زاراوەی تاوان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-05-08-09:02:00 - کۆدی بابەت: 5229
زاراوەی تاوان

ناوه‌ڕۆك

شیکاری زاراوەی تاوان

لە پێناسەیەکی گشتیدا تاوان بریتییە لە لادان لەو ڕێسا و دەستوورانەی کە یاسا چەسپاندوویەتی و بە هۆی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە لایەنگرییان لێ دەکرێ و دەپارێزێن، تاوان لادانێکی ڕەسمییە کە بە هۆی حوکمێکی فەرمییەوە سزای بۆ ڕەچاو کراوە. لە ڕاستیدا هۆی ئەوەی کە ئێستا لە بیردۆزی کۆمەڵناسی لاداندا توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زۆر کۆکراوەتەوە، هەمان پرسیارێک بوو کە سەرەتا دوورکایم هێنایە کایەوە، دوورکایم ڕای وابوو کە بەرفراوانی ڕق و قینە لە لادان لە نێوان هەموو خەڵکدا یاسامەند و یەکجۆر نییە، بەڵام لە نێوان هەندێ لادان و تاوان و پێگەی کۆمەڵایەتیدا پەیوەندییەک بەدی دەکرێ، دزی زیاتر کاری تاکەکانی چینی خواروویی کۆمەڵگایە، لادانی کارمەنداکان بە گوێرەی وتەی ساتێرلەند، زیاتر کاری چینی ناوەندی و سەرووی کۆمەڵگایە، بیردۆزی مێرتۆن ئەوەیە کە نەبوونی نەفرەت لە کردە دزێوەکان (وەکو ئەوەی دوورکایم دەیگووت) هەم دەرەنجامی پەیڕەوی ناتەواو لە بەها کۆمەڵایەتییەکانە و هەمیش ئاکامی پەیڕەوی زۆر کردن لە بەهاکانە، لە کۆمەڵگای ئەمریکا و هەروەها کۆمەڵگاکانی تردا، سەرکەوتنی کۆمەڵایەتی، لە بەها گرینگە کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵام ئامڕاز و هۆکاری گەیشتن بەو سەرکەوتنانە بە یەکسانی لە ناو خەڵکدا دابەش نەکراون، گەر ئەم بەهای سەرکەوتنە زۆر بۆ تاک بە دەروونی کرابێتەوە، کەچی هۆکاری گەیشتن بەو سەرکەوتنە بۆ تاک ئامادە نەکرابێ، دەتوانێ ببێتە هۆی ئەوەی کە تاک هانا بباتە ئەو هۆکارانەی کە کۆمەڵگا ڕقی لێیە، کەواتە تاکێک کە هەلی گەیشتن بە ئامانج و سەرکەوتنەکانی بۆ نەڕەخسێ، ناچار دەبێ یەکێک لەم سێ کارە هەڵبژێرێ: 

  1. تاک ویست و حەزی بۆ سەرکەوتن سەرکووت بکات.
  2. پاشەکشێ کردنە لەو ئامانجانەی کە سەرەتا بوویە.
  3. شۆرش کردنە دژ بەو یاسا و پێوەرانە.

