کۆمپانیای ئەپڵ

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-07-05:42:00 - کۆدی بابەت: 5212
کۆمپانیای ئەپڵ

ناوه‌ڕۆك

پێشکەوتنی تەکنەلۆژی

تەکنەلۆژیا بە یەکێک لە پێشکەوتنە گەورەکان دادەنرێت لە جیهانی هاوچەرخدا، چونکە چەند هونەرێکی تێدایە یارمەتیدەرن بۆ دروستکردن و داهێنان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری، ئەم داهێنانە دابەش دەبن بۆ تەکنەلۆژیای بەرز، کە بریتییە لەو جۆرەی مامەڵە لەگەڵ سیستەم و ماددە وردبینە خاوەن کوالێتییە بەرزەکان دەکات، یاخود تەکنەلۆژیای مامناوەند، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی سیستەمە مامناوەندەکان، یاخود تەکنەلۆژیای نزم، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی تەکنەلۆژیا کوالێتی نزمەکان، تەکنەلۆژیا لەوەتەی دروست بووە لە پێشکەوتندا بووە تا بووە بە یەکێک لە پێویستییە گرنگەکانی ژیان، گرنگترین نموونە لەسەر پێشکەوتنی تەکنەلۆژی بریتییە لە پێشکەوتنی ئینتەرنێت کە بە شێوەیەکی گەورە یارمەتیدەری هەستانەوەی تەکنەلۆژیا بووە لە جیهاندا، یەکێک لە گرنگترین ئەو کۆمپانیایانەش کە تایبەت بوون بە بواری تەکنەلۆژیا بریتییە لە کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی.

کۆمپیوتەر چییە؟

کۆمپیوتەر Computer بریتییە لە ئامێرێک بەکار دەهێنرێت بۆ ڕێکخستن و هەڵگرتنی کۆمەڵە داتایەک و چآرەسەرکردنیان بەپێی کۆمەڵە بەرنامە و سیستەمێکی کارپێکردنی تایبەت، زۆربەی کات کۆمپیوتەر دەتوانێت ئەم زانیارییانە ئاڵوگۆڕ بکات لەگەڵ کۆمەڵە ئامێرێکی دیکەی گونجاو لەگەڵ سیستەم و بەرنامەکانی، ئامێرەکانی کۆمپیوتەر کۆمەڵە بەرنامەیەک لەخۆدەگرێت کە هەریەکەیان بە فرمانێکی دیاریکراوەوە تایبەتە، بۆ نموونە بەرنامەی تایبەت هەن بە کارە ژمێرییارییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەکان، هەروەها بەرنامەی تایبەت هەن بە دەستکاریکردنی وێنە و ڤیدیۆ، هەروەها بەرنامە و سیستەمی تایبەت بە کار، وەک بەرنامەکانی ژمێریاری و بەڕێوەبردن، کۆمپیوتەر لەم چەرخەی ئێستادا بنچینەی شارستانییەتی مرۆڤایەتییە، کە ڕێکخەری سەرەکییە بۆ هاتوچۆی فڕۆکەکان و ئۆتۆمبێل و گەشتەکانی بۆشایی و کەش و هەوا و کاری نەخۆشخانەکان و کارگەکان، بە کورتی کۆمپیوتەر لە هەموو بەشێکی ژیاندا ئێستە کاریگەری هەیە و ئاسانکاری گەورەی کردووە، جا ئەم کاریگەرییە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕآستەوخۆ.

