه‌وه‌، له‌ بیرتان بێت (نزیكیی) ته‌نها ماددی و جوگرافیایی نییه‌، به‌ڵكو نزیكی مه‌عنه‌ویش ده‌بێته‌ مایه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌واڵ، به‌مانایه‌كیتر هه‌ندێ له‌ ڕووداوه‌كان له‌ ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ بۆ گروپێك یاخود كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێكی كۆمه‌ڵگا گرنگه‌ بۆ نمونه‌ هه‌ر هه‌واڵێك په‌یوه‌ندیداربێت به‌ كورد و كوردستانه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م شوێنه‌كانی جیهاندا، بۆ كۆمه‌ڵگای كوردیی ئێمه‌ خاوه‌نی گرنگی پێدانه‌.

تازه‌یی و نوێبوون

بۆ ئه‌وه‌ی په‌ی به‌ گرنگی ئه‌م به‌های هه‌واڵییه‌ ببه‌ین، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین له‌ دنیای چاپه‌مه‌نیدا بڕواوایه‌ ڕۆژنامه‌ وه‌ك كۆرپه‌له‌یه‌ك وایه‌، واتا له‌ هه‌مان ڕۆژی له‌ دایكبووندا گیان له‌ ده‌ست ده‌دات، پاشان هه‌واڵنێر یاخود ڕۆژنامه‌نوسێك سه‌ركه‌وتووه‌ كه‌ زۆر زوو نوێترین ڕووداو ئاشكرا بكات و هه‌رچی زووتره‌ بیكات به‌ هه‌واڵ.


سەرچاوەکان



1586 بینین