سکاندیۆم – Sc

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-05-28-16:12:00 - کۆدی بابەت: 5579
سکاندیۆم – Sc

ناوه‌ڕۆك

سكاندیۆم

سكاندیۆم توخمێكی كیمیاییە كە لە خشتەی خولیدا هێمای (Sc) هەیە، هەروەها گەردیلە ژماری یەكسانە بە 21، سكاندیۆم كانزایەكی زیوی (خشتۆكی-d)ـیە و لەگەڵ ئیتریۆم و لانثانایدەكان توخمێكی خاكی دەگمەنن، سكاندیۆم لەساڵی 1879 لەڕێگەی شیكردنەوەی شەبەنگی فلزی یوكسینایت (Euxenite) و گادۆڵینایت (Gadolinite)، لە ئەسكەندەناڤیا.
سكاندیۆم لە هەموو سەرچاوەكانی كانزا و فلزە خاكییەكاندا بوونی هەیە لەگەڵ ئاوێتە یۆرانیۆمییەكان، بەڵام دەرهێنان و جیاكردنەوەی لە سەرانسەری جیهاندا تەنها لە چەند كانێكدا دەكرێت، لەبەر كەمی و ئاسان نەبوونی جیاكردنەوەی كانزاكە، سەرەتا جیاكردنەوەی سكاندیۆم لە ساڵی 1937 ئەنجامدرا، بەڵام تا ساڵەكانی 1970 بەكارهێنانی كانزای سكاندیۆم نەدۆزرابوویەوە، ئاڵوگۆڕكردنی ساڵانەی سكاندیۆم 15 بۆ 20 تەن دەبێت.
تایبەتمەندییەكانی ئاوێتەكانی سكاندیۆم لە نێوان تایبەتمەندییەكانی ئەلەمنیۆم و ئیتریۆمدایە.

تایبەتمەندییە گشتییەكان

شێوازی دەركەوتن زیوی سپی باو
گەردیلە بارستە 44.955908
گەردیلە ژمارە 21
كۆمەڵە كۆمەڵەی سێهەم
خول خولی چوارەم
خشتۆك d
شێوگی ئەلیكترۆنی   3d1 4s2
ڕیزبوونی ئەلیكترۆنەكان بۆ هەر بەرگێك   2, 9, 8, 2

 

سیفەتە فیزیاییەكان

دۆخ لە پلەی گەرمی و پەستانی پێوانەییدا (STP)  ڕەق
پلەی توانەوە   1541 پلەی سیلیزی
پلەی كوڵان   2836 پلەی سیلیزی
چڕی لە پلەی گەرمی و پەستانی پێوانەییدا (STP)  2.985 گرام بۆ سانتیمەتر سێجا
پلەی گەرمی توانەوە   14.1 كیلۆجوڵ/مۆڵ
پلەی گەرمی بەهەڵمبوون   332.7 كیلۆجوڵ/مۆڵ
دۆخی گەرمی مۆڵی   25.52 جوڵ/(مۆڵXكێڵڤن)

تایبەتمەندییەكان

سكاندیۆم كانزایەكی نەرمی زیوییە، كاتێك بەبۆنەی هەواوە دەئۆكسێنرێت ڕەنگەكەی كەمێك زەرد یان پەمەیی دەبێت، سكاندیۆم كانزایەكی زۆر هەستیارە بە كەش و هەوا و لە زۆربەی ترشە ڕوونەكاندا دەتوێتەوە، ئاگرێكی درەوشاوەی ڕەنگ زەردی هەیە كاتێك لە هەوادا دەسوتێت بۆ پێكهێنانی ئۆكسیدی سكاندیۆم.