کۆمپانیای ئەپڵ

کۆمپانیای ئەپڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دامەزراوە کە یەكێکە لە کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان، ئەپڵ لە کالیفۆڕنیا دامەزراوە لە 1ـی 4ـی 1976ز، ئەم کۆمپانیا تایبەتمەندە بە کارکردن لە بوارەکانی دروستکردن و دیزاینکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنی و بەرنامەکانی کۆمپیوتەر و هەروەها مۆبایلە پێشکەوتووەکان، کۆمپانیای ئەپڵ ناوی لێنراوە Apple Computer.Inc، لە ساڵی 2007ـدا کۆمپانیای ئەپڵ بواری پیشەسازی بابەتە ئەلیکترۆنییە بەرکاربەرییەکانی فراوان کرد، هەروەها دەستی کرد بە گرنگیدان بە کۆمپیوتەرە گەڕۆکەکان کە بە وشەی Laptop ناویان دەهێنرێت، ئەپڵ بە کۆمپانیایەکی جیهانی دادەنرێت و کارمەندەکانی دەگاتە 35000 لە جیهاندا بە نزیکەیی، کۆمپانیاکە توانیویەتی ناوبانگێکی تایبەت پەیدا بکات لە دروستکردنی بابەتە ئەلیکترۆنییە بەکاربەرییەکان، هەروەها ئەم کۆمپانیایە بە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا ئەلیکترۆنییەکان دادەنرێت لە ڕووی داهاتەوە، هەروەها سێهەم گەورەترین بەرهەمهێنی مۆبایلە زیرەکەکانە لە جیهاندا، پلەی ئەپڵ لە دوای هەردوو کۆمپانیای سامسۆنگی کۆری و نۆکیایە، هەروەها ئەپڵ بە یەکێک لە گرنگترین پایەکانی گەشەسەندنی ئابووری ئەمریکایە لە ئێستادا.

دروستبوونی کۆمپانیای ئەپڵ

ئەپڵ لە نێوان ساڵەکانی 1976 و 1980ـدا دامەزرێنراوە، کۆمپانیاکە لە ساڵی 1980ـوە دەستی بە پەرەسەندن کردووە لە جیهانی کۆمپیوتەردا و پاشان دەستی کردووە بە دروستکردنی ئامێری ماکینتۆش لە ساڵی 1981ـدا، پاشان بەرهەمەکانی ئەپڵ بەرەوپێش چوون و فراوانتر بوون لە جیهانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا، بۆیە لە ساڵی 1999ـدا دەستی کرد بە  دروستکردنی سیستەمێکی کارپێکردنی تایبەت بە خۆی کە بە سیستەمی ئێس ئێکس ناوی دەرکردبوو تایبەت بە کۆمپیوتەرەکانی ماکینتۆش، ئەم هەنگاوە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ زیادبوونی داهات و فرۆشەکانی ئەم کۆمپانیایە، دوای ئەمەش کۆمپانیاکە زیاتر بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینی، بۆیە لە ساڵی 2003ـدا بەرنامەی ئای تونز بڵاوکرایەوە کە بەرنامەیەکی تایبەتە بە نیشاندانی وێنە و ڤیدیۆ و مۆسیقا، پاشان لە ساڵی 2007ـدا پیشەسازییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە فراوانتر بوو، دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی ئامێرە گەڕۆکەکان، لەگەڵ ئامێرەکانی کۆمپیوتەری گەڕۆک، کە ئەمە یارمەتیدەرێکی باش بوو بۆ زیادبوونی سەرمایەی کۆمپانیاکە، بەرەوپێشچوونی کۆمپانای ئەپڵ بەردەوام بووە هەتا ئەمڕۆ، ئیدی بووە بە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیا جیهانییە کێبڕکێکەرەکان لە جیهانی ئامێرە گەڕۆک و ئامێرەکانی کۆمپیوتەر، ئامێرەکانی کۆمپانیای ئەپڵ بەوە جیاوازن کە کوالێتییەکی بەرزیان هەیە، ئەمەش بووەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەیان بە هەموو جیهاندا.