بە گوێرەی ئەو باسەی کە کرا، چونکە لادان لەگەڵ ئازار و سزای یاسایی ڕووبەڕوو دەبێ، دەبێتە ڕووداوێکی دەگمەن، ئەو کەسانەی کە هەست بە نائومێدی و تێکشکان دەکەن، دەتوانن پەنا ببەن بە دوورەپەرێزی و خەریکی گۆشەگیری بن، یاخود بە هانا بردنە بەر داهێنان، ئابڕووی کۆمەڵایەتییان بپارێزن، هەروەها داهێنانی لادەرانە گەر لەگەڵ هەل و مەرجی شیاو ڕووبەڕوو نەبێ، ڕەنگە بگەرێتەوە بۆ سەر ڕێگای ڕاست، وەکو ئەو چیرۆکەی کە ساتێرلاند دەیگێڕێتەوە و دەڵێ: (دوو گەنجی تاوانبار دەستیان دا بە دزی و پۆلیس کەوتبووە دوایان، یەکێکیان کە باڵای بەرزتر و هەنگاوەکانی گەورەتر و پێیەکانی بەهێزتر بوون، هەڵات و خۆی دەرباز کرد، پاش دەرباز بوون لە کاری خۆیدا ڕاماو تێگەیشت کە چ کارێکی پڕ مەترسی کردووە و ڕەنگ بوو بکەوێتە دەست پۆلیس، بۆیە لە کردەی خۆی پاشگەز دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێی ڕاست. ئەویتریان دەکەوێتە دەست پۆلیس و لە زینداندا لەگەڵ گروپێکی تاوانکار ئاشنا دەبێت و پاش ڕزگاربوون دەست دەداتە دزی چەکدارانە).

لادان لە هەموو کۆمەڵگایەکدا هەیە، بەڵام جۆری ئەم لادانەکان بە گوێرەی پانتاییەک کە یاسا تێیدا دەسەڵاتی هەیە و دەسڕاگەیشتن بە سەرچاوە یاساییەکان و هێزی یاسا لە ناو چینە جۆراوجۆرەکاندا جیاوازە، بە بڕوای بیرۆزدانەرانی ململانێ، هێزی دەسەڵات لە ژێر ڕکێفی کەسانێکدایە کە خاوەنی سامان، دەسەڵات و هێزی کۆمەڵایەتین، ئەو کەسانە دەتوانن بەرگری لە لادان بکەن و ڕێکخراو و دامەزراوەیەک بۆ بەربەست کردنی ئەم تاوانانە ڕێک بخەن، لەم سۆنگەوە نابێ پێمان سەیر بێ کە دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی بەرگری لە لادان، تەنیا لەسەر لادانی هەژاران و بێ دەسەڵاتاندا جەخت دەکەن.

لە باسی خۆکوژی و تاوان ناسیدا (دوورکایم) کاری بناغەیی ئەنجام داوە، هەم لە دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتی و هەم لە بنەماکانی ڕەوتی کۆمەڵناسیدا، دوورکایم دەستی داوە بە باس لە سەر هەندێ تەوەری تاوان ناسانە:

  • ئێمە کردەوەیەک بە بۆنەی ئەوەوە کە تاوانە لۆمە ناکەین، بەڵکو چونکە لۆمەی دەکەین دەبێتە تاوان، سوقڕات لە دادوەری ئاتنیەکاندا تاوانبار بوو، کەچی لە دادوەری ئێمەدا تاوانبار نییە.
  • تاوان دیاردەیەکی نۆرماڵە، چونکە ڕق و نەفرەتی کە لە سۆنگەی کۆمەڵی کردەی تاوانبارانەوە، وەکو تاوان لە ناو کۆمەڵگادا دێنە دی، لە هەموو شوێن و لە لای هەموو کەس بە یەک جۆر نییە.
  • سزادان زیاتر بە مەبەستی تەمبێی تاک ڕەچاو کراوە تا هەستی یەکگرتوویی پتەوتر کاتەوە، نە بۆ تەمبێ و ڕاهێنانی تاوانباران، تۆڵە کردنەوە دەتوانێ تا ڕادەیەک بەرگری لە تاوان کردن بکا، بەڵام چونکە لە تاکەکاندا لاوازە، ناتوانین بڵێین تۆڵە کردنەوە دەتوانێ بە تەواوی تاوان لە ناو دەبا.
  • تاوان کاتێک مانای خۆی پێدەدرێ کە بە گوێرەی یاسا سزای بۆ ڕەچاو کرابێ، سزای یاساییش کاتێ دەتوانێ بوونی هەبێ کە کردە تاوانبارانەکان بە وردی پێناسە کرابێتن، ڕەنگە کردەیەک بە دزێو بزانرێ، بەڵام سزای بۆ ڕەچاو نەکرێ.


سەرچاوەکان



1559 بینین