هاوتاكان

سكاندیۆم هاوتاكانی لە (سكاندیۆم-36) دەستپێدەكات تا (سكاندیۆم-60).
لە سروشتدا سكاندیۆم زیاتر بە هاوتای (سكاندیۆم-45) دەدۆزرێتەوە، كە توانەوەی ناوكی یەكسانە بە 2/7، هەروەها جێگیرترین هاوتایەتی، سكاندیۆم 13 هاوتای تیشكاوەری هەیە كە نیوەتەمەنی جێگیرترینیان (سكاندیۆم-46) بریتییە لە 83.3 ڕۆژ، هەروەها هەموو هاوتا تیشكاوەرەكانی تر نیوەتەمەنیان لە 4 كاتژمێر كەمترە، هەروەها سكاندیۆم پێنج هاوتای ناوكی هەیە كە جێگیرترینیان بریتییە لە (سكاندیۆم-m44) كە نیوەتەمەنەكەی یەكسانە بە 58.6 كاتژمێر.

سەرچاوە

لە توێكڵی زەویدا سكاندیۆم دەگمەن نییە، كە مەزەندە دەكرێت بە 18 بۆ 25 بەش لە ملیۆنێك، كە نزیكە لە بڵاوی كۆباڵتەوە، سكاندیۆم پەنجاهەمین باوترین توخمە لەسەر هەسارەی زەوی، و بیست و سێهەمین توخمە لە خۆردا، هەروەها زۆر بە وردی دابەشبووە تەنها بە ڕێژەی كەم لە فلزەكاندا هەیە، فلزە دەگمەنەكانی ئەسكەندەناڤیا و مەدگاسكار وەك ثرۆتڤیاتایت (Thortveitite) و یوكسینایت (Euxenite) و گادۆڵینایت (Gadolinite)، كە ئەم فلزانە تاكە سەرچاوەی ناسراوی سكاندیۆمن، هەروەها ثرۆتڤیاتایت (Thortveitite) ڕێژەی %45 لە سكاندیۆم پێكدێت لە شێوەی ئۆكسیدی سكاندیۆمدا.

مێژوو

دیمیتری مەندەلیڤ، ئەو كەسەی كە پێیدەوترێت باوكی خشتەی خولی، پێشبینی كردبوو كە توخمێك بوونی هەیە بە ناوی ئێكابۆرۆن (ekaboron) كە گەردیلە ژمارەكەی لە نێوان 40 بۆ 48 دایە لە ساڵی 1869.
لارس فرێدریك نێڵسۆن و تیمەكەی توخمی سكاندیۆمیان دۆزییەوە لە فلزەكانی یوكسینایت (Euxenite) و گادۆڵینایت (Gadolinite)، لە ساڵی 1879، كە لەم تاقیكردنەوەیەدا نیڵسۆن دوو گرامی خاوی لە ئۆكسیدی سكاندیۆم بەدەستهێنا، هەروەها ناوی سكاندیۆمی لە توخمەكە نا كە لە وشەی لاتینی (Scandia)ـەوە هاتووە و بە واتای ئەسكەندەناڤیا دێت.

نرخ

لە ڕاپۆرتێكدا كە ڕیخراوی (United States Geological Survey - USGS) بڵاویكردەوە دەریدەخات، كە لە ساڵەكانی 2015 بۆ 2019 لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا، قەبارەی بچووكی سكاندیۆم فرۆشراوە بە 107$ بۆ 134$ بۆ هەر گرامێك، هەروەها ئۆكسیدی سكاندیۆم نرخەكەی 4$ بۆ 5$ بۆ هەر گرامێك.

بەكارهێنانەكان

داڕشتەی (Al20Li20Mg10Sc20Ti30) كە سكاندیۆمی تێدایە، بە ئەندازەی تایتانیۆم بەهێزە، وەك ئەلەمنیۆم كێشی سووكە، هەروەها وەك هەندێك لە سیرامیكەكان ڕەقە.
گرنگترین بەكارهێنانی سكاندیۆم لەڕووی كێشەوە بریتییە لە داڕشتەی ئەلەمنیۆم – سكاندیۆم، ئەم داڕشتانە ڕێژەی %0.1 بۆ %0.5 سكاندیۆمیان تێدایە، كە بەكاردەهێنرێت لە دروستكردنی هەندێك لە فڕۆكەكان، ئەم داڕشتەیە پێشتر لەلایەن ڕووسییەكانەوە بەكارهێنراوە بۆ دروستكردنی فڕۆكەكانی (Mikoyan-Gurevich MiG-21) و (Mikoyan MiG-29).


سەرچاوەکان



1026 بینین