دامەزرێنەری ئەپڵ

ستیڤ جۆبز بە یەکێک لە گرنگترین داهێنەرە دامەزرێنەرەکان دادەنرێت لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ئەمەش بەهۆی دامەزراندنی کۆمپانیای ئەپڵەوە لە ساڵی 1976، ستیڤ جۆبز لە 2-1955 لەدایک بووە لە شاری سان فڕانسیسکۆ لە کالیفۆڕنیا، ئەو دامەزرێنەری هاوبەش و بەڕێوبەری جێبەجێکار و سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئەپڵ بوو، هەروەها بەڕێوبەری جێبەجێکاری پێشووی کۆمپانیای پیکسار بوو، سەرەڕای ئەوەش بە یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای واڵت دیزنی هەتا ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد لە 5-9-2011، دوای ئەوەی ململانێیەکی سەختی کرد لەگەڵ شێرپەنجەی پەنکریاس، لە کاتی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای ئەپڵدا توانی هەریەکە لە ئامێری ماکینتۆش بە هەرسێ جۆرەکەیەوە و هەروەها ئامێری ئایپۆد و ئایفۆن و ئایپاد پێشکەش بکات، لە قۆناغی خوێندنی ناوەندیدا ستیڤ هاوبەشی داهاتووی لە کاردا ''ستیڤ وزنیاک''ـی ناسی، کە هاوبەشی بوو لە دامەزراندنی کۆمپانیای ئەپڵ لە ساڵی 1976، دەستخۆشی دەگەڕێتەوە بۆ جۆبز و وزنیاک لەو شۆشەدا کە لە جیهانی دروستکردنی کۆمپیوتەردا ڕوویدا لە ڕێگای گستیکردنی تەکنەلۆژیا و دروستکردنی ئامێرەکان بە شێوەیەکی بچووکتر و بە هەرزانتر، کە وای کرد هەموو کەس دەستی بگات بە تەکنەلۆژیا.

خاوەندارێتییەکانی کۆمپانیای ئەپڵ

لەوەتەی دامەزراندنی کۆمپانیای ئەپڵەوە لە سالی 1976، کۆمپانیاکە بە جیهاندا بڵاو بۆتەوە، توانیویەتی دەست بەسەر کۆمەڵێک لە گرنترین و دیارترین بەرنامە و کۆمپانیا جیهانییەکان بگرێت، ئەمەش کارایی دارایی کۆمپانیاکەی بەهێزتر کرد، ئەمە وردەکاریی گرنگترین ئەو کۆمپانیا و بەرنامانەیە کە ئەپڵ دەستی بەسەردا گرتوون:

شازام Shazam

بەرنامەیەکی کۆمپانیای ئەپڵە لەسەر ئامێرەکانی کۆمپیوتەر و مۆبایلە زیرەکەکان کار دەکات، دەکرێت لە ڕێگەیەوە مۆسیقا و فیلم و ڕێکلام و بەرنامە تەلەفزیۆنی و وێنەکان بناسرێنەوە، بە پشت بەستن بە نموونەیەکی بچووک کە لێدەدرێت لە ڕێگای مایکرۆفۆنی ئامێرەکەوە.

بیتس ئەلیکترۆنیکس Beats Electronics

کە کۆمپانیایەکی سەر بە ئەپڵە، هەڵدەستێت بە فرۆشتنی بەرهەمە دەنگییەکان، بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە لە کۆلڤەر سیتی، کالیفۆڕنیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، کۆمپانیاکە لە لایەن بەرهەمهێنی مۆسیقی و گۆرانیبێژی ڕاپ دکتۆر دری و ئیڤای جیمی دامەزراوە.

نێکست Next

کۆمپانیایەکی کۆمپیوتەری ئەمریکییە کە سەر بە ئەپڵە، بارەگا سەرەکییەکەی دەکەوێتە ئەمریکاوە، کاری کردووە لەسەر پەرەپێدان و دروستکردنی زنجیرەیەک ئێستگەی کارکردن لەسەر ئامێری کۆمپیوتەری دیاریکراو لە بازاڕە جیهانییەکان و فێرکردن.

پرایم سێنس Primesense

کۆمپانیایەکی ئەمریکیی سەر بە ئەپڵە، تایبەتە بە بواری هەستەوەرە سێ دوورییەکان، کە یەکێکە لەو تەکنەلۆژیایانەی لە ئامێرەکانی کۆمپیوتەر و تەلەفزیۆن و ئامێرە گەڕۆکەکاندا هەیە.

سیری Siri

بەرنامەیەکی سەر بە ئەپڵە، زمانی بەرکارهێن بەکار دەهێنێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی، هەروەها ئامۆژگاری پێشکەش دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا کاری وەک ڕاوێژ پێکردن بۆ لیستی وایفایە بەردەستەکان نیشان دەدات.

