ماست

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-28-08:55:00 - کۆدی بابەت: 4960
ماست

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی ماست

عەرەب یەکەم نەتەوە بوونە کەوا ماستیان دروستکردووە، ئەویش بە گەرمکردنی شیر و تێکردنی هەوێن و گۆڕینی شەکری لاکتۆزی ناو شیر بۆ ترشی لاکتیک بەهۆی بەکتریایەکی تایبەت بەناوی (لاکتیک ئەسید بەسیلای) کە بەکتریایەکە شێوەی وەک پارچە دارێک وایە شیرینی شیر دەگۆڕێت بۆ تامی ترش.

ماست پاش دروستبوونی هەموو ئەو مادانەی تیایە کە لە شیردایە و سوکتریش دەبێت بۆ هەرس و بۆ ناوچەی گەرم و بیابان باشە، هەر بۆیە دەڵێن یەکەم جار لە دورگەی عەرەبیەوە هاتووە. چونکە گەرمای ئەو شوێنە گونجاوە لەگەڵ خواردنی ماست و ائو بەتایبەتی کاتی ئێواران کە پێویستی بە خواردنی سوکە.

یەکەم بەکارهێنانی لە ئەوروپا لە سەردەمی مەلیک فڕانسۆی یەکەم بوو کە توشی نەخۆشی کۆڵۆن بوو، زاناکانیان پێیان وت کەوا عەرەب ماست بەکاردێنن بۆ ئەوانەی کرداری هەرسیان دەشێوێت بەهۆی هەوکردنی ڕیخۆڵەوە. هەروەها ماست هێمنکەرەوەی دەروونی پەشۆکاو ناهاوسەنگە و بۆ خەوتنیش باشە.

پاش چاکبوونەوەی مەلیک فڕانسۆی یەکەم ناوبانگی ماست دەرچوو لە ئەوروپای ڕۆژئاوا تاوەکو گەیشتە گشت ماڵەکان، هەر لە دورگەی عەرەبەوە گەیشتە هیندستان و چین و وڵاتانی تر. بە ڕێگەی ئەستەمبوڵیشەوە گەیشتە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و قەوقاز کە ئەمانە نەتەوەیەکن تەمەنیان درێژە بەهۆی پاکی هەوا و باشی خۆراک و بەکارهێنانی بەروبومی شیر و ماست، لەو کاتەوە ماست لە ئەوروپا بە شێوەەیەکی زۆر فراوان بەکاردێت و پەیوەندیەکی زۆریش هەیە لە نێوان خواردنی ماست و باشی تەندروستیان.

پێکهاتەی ماست

شیر پاش کوڵاندنی بۆ پلەی ٢٥-٤٠ پلەی سەدی هەندێک هەوێنی (ماست) تێکەڵ دەکرێت و سەری دادەپۆشرێ بە پارچە قوماشێک پاش چەند سەعاتێک دەبێتە ماست.

  • ڤیتامینی A, C ,D تیایە.
  • ئاو ٨٢٪.
  • پڕۆتین ٤.٥٪.
  • چەوری ٥.٧٥٪.
  • شەکر ٦.٧٪.
  • ترشی لەکتیک ٤٥٪.
  • کانزاکان ٠.٥٪، ئەو پێکهاتانە دەگۆڕێت بەپێی تەمەنی ئاژەڵەکە و ئەو وەرزەی لەوەڕی تیا کردووە، کاتی زستان ڕێژەی ئاوی زۆرە کاتی هاوینیش زۆر کەمترە.
  • یەک لیتر لە ماست ٣٥٠ کالۆری دەدات لە وزە، ماستی مەڕ لە هەموویان زیاترە چونکە چەوری زیاترە و ماسی حوشتر و ماین کەمتر وزە بەخشە.
  • وەک شیر وا چاکە لەگەڵ هەنگوین بخورێت، بەڵام بۆ کەمکردنەوەی توند و تیژی لەگەڵ هەندێک لەو خواردنانە دەخورێت کە بەهاراتیان زۆر تیایە تاوەکو کاریگەری کەم بکاتەوە.

بەکارهێنانی پزیشکی ماست

  • چالاکی خانە و شانەکان دەپارێزێت بۆیە بۆ پیر نەبوون باشە.
  • میزکردن زیاد دەکات بۆیە بۆ توانەوەی بەردی گورچیلە باشە.
  • ئەو ترشیەی لەناو ماست هەیە وا دەکات گەشەی بەکتریای زیان بەخشی ناو گەدە ڕابگرێ و ناهێڵێت خۆراکی ناو گەدە بۆگەن بکات و ببێتە هۆی دەرچوونی مادەیەکی زیان بەخش بەناوی (Indole group).
  • بۆ هەرسکردنی خۆراک سووکە و دەرهاوێشتنی باشە.
  • وەک هێمنکەرەوە و ڕاگرتنی هاوسەنگی و خاوکردنەوەی ماسولکە و خەولێهێنەرێک بەکاردێت.
  • تینوێتی کەم دەکاتەوە لە کاتی هاوینان.
  • ددان سپی دەکاتەوە و مینا و پوک بەهێز دەکات و بۆ لابردنی بۆنی دەمیش باشە پاش غەرغەرە پێکردنی بۆ ماوەی ٣٠ خولەک.
  • لە هەندێک لە وڵاتان ئاوی ناو ماست دەردەکەن بە دانانی ماست لەناو پارچە قوماشێک بەمەش توند دەبێت و پێی دەڵێن (اللبنة). ئەو ئاوەی لێی وەردەگیرێت زۆربەی ڤیتامینەکان و کانزاکانی تیایە، هەر ئەو ئاوەی بۆ توانەوەی بەردی گورچیلە باشە کە ڕەنگی بەرەو زەرد دەچێت.
  • ماست پاش تێکەڵ کردنی لەگەڵ ئاو دەبێتە ماستاو کە بۆ نەخۆشی سکچوون باشە چونکە مادەی ترشی فلاڤینویدی تیایە کە بەکتریا کوژە.

زۆر جار ماست فێڵی تیا دەکرێت بە زیادکردنی نیشاستە و شەب، بۆ کەشف کردنی ئەو خیانەتە ئەوا هەندێک یۆدی پیا بکە (ڕەنگی زەردە) گەر ئەو ڕەنگە وەک خۆی مایەوە ئەوا ماستەکە باشە، ئەگەر ڕەنگی گۆڕا بۆ شین ئەوا فێڵی تیا کراوە.


سەرچاوەکان



1194 بینین