خەسوو و خەزوور

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-24-23:22:00 - کۆدی بابەت: 5524
خەسوو و خەزوور

ناوه‌ڕۆك

باوانی هاوسەر

خەسوو (مێ) یان خەزوور (نێر) ئەو دوو كەسەن كە لەدوای پڕۆسەی هاوسەرگیری دەبنە بەشێك لە خێزان و پێش ئەوە لە ژیانی كەسەكەدا بوونیان نەبووە، مەگەر ئەوەی هاوسەری كەسەكە لە خزمی خۆی بێت و پەیوەندییەك پێشووتر بە یەكترییان ببەستێتەوە، لە زۆرینەی كلتوورەكانی جیهان ئەم دوو كەسە ڕێزلێگیراون و دەبێت بووك و زاوا گوێڕایەڵیان بن و ئاگاداریان بن لەكاتی نەخۆشی و پێویستیدا، ئەم كەسانە دەبنە باپیر و داپیری منداڵەكان و پەیوەندییەكە ئەوكات توندتر دەبێتەوە بەتایبەت بۆ منداڵان، چونكە باپیر و داپیرە كەسانێكی تایبەتن لە ژیانی منداڵ و دەبنە هۆی دڵخۆشی منداڵ.

پەیوەندییەكە

  • خەسوو بۆ زاوا : دایكی هاوسەرەكەیەتی
  • خەزوور بۆ زاوا : باوكی هاوسەرەكەیەتی
  • خەسوو بۆ بووك : دایكی مێردەكەیەتی
  • خەزوور بۆ بووك : باوكی مێردەكەیەتی 

ڕوانینێكی گشتی

خەسوو

هەریەك لەم دوو كەسە بە شێوەیەكی گشتی هەندێك تایبەتمەندییان هەیە كە لە زۆرینەی باوانی هاوسەراندا دووبارە دەبێتەوە و زۆرجاریش دەبێتە هۆی دروستبوونی كۆمیدیا و بابەتی تەنز، بۆ نموونە لە زۆرینەی تێڕوانینەكاندا خەسوو وەك كەسێكی (بەگومان، ئەو كەسەی حەزدەكات بزانێت چی دەگوزەرێت، بە نهێنی دەجوڵێتەوە و چاودێری دەكات، و بە بۆڵەبۆڵ) پێناسە دەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەریەك لە تایبەتمەندییەكانی (بەدەمەوە هاتن، چاودێری منداڵان لەكاتی نەبوونی باوانیان، خزمەتی بووك لەكاتی سكپڕی و یارمەتی دارایی و تەندرووستی لە هەمووكاتێك، سەردانكردن و هەواڵ پرسینیان) لە تایبەتمەندییەكانی خەسووە بە گشتی.

خەزوور

بە شێوەیەكی گشتی خەزوور خۆڕاگرە و زۆر تێكەڵی بابەتی كەسی و تایبەتی منداڵ و هاوسەرەكەی نابێت، بەڵام هەمیشە دەپرسێت و دەكوڵێتەوە لەوەی ئایا هیچ كێشەیەكیان نەبێت و بتوانێت یارمەتیدەر بێت، خەزوور زۆرینەی كات بە خۆشەویستی بووك دادەنرێت وەك لە زاوا، تایبەتمەندییەكانی خەزوور بە گشتی یەكسانە و ئەوەی بۆ منداڵەكەی خۆی دەیكات هاوشێوەی ئەوەیە بۆ كەسە نوێیەكەی خێزانەكەی دەیكات، هەمیشەش حەزدەكات شانازی بە نەوەكانیەوە بكات و لەناو كۆڕ و كۆمەڵ بیانناسێنێت.

لە ڕوانگەی ئایینەوە

لە ئایینی ئیسلامدا هەریەك لەم دوو كەسە كەسانێكی بەڕێزن، هەمیشە دەبێت وەك دایك و باوك سەیربكرێن و ڕێزیان بگیرێت و نەهێڵدرێت پێگەیان لەق ببێت، كاتێكیش هەڵەیەك دەكەن نابێت وەك كەسی ئاسایی سەیربكرێن، بەڵكو دەبێت زۆرترین لێبووردەیی لەلایەن منداڵانیانەوە یاخود زاوا یان بووكەكەیانەوە بێت، چونكە ئەوان هۆكارێكن بۆ پێكهێنانی خێزانەكە.

ئایا دروستە بە خەسووت بڵێی دایکە یان بە خەزورت بڵێى باوکە؟

خه‌سوو به‌نیسبه‌ت زاواوه‌ حوكمی دایكی هه‌یه‌، چونكه‌ به ‌هه‌تاهه‌تایی لێی حه‌رامه،‌ واته (حرمة مؤبدة‌). بۆیه‌ دروسته‌ قژی ببینێ و ماچیشی بكات به‌ڵام به‌بێ مه‌به‌ستی ئاره‌زووبازی، چونكه‌ له‌سه‌ر ڕای هه‌ندێك له‌زانایان، ئه‌گه‌ر به ‌ئاره‌زووبازی ماچی كات، خێزانه‌كه‌ی لێ حه‌رام ده‌بێت. وه ‌هه‌روه‌ها ده‌ستنوێژیشی لێ ناشكێ.

خەزووریش بەهەمان شێوەیە بۆ بووكەكەی.


سەرچاوەکان



1962 بینین