بەرهەمەکانی ئەپڵ

کۆمپانیای ئەپڵ توانیویەتی چالاکییە ئابوورییەکانی فراوان بکات لەڕێی دروستکردنی کۆمەڵێک لە بەرهەمی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆژی، کە یارمەتیدەر بوون لە فراوانکردنی کاری بازاڕسازی بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکە، گرنگترین ئامێر و بەرهەمەکانی ئەپڵ ئەمانەی خوارەوەن:

کۆمپیوتەری ماکینتۆش

سەرەتای پێشکەوتنی کۆمپانیای ئەپڵ لەگەڵ دروستکردنی کۆمپیوتەری ماکینتۆش بوو لە ساڵی 1981ز، ئەم ئامێرە دابەش دەبێت بۆ کۆمەڵێک بەرهەم، لە نێوانیادا ئامێری ماک مینی، کە جۆرێکی کۆمپیوتەرە ئاڕاستە کراوە بۆ بەکاربەران، ئەم ئامێرە لە ساڵی 2005ـدا خرایە بازاڕەوە، هەروەها ئامێری ئای ماک، کە بریتییە لە کۆمپیوتەرێکی ئۆفیس بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1998 دەرچوو، هەروەها ماک پڕۆ کە بریتییە لە کۆمپیوتەرێکی ئۆفیس لە ساڵی 2006ـدا بڵاوکرایەوە، هەروەها ماک بووک کە کۆمپیوتەرێکی گەڕۆک Laptopـە کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2006 خرایە بازاڕەوە، هەروەها ماکبوک ئەیر، کە ئامێرێکی کۆمپیوتەری زۆر تەنکە، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2008 بڵاوکرایەوە.

ئامێری ئایپۆد

ئامێرێکی مۆسیقیی ئەلیکترۆنیی کۆمپانیای ئەپڵە، لە ساڵی 2001ـدا خرایە بازاڕەکانەوە، ئایپۆد دابەش دەبێت بۆ سەر چەند جۆرێک، وەک ئایپۆد کلاسیک کە پلەیەرێکی گەرۆکە لە ساڵی 2001ـدا خرایە بازاڕەوە، هەروەها ئایپۆد نانۆ کە ئەویش هەر پلەیەرێکە لە ساڵی 2005 خرایە بازاڕەوە، هەروەها ئایپۆدی شکستخواردوو کە لێدەری فایلە دەنگییەکان بوو لە ساڵی 2005 خرایە بازاڕەوە.

ئامێری ئایفۆن

بە ئینگلیزی پێی دەوترێت IPhone، لە گرنگترین بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵە لە جیهانی مۆبایلە زیرەکەکەکاندا، بە نموونەیەکی بچووککراوەی سیستەمی کارپێکردنی کۆمپیوتەرەکانی ئەپڵ کار دەکات کە مۆدێلی ئایفۆنەکە پێی دەوترێت IOS.

تەلەفزیۆنی ئەپڵ

بە ئینگلیزی پێی دەڵێن Itv، ئامێرێکی ڤیدیۆییە ئامانجی کۆکردنەوەیە لە نێوان لێدانی ناوەڕۆکەکانی ماڵپەری ئای تیونز و ناوەڕۆکی تەلەفزیۆنیی کوالێتی بەرز، دەکرێت ئامێرەکە پەیوەست بکرێت بە تەلەفزیۆنەوە و هەروەها تۆڕی ئینتەرنێتی بۆ بەکار بهێنرێت.

