زاراوەی دەستوور یاخود پێوەر

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-05-08-22:15:00 - کۆدی بابەت: 5236
زاراوەی دەستوور یاخود پێوەر

ناوه‌ڕۆك

شیکاری زاراوەی دەستوور یاخود پێوەر

پێوەرەکان یاخود ڕێسا و دەستوورەکان بریترین لە یاسا و کۆمەڵە شێوازێک هەڵسوکەوتی هاوبەش لە کۆمەڵە بارودۆخێکی تایبەتدا، بە پێچەوانەی بەهاکان، کە بۆچوونگەلی ئینتزاعین، پێوەرەکان کۆمەڵە یاسایەکن کە  خەڵکی فێردەکەن کە لە هەل و مەرجی تایبەتدیدا دەبێ چی بکەن و چی بڵێن و چۆن بیر بکەنەوە، بۆ نموونە نیشتیمان پەرستی بەهایەکە کەچی ڕێزگرترن لە وڵات دەستوورێکە، دەستوورەکان چۆنێتی هەڵسوکەوتی خەڵکی ڕوون دەکەنەوە، لە ڕاستیدا دەستوورەکان ڕێننمایی سەرجەمی کردەوەکانی ئێمەن، ڕێ و ڕەسمی بەدنیا هاتن و مردن، دابونەریتی هاوسەرگری، شەرکردن، خواردن، جل لەبەرکردن، کات و ساتی گاڵتەکردن و ...هتد.

هەندێ لە دەستوورەکان بۆ خەڵکی پیرۆزن و لادان لەو دەستوورانە یاخود سووکایەتی پێکردنییان لە بیری کەسدا ناگونجێ، زیاتر بەم شێوازە دەڵێن دام و دەستوور، هەندێ لە دەستوورەکان زۆر پیرۆز نین بەڵام بناغەی لە نێو چاند و کلتووری کۆمەڵگایە و خەڵکی بە شێوەیەکی بێ ئاگا خوویان پێوەگرتووە و پێی دەڵێن ڕێسا، وەکو سڵاوکردن کاتێک دەڕۆینە ناو ژوورێکەوە، یاخود لە ناو پاستدا جێگە خاڵی کردنی بۆ بەتەمەنەکان، ئەو پێوەرانەش کە وەکوو دەستوور دەنوسرێن پێی دەڵێن یاسا.

پێوەرەکان یاخود بنەماکان کە هەمان زاراوەیە بە گوێرەی هەر نەتەوەیەک جیاوازن، بۆ نموونە لە ناو کورداندا کچێک تا خێزانەکەی و بنەماڵەکەی ڕێگەی پێنەدەن، ناتوانێ لەگەڵ کوڕێکدا کە خۆی دەیەوێ، هاوسەرگری بکەن، کەچی لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا ئاساییە، یاخود لە کۆمەڵگای ئێمەدا پرسیار لە تەمەنی ئافرەتێکدا کارێکی ئاسایی بێ، کەچی لە کۆمەڵگاکانی زۆربەی وڵآتانی ڕۆژئاواییدا پرسیارێکی نائاساییە، ئەم نموونانە پێمان پیشان دەدەن کە پێوەرەکان یاخود بنەماکان چۆن کاردەکەن، کەواتە، بنەماکان بریتین لە دەستوور و کۆمەڵە چاوەڕوانییەک کە کۆمەڵگا بە هۆی ئەوانەوە ڕەفتار و هەڵس و کەوتی ئەندامەکانی خۆی ڕادێنی.

هەندێ لە پێوەرەکان بە جۆرێک قەدەغە کردنن و لە خەڵکی چاوەڕوان دەکرێ کە دوور بکەونەوە لەو کارانە، هەروەها پێوەرەکان نە تەنیا لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازییان هەیە، بەڵکو لە ناو یەک کۆمەڵگادا لە چینێکەوە بۆ چینێکی‌ تر جیاوازییان هەیە.


سەرچاوەکان



1272 بینین