پەیوەندیی نێوان ئەپڵ و ئای بی ئێم

کۆمپانیای ئای بی ئێم کە کورتکراوەی International Business Machines، یەکێکە لەو کۆمپانیا ئەمریکیانەی کە تایبەتە بە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و کۆمپیوتەر، کۆمپانیاکە لە ساڵی 1911ـدا دامەزراوە و بارەگای لە نیویۆرکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئای بی ئێم بە یەکێک لە گرنگترین کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ئەمریکییەکان دادەنرێت بۆ ئەپڵ، لەبەر ئەوەی ئەو شەریکییەی کە لە نێوان ئەپڵ و ئای بی ئێمدا هەیە ئامانجی پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەیە کە مۆبایلەکانی ئەپڵ هەیانە لەگەڵ کۆمەڵە سیستەمێک وەک سیستەمی PowerPc و Taligent، ئەمەش بۆ پێشکەشکردنی باشترین چآرەسەر بۆ بەکارهێنەکان و بەردەستکردنی زۆرترین نەرمی، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی تێچوونەکانی بەڕێوەبردن و زیادکردنی کارایی لە کارە بازرگانییە ڕۆژانەکاندا، هەروەها بۆ ئەوەی ئای بی ئێم سەلامەتیی  پێویست دابین بکات بۆ زانیاریی و بەرنامە بەکارهێنراوەکان لەسەر کۆمپیوتەرەکان و ئامێرە گەڕۆکەکانی ئەپڵ، چونکە ئای بی ئێم کار لەسەر پەرەپێدانی سیستەمێکی تایبەت بە ئاسایشی زانیاری دەکات لەسەر سیستەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵ IOS و MOS.

ستراتیژی بەبازاڕکردن

لە دامەزراندنی کۆمپانیای ئەپڵەوە، کۆمپانیاکە کۆمەڵە ستراتیژێکی بەبازاڕکردنی جۆراوجۆری گرتۆتە بەر لەسەر کۆمەڵێک یاسا، گرنگترینیان جیاکردنەوە و پەرەپێدان و زیادکردنی بودجەی توێژینەوەی زانستی، چونکە کۆمپانیای ئەپڵ دەستی کردووە بە دروستکردنی یەکەم کۆمپیوتەر و ناوی ناوە Apple Commodore، کە لە بازاڕدا فرۆشی زەبەلاحی پەیدا کرد، لەبەر ئەو وێنە ڕەنگاوڕەنگانەی نیشانی دەدات و دروستکردنی لەسەر بنەمای خانە ڕەنگییەکان، ئەمەش لە ڕێگەی ستراتیژێکی بازاڕسازیی تەکنەلۆژیی کە ئەپڵ پەیڕەوی دەکرد، ئەپڵ پشتی بە هەندیک تایبەتمەندی بەستووە، لە گرنگترینیان بەهێزی و توندوتۆڵی ئامێرەکانە، کە ئەپڵ بۆ ڕێکلام کردن زۆر بەکاری دێنێت، هەروەها هێزی تەکنەلۆژی و نرخی گونجاو (لەو وڵاتەی کە لێی دروست دەکرێت)، پاشان کۆمپانیاکە کۆمپیوتەرێکی دروست کرد لە ساڵی 1981ـدا و ناوی نا ماکینتۆش، ئەم کۆمپیوتەرە لە نێو هەڵمەتێکی ڕێکلامکردنی گەورەدا فرۆشی زۆری بەدەست هێنا، کۆمپیوتەری ماکینتۆش بەردەوام بوو لە هێنانی قازانجی زۆر بۆ کۆمپانیاکە هەتا ساڵی 1991، دوای ئەوە دروستکردنی بەرهەمەکانی دیکەی ئەپڵ دەستی پێکرد و پاشان مۆبایلی ئایفۆن هاتە ناوەوە کە بە یەکێک لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی ئەپڵ دادەنرێت، کۆمپانیای ئەپڵ تەنها لەسەر ئامێرەکانی کۆمپیوتەر و ئامێرە گەڕۆکەکان نەوەستاوە، بەڵکو دەستی کردووە بە دروستکردن و پەرەپێدانی سیستەمی پەیوەست بە بابەتە دەنگییە ئەلیکترۆنییەکان، ئەمە لە هەڵمەتێکی بەبازاڕکردندا بوو کە تیشکی خستبووە سەر کوالێتی و کارایی.

کارمەندانی کۆمپانیای ئەپڵ

لە دوای پێکهێنانی ئەپڵەوە لە ساڵی 1976، کۆمپانیاکە زیاتر لە 75 هەزار کەسی دامەزراندووە لە جیهاندا، زۆرینەی کارمەندانی ئەپڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دادەنیشن، بەڵام ئەپڵ ژمارەیەکی زۆر گەورەی لە گروپی دروستکردن و بەبازاڕکردن و مەندوب و ڕێکخراوی پشتگیریکار هەیە لە هەموو جیهاندا، لەگەڵ هەندێک لە کاری هەندەسی لە فەڕەنسا و یابان، کارمەندانی کۆمپانیای ئەپڵ هەوڵ دەدەن لە بواری پسپۆڕییەکەیان کات بکەن و لە بوارێک جگە لە بوارەکەی خۆیان نزیک نەبنەوە، ژمارەی کارمەندانی کۆمپانیاکە لە ساڵی 2015 گەیشتە نزیکەی 115000 کارمەند، لە گرنگترین کارمەندەکانی کۆمپانیای ئەپڵ مایک مارکیۆلانە کە سێهەم کارمەندە لە مێژووی کۆمپانیاکەدا، ئەو وەک ئەندازیاریک کاری دەکرد و هەروەها دەستی هەبوو لەوەی کە کۆمپانیاکە لیست و یاسا و ڕێگای راهێنان و دامەزراندن و پەیوەندی و هەژماری بانکی جیاوازی هەبێت و دەستیشی هەبوو لە هەڵبژاردنی یەکەمین سەرۆکی جێبەجێکار بۆ کۆمپانیاکە و گەورەکردنی پڕۆژەکە لە تەنها بیرۆکەیەکی بچووکەوە بۆ کۆمپانیایەکی گەورە لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاریدا، هەروەها کارمەند بیڵ فێرناندێز، کە چوارەم کارمەندی کۆمپانیاکە بوو و هەروەها دراوسێی ستیڤ وۆزنیاک بوو، هەروەها هاوڕێی ستیڤ جۆبز بوو لە سەردەمی قوتابخانەی ئامادەییدا، ڕۆڵیشی هەبوو لە بەیەک گەیاندنی ستیڤ جۆبز و ستیڤ وۆزنیاک.

گرنگیی کۆمپانیای ئەپڵ

گرنگیی کۆمپانیای ئەپڵ لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای زانیاریی لە جیهاندا، ئەمەش لەبەر ئەوەی بە گرانترین کۆمپانیا دادەنرێت لە جیهاندا، هەروەها لەبەر بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە لە بازاڕدا، بە جۆرێک بووە بە یەکەم کۆمپانیا لە جیهاندا کە نرخەکەی لە بازاڕدا بگاتە زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلاری ئەمریکی، سیاسەتی کۆمپانیاکە پشتی بەوە بەستووە کە بەرهەمهێنەکان بەکاری دەهێنن، بەو مانایەی کە ئەو ئەندازیارانەی کە مۆبایلەکە دروست دەکەن خۆیان بۆ خۆیانی دروست دەکەن، بۆ ئەوەی لە بیرۆکەکانی بەکارهێنەکان تێبگەن و کار لەسەر ئەوە بکەن کە بەکارهێن پێویستی پێی دەبێت، لەبەر ئەوەی خۆیان ڕۆژانە ئەزموونی ئەوە دەکەن کە بەکارهێن دەیبینێت لە کاتی بەکارهێنانی بەرهەمەکانی ئەپڵدا، نەک تەنها ئامێری پێشکەوتوو بن و تەنها پشت بە تەکنەلۆژیای نوێ ببەستن بۆ ڕاکێشانی کڕیار، لەبەر ئەوەی کە تەکنەلۆژیا ڕۆژ بە ڕۆژ پێشدەکەوێت و ئاڵۆز دەبێت، ئەمە وای کردووە کە هێشتنەوەی شتەکان بە سادەیی کارێکی قورس بێت، بەڵام کۆمپانیای ئەپڵ توانای لەخۆگرتنی ئەم تەکنەلۆژیایانەی هەیە بە شێوەیەکی باش و سەرکەوتووە لە سادە و ئاسانکردنی بەرهەمەکانیان سەرەڕآی ئەوەی کە هەموو تەکنەلۆژیا نوێکان لەخۆدەگرن، کۆمپانیاکە قازنجی لە ڕێگای فرۆشی ئامێرەکانی کۆمپیوتەر و مۆبایل هێشتووەتەوە لەم شاڵانەی دواییدا بۆ ئەوەی کێبڕکێی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای زانیاری بکات لەسەر ئاستی جیهان.


سەرچاوەکان



3572